چاندنی توور

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2023-02-13-23:28:00 - کۆدی بابەت: 10998
چاندنی توور

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چاندنی توور (بە ئینگلیزی: Planting radish، بە عەرەبی: زراعة الفجلتوور یەکێکە لە ئەو سەوزانەی کە هەردوو گەڵا و ڕەگەکەی شیاوی خواردنن، ڕەگێکی ڕەقی هەیە کە چەندین ڕەنگی جیاوازی هەیە، ئەم جۆرە سەوزەیە لە وەرزێکدا دەکرێت چەند جارێک بچێنرێت، تەواوی ڕووەکەکە شیاوی خواردنە واتە هەردوو ڕەگ و گەڵاکانیشی، هەروەها لەگەڵ برۆکلی و قەڕنابیتدا لەهەمان خێزاندا پۆلێن دەکرێت.  

چەندین جۆری جیاوازی هەیە کە بە گوێرەی کاتی چاندن و قەبارە و بەرگەگرتنیان بۆ پلەی گەرمی دەگۆڕێن، بۆ نموونە ئەوانەی کە قەبارەیان بچووکە بەرگەی گەرمای هاوین ناگرن بۆیە باشترە لە سەرەتای بەهاردا بچێنرێت، یاخود جۆرە بچووکەکان تامێکی ناوەندیان هەیە بەڵام ئەوانەی قەبارەیان گەورەیە تامیان توونترە.

هاوشێوەی زۆرینەی سەوزەکان ڕووبەڕووی چەندین نەخۆشی مێروویی و کەڕوویی دەبێتەوە، کە بۆ چارەسەرکردن پێویستی بە دابینکردنی هەلومەرجی گونجاوە لەگەڵ هەڵبژاردنی جۆرێک کە بۆ جێگەکە گونجاوبێت، یاخود ڕشتنی ماددەی قڕپێکەر.

هەنگاوەکانی چاندن

  • سەرەتا پێویستە خاکەکەی ئامادەبکرێت بە زیادکردنی پەیین و ماددەی ئەندامی، بەڵام نابێت پەیینی تازەی بۆ زیاد بکرێت چونکە زیان دەگەیەنێت بە سەوزەکە.
  • دواتر تۆوەکان بە گوێرەی وەرزەکان لە کاتی گونجاودا دەچێنرێت، بۆ نموونە ئەگەر بەرهەمەکەی بۆ بەهار بێت ئەوا پێویستە چەند هەفتەیەک پێش کۆتایی هاتنی سەرما بچێنرێت، بەڵام ئەگەر بەرهەمەکەی بۆ پاییز بێت ئەوا پێویستە پێش کۆتایی هاتنی هاوین بچێنرێت.
  • هەر تۆوێک لە قوڵاییەکی کەمی چەند سانتیمەتریدا دەچێنرێت، مەودای نێوان تۆوێک بۆ دانەیەکی تر باشترە ٢-٣ سانتیمەتر ببێت و مەودای نێوان ڕیزەکانیش ٣٠ سانتیمەتر ببێت.
  • دواتر بە چڕی ئاو بدرێت هەتاکوو تۆوەکان جێگیرببن.
  • باشترە مەودای کات هەبێت لە نێوان چاندنی کۆمەڵێک تۆو بۆ کۆمەڵەیەکی تر، بەگشتی باشترە ١٠ ڕۆژ بخایەنێت، بۆ ئەوەی دواتر لە کەشی فێنکدا هێشتا بەرهەمی هەبێت.

شێوازی گرنگیپێدان

توور پێویستی بە جێگەیەکە کە ڕووناکی خۆری زۆری هەبێت بەلایەنی کەمەوە ڕۆژی شەش کاتژمێر ڕووناکی خۆری هەبێت، بەڵام ئەگەر لە جێگەیەکی سێبەردا بێت ئەوا توانای نییە بەرهەمێکی باشی هەبێت، چونکە هەموو وزەکەی لە دروستکردنی گەڵای گەورەدا بەکاردەهێنێت، هەروەها پێویستی بە خاکێکی هاوکێش هەیە و خاوێنبکرێتەوە لە بەرد، چونکە هەبوونی بەردەکان ڕێگری دەکەن لە گەشەکردنی ڕەگەکەی، یاخود ئەگەر خاکەکەی لیتاو بێت و ئاو تێیدا کەڵەکە ببێت، ئەوا دەکرێت ماددەی ئەندامی بۆ زیادبکرێت کە هاوکاری زوو وشکبوونەوەی دەدات.

تۆوەکەی دەکرێت لە هەردوو بەهار و پاییزیشدا بچێنرێت، بەڵام پێویستی بە کاتێکە کە پلەی گەرمی بەرزببێتەوە، چاندنی زۆر ئاسانە و کاتی کەمیشی پێویستە بۆ گەورەبوون، هەروەها لە جێگەیەکی کەمدا گەشەدەکات، بۆ نموونە دەکرێت لە نێوان ڕیزەکانی گێزەردا بچێنرێت، بۆیە زۆرینەی باخەوانەکان دەیچێنن و گرنگی پێدەدەن.

زۆرینەی جۆرەکانی توور لە ماوەی سێ هەفتەدا تۆوەکەیان چەکەرە دەکات و پێدەگەن، دواتریش ئامادە دەبن بۆ لێکردنەوە، یەکێک لە گرنگترین کردارەکان تەنککردنەوەی ژمارەی بنجەکانە چونکە ئەگەر ژمارەیان زۆر بێت ئەوا قەبارەی بەرهەمەکانیان بچووک دەبێت، جگە لە ئەمانەش پێویستی بە ئاودانێکی ڕێکخراوە کە بە بەردەوامی بە شێداری بمێنێتەوە، باشترین شێوازیش بەکارهێنانی ڕێگای قەترەیە، بەڵام نابێت ئاودانەکەی بە جۆرێک بێت کە کەڵەکە بکات و کۆببێتەوە، چونکە دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە ڕەگەکەی، یاخود دەکرێت سەماد بۆ بنجەکان زیاد بکرێت، کە هاوکاری خاکەکەی دەکات هەتاکوو بە شێداری بمێنێتەوە.  

یەکێک لە گەورەترین هەڵەکان بۆ ئەوانەی کە توور دەچێنن ئەوەیە توورە پێگەیشتووەکان جێبهێڵن، واتە دوای ئەوەی پێدەگەن لێنەکرێنەوە، هێشتنەوەی بە پێگەیشتوویی دەبێتە هۆی زیاتر ڕەقبوون و تامێکی نیشاستەیی نەخوازراوی دەبێت، هەروەها بۆ دڵنیابوونەوە لە پێگەیشتنی دەکرێت یەک بنجی دەربهێنرێت و وەک نموونەیەک بۆ زۆرینە بەکاربهێنرێت، هێمایەکی تری پێگەیشتن گەورەبوونی گەڵاکانییەتی و بگەنە درێژی ١٥-٢٠ سانتیمەتر.  


سەرچاوەکان



858 بینین