چۆن بزانین کە پێویستمان بە دوورکەوتنەوەیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان؟

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-12-19-19:07:00 - کۆدی بابەت: 10716
چۆن بزانین کە پێویستمان بە دوورکەوتنەوەیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕۆڵێکی گرنگیان لە ژیانی تاکەکاندا هەیە، هەمووان بۆ ئاسانترکردنی کارەکان و کۆکردنەوەی زانیاری بەکاریان دەهێنن، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سوودی زۆریان هەیە و لەپاڵ سوودەکان دەکرێت زیانیشیان هەبێت دەکرێت ببنە هۆی تێکچوونی باری دەروونی. سەبارەت بە دوورکەوتنەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پێویست ناکات بەتەواوی وازیان لێبهێنن، ئەوەندە بەسە کە هەندێک کات دوور بکەونەوە و پشوویەک بە خۆتان بدەن. 

چۆن بزانین دەبێت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دووربکەوینەوە؟

١. کاتێک ناتوانیت بوەستیت لە بەراوردکردنی خۆت بە کەسانی تر، کاتێک سەیری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکەیت و دەبینیت هاوڕێکانت وێنە و ساتی وا بڵاودەکەنەوە کە کاتەکانیان بەخۆشی بەڕێدەکەن، لەکاتێکدا تۆ بەشێوەیەکی تایبەتی بەهۆی کار یان باری ماددی و شوێنی نەگونجاوەوە گیرت خواردووە، بەشێوەیەکی سروشتی ئیرەیی دەبەیت بە سەیرکردنی بارودۆخی کەسێکی تر. بەمەش تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەبنە هۆی نائومێدی و ناڕازیبوون لە ژیان.

٢. کاتێک بەردەوام لەناو پەڕەکەتی و سەیری دەکەیت بەبێ هیچ هۆکارێک بەردەوام تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانت دەپشکنیت و سەیریان دەکەیت، ئەم گەڕانە ناپێویستە و هیچ سوودی نییە، بەڵام تۆ هەر بەردەوامی لەسەری ئەمەش لەبەرئەوەی خووت پێوە گرتووە. 

٣. کاتێک تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چالاکییەکی ئەرێنی و خۆش نین بۆت، بەبینینی بڵاوکراوە و کۆمێنتی ئەوانی تر هەست بە ناڕەحەتی دەکەیت، بەمەش لەلایەن کەسانی ترەوە ئازار دەدرێیت.

٤. کاتێک کاتی زۆر بەفیڕۆ دەدەیت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، بەپێی کات و بەردەوام بەکارهێنانیان وات لێ دەکات وابەستە بیت و کاتی زۆر بەفیڕۆ بدەیت. کاری گرنگت هەیە کە دەبێت ئەنجامیان بدەیت، بەڵام کاتێک سەیر دەکەیت کاتەکەت لە گەڕان بەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەهەدەر داوە، کاتیش بەنرخترین شتە کە کەس نایەوێت بەفیڕۆی بدات، لە شتێکدا کە هیچ یارمەتی پێشکەوتنی لە کار یان گەشەدان بە ژیانی نادات.

٥. ئەگەر کاتێک سەردانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانت نەکرد هەستێکی ناخۆشت هەبوو، واتا ترسی لەدەستدان، هەر کاتێک ماوەیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دوور بیت، هەست دەکەیت شتی زۆرت لەدەست داوە، سەیرکردنی ڕۆژانەی ئەوانەی دەورووبەرت لەدەست دەدەیت.

چی دەبێت ئەگەر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دوور بکەوینەوە؟

- هەستی پەشیمانی

ئەگەر ئالوودەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بووبیت و لێیان دوور بکەویتەوە، لەسەرەتادا هەست بە پەشیمانی و بێتاقەتی دەکەیت، وازهێنان لەو شتانە وەکوو ئەوە وایە بەشێک لە خۆتت لەدەست دابێت، بەڵام پێویستە لەگەڵ خۆت ڕوو ڕاست بیت و تاقی بکەیتەوە.

- خەوی باشتر

بەگشتی شەوان کاتێکی زیاتر بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و قسەکردن لەگەڵ هاوڕێکانمان بەسەر دەبەین، ئەمەش کاریگەری خراپ لەسەر تەندروستی مرۆڤ دادەنێت. واباشترە پێش خەوتن لە مۆبایل و هەموو ئامڕازە ئەلیکترۆنییەکان دووربین.

- کاتی زیاتر

بەردەوام سەیرکردن و گەڕان بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کاتێکی زۆرت لێ دەبات کە بە دوورکەوتنەوە لێیان دەتوانیت کاتەکە بۆ شتێک بەکاربهێنیت کە ئارەزووی دەکەیت، زیاتر ئاگاداری خۆت بیت و پەیوەندی زیاتر لەگەڵ خۆت ببەستیت.

- متمانە بەخۆبوونی زیاتر

خەڵکی ڕاهاتوون کە باشترین ساتەکانی ژیانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبکەنەوە، ئێمە نازانین لە ژیانی تایبەتییاندا چی ڕوودەدات، بۆیە خۆ بەراوردکردن بەو کەسانە، کە وات لێ بکات هەست بە کەمی بکەیت هەڵەیە بە دوورکەوتنەوە لە سەیریکردنی ئەو شتانە، بیر لە خۆت و تواناکانی خۆت دەکەیتەوە و متمانە بەخۆبوونت زیاتر دەبێت.


سەرچاوەکان



213 بینین