میامۆتۆ موساشی

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2023-08-30-22:00:00 - کۆدی بابەت: 11172
میامۆتۆ موساشی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

میامۆتۆ موساشی (بە عەرەبی: میاموتو موساشي، بە ئینگلیزی: Miyamoto Musashi) فەیلەسوف و ڕۆنینی ناوبانگی ژاپۆنە، کە ناوبانگی دەرکردبوو بە هۆی لێهاتوویی لە شمشێربازیدا و لە هەمان کاتیشدا وەکو فەیلەسوف خاوەنی ناوبانگێکی زۆر بووە. 

زانیارییە گشتییەکان

ناوی تەواوی شینمێن، موساشی نۆکامی، فوجیوارە نۆ هارونۆبو
ساڵی لەدایکبوون ١٥٨٤
شوێنی لەدایکبوون شینمان بێنەسوکێ، پارێزگای هاریما یاخود میماساکای وڵاتی ژاپۆن
ناوەکانی تری نایتن دۆروکو، شینمەن تاکێزۆ، یاخود میامۆتۆ بێنوسوکێ
نەتەوە أاپۆنی
منداڵەکانی میکینۆسۆکۆ، کورۆتارۆ، لۆری، یۆمەن، کچێک کە ناوەکەی نەزاندراوە. سەرجەمیان هەڵگیراون، جگە لە کچەکەی
بەرواری مردن ١٣ی حوزەیرانی ساڵی ١٦٤٥
تەمەن ٦٠ بۆ ٦١ ساڵی ژیاوە
شوێنی مردن پارێزگای هیگۆ، ژاپۆن

پێشەکی

میامۆتۆ موساشی، کە جگە لەمە بە ناوەکانی  شینمەن تاکێزۆ، یاخود میامۆتۆ بێنوسوکێ ناسراو بوو. جگە لەم ناوانەش ناوێکی تری بوودیشی هەبوو کە (نایتن دۆروکو) بوو. میامۆتۆ شمشێرباز و فەیلەسوف و تەکتیک داڕێژ و ڕۆنین و نووسەرێکی ژاپۆنی بوو. کە زیاتر بەو شمشێرە دوو سەرە بە ناوبانگە کە بەکاریدەهێنا لە شەڕەکانی، جگە لەوەش بەوە ناسراوە کە زیاتر لە ٦١ زۆرانبازی شمشێربازی دووانەی کردووە و لە هەموویان براوە بووە، بەبێ ئەوەی هیچیان بدۆڕێنێت. موساشی خاوەنی فەلسەفەیەکی تایبەت بە خۆی بووە بۆ ژیانکردن و شەڕکردن، لەسەری ڕۆیشتووە تاوەکو مردووە. موساشی نازناوی (کێنسێی)ی پێدراوە، بەهۆی لێهاتووی لە ڕادە بەدەرەکەی لە شمشێربازیدا. موساشی  بە دروستکەری شێوازی هونەری شمشێربازی (نایتن ئیچی ریو) دادەندرێت، کە لە دوای خۆشی و تاکو ئەم سەردەمە هەر بەکاردێت. هەر بەم ناوەش قوتابخانەیەک کرایەوە کە تێیدا هونەرە جەنگیەکەی موساشی تێدا دەگووترایەوە. لە پێنج ساڵی کۆتایی تەمەنیدا هەستا بە نووسینی دوو پەرتووک بە ناوەکانی (کتێبی پێنج ئەنگوستیلەکە)، (دۆکۆدۆ)، کە تێیاندا فەلسەفەی خۆی باس کردووە. ئەم دوو پەرتووکەی کە نووسی دراون بە گرنگترین قوتابی خۆی کە ناوی (تێرۆ ماگونۆجۆ) بوو، حەوت ڕۆژ بەر لە مردنی. پەڕتووکی یەکەمی (پەرتووکی پێنج ئەنگوستیلەکە) تێیدا باسی شێوازی هونەرە جەنگییەکەی خۆی کردووە کە (نایتن ئیچی ریو) بوو. پەرتووکی دووەمی کە ناوی (دۆکۆدۆ) بوو باسی واتای قوڵی ئەو تەکنیکانەی دەکرد کە لە شێوازی هونەرە جەنگیەکەی بەکاریدەهێنا، لەگەڵ فەلسەفەی ژیانی خۆی. وەک ڕێز لێنانێک لە میامۆتۆ موساشی ناوەندێکی ڕاهێنانی بەناو کراوە لە شاری (ئۆکۆیاما)ـی وڵاتی ژاپۆن. 

ژیاننامەی

ئەو زانیارییانەی کە لەسەر سەرەتای ژیانی هەیە، هەمووی جێگای باوەڕ نییە. ئەوەی کە دەزانرێت ئەوەیە کە موساشی لە پەرتووکی (پێنج ئەنگوستیلەکە) ئاماژەی بەوە داوە کە لە پارێزگای (هاریما) لەدایکبووە. پەرتووکی (نیتێن کی) کە لەسەر ژیانی موساشی ناسراوە، دەڵێت کە لە ساڵی ١٥٨٤ لەدایکبووە لە ساڵی مەیمون. مێژوونووسی ژاپۆنی (کامیکۆ) ئاماژەی بەوە داوە کە باوکی موساشی کە ناوی (مونیسای)ـی بووە لە گوندی (میامۆتۆ)ـی سەر بە پارێزگای (میماساکا) ژیاوە. بۆیە بە قسەی ئەم مێژوونووسە دەبێت موساشیش هەر لەوێ لەدایکبووبێت.

موساشی هەر لە پەرتووکی (پێنج ئەنگوستیلەکە) ئاماژەی بە ناوی تەواوی خۆی داوە کە (شینمێن، موساشی نۆکامی، فوجیوارە ژۆ هارونۆبو)ـە. باوکی (شینمێن مونیسای) شمێشربازێکی لێهاتوو و خەنجەر زانێکی باش بووە، جگە لەمەش بەکارهێنەری هونەرە جەنگییەکان بووە. باوکی کوڕی (هیراتا شۆگێن) بووە. شوێن کەوتووی گەورەی قەڵای (تاکایامە) بووە. گەورەی قەڵاکە ناوی (شینمێن) بووە، ئەوەندە لە باپیری موساشی (هیراتا) نزیک بووە و باوەڕی پێ بووە، ڕێگای داوە ناوی ئەو هەڵگرێت. هەر لەبەر ئەمەشە موساشی نازناوی (نۆ کامی) هەبووە، کە ئەم نازناوە هی پارێزگاری هەرێمێک بوو، بۆیە موساشی بەبێ ئەوەی ببێتە پارێزگار ئەم نازناوەی هەبوو. هەر لە تەمەنی منداڵییەوە تووشی نەخۆشی ئەکزیما دەبێت، کە ڕووخسار و جەستەی ناشرین دەکات. 

سەرەتاکانی دەستکردن بە  زۆرانبازی شمشێر

موساشی لەسەر پەرتووکی (پێنج ئەنگوستیلەکە) ئاماژەی بە یەکەم شەڕی خۆی داوە و دەڵێت "هەر لە گەنجییەوە دەستم کرد بە ڕاهێنان کردن لەسەر ستراتیجییەکەم، لە تەمەنی سێزدە ساڵی یەکەم زۆرانبازی شمشێرم لەگەڵ کەسێک کرد بە ناوی (ئاریما کیهێی)، کە شمشێربازێکی لێهاتوو بوو شێوازی هونەری شمشێربازی (شینتۆ ریو)ـی بەکاردەهێنا و شکستم پێهێنا. لە تەمەنی شازدە ساڵی شکستم بە شمشێربازێکی تری بەهێز هێنا بە ناوی (تاداشیما ئەکیاما) کە خەڵکی هەرێمی (تاجیما) بوو. لە تەمەنی بیست و یەک ساڵی چوومە (کیۆتۆ) لەوێ لەگەڵ چەندین شمشێربازی بەهێز زۆرانبازیم کردوو شکستم بە هەموویان هێنا".

بۆیە لەو ئاماژەیەی خۆی  ئەوە زانراوە کە یەکەم زۆرانبازی لەگەڵ سامورایەک بووە بە ناوی (ئاریما کیهێی) کە شێوازی شمشێربازی (شینتۆ ریو) بەکاردەهێنا کە لەلایەن (تسوکەهارا بۆکودون) دروست کراوە. 

گەشتکردن و درێژەدان بە زۆرانبازییەکانی

لە ساڵی ١٥٩٩، موساشی گوندەکەی خۆی جێهێشت، کە بەپێی هەندێک سەرچاوە ئەو کاتە تەمەنی ١٥ ساڵ بووە. هەندێکی تر دەڵێن گوایە تەمەنی ١٦ ساڵ بووە ئەو کاتە. میراتی خێزانەکەی کە پێکهاتبوون لە چەک و کەلوپەلەکانی ناو ماڵ و تۆماری مێژووی ئەندامەکانی خێزان لەلای خوشکەکەی خۆی و مێردەکەی کە ناوی (هیرۆ یۆیمان) جێهێشت تا بیپارێزن. تا دەست بکات بە گەشتکردن و بەردەوام بێت لە زۆرانبازی. شایەنی باسە سەرچاوەکان دەڵێن زۆر بەکەمی گەرماوی کردووە، چونکە لەوە دەترسا کە بێ شمشێرەکەی بێت هێرشی بکەنە سەر.

زۆرانبازییەکەی لەگەڵ (ساساکی کۆجیرۆ)

لە ساڵی ١٦١١ موساشی لە پەرستگای (میۆشین جی) خەریکی ڕاهێنان کردن بوو لەسەر زازێن (کە شێوازێکە لە ئایینی بودی بۆ ئارامکردنەوەی مێشک بەکاردێت). لەو پەرستگایە چاوی بە (ناگۆکا سادۆ) دەکەوێت، کە یەکێک بوو لە شوێنکەوتووەکانی (هاسۆکاوە تادۆکی). تادۆکی سەرکردەیەکی بەهێزبوو کە ناوچەی (کومامۆتۆ)ـی پێدرابوو تا بەڕێوەی ببات دوای جەنگی (سێکیگەهارا). مونیسای باوکی کۆچی کردبوو بۆ ناوچەی باکووری (کیوشو) و لەوێ ببووە مامۆستای (تادۆکی) و موساشی بە ساساکی کۆجیرۆ دەناسێنێت. کە ئەویش لەوێ میوانی خێڵی (هۆسۆکاوە) بوو. هەرچەندە کە ئەمە ڕوون نییە چۆن ساساکی و موساشی بڕیاریان دا ئەم زۆرانبازییە بکەن، بەڵام هەندێک سەرچاوە دەڵێن گوایە (ناگۆکی) پێشنیاری زۆرانبازییەکەی کردووە، هەندێک سەرچاوەی تریش دەڵێن (ساساکی کۆجیرۆ) لە بەخیلی خۆی پێ نەگیراو و داوای ئەم زۆرانبازییەی کردووە. هەندێکی تریش دەڵێن مەرامی سیاسی لە دواوە بووە.

زۆرانبازییەکە لە ڕۆژی ١٣ـی مانگی نیسانی ساڵی ١٦١٢ ئەنجام درا. موساشی ئەو کاتە تەمەنی ٣٠ ساڵ بوو.  کاتژمێر ٨ـی بەیانی دیاری کرا بۆ زۆرانبازییەکە،  بەر لە زۆرانبازییەکە بە کەشتی بەڕێکەوتن بۆ دوورگەیەک کە ناوی (گانریوجیما) بوو، کە دوورگەیەکی بچووک بوو لە نێوان هەردوو دوورگەی (هۆنشوو) و (کیوشو) کە بڕیار بوو لەو دوورگەیە زۆرانبازییەکە ئەنجام بدرێت. (هۆسوکاوە) فەرمانی دابوو کە نابێت کەس سەیری زۆرانبازییەکە بکات، بەڵام دوورگەکە پڕبوو لە سەیرکەر. کۆجیرۆ لەو سەردەمە نازناوی (نۆداچی) هەبوو کە بە واتای شمێشربازی مەزن دەهات،  بەوە ناسرابوو کە شمێشرێکی سێ سەرەی  هەبوو کە تەکنیکی تایبەتی پێ ئەنجام دەدا کە ناوی (گایشی) بوو. هەندێک کەس تواناکەیان بە سەروو سروشتی دەبینی و پێیان دەگووت (شەیتانەکەی هەرێمەکانی باکوور). کۆجیرۆ لە کاتی خۆیدا گەیشتە شوێنی زۆرانبازییەکە، بەڵام موساشی چەند کاتژمێرێک دواکەوت، چونکە لە خەودا مابووەوە. کۆجیرۆ خزمەتکارەکانی نارد تا لە خەو هەڵیبسێن و نانێکی بەیانی چاک بخوات و ئینجا بێت بۆ زۆرانبازییەکە. هەندێک لایەن درەنگ کەوتنی موساشیان وەک بێ ڕێزیەک سەیرکرد. هەر لەگەڵ گەیشتنی موساشی بە دوورگەکە کۆجیرۆ خەنجەرە بچووکەکەی خۆی فڕێدایە نێو دەریا (ئەمە بە واتای ئەوە دێت تا مردن لەگەڵ موساشی دەجەنگێت، واتە زۆرانبازییەکە بە مردنی یەکێکیان کۆتایی دێت). موساشی بە شێوەیەکی گاڵتەجاڕانە وەڵامی ئەو کارەی کۆجیرۆی دایەوە و گووتی (هەر خۆی نەتدەزانی بەباشی بەکاریبهێنیت). زۆرانبازییەکە هەر لە سەرەتاوە زۆر بە بەهێزی دەستی پێکرد هەردووکیان دەورەیان لە یەکتر دا، دوای چەند پێکدادانێک لە نێوانیان کۆجیرۆ سەربەندەکەی موساشی لێکردەوە لەسەری، بەڵام ئەوەی سەیربوو تەنها سەربەندەکە لێبووەوە بەبێ ئەوەی هیچ زیانێک بەر کەلە سەری بکەوێت. هەر ڕێک دوای ئەوە موساشی بە لێدانێکی خێرا کەڵە سەری کۆجیرۆی پەڕاند و زۆرانبازییەکەی بردەوە.

کۆتاییەکانی تەمەنی

دوای بیست و یەک ساڵ لە زۆرانبازییەکەی لەگەڵ کۆجیرۆ، لە ساڵی ١٦٣٣ موساشی ڕوویکردە قەڵای (کومامۆتۆ). لەوێ لەگەڵ گەورەی قەڵاکە کە ناوی (هۆسۆکاوە تاداتۆشی) بوو ژیا. لەوێ خەریکی ڕاهێنان کردن و نیگارکێشی بوو. لەوێ چەند زۆرانبازییەکی ئەنجامدا کە لە هەموویان گرنگتر ئەوەی ساڵی ١٦٣٤ بوو کە لەسەر داواکاری سەرۆک (ئۆگۆساوە) ڕێکخرابوو. موساشی لەو زۆرانبازییەدا شکستی بە ڕمبازێکی بەناوبانگی ئەو سەردەمە هێنا کە ناوی (تاکادا ماتابی) بوو. دوای ئەم زۆرانبازییە بە فەرمی بووە پاسەوانی تایبەتی سەرۆکەکانی (هۆسۆکاوە) لە ساڵی ١٦٤٠. لەوێ سەرۆکەکان ١٧ خزمەتکاری تایبەت و مانگانە ٣٠٠ فەردە برنجیان پێدا. جگە لەوانەش پلەی (ئۆگومیلاشیرا)یان پێ بەخشی لەگەڵ قەڵای (چیبا) لە ناوچەی (کومامۆتۆ) تا لێی بژی.

لە ساڵی ١٦٤١ پەرتووکێکی نووسی بە ناوی (سی و پێنج ڕێنمایی ستراتیجی) بۆ (هۆسۆکاوە تاداتۆشی) تا سوودی لێ ببینێت مەشق و ڕاهێنانی تایبەتی لەسەر بکات. ئەم پەرتووکەی دەستپێکێک بوو بۆ نووسینی پەرتووکە بەناوبانگەکەی بە ناوی (پێنج ئەنگوستیلەکە).  هەر لەو ساڵەدا کوڕێکی هەڵگرتەوە بە ناوی (هیرۆ یۆمەن) بووە بەرپرسی باجی ناوچەی (ئۆواری).

لە ساڵی ١٦٤٢ بە دەست ئازاری دەمارەکانی دەیناڵد، کەوا ئەم ئازارە نیشانە بوون بۆ ئەو نەخۆشییەی کە تووشی دەبێت و پێی دەمرێت. لە ساڵی ١٦٤٣ خانەنشین بوو، دەستی کرد بە ژیانکردن لە ئەشکەوتێک بە ناوی (رێیگاندۆ). میامۆتۆ موساشی لەو گۆشەگیری و دوور لە خەڵکییەی دەستی کرد بە نووسینی پەرتووکی (پێنج ئەنگوستیلەکە)، لە ساڵی ١٦٤٥ کۆتایی بە نووسینی پەرتووکەکە هێنا. هەر لەم ساڵەدا هەستی بەوە کرد کە مردنی نزیک بووە، بۆیە دەستی کرد بە دابەشکردنی میراتییەکەی. کۆپییەکی پەرتووکەکەی (پێنج ئەنگوستیلەکە)ـی دا بە نزیکترین قوتابی خۆی کە ناوی (تێرۆ ماگونۆجۆ). لە بەرواری ١٣ـی مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٦٤٥ کۆچی دوایی کرد. 

سێنشی دێنکی بەم جۆرە باسی دوا ساتەکانی ژیانی دەکات کە خۆی بینیویەتی و دەڵێت "لەو کاتەی کە نزیک بوو لەوەی بمرێت لەناو جێگادا هەڵسایەوە. قایشی کەمەرەکەی بەست و شمشێرەکەش لەگەڵی. دانیشت و قاچێکی هەڵکێشاوە و نای بە سنگیەوە، شمشێرەکەی بە دەستی چەپیەوە گرتوو و گۆچانەکەی بە دەستە ڕاستیەوە. هەر ڕێک بەم شێوەیە مرد، لە تەمەنی شەشت و یەک ساڵی. یاوەرانی گەورەکانی (هۆسۆکاوە) هاتن و لەگەڵ ئەفسەرەکان مەڕاسیمی بەخاک سپاردنیان سازکرد. هەر لەسەر داواکاری سەرۆک لە چیای (ئیواتۆ) بە خاک سپێردرا. پێدەچێت موساشی بە شێرپەنجەی سنگ مردبێت." پەرتووکی (دۆکۆدۆ)ـی بەر لە مردنی تەواوکرد. 

بۆچی موساشی منداڵی هەڵگرتووەتەوە وەک لەوەی ببێتە خاوەن منداڵی خۆی؟

سەرچاوە مێژووییەکان باس لەوە دەکەن موساشی پەیوەندی لەگەڵ هیچ ئافرەتێکدا نەبووە هەر لەبەر ئەوەشە نەبووەتە خاوەنی خێزان و منداڵ، لە بری ئەوە پەنای بردووەتە بەر هەڵگرتنەوەی منداڵ، هەندێک سەرچاوەش ئاماژە بەوە دەدەن کچێکی هەبووە بەڵام ناشەرعی بووە هەر بۆیە ناوی موساشی هەڵنەگرتووە.

ئەو فیلم و مانگا و کۆمیک و یاریانەی کە لە ناویدا هەیە، یاخود هۆکار بووە بۆ دروست بوونیان

شایەنی باسە هەر لەو سەردەمەی کە خۆی ژیاوە هەندێک دەقی مێژوویی دەدۆزیتەوە ڕێک وەک کۆمیک وایە. کە پێدەچێت بەهۆی کەسایەتی و شێوازی ژیانی خەڵک هەر لەو سەردەمەوە بە شێوەیەکی سەروو سروشت سەیریان کردووە. 

یەکەم: ئیجی یۆشیکاوە نووسەری هەردوو مانگای (ڤاگابۆند و تاکاهیکۆ ئینۆی) سوودی لە ژیاننامەی موساشی وەرگرتووە بۆ نووسینی ئەم بەرهەمانەی.

دووەم: لە ساڵی ٢٠٠٨ یارییەکی ڤیدیۆی بە ناوی (ریو گا گۆتۆکو کێنزەن) لەسەر ژیان و کەسایەتی دروست کرا.

سێیەم: لە مانگای (باکی دو) دەرکەوتنی هەیە.

چوارەم: لە یاری ڤیدیۆیی (ئۆڤەر واچ) گوتەیەکی ئەو بەکارهاتووە کە دەڵێت ( دەکرێت واز لە جەستەت بێنیت، بەڵام دەبێت هەمیشە پارێزگاری لە شکۆت بکەی). 

پێنجەم: لە یارییەکی کارتی بە ناوی (جادوو: کۆبونەوەکە) لەوەوە وەرگیراوە.

شەشەم: لە یاری (سایپەرپانکیش ٢٠٧٧) گوتەیەکی بەکارهاتووە دەڵێت (دەکرێت واز لە جەستەت بهێنیت، بەڵام دەبێت هەمیشە پارێزگاری لە شکۆت بکەی و لەوەی دێتە ڕێگات ڕانەکەیت). 

حەوتەم: لە ساڵی ٢٠١٢ (شۆن مایکڵ وێلسن) و وێنەکێشی ژاپۆنی (چای کوتسوادا) مانگایەکیان بڵاوکردەوە لەسەر پەرتووکەکەی (پێنج ئەنگوستیلەکە). 

هەشتەم: فیلمێک لەسەر ژیانی دروستکراوە لە ساڵی ١٩٥٤ لەلایەن فیلمسازی ژاپۆنی (هیرۆشی ئیناگاکی) فیلمەکە ناوی (سامورای: موساشی میامۆتۆ) بووە. 

نۆیەم: لە ساڵی ٢٠١٩ درامەیەک لەسەر ژیانی دروست کرا بە ناوی (موساشی).

دەیەم: فیلمی (میامۆتۆ موساشی: شمشێری مەرگ) ساڵی ١٩٧١ لەلایەن فیلمساز (تۆم ئوچیدا) کاری دەرهێنانی بۆ کراوە.

یازدەیەم: فیلمی (میامۆتۆ موساشی  شونین) ساڵی ١٩٥٦ لەلایەن فیلمساز (تاتسو ساکای) کاری دەرهێنانی بۆ کراوە.

دوازدەیەم: فیلمی (میامۆتۆ موساشی) ساڵی ١٩٦١، کە بە پێنج بەش بڵاوکرایەوە، چونکە زیاتر بوو لە ١٠ کاتژمێر فیلمەکە. لەلایەن فیلمساز (تۆم ئوچیدا) کاری دەرهێنانی بۆ کرابوو، (ناکامورا کینۆسوکو) ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت لە فیلمەکەدا. 


سەرچاوەکان



192 بینین