مەهێڵە شت لە قوڕگی منداڵەکەت گیر بێت

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2023-09-08-23:27:00 - کۆدی بابەت: 11246
مەهێڵە شت لە قوڕگی منداڵەکەت گیر بێت

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مەهێڵە شت لە قوڕگی منداڵەکەت گیر بێت (بە ئینگلیزی: prevent things that get stuck in your baby's throat، بە عەرەبی: امنع أشياء التي تعلق في حلق طفلك)، هەندێک منداڵ هەرچی بەردەست بکەوێت، دەیکاتە دەمیەوە، تەنانەت ئەو خواردن یان ئەو شتانەش کە بۆی هەیە لە قوڕگی گیر ببێت، لەبەر ئەوەی ئەم حاڵەتە لەوانەیە ببێتە هۆی مەترسی لەسەر ژیانی. 

لابردنی ئەو شتانەی کە بۆی هەیە لە قوڕگی گیر ببێت

ماوە ماوە ژووری منداڵەکەت و ماڵەکەت بپشکنە بۆ ئەو شتانەی کە بۆی هەیە منداڵەکەت بیخوات و لە قوڕگی گیر ببێت، هەموو ئەو شتانە لاببە کە ئەگەری مەترسی هەیە لەسەر منداڵەکەت. ئاگاداری بە و لەبیرت بێت زیاتر ئاگاداری منداڵەکەت بیت، کاتێک لە شوێنێکدا بوو پڕ بوو لەو شتانەی کە بۆ منداڵەکەت مەترسیدار دەبێت ئەگەر بیانکاتە دەمیەوە. ڕاکردن نابێت؛ دڵنیا ببەرەوە لەوەی منداڵەکەت کاتی نانخواردن دابنیشێت و هەروەها خواردنەکەشی پارچەی ورد ورد بن. 

ئەو شتانەی کە بۆی هەیە لە قوڕگی منداڵەکەت گیر ببێت (خواردنەکان)

  • نوقڵی بچووک و ڕەق
  • گێزەر و هەموو جۆرە سەوزە ڕەقەکان
  • کەرەوز و ئەو سەوزانەی کە بە قوڕگەوە دەنوسێن
  • پارچە پەنیر
  • ترێ، گێلاس، قاشە سێو
  • بنێشت
  • پارچەی گۆشت
  • عەلی بابا و جۆرەکانی تری گوێز
  • گەنمەشامی 
  • کشمیش ئەگەر بە یەکجار رێژەیەکی زۆر بکات بە دەمیەوە

ئەو شتانەی کە بۆی هەیە لە قوڕگی منداڵەکەت گیر ببێت (کەل و پەلی ماڵەوە)

  • میزەڵان 
  • پیلی بچوک و خڕ
  • قۆپچە
  • پارەی کانزایی
  • لاستیک 
  • خشڵ و زێڕ و زیو
  • هەڵمات
  • سەرقەپاغی ماجیک
  • بزمار، بڕغوو
  • عەلاگە
  • دەرزی لەچک
  • تۆپی بچوک
  • بوکەڵەی بچوک یان پارچەی یاری و شت 

ئەگەر منداڵەکەت شتی لە قوڕگ گیرا، چی ئەنجام دەدەیت؟ 

هەڵسەنگاندن 

ئەگەر منداڵەکەت شتی لە قوڕگ گیرا، پێشەکی بزانە قسەی بۆ دەکرێت یان دەکۆکێت، ئەگەر وابوو، یارمەتی بدە ئەو شتەی لە قوڕگی گیراوە بە کۆکە فڕێی بداتە دەرەوە، ئەگەر نەیتوانی، سەیری ناو دەمی بکە بزانم شتەکە دەبینیت تا بزانی چییە، بە خێرای دەست مەبە بۆ ناو دەمی، نەوەک شتەکە ئەوەندەی تر پاڵ بنێیت بۆ خوارەوە، ئەگەر شتێکت بینی، پەنجەکانت بەکار بێنە بۆ ئەوەی بە هێواشی دەریبێنیت. 

ڕێگای تر بگرە بەر

ئەگەر بە پەنجە بۆت دەرنەهات، سکی بە توندی بگوشە، بەڵام زۆر بە بەهێزی مەیگوشە، لە دوای منداڵەکەتەوە ڕابوەستە یان بکەوە سەر ئەژنۆ و بە قۆڵەکانت باوەش بە سنگیدا بکە، دەستێکت لەسەر سکی دابنێ، بە دەستت سکی بگوشە ناوەوە و بەرەو سەرەوە بە خێرایی تا شتەکە فڕێ دەداتە دەرەوە.

هەناسەی بێنەوە بەر 

ئەگەر منداڵەکەت بێهۆش بوو و هەناسەشی نەدەدا، بە یەکێک بڵێ خێرا، تەلەفۆن بۆ بەشی فریاکەوتن بکات، بەردەوام بە لەسەر هەوڵدان بۆ لابردنی ئەو شتەی کە لە قوڕگی گیراوە، پاشان هەناسەی ڕزگار بکە، منداڵەکەت لەسەر پشت ڕاکێشە، چەناگەی بەرز بکەرەوە، لووتی بگرە و دەم بکە سەر دەمی، هەموو سێ چرکەیەک فوو بە دەمیدا بکە بۆ ماوەی یەک خولەک، پاشان هەستی بۆ ڕابگرە بزانم دڵی لێدەدات، ئەگەر نەبوو، دەست بکە بە پەستان خستنە سەر سنگی بە پەنجەی دەستێکت لەسەر ناوەڕاستی قەفەزەی سنگی منداڵەکەت بە ڕێژەی سەد دانە بۆ هەر خولەکێک، کە ئەوەش دەکات بیست و پێنج دانە بۆ هەر پانزدە چرکەیەک، لە دوای هەر پێنج دانەیەک بوەستە و جارێک فوو بکە بە دەمیدا. 


سەرچاوەکان



275 بینین