شیری حوشتر

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-12-12-22:58:00 - کۆدی بابەت: 10631
شیری حوشتر

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا 

شیری حوشتر (به ئینگلیزی: Camel milk)، خواردنەوەیەکی تەندروستە بۆ پاراستنی تەندروستی گشتی لەش، بەکارهێنانی لەکاتی نەخۆشی دەبێتە هۆی زووتر چاکبوونەوەی نەخۆشییەکە. بەو پێیەی شیری حوشتر دەوڵەمەندە بە ماددەی خۆراکی گرنگ بۆ لەش وەکوو پڕۆتین، کالسیۆم، شەکری سروشتی، ئاسن، ئەلفا هایدرۆکسی ئەسید و زۆرجۆری ڤیتامین، کە دەتوانێت کاریگەری لەسەر چاکردنەوەی زۆر نەخۆشی ئاڵۆز و تەندروستی لەش و جوانی پێست هەبێت.

تام و ڕەنگی شیری حوشتر

شیری حوشتر بەتەواوی ڕەنگی سپییە و تامەکەی بەپێی خۆراکی حوشتر دەکرێت جیاواز بێت. کاتێک حوشتر عەلەفی سەوز بخوات، تامی شیرەکەی ڕەگی شیرینی تێدایە، کاتێک گیای وشکی بیابان بخوات، شیرەکەی ڕەگی تاڵی تێدایە.

بەراوردکردنی شیری حوشتر بە شیری مانگا

یەک پەرداخ شیری حوشتر ١١٠ کالۆری و ٤،٥ گرام چەوری تێدایە، لەکاتێکدا شیری مانگا ١٥٠ کالۆری و ٣،٥ گرام چەوری تێدایە، هەروەها ڤیتامین C، ڤیتامینی گرووپی B، کالسیۆم، ئاسن و پۆتاسیۆمی ناو شیری حوشتر زیاترە. ڕێژەی ڤیتامین B1، B2، ئەسیدی فۆلیک و ئەسیدی پانتۆنیک لە شیری حوشتردا کەمە. ڕێژەی لاکتۆز لە شیری حوشتردا کەمترە ڕێژەکەی لە شیری مانگادا، زۆربەی ئەو کەسانەی دووچاری نەمانی بەرگری لاکتۆز بوون دەتوانن ئەم شیرە بەکاربهێنن. هەرسکردنی شیری حوشتر بە بەراورد بە شیری مانگا و مەڕ ئاسانترە.

لەیەکچوونی شیری حوشتر و شیری دایک

بەو پێیەی رێژەی ئیمۆنۆگڵۆبۆلین شیری حوشتر زیاترە لە شیرەکانی تر و پڕۆتینی زۆرە، سیستمی بەرگری لەش بەهێز دەکات و ڤیتامین C زیاترە لە شیرەکانی تر، زۆر لە شیری دایک دەچێت و کاتێک وەکوو شیری وشک بەکاربێت، دەتوانرێت ماددە خۆراکییە پێویستەکانی منداڵی ساوای تێبکرێت و ڕێگری لە کەمخوێنی و کەمی ئاسن دەکات.

سوودەکانی شیری حوشتر

- کۆنتڕۆڵکردنی شەکرە بە شیری حوشتر: توێژینەوەکان ئەوە نیشاندەدەن کە شیری حوشتر دەبێتە هۆی باش کردنی هەستیاری جەستە بە ئەنسۆلین، دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی شەکری ناو خوێن.

- کەمکردنەوەی نیشانەکانی هەستیاری بە شیری حوشتر: شیری حوشتر دەوڵەمەندە بە ئەنتی ئۆکسیدان و تایبەتمەندی دژە بەکتریای هەیە، دەتوابێت نیشانەکانی هەستیاری کەمبکاتەوە بەتایبەتی هەستیاری بە خۆراک. ئیمۆنۆگڵۆبۆلینی ناو شیرەکە یارمەتی کەمکردنەوەی نیشانەکانی هەستیاری دەدات.

- دابەزاندی کێش بە شیری حوشتر: یەکێک لە ماددە خۆراکییەکان لە ڕێجیمی خۆراکیدا بۆ دابەزاندنی کێش، شیری حوشترە، بەو پێیەی کە ڕێژەی پڕۆتین تێیدا زۆرە و چەوری کەمە، لەبەرئەوە یارمەتی هەستکردن بە تێری بۆ ماوەیەکی زۆرتر دەدات، لەلایەکی ترەوە ڕێگری لە زۆرخۆری دەکات، هەروەها یارمەتی کەمکردنەوەی کۆلیسترۆڵی خوێن دەدات.

- کەمکردنەوەی نیشانەکانی ئۆتیزم: خواردنەوەی شیری حوشتر بەهۆی ئەنتی ئۆکسیدانەوەە یارمەتی کەم کردنەوەی نیشانەکانی ئۆتیزم دەدات بەتایبەت لە منداڵاندا، هەروەها یارمەتی باشترکردنی ڕەفتارەکانیان دەدات.

- سەلامەتی ئێسک: ڕێژەی بەرزی کالسیۆمی ناو شیری حوشتر یارمەتی بەهێزی ئێسکەکان دەدات.

- جوانی پێست: شیری حوشتر یارمەتی پاکبوونەوەی پێست دەدات، دەبێتە هۆی باش کارکردنی جگەر و باشتر هەرسکردن، ئەمانەش گرنگن بۆ سەلامەتی پێست. هەروەها بوونی ئەلفا هایدرۆکسی ناو شیرەکە یارمەتی جوانی و شێداری پێست دەدات. جگە لە خواردنەوەی شیری حوشتر بۆ جوانی پێست، دەکرێت وەکوو ماسکی پێستیش بەکاربێت، دەتوانن هەندێک لە شیرەکە بە لۆکە بدەن لە پێست و دوای ٢٠ خولەک بە ئاوی شلەتێن بیشۆن.

- بەهێزکردنی سیستمی بەرگری لەش: پێکهاتەکانی شیری حوشتر بەتایبەتی لاکتۆفرین و ئیمۆنۆگڵۆبۆلین تایبەتمەندی دژە بەکتریا، ڤایرۆس و هەوکردنیان هەیە، هەروەها ئەنتی ئۆکسیدانی تێدایە کە دەتوانێت یارمەتی ڕووبەڕووبوونەوەی مایکرۆ ئۆرگانیزمەکانی هۆکاری نەخۆشی بدات لە جەستەدا.

- شیری حوشتر بۆ ژنانی دووگیان: لەبەرئەوەی شیری حوشتر سووکە و زوو هەرس دەبێت، زۆر بەسوودە بۆ ژنانی دووگیان و یارمەتی سەلامەتی و گەشەی باشتری کۆرپەلەکە دەدات، دەبێتە هۆی بەهێزی ئێسکەکانی کۆرپەلە و دایکەکە دەدات، ڤیتامین و پڕۆتینە پێویستەکانی ژنی دووگیان دابین دەکات.

- تەندروستی دڵ بە شیری حوشتر: بوونی چەوری ناتێر لەشیری حوشتردا دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی کۆلیسترۆڵی زیان بەخش لە خوێندا، هەروەها ڕێگری لە کۆبوونەوەی چەوری دەکات و دەبێتە هۆی دابەزینی پەستانی خوێن، ڕێگری لە جەڵتەی دڵ دەکات.

کاریگەرییەکانی شیری حوشتر

دەبێت شیری حوشتر بەشێوەی پاستێر یان دوای ٢٠ خولەک کوڵاندن بخورێتەوە، بەکارهێنانی شیری حوشتری خاو دەبێتە هۆی ژەهراوی بوونی خۆراکی و نەخۆشی وەکوو هەوکردن، ناتەواوی گورچیلە، سیل، تای ماڵتا و تەنانەت دەبێتە هۆی مردن. کاریگەری بەکارهێنانی شیری حوشتر بەخاوی لەو کەسانەدا کە سیستمی بەرگری لەشیان لاوازە مەترسیدارە، وەکوو ژنانی دووگیان، منداڵ و بەساڵاچووان.


سەرچاوەکان



390 بینین