ئۆکلاهۆما

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2023-02-06-20:22:00 - کۆدی بابەت: 10932
ئۆکلاهۆما

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ویلایەتی ئۆکلاهۆما (بە ئینگلیزی: Oklahoma، بە عەرەبی: أوكلاهوما، بە چۆکتاوی: Oklahumma)، ویلایەتێکە لە ناوچەی باشووری ناوەڕاستی ئەمریکا. ئەم ویلایەتە لەڕووی ڕووبەرەوە بیستەم گەورەترین ویلایەت و لەڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە ٢٨ـەم قەرەباڵغترین ویلایەتی نێو هەر پەنجا ویلایەتەکەی ئەمریکایە. هەروەها پایتەخت و گەورەترین شاری ویلایەتەکە ئۆکلاهۆما سیتییە. ئۆکلاهۆما لە ١٦ـی تشرینی دووەمی ١٩٠٧ـدا وەکوو ٤٦هەمین ویلایەتی ئەمریکا چووە ناو یەکێتییەکەوە.

لەڕووی جوگرافییەوە

ئۆکلاهۆما لە باشوور و ڕۆژاواوە لەگەڵ ویلایەتی تەکساس، لە باکوورەوە لەگەڵ کانزاس، لە باکووری ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ میزۆری، لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ ئارکانساس، لە ڕۆژاواوە لەگەڵ نیو مەکسیکۆ و لە باکووری ڕۆژاواوە لەگەڵ کۆلۆرادۆدا هاوسنوورە. ڕووبەری ئەم ویلایەتە ١٨١٫٠٣٨ کیلۆمەتر دووجایە، لەو ژمارەیەش ١٧٧٫٦٦٠ کیلۆمەتر دووجای وشکانی و ٣٫٣٧٧ کیلۆمەتر دووجا کە دەکاتە ١٫٩٪ـی ڕووبەری گشتی ئاوییە. هەروەها درێژی ئەم ویلایەتە ٧٤٩ کیلۆمەتر و پانییەکەی ٣٧٠ کیلۆمەترە.

ناوی ویلایەتەکە

ناوی ئۆکلاهۆما لە وشە چۆکتاوییەکانی ئۆکلا (okla) و هومما (humma) وەرگیراوە کە وشەی یەکەمیان بە واتای 'خەڵک' و وشەی دووەمیان بە واتای 'سوور' دێت. پێکەوە واتە خەڵکی سوور.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

نووسینگەی سەرژمێری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سەرژمێری ساڵی ٢٠٢٠ـی ئەمریکا ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتی ئۆکلاهۆمای بە ٣٫٩٦٣٫٥١٦ کەس دا لە قەڵەم، ئەم ژمارەیەش بە بەراورد بە سەرژمێری ساڵی ٢٠١٠ـی ئەمریکا بە ڕێژەی ٥٫٦٦٪ زیادی کردووە. لە ساڵی ٢٠١١ـدا ٧٫٠٪ـی دانیشووانی ئۆکلاهۆما لە خوار تەمەنی پێنج ساڵی، ٢٤٫٧٪ لە خوار ١٨ ساڵی، ١٣٫٧٪ـی دانیشتووان ٦٥ ساڵ یان زیاتر بوون. هەروەها مێینەکان ٥٠٫٥٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکەیان پێکهێنا. جگە لەوەش، ئۆکلاهۆما بە "پایتەختی زیندانەکانی جیهان" وەسف کراوە و لە ساڵی ٢٠١٨ـدا لە هەر ١٠٠ هەزار دانیشتوویەکدا ١٫٠٧٩ کەس زیندانی کراون. ویلایەتەکە خاوەنی بەرزترین ڕێژەی زیندانیکردنە وەک لە هەر ویلایەتێکی وڵاتەکەی و هەر وڵاتێکی جیهان.

ڕەگەز و نەتەوە

لە سەرژمێری ساڵی ٢٠١٠ـدا زۆرینەی دانیشتووانی ویلایەتی ئۆکلاهۆما کە بە ڕێژە ٧٢٫٢٪ بوو سپی پێست بوون، لە کاتێکدا ٨٫٦٪ـی دانیشتووان لە هیندییە ئەمریکییەکان و خەڵکی ئالاسکا پێکهاتبوو، هەروەها ٧٫٤٪ـی دانیشتووان ڕەش پێست یان ئەفریقی ئەمریکی، ١٫٧٪ ئاسیایی، ٠٫١٪ هاوایی ڕەسەن و دوورگەنشینەکانی تری زەریای هێمن، ٤٫١٪ سەر بە ڕەگەزەکانی تر و ٥٫٩٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە دوو ڕەگەز یان زیاتریان هەبوو. لەگەڵ ئەوەشدا، ٨٫٩٪ـی دانیشتووانی ئۆکلاهۆما بە ڕەچەڵەک هیسپانی، لاتینی یان ئیسپانی بوون. لە ساڵی ٢٠٠٥ـدا، پێکهاتە ڕەچەڵەکییە خەمڵێندراوەکەی ئۆکلاهۆما بەم شێوەیە بوو:

  • ئەڵمانی: ١٤٫٥٪
  • ئەمریکی: ١٣٫١٪
  • ئێرلەندی: ١١٫٨٪
  • ئینگلیزی: ٩٫٦٪
  • ئەمریکییە ئەفریقییەکان: ٨٫١٪
  • ئەمریکی ڕەسەن: ١١.٤٪
  • هیندی ئەمریکی: ٨٫١٪

زۆربەی ئەو دانیشتووانانەی ئۆکلاهۆما کە خۆیان بە ئەمریکی دەناسێنن، ڕەچەڵەکی زۆرینەیان ئینگلیزی و سکۆتلەندی-ئیرلەندییە لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەکی بەرچاویان سکۆتلەندی، وێڵزی و ئێرلەندی بوون.

لە ساڵی ٢٠١١ـدا ٤٧٫٣٪ـی دانیشتووانی بچووکتر لە یەک ساڵی ویلایەتەکە لانیکەم دایک یان باوکیان سپی پێستی ناهیسپانی نەبوون. ڕاپرسییەکی ساڵی ٢٠١١ـی ئەمریکا، ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ساڵی ٢٠٠٥ تا ٢٠٠٩ نزیکەی ٥٪ـی دانیشتووانی ئۆکلاهۆما لە دەرەوەی ئەمریکا لەدایکبوون. ئەم ڕێژەیەش بە بەراورد بە تێکڕای نیشتیمانی کە نزیکەی ١٢٫٥٪ نزمترە.

ئایین

بەپێی ئامارەکانی سەنتەری توێژینەوەی پیوو لە ساڵی ٢٠٠٨، زۆربەی زۆری دانیشتووانی ئۆکلاهۆما مەسیحی بوون و نزیکەی لەسەدا ٨٠ـی دانیشتووانی ویلایەتەکەیان پێکهێنا. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕێژەی پەیڕەوکەرانی کاسۆلیکی نیوەی تێکڕای نیشتمانی بوو، لە کاتێکدا ڕێژەی پەیڕەوکەرانی پرۆتستانتی ئینجیلی زیاتر لە دوو هێندەی تێکڕای نیشتیمانی بوو. هەروەها لە ساڵی ٢٠٠٠ـدا، نزیکەی پێنج هەزار جوولەکە و شەش هەزار مسوڵمان لە ویلایەتەکەدا هەبوون. جگە لەوەش، لە ساڵی ٢٠١٠ـدا، کۆنفڕانسی باپتیستی باشوور خاوەنی زۆرترین لایەنگر ٨٨٦٫٣٩٤ ئەندام بوو، پاشان هەر یەک لە کڵێسای یونایتد میتۆدیست خاوەنی ٢٨٢٫٣٤٧ ئەندام، کڵێسای کاسۆلیکی ڕۆمانی خاوەنی ١٧٨٫٤٣٠ ئەندام و کۆمەڵانی خوا خاوەنی ٨٥٫٩٢٦ ئەندام و مۆرمۆن خاوەنی ٤٧٫٣٤٩ ئەندام بوو. ئایینە پەیڕەوکراوەکانی تری دانیشتووانی ویلایەتەکە بریتین لە ئایینی بوودی و هیندۆسی و ئیسلام.

زمانەکان

ئینگلیزی

زمانی ئینگلیزی لە ساڵی ٢٠١٠ـەوە زمانی فەرمی دانیشتووانی ویلایەتی ئۆکلاهۆما بووە. لە ساڵی ٢٠٠٠ـدا ٢٫٩٧٧٫١٨٧ دانیشتووی ویلایەتەکە کە دەکاتە ٩٢٫٦٪ـی دانیشتووانی پێنج ساڵ و گەورەتر لە ماڵەوە تەنها بە ئینگلیزی قسەیانکرد، ئەم ڕێژەیەش بە بەراورد بە ساڵی ١٩٩٠ کە ٩٥٪ بوو کەمبووەتەوە. هەروەها لە ساڵی ٢٠٠٠ـدا ٢٣٨٫٧٣٢ دانیشتووی ئۆکلاهۆما کە نزیکەی ٧٫٤٪ـی دانیشتوانی ویلایەتەکە بوو لە ماڵەوە بە زمانێکی تری نائینگلیزی قسەیان کرد.

زمانە ڕەسەنە ئەمریکییەکان

ئەو دوو زمانە ڕەسەنەی ئەمریکای باکوور کە زۆرترین کەس لەم ویلایەتەدا قسەیان پێ دەکەن بریتین لە چرۆکی و چۆکتاوی کە هەریەکەیان نزیکەی ١٠ هەزار قسەکەریان هەیە. دانیشووانی ویلایەتی ئۆکلاهۆما بە بیست و پێنج زمانی ڕەسەنی ئەمریکی قسە دەکەن، لە خوارەوە ئاماژە بەو دە زمانە نائینگلیزییە سەرەکییانە دەکەین کە لە ساڵی ٢٠٠٠ـدا لە ویلایەتەکەدا قسەیان پێ کراوە.

  • ئیسپانی: ٤٫٤٪
  • زمانە ڕەسەنەکانی ئەمریکای باکوور: ٠٫٦٪
  • ئەڵمانی و ڤێتنامی پێکەوە: ٠٫٤٪
  • فەڕەنسی: ٠٫٣٪
  • چینی: ٠٫٢٪
  • کۆری، عەرەبی، تاگاڵۆگ، ژاپۆنی پێکەوە: ٠٫١٪

ئابووری ویلایەتەکە

ئابووری ویلایەتی ئۆکلاهۆما پشت بە کۆمەڵێک کەرتی جۆراوجۆر دەبەستێت لەوانە فڕۆکەوانی، وزە، ئامێری گواستنەوە، پرۆسێسکردنی خۆراک، ئەلیکترۆنیات و دوورەپێوەندی. ئەم ویلایەتە بەرهەمهێنەرێکی گرنگی گازی سروشتی، فڕۆکە و خۆراکە. ویلایەتەکە لە بەرهەمهێنانی گازی سروشتیدا سێیەم ویلایەتی ئەمریکا، لەڕووی کشتوکاڵیشەوە ٢٧ـەم بەپیتترین ویلایەتی وڵاتەکەیەتی و لە بەرهەمهێنانی گەنمیشدا لە پلەی پێنجەمدایە. سەرەڕای ئەوانەش، چوار کۆمپانیای فۆرچن ٥٠٠ و شەش کۆمپانیای فۆرچن ١٠٠٠ لە ئۆکلاهۆمادا هەن. هەروەها تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی (GSP) ئۆکلاهۆما لە ساڵی ٢٠٠٦ـدا لە ١٣١٫٩ ملیار دۆلارەوە بۆ ١٤٧٫٥ ملیار دۆلار لە ساڵی ٢٠١٠ـدا گەشەیکرد و ڕێژەی گەشەکەشی ١٠٫٦٪ بوو. بەرهەمی تاکەکانی ویلایەتەکە لە ساڵی ٢٠١٠ـدا ٣٥٫٤٨٠ دۆلار بوو و لە پلەی ٤٠ـی وڵاتەکەیدا بوو. لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ٢٠٢٠ـدا ڕێژەی بێکاری ویلایەتەکە ٥٫٣٪ بوو.

کەشوهەوا

ئۆکلاهۆما لە ناوچەیەکی نیمچە خولگەیی شێداردایە کە بەرەو ڕۆژاوا بڕۆین کەشوهەواکەی نیمچە وشکە، بەرەو باکوور کیشوەری شێدارە و بەرەو ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵات نیمچە خولگەیی شێدارە. زۆربەی زۆری ویلایەتەکە کەوتۆتە ناوچەیەکەوە کە بە کۆڵانی گەردەلوول ناسراوە و ساڵانە بە تێکڕایی ٦٢ گەردەلوول لە ویلایەتەکەدا ڕوودەدات، ئەمەش یەکێکە لە بەرزترین ڕێژەکانی جیهان.

کەشوهەوا نیمچە خولگەییە شێدارەکەی ناوەڕاست، باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئۆکلاهۆما کاریگەرییەکی زۆری بای باشووری لەسەرە. هەروەها هەتا بەرەو ڕۆژاوا بڕۆین کەشوهەوا بۆ نیمچە وشک دەگۆڕێت، بەم پێیەش ڕێژەی دابارین و پلەکانی گەرما لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژاوا دادەبەزن، تێکڕای پلەی گەرمی ساڵانە لە ناوچەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتدا ١٧ پلەی سەدییە و ساڵانە بەگشتی زیاتر لە ١٫٠٢٠ تا ١٫٤٢٠ مللیمەتر باران دەبارێت، لە کاتێکدا لە ناوچە بەرزەکاندا تێکڕای پلەی گەرمی ١٤ پلەی سەدییە و ساڵانە کەمتر لە ٤٣٠ مللیمەتر باران دەبارێت.

بەشێوەیەکی گشتی وەرزی زستان لەم ویلایەتەدا وشکترین وەرزە و تێکڕای بارانبارینی مانگانە لە وەرزی ‌بەهاردا بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات و لە مانگی ئایاردا دەگاتە لووتکە. لە زۆربەی ناوچەکانی ئۆکلاهۆما لە دوای وەرزی زستان ناوەڕاستی هاوین، واتە مانگی تەممووز و ئاب وشکترین وەرزی ساڵە. زۆرجار پلەی گەرمی لە هەموو ناوچەکانی ویلایەتەکەدا لە سەرووی ٣٨ پلەی سەدی یان لە خوار ١٨- پلەی سەدییەوەیە. بەڵام دابەزینی پلەی گەرمی بۆ خوار سفر پلەی سەدی لە باشووری ناوەڕاست و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکلاهۆمادا شتێکی دەگمەنە. هەروەها ساڵانە کەمتر لە ١٢٠ مللیمەتر بەفر لە بەشی باشوور تا کەمێک زیاتر لە ٥٠٨ مللیمەتر لە سنووری کۆلۆرادۆدا دەبارێت.


سەرچاوەکان



318 بینین