بۆچی منداڵ لەکاتی سەرزەنشتکردنی پێدەکەنێت؟

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-12-12-23:24:00 - کۆدی بابەت: 10633
بۆچی منداڵ لەکاتی سەرزەنشتکردنی پێدەکەنێت؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پێکەنینی منداڵ لەکاتی سەرزەنشتکردنی (بە ئینگلیزی: Children's laughter، بە عەرەبی: ضحک الطفال)، پێکەنینی منداڵ شتێکی ئاساییە بەڵام زۆر کات منداڵ لەکاتی سەرزەنشتکردندا پێدەکەنێت، ئەمەش بابەتێکە زۆرێک لە دایکان و باوکان ڕووبەڕووی دەبنەوە، کاتێک منداڵ لەبەر ڕەفتارێکی خراپ سەرزەنشت دەکەن، لەڕاستیدا دەتانەوێت بەم کارە فێری بکەن گوێ لە قسەکانتان بگرێت، ئومێدەوارن بەو سەرزەنشتە منداڵەکە ئیتر ڕەفتارە خراپەکەی دووبارە نەکاتەوە، بەڵام هەندێک منداڵ کاتێک سەرزەنشت دەکرێن پێدەکەنن.

هۆکارەکانی پێکەنینی منداڵ لەکاتی سەرزەنشتکردنی

ـ توڕەیی

هەندێک منداڵ ئەم کارە دەکەن چونکە توڕەن و نازانن چۆن هەستەکانیان کۆنتڕۆڵ بکەن، منداڵ شتی تازەی زۆر لە دەوروبەری ئەزموون دەکات، کە تێگەیشتن لە هەموویان بۆ منداڵ قورسە، بۆیە دەبێت فێر بێت لە بارودۆخە جیاوازەکاندا کاردانەوەی چۆن بێت.

ـ هەستی بێ دەسەڵاتی

ڕەنگە وابکەن چونکە دەیانەوێت دەسەڵاتی خۆیان پشان بدەن و بارودۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکەن، ڕەنگە هەست بەبێ دەسەڵاتی بکەن.

ـ نیگەرانی

گرنگە بزانن پێکەنین لەو کاتانەدا هەر واتای بێڕێزی نییە، ڕەنگە منداڵەکە نیگەران بێت و نەزانێت چۆن کاردانەوەی خۆی دەببڕێت.

چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم منداڵانە

١.ڕەفتارە خراپەکەی بۆ ڕوون بکەنەوە

ئەگەر بتانەوێت لێی بدەن یان هاوار بکەن، ڕەنگە منداڵ بترسێت و هەست بە توڕەیی بکات، نابێت چاوەڕێی ئەوە بکەن بە یەکەم جار منداڵ لە ڕەفتارە خراپەکەی تێبگات، پێویستی بە کاتە، کاتێک شتێکی بۆ ڕوون دەکەنەوە ئارامگر بن، تاکوو دەتوانێت تێبگات و ڕەفتارەکەی چاک بکات.

٢.دانانی یاسا و پەیڕەوکردنی

لەگەڵ ئەوەی ڕەفتارێکی خراپتان بۆ منداڵ ڕوونکردەوە، هەندێک یاساش دابنێن دەربارەی ئەو کارانەی دەتوانن بیکەن و ناتوانن بیکەن، بەدڵنیاییەوە یاساکان جێبەجێ بکەن بۆئەوەی منداڵ بزانێت لەکاتی شکاندنی یاساکان سەرزەنشتی دەکرێت.

٣.ئارامی خۆتان بپارێزن

هەرچەند قورسیش بێت کە منداڵ لەکاتی سەرزەنشتکردنی پێکەنی. ئارامی خۆتان لەدەست مەدەن، هەناسەی قووڵ هەڵمژن و بەشێوەیەکی ئەرێنی ڕەفتار لەگەڵ بارودۆخەکە بکەن، بە دەنگی ئارام قسەی لەگەڵ بکەن و بۆی ڕوونبکەنەوە ڕەفتارەکەی هەڵەیە.


سەرچاوەکان



237 بینین