مەترسییەکانی ناو حەوشە و باخچەی ماڵەکەت لەسەر منداڵ

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2023-09-27-20:54:00 - کۆدی بابەت: 11378
مەترسییەکانی ناو حەوشە و باخچەی ماڵەکەت لەسەر منداڵ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مەترسییەکانی ناو حەوشە و باخچەی ماڵەکەت لەسەر منداڵ (بە ئینگلیزی: The dangers of the garden and the yard of the house children، بە عەرەبی: مخاطر الحديقة و باحة المنزل علی اطفال)، بۆ ئەوەی منداڵەکەت بپارێزیت لە شوێنەکانی دەورووبەری ماڵەوە دەبێت زۆر ئاگاداری بیت.

کۆمەڵێک ئامۆژگاری بۆ پارێزگاری لە منداڵەکەت

سەرشەقام 

ڕووداوی ئۆتۆمبێل یەکێکە لە گەورەترین هۆکارەکانی مردنی منداڵان، تەنانەت هەندێک ڕووداو پێش دەرچوون بۆ شەقامی سەرەکی ڕوودەدات، ئۆتۆمبێلەکەت بەجوانی دابخە کاتێک بەکاری ناهێنیت و دڵنیا بەرەوە لەوەی بە شێوەیەکی سەلامەت ڕاگیراوە، هەمیشە کلیلەکانی ئۆتۆمبێلەکە دوور لە دەستی منداڵەکەت دابنێ، تەنانەت منداڵێکی سێ ساڵانیش مەترسی لەسەر هەیە. منداڵەکەت فێر بکە لە دەور و ناوی ئۆتۆمبێلەکە یاری نەکات، هەمیشە پشکنینێک بکە بۆ چواردەوری ئۆتۆمبێلەکەت پێش ئەوەی بیجووڵێنیت، بۆ ئەوەی دڵنیا ببیتەوە کە کەسی لێ نییە، زۆر وریا بە کاتێک بەرەو پشتەوە ئۆتۆمبێلەکەت لێدەخوڕیت لەسەر شەقامی سەرەکی بە تایبەت ئەگەر ئۆتۆمبێلێکی بەرزت لێخوڕی، ئەگەر ڕێگەت دا منداڵەکەت لە دەرەوە یاری بکات، دڵنیابەرەوە لەوەی کە پارێزراوە لەوەی ڕابکاتە بەردەم ئۆتۆمبێلی سەر شەقامەکە، بە هیچ شێوەیەک منداڵەکەت بەجێمەهێڵە لە ناو ئۆتۆمبێلەکەتدا. 

وەجاخ و مەقەڵی گۆشت برژاندن 

لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ساڵانە نزیکی پێنج هەزار منداڵ دەبرێن بۆ نەخۆشخانەی سووتاوی بەهۆی مەقەڵی و وەجاخی گەرمەوە، باشترین شێواز بۆ پاراستنی منداڵەکەت ئەوەیە کە لە ئاگرەکەوە دوور ڕایبگریت. مەهێڵە لە نزیک ئاگرەکە یاری بکات یان زۆر نزیک ببێتەوە لێی، ئەگەر تەواویش بوویت لە خواردن ئامادەکردنەکە، هەر ئاگاداری منداڵەکەت بە، چونکە وەجاخ بێت یان مەقەڵی، بۆ ماوەیەک هەر بە گەرمی دەمێنێتەوە لە دوای بەکارهێنانیان. ئەگەر منداڵەکەت دەست لەو ئاسنە گەرمە بدات، شوێنە سووتاوەکە بکە ناو ئاوی ساردەوە، ئەگەر بڵقی سووتاوی دەرکەوت، ئەوا واتای ئەوەیە سووتاوییەکە زۆرە، بۆیە پەیوەندی بە پزیشکەکەتەوە بکە یان بیگەیەنە بە نەخۆشخانەیەکی فریاکەوتن، غازی چەرخ، شقارتە، خەڵووز، چەرخی کارەبایی و ئامڕازەکانی خواردن ئامادەکردن، دوور لە دەستی منداڵەکەت دابنێ، هەمیشە ئاگر کوژێنەوەیەکت لێوە نزیک بێت، ئەگەر وەجاختان هەبوو، دوور لە دەستی منداڵەکەت لە شوێنێکی داخراودا هەڵیبگرە.

کەلوپەلی باخەوانی 

کاتێک خەریکی کاری لە باخچەکەت، چاودێری منداڵەکەت بکە، دڵنیا ببەرەوە لەوەی کە دەستی ناگات بە ئامێری بڕینی چیمەنی باخچەکە، هەرگیز لەگەڵ خۆت مەیبە بۆ چیمەن بڕین، هەروەها هەموو دەرمانەکانی باخ و مار و مێروو لەگەڵ دەرمانی لەناوبردنی باخچەکە. هەندێک بووکەڵە و یاریی باخەوانی منداڵانە بدە بە منداڵەکەت، بۆ ئەوەی زۆر گرنگی بە کەل و پەل و کەرەستەکانی تۆ نەدات. 

گیا ژەهراوییەکان 

هەندێک منداڵ هەموو شتێک دەخۆن کە بەلایانەوە جوان و سەرنج ڕاکێش بێت، بە تایبەتی گوڵ و گیای جوان، منداڵەکەت فێر بکە کە لە دەرەوە بەبێ پرسی تۆ هیچ شتێک نەخوات، هەموو گیایەک مەترسی هەیە بۆ منداڵەکەت ئەگەر بیخوات و لە قوڕگی گیر ببێت. 


سەرچاوەکان



211 بینین