دەرمان پێدان بە منداڵەکەت

له‌لایه‌ن: - - به‌روار: 2023-08-29-14:54:00 - کۆدی بابەت: 11140
دەرمان پێدان بە منداڵەکەت

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دەرمان پێدان بە منداڵەکەت (بە ئینگلیزی: Giving drugs to your children، بە عەرەبی: أعطاء الأدوية لطفلك)، دەرمان پێدان بە منداڵەکەت ئەرکێکی ئاسان نییە، بە تایبەت ئەگەر منداڵەکەت حەز بە تاقیکردنەوەی شتی نوێ نەکات، یان کەللەڕەقی بکات.

هەندێک ئامۆژگاری دەربارەی دەرمان پێدانی منداڵەکەت

١- ڕاست و ڕەوان بە 
بە منداڵەکەت بڵێ کە دەتەوێت دەرمانی پێ بدەیت، قسەی لەگەڵ بکە لەسەر گرنگی دەرمانەکە و چەندیش حەز بە چاکبوونەوەی دەکەیت. 
٢- بەرچاو ڕوونییەکی بدەرێ
سەرەتا وای نیشان بدە کە دەرمان دەدەیت بە بووکەڵەیەک، بۆ ئەوەی بزانیت چۆن دەرمانەکەی پێ دەدەیت، کاتێک کە تەواو بوویت لە پێدانی دەرمانەکە بە بووکەڵەکە، شتێکی باش دەبێت ئەگەر بڵێیت: ئافەرین، شتێکی باشت کرد دەرمانەکانت وەرگرت بووکەڵە جوانەکە. 
٣- ئاسوودە بە 
منداڵەکەت بکە سەر باوەشت یان هەر شێوەیەکی تر کە ئاسوودە بێت تیایدا و تۆش کۆنتڕۆڵی زیاترت دەبێت بەسەریدا ئەگەر ویستی هەستێت، لەسەر پشتی ڕایمەکێشە، چونکە بۆی هەیە دەرمانەکە لە قوڕگی گیر بێت. 
٤- تامێکی خۆش هەڵبژێرە
ئەگەر دەستت کەوت، ئەو تامە هەڵبژێرە کە منداڵەکەت حەزی لێیەتی یان هەر تامێکی تر بە مەرجێک خۆش بێت، وەک: گێلاس، ترێ، یان بنێشت، ئەگەر ئاسایی بوو، داوای ئەو تامە بکە کە دەتەوێت کاتێک پزیشکەکەت ڕەچەتەی دەرمانەکانت بۆ دەنوسێت. 
٥- سرنج بەکاربێنە 
بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ئاسانتر و باشتر دەرمان بدەیت بە منداڵەکەت، دەتوانیت سرنج بەکاربهێنیت لەبری کەوچک، ڕێژەی پێویست بپێوە و دەمی سرنجەکە بکە ناو دەمی منداڵەکەت لە نێوان بەشی خوارەوەی ددانەکانی و ڕوومەتی، پاشان دەرمانەکانی ناو سرنجەکە بکە ناو دەمی منداڵەکە. 
٦- چلوورەیەکی پێشکەش بکە
بۆ ئەوەی هەستەوەری تامکردنی زمانی منداڵەکەت سڕ بکەیت، با چلوورەیەک بلێسێتەوە پێش ئەەەی دەرمانی پێ بدەیت، لە دوای تەواوکردنی چلوورەکە دەرمانەکەی پێ بدە. 
٧- ڕووکەشی دەرمانەکە بگۆڕە
ئەگەر ڕەزامەندی پزیشکت هەیە، دەرمانێکی بێ تام و ناخۆش لەگەڵ یەک بۆ دوو کەوچکی بچووک ساسی سێو یان شەربەت تێکەڵ بکە، ڕێژەیەکی زۆرتر بەکارمەهێنە، چونکە دەبێت ئەوەندە بێت کە منداڵەکەت بتوانێت بیخوات. 
٨- پێکهاتەی تر بەکاربهێنە 
ئەگەر منداڵەکەت دەرمانی شلە وەرناگرێت، ئەگەر هەبوو بۆی بکە بە حەپی جووین یان حەپی بچووک کە ئاسان قووت بدرێت، ئەگەر منداڵەکەت هەر دەمی نەکردەوە، ئەوا قسە لەگەڵ پزیشکەکەت بکە لەسەر تاقیکردنەوەی شاف یان دەرزی. 
٩- شتێکی خواردن ئامادە بکە
لە دوای بەکارهێنانی دەرمانەکە، شتێکی خواردن بدە بە منداڵەکەت وەکو مێوژ، کشمیش، گێزەر، پسکیت، یان شەربەت. بۆ ئەوەی تامە ناخۆشەکەی دەرمانەکە لە دەمیدا نەهێڵێت. 
١٠- ئەگەر پێویستی کرد دووبارەی بکەرەوە
ئەگەر منداڵەکەت دەرمانەکەی تفاندەوە یان ڕشایەوە، چەند خولەکێک چاوەڕێ بکە و دووبارە دەرمانەکەی پێ بدەرەوە. 


سەرچاوەکان



326 بینین