ئادێڵ

له‌لایه‌ن: - مەئوا ئیدریس مەئوا ئیدریس - به‌روار: 2023-01-06-21:51:00 - کۆدی بابەت: 10849
ئادێڵ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئەدێڵ (بە ئینگلیزی: Adele، بە عه‌ره‌بى: اديل) ناوی تەواوی ئەدێڵ لۆری بلو ئادکینزە گۆرانی نووس هەروەها گۆرانیبێژێکی بەریتانییە. لە ٥ـی مایسی ١٩٨٨ لە ناوچەی تۆتنهامی لەندەن بەریتانیا لەدایکبووە. گۆرانییە نەریتییەکانی وای کردووە ببێتە یەکێک لە بەناوبانگترین کەسایەتییەکانی سەردەمی خۆی. ملیۆنان ئەلبوومی لە هەموو جیهاندا فرۆشراوە و خاوەنی ١٥ خەڵاتی گرامیی و خەڵاتێکی ئۆسکارە.  

سەرەتای ژیانی هونەری

ئەدێڵ هەر لە منداڵیدا حەزی بە وتنی گۆرانی پۆپی هاوچەرخ بووە و توانیویەتی فێری ژەنینی گیتار و کلارنێت ببێت. لە قوتابخانەی ناوەندی BRIT بۆ هونەرە نمایشییەکان لەو کاتەی ٣ تراکی بۆ پڕۆژەی گۆرانی قوتابخانەکەی ئامادەکردبوو هاوڕێیەکی دەستی کرد بە بڵاوکردنەوەی ئەو گۆرانیانەی کە ئەدێڵ نووسیبووی و تۆماری کردبوو لە ماڵپەڕی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی مایسپەیس. لە کۆتاییدا ئەو خانمە سەرنجی کۆمپانیاکانی تۆمارکردنی ڕاکێشا و لە ساڵی ٢٠٠٦، چەند مانگێک دوای تەواوکردنی خوێندن، گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای XL Recordings واژۆ کرد. دوو ساڵ دواتر توانی یەکەم ئەلبوومی خۆی بڵاوبکاتەوە بە ناوی "١٩". لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەم بەرهەمەدا ڕەخنەگرانی بواری میوزیک سەرنجی ئەرێنییان لەسەر هەبوو و ستایشی لێهاتوویی دەنگ و بەهرەی گۆرانی نووسینی ئەدێلیان کرد لە تەمەنێکی ئاوا بچووکدا.

ژیانی تایبەتی

ژیانی کۆمەڵایەتی و پەیوەندییە سۆزدارییەکانی ئەدێڵ بە تەواوەتی لە گۆرانییەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە. یەکەم ئەلبوومی ئەدێل بە ناوی '١٩' تا ڕادەیەکی زۆر ئیلهامی لە خۆشەویستەکەیەوە وەرگرتووە کە پێش ئەوەی ناوبانگێکی زۆر پەیدابکات خیانەتی لە گۆرانیبێژەکە کردووە، لە کاتێکدا ئەدێڵ هەرگیز ناوی ئاشکرا نەکردووە. بەهەمان شێوە جیابونەوەیەکی بە ئازار بووە ئیلهامی ئەلبوومی '٢١' لە ساڵی ٢٠١١ کە دووبارە ئەدێڵ نەیویستووە ناوی خۆشەویستەکەی ببات. لە هەمان ساڵدا لەگەڵ سایمەن کۆنێکی (Simon Konecky) ژوانیان بەستووە و ساڵی ٢٠١٢ کوڕەکەیان بە ناوی "ئەنجیلۆ" لەدایکبووە، ئەدێڵ ئەم پەیوەندییەی بە جددیترین پەیوەندی خۆی داناوە بەهۆی کوڕەکەیەوە لە ئەنجامدا ساڵی ٢٠١٨ هاوسەرگیرییان کرد، هەرچەندە دواتر بە تەواوەتی لە ٢٠٢١دا جیابوونەوە و ئەم ڕووداوەش هەوێنی دروستبوونی ئەلبوومی '٣٠' بوو. جگە لە پەیوەندییەکانی، ئەدێڵ چەند گۆرانییەکی بۆ کوڕەکەی نووسیووە لە نێویشیاندا گۆرانی "My Little Love".

ئەلبوومەکانی

  • '١٩' ساڵی ٢٠٠٨: یەکەم ئەلبوومی ئەدێڵ کە ناوەکەی لە تەمەنی خۆیەوە وەرگیراوە لەو کاتەی زۆرترین تراکەکانی تۆمارکردووە. ئەو ئەلبوومە بە تەواوەتی ناوبانگی بۆ ئەدێڵ هێنا کە لە ناو هەوادارانی ئەمریکا و بەریتانیا زۆرترین دەنگیدایەوە. لەگۆرانییە بەناوبانگەکانی '١٩' (Hometown Glory و Chasing Pavement).
  • '٢١' ساڵی ٢٠١١: دووبارە بە ناوی تەمەنی خۆیەوە کراوە. بەرهەمێکی قووڵتر بوو لە پێزانینی ئەدێڵ بۆ میوزیکی جاز و کلاسیکی ئەمریکی. بە شایستەیی ناوبانگێکی زۆری کۆکردەوە و تەنها لە هەفتەی یەکەمی بڵاوبونەوەیدا ٣٥٢٠٠٠ دانەی لێفرۆشرا. لەگۆرانییەکانی '٢١' (Rolling in the deep) و (Someone Like You).
  • '٢٥' ساڵی ٢٠١٥: بەناوی تەمەنی خۆیەوە ساڵی ٢٠١٥ ئەلبوومی ٢٥ـی بڵاوکردەوە کە کۆمەڵێک گۆرانی سۆزدارییە، هەندێکجاریش ناڕەزایەتییە بەهۆی بارودۆخی پەیوەندییەکانییەوە. بەهەمان شێوەی بەرهەمەکانی پێشتری بووە خاوەنی ناوبانگێکی زۆر لە تەواوی جیهاندا. تاکە ئەلبووم بوو لە ماوەی دە ڕۆژدا فرۆشی بگاتە ملیۆنێک دانە. لە گۆرانییەکانی '٢٥' (Hello) و (When We Were Young).
  • '٣٠' ساڵی ٢٠٢١: لە تەمەنی ٣٠ ساڵیەوە دەستیکردووە بە بەرهەمهێنانی ئەلبوومی ٣٠ کە ئیلهامی لە دایکایەتی، جیابوونەوە، ناوبانگ و گەشبینییەوە وەرگرتووە  و ساڵی ٢٠٢١ بڵاوبووەوە. ئەم ئەلبوومە ڕیزبەندی باشترین فرۆشی هەبو لە جیهاندا بۆ ساڵی ٢٠٢١. لە گۆرانییەکانی '٣٠' (Easy On Me) و (I Drink Wine).


سەرچاوەکان



387 بینین