باڵندەی گیزەکەر

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2023-09-20-20:43:00 - کۆدی بابەت: 11344
باڵندەی گیزەکەر

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

باڵندەی گیزەکەر (بە ئینگلیزی: Hummingbird، بە عەرەبی: طائر الطنان) باڵندەیەکە کە نشینگەکەی دەکەوێتە کیشوەرەکانی ئەمریکا، لە ناوچەی دارستانە باراناوی و دارستانەکانی ناوچە خولگەییەکاندا دەژی، زیاتر لە ٣٥٠ جۆری ناسراوی هەیە، بەڵام ساڵانە لیستەکە نوێ دەکرێتەوە و جۆری تریش دەدۆزرێتەوە، لەگەڵ هەنگەکاندا پێکەوە یەکێکن لە ئەو بوونەوەرە سەرەکییانەی کە زۆرترین دەنکە هەڵاڵە دەگوازنەوە و بەهۆیەوە گوڵەکان دەپیتێن و خونچە دەگرن.   

شێوەی دەرەوەی

یەکێک لە جیاکەرەوە و تایبەتمەندییەکانی هەبوونی دەنوکێکی درێژ و تەنکە، قەبارەیەکی زۆر بچووکی هەیە و هێلکەکەی ناگاتە دوو سانتیمەتر، توانایەکی باشی سوڕانەوە و گەڕانی هەیە، درێژی و مەودای باڵەکانی لە نێوان ٧-١٣ سانتیمەترە، جەستەی بە پەڕ داپۆشراوە و چەندین ڕەنگی جیاوازی هەیە وەک قاوەیی، ڕەساسی، سپی، سوور، سەوز لەگەڵ هەندێک ڕەنگی کاڵ، کێشی لە نێوان ٢.٢-٢٠ گرامە و درێژییەکەشی لە نێوان ٥-٢٠ سانتیمەترە.

توانایەکی سەرسوڕهێنەری فڕینی هەیە و تەنها لە یەک چرکەدا ٨٠ جار باڵ لێدەدات، لە کاتژمێرێکدا دەتوانێت زیاتر لە ٤٨ کیلۆمەتر ببڕێت، هەروەها تاکە باڵندەیە کە دەتوانێت بە ئاڕاستەی دواوە بفڕێت، ئەمەش بەهۆی ئەوەوەیە کە درێژی باڵەکانی زیاترە لە جەستەی، ناوەکەشی لە ئەوەوە بەدەستهێناوە کە کاتێک باڵەکانی بەو خێراییە دەدات بەیەکدا گیزەیەکی هەیە.

خۆراک

باڵندەی گیزەکەر بوونەوەرێکی هەمووشتخۆرە و ژەمە سەرەکییەکانی بریتین لە مێروو، جاڵجاڵۆکە، ئاوگ و شیری درەخت لەگەڵ شیلەی گوڵەکان، لەناویشیاندا خواردنی دڵخوازی شیلەی گوڵەکانە، چونکە باڵندەی گیزەکەر پێویستی بە خواردنی شەکرە کە قەبارەکەی یەکسان بێت بە نیوەی کێشی جەستەی، لەبەر ئەمەش پێویستە لە ڕۆژێکدا ٥-٨ جار خواردن بخوات، بەڵام خۆشی دەبێت بە نێچیری گیانەوەری تری وەک مار، بۆق، سمۆرە، قەلەڕەش، باز و مارمێلکەکان.

یەکگرتن و زۆربوون

شێوازی ژیانکردنی باڵندەی گیزەکەر بەشێوەی تاکە و هەریەکێک بەتەنها دەژی، هێلانە لەسەر لق و چڵی دارەکان دروست دەکات، کاتێک باڵندەی گیزەکەر دەبێت بە یەک ساڵ دەتوانێت زۆر ببێت واتە دەگاتە تەمەنی توخمە پێگەیشتن، هەروەها مێینەکان لە ساڵێکدا دەتوانن دووجار بێچوویان ببێت، پێش یەکگرتن دەبێت نێرینەکە مێینەکە ڕازی بکات بە یەکگرتن، بۆ ئەم مەبەستەش نێرینەکان ڕەنگیان کراوەتر و جوانترە.

دوای یەکگرتن نێرینەکە دەگەڕێتەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆی، مێینەکەش دوو هەفتە لەسەر هێلکەکان دەنیشێت، کاتێک بێچووەکانیش لەدایکدەبن چوار هەفتە لە هێلانەدا دەبن و دایکەکە گرنگییان پێدەدات و خواردنیان بۆ دەهێنێت، بەگشتی ناوەندە ڕێژەی هێلکەکان کە هەڵدێن دوو دانەیە، دوای هەڵهاتنیان هەندێک لە بێچووەکان نزیکەی چوار مانگیان پێویستە هەتاکوو پەڕەکانیان دەوەرێنن و پەڕی نوێ دروستدەکەنەوە، جگە لە ئەمانەش سوڕی ژیانی ئەم جۆرە باڵندەیە لە نێوان ٣-٥ ساڵە.

جۆرە سەرەکییەکان

ژمارەیەکی زۆر جۆر لە باڵندەی گیزەکەر بوونی هەیە، بچووکترینیان ناوی باڵندەی گیزەکەری هەنگە و دوو جۆریشیان ئەگەری لەناوچوون و قڕبوونیان هەیە، گەورەترین جۆریشیان تەنها ٢٣ سانتیمەترە، نموونەی هەندێک لە جۆرەکانیش ئەمانەن:

  • باڵندەی گیزەکەری ڕەش
  • باڵندەی گیزەکەری مل سپی
  • باڵندەی گیزەکەری مل ڕەش
  • باڵندەی گیزەکەری مل هێڵدار
  • باڵندەی گیزەکەری دەنووک قولاپ
  • باڵندەی گیزەکەری تاج مۆر


سەرچاوەکان



640 بینین