ناوهڕۆك
ناساندن
زۆر چاودێریکردنی منداڵ (بە ئینگلیزی: Monitoring of a child، بە عەرەبی: كثرة متابعة و مراقبة طفل)، چاودێریکردنی منداڵ پێویستە، بەڵام نەک لە سنوور بەدەربێت بە ڕەنگێک هەمیشە بەدوایەوە بیت و بەردەوام بانگی بکەیت و بەدەوریەوە هەڵسوڕێیت.
چاودێری زۆری منداڵ
واتا لە جیاتی منداڵ هەموو شتێک بکەیت، خۆت لە هەموو کارێکی ئەو بەشداری پێ بکەیت، هیچ بوارێکی بۆ یاریکردن و بیرکردنەوە پێ نەدەیت، هیچ بوارێکی بۆ هەوڵدان و ئەزموون پەیداکردن پێ ڕەوا نەبینیت، هیچ مەشقێکی دەروونی و جەستەیی بۆ داهاتوو پێ نەکەیت، دەست بۆ هەر کارێک ببات هاوار بکەیت بەسەریدا، دنیای فراوانی لێ تەسک بکەیتەوە.
پاڵنەرە نەستی و نانەستییەکانی زۆر چاودێریکردنی منداڵ
دایک و باوک بۆ زێدە چاودێریی منداڵەکانیان کۆمەڵێک پاساویان بە دەستەوەیە:
- ترسی زۆریان لە منداڵەکانیان هەیە: هەندێک جار ترس لە منداڵەکانیان لە سنوور دەردەچێت و دەبێتە هۆی جۆرێک لە نەخۆشی، بۆیە هەمیشە بە چڕی چاودێری دەکەن و بەدەوریەوەن.
- دڵەڕاوکێ: بەشێک لە دایک و باوکان بۆیە هەمیشە چاودێری منداڵەکانیان دەکەن، چونکە بەردەوام لە دڵەڕاوکێدان، ناتوانن بۆ یەک چرکەش منداڵەکانیان بەجێ بهێڵن.
- هەندێک جار بۆیە بە توندی چاودێری منداڵەکانیان دەکەن، چونکە لە منداڵییەوە تووشی دەیان گرفتی جۆر بە جۆر بوون، نایانەوێت هەمان کێشە بۆ ئەوان دووبارە ببێتەوە.
شوێنەوارە خراپەکانی زۆر چاودێریکردنی منداڵ
- منداڵ توانای بەرگەگرتنی نامێنێت، چونکە هەلی ئەوەی پێ نەدراوە بە دەربڕینێکی دیکە هیچ ڕاهێنانێکی پێ نەکراوە.
- توانای هیچ هەنگاونانێکی نامێنێت، تەنیا لەژێر چاودێری دایک و باوکی دێت و دەچێت، لە کەوتن و سەرکەوتن ڕانایێت.
- توانای داهێنانی تێدا کەم دەبێت، چونکە ئەو هەر لەسەر ئەوە ڕاهاتووە کە شتەکانی خراوەتە بەردەست و بۆی ئامادەکراوە، نەک بە خۆ ماندوو کردن و داهێنان، نەک نواندی بەهرەکانی خۆی.
- هەمیشە تووشی شکست دێت، چونکە هیچ ئەزموونێکی پێشتری نییە.
- چاودێری زۆری دایک و باوک، وا لە منداڵ دەکات نەتوانێت پشت بەخۆی ببەستێت هەمیشە پشت بەم ئەم و ئەو دەبەستێت، هەرگیز باوەڕ و متمانەی بە خۆی نابێت.
- ترس، منداڵ بەهۆی ئەو چاودێرییە زۆرەی دایک و باوکی، ترسنۆک و کزۆڵ دەردەچێت، هەمیشە وا دەزانێت کەسێکی بە دواوەیە.
سەرچاوەکان
859 بینین