بۆچی ئاسمان شینە؟

له‌لایه‌ن: - شانیا سەردار شانیا سەردار - به‌روار: 2023-09-29-20:00:00 - کۆدی بابەت: 11386
بۆچی ئاسمان شینە؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بۆچی ئاسمان شینە؟ (بە ئینگلیزی: Why the sky is blue، بە عەرەبی: لماذا السماء زرقاء)، ئاسمان دیمەنێکی بێ بەربەستە لەسەر ڕووی زەوی. بەرگەهەوا و بۆشایی دەرەکی دەگرێتەوە. هەروەها دەکرێت وەک شوێنێک و سنوورێکی جیاکەرەوە لە نێوان زەوی و بۆشایی ئاسمان سەیر بکرێت. کاتێک سەیری ئاسمان دەکەین شین دەردەکەوێت لە چاوی مرۆڤدا، پێشتر دەوترا کە ئاسمان شینە، چونکە ڕەنگدانەوەی ڕەنگی شینی دەریا و زەریاکانە. بەڵام دواتر دەرکەوت کە ئەم لێکدانەوەیە هەڵەیە. لە ڕاستیدا، ئەوە بەرگەهەوای زەوییە و پرۆسەیەکە کە بە "بڵاوبوونەوە" ناسراوە، کە دەبێتە هۆی ئەوەی ئاسمانمان شین دەرکەوێت.

بۆ ئەوەی تێبگەین بۆچی ئاسمان شینە، سەرەتا پێویستە کەمێک دەربارەی ڕووناکی تێبگەین. هەرچەندە ڕووناکی لە خۆرەوە سپی دیارە، بەڵام لە ڕاستیدا لە چەندین ڕەنگی جیاواز پێکهاتووە، هەروەک دەبینین کاتێک لە پەلکەزێڕینەدا بڵاو دەبنەوە. ئێمە دەتوانین وەک شەپۆلێکی وزە بیر لە ڕووناکی بکەینەوە، ڕەنگە جیاوازەکان هەموویان درێژی شەپۆلی جیاوازیان هەیە. لە یەکێک لە کۆتاییەکانی شەبەنگدا ڕووناکی سوور هەیە کە درێژترین درێژی شەپۆلی هەیە و لە لایەکی دیکەشدا ڕووناکی شین و مۆرە کە درێژی شەپۆلی کورتترینە، ئەوەش وا دەکات زیاتر بڵاوببێتەوە. بەهۆی ئەوەی شەپۆلە کورتەکانی ڕەنگی شینی کاڵ زیاتر لە ڕەنگەکانی دیکەی شەبەنگیی پەرتبوون و بڵاوبوونەتەوە، ئەمەش وا دەکات ڕووناکی شین زیاتر بینراو بێت. 

بۆچی ئاسمان بە ڕەنگی شین دەبینین؟

هەموو ڕووناکییەک بە هێڵێکی ڕاستدا دەڕوات مەگەر ڕێگرێکی بۆ دروست ببێت و لەو کاتەدا ڕێگرەکە دەبێتە هۆی یەکێک لەم شتانە: وێنەدانەوەی ڕووناکییەکە (وەک ئاوێنە)، چەمانەوەی ڕووناکییەکە (وەک پریزم) یان بڵاوکردنەوەی (وەک گەردەکانی گازەکان لە بەرگەهەوادا). هەروەک ئیسحاق نیوتن نیشانی دا لەگەڵ پریزمێکی سێگۆشەیی، کاتێک ڕووناکی سپی تێدەپەڕێت بەناو پریزمەکەدا، جیا دەبێتەوە بۆ ڕەنگەکانی پەلکەزێڕینە. ئەم تاقیکردنەوەیە ئەوە نیشان دەدات کە ڕووناکی سپی لە هەموو ڕەنگەکانی ڕووناکی بینراو پێکهاتووە بە نزیکەیی هەمان بڕ.

ئەم ڕەنگە جیاوازانە درێژی شەپۆلی جیاوازیان هەیە، ئەمەش کاریگەری لەسەر چۆنیەتی کارلێککردنیان لەگەڵ ماددە جیاوازەکان دەکات. ڕووناکی شین و مۆر کورتترین درێژی شەپۆلیان هەیە و ڕووناکی سوور درێژترین درێژی شەپۆلی هەیە. هەروەها بەرگەهەوای زەوی لە چەندین گەردی جیاواز پێکهاتووە. تیشکی خۆر دەتوانرێت دووبارە ئاڕاستە بکرێتەوە لەلایەن گەردی هەواوە کە ئەمە پێی دەوترێت بڵاوبوونەوە. قەبارەی ئەم گەردانە زۆر بچووکترە لە درێژی شەپۆلەکانی ڕووناکی بینراو. ئەو جۆرە بڵاوبوونەوەیەی کە ڕوودەدات بە بڵاوکردنەوەی ڕایڵی ناسراوە کە ناونراوە لە ناوی ڕەیلی (جۆن ویلیام سترات) کە دۆزییەوە.

ئەم جۆرە بڵاوبوونەوەیە زیاتر دەبێت هەتا درێژی شەپۆلی ڕووناکییەکە کەمتر بێت، بۆیە ڕووناکی شین زیاتر لە ڕووناکی سوور بڵاو دەبێتەوە لەلایەن گەردە بچووکەکانی هەوا لە بەرگەهەوادا و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئاسمان بە شین ببینین. هەرچەندە ڕەنگی مۆر درێژی شەپۆلی کەمترە لە شین بەڵام ئێمە ئاسمان بە مۆر نابینین، لەوانەیە بپرسیت بۆچی ئاسمان لە ڕاستیدا مۆر دەرناکەوێت؟ چونکە ئەو ڕووناکییەی لە خۆرەوە دەردەچێت ڕەنگی مۆری کەم تێدایە و جگە لەوەش چاوی مرۆڤ زیاتر بە ڕەنگی شین هەستیارە و دەیبینێت. هەروەها لە نیوەڕۆدا، کاتێک خۆر لە سەرەوەیە و ڕووناکی دەگاتە ئاسۆ، شین کاڵ دەبێتەوە و ئاسمان سپی دەردەکەوێت. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە ڕووناکیەکە مەودایەکی کورتتر بەناو بەرگەهەوادا دەڕوات بۆ ئەوەی بگاتە ئێمە. ڕەنگەکان زۆر کەم بڵاوبوونەتەوە، تەنانەت ڕووناکی شینیش.

بۆچی ئاسمان سوورە لەکاتی خۆرئاوابوون؟

لە کاتی خۆرهەڵاتن یان خۆرئاوابوون، ئاسمان ڕەنگی دەگۆڕێت. کاتێک خۆر لە ئاسماندا نزمە، ڕووناکییەکە دەبێت مەودایەکی درێژتر بەناو بەرگەهەوای زەویدا بڕوات تا بە ئێمە دەگات، لەم کاتەدا ئاسمان بە ڕەنگی شین نابینین، چونکە ڕەنگی شین بەتەواوی بڵاودەبێتەوە. لەبری ئەوە، ڕووناکیی سوور و پرتەقاڵی دەبینین کە درێژی شەپۆلی زیاتریان هەیە و زۆر بڵاو نەبووەتەوە. لەبەر ئەوە خۆر و ئاسمان لە بەیانی و ئێوارەدا سوور دەردەکەون.

ئاسمانی هەسارەکانی تر

هەسارەکانی تر بەرگەهەوایەکی جیاواز لە زەوییان هەیە، بۆیە ئاسمانیان جیاواز دەبێت.
بۆ نموونە، بەرگەهەوای مەریخ زۆر تەنکترە لە بەرگە هەوای زەوی. چڕی کەمی گەردەکانی هەوا مانای ئەوەیە کە بڵاوبوونەوەی ڕایلی کە هۆکاری شینبوونی ئاسمانی زەوییە لەسەر مەریخ کاریگەرییەکی زۆر کەمی هەیە. لەوانەیە پێشبینی ئەوە بکەین کە مەریخ ئاسمانێکی ڕەنگی شینی کاڵی هەبێت. بەڵام مەریخ ئەزموونی زریانی خۆڵی بەردەوام دەکات، ئەم زریانە خۆڵانە تەنۆلکەی خۆڵ بەرز دەکاتەوە و لە هەموو بەرگە هەوادا بڵاویان دەکاتەوە.

بەهۆی بوونی هێزێکی کەمتری کێشکردن، تەنۆلکەکانی خۆڵی سوور دەتوانن بۆ ماوەیەکی درێژتر لە بەرگەهەوادا بمێننەوە وەک لەسەر زەوی. دواتر لەبەر ئەوەی تەنۆلکە گەورەکانی خۆڵ ڕووناکیی شینی درێژەشەپۆلی کورت هەڵدەمژن و ڕەنگەکانی تر کە ماونەتەوە بڵاو دەبنەوە و ڕەنگی بەتەرسکۆچ (پرتەقاڵییەکی مەیلەو زەرد) کە دەتوانین بڵێین ڕەنگێکی تا ڕادەییەک سووری هەیە و بەسەر ئاسمانی مەریخدا باڵدەکێشێت. بەڵام لە کاتی خۆرهەڵاتن و خۆرئاوابوون لەسەر مەریخ، تیشکی خۆر مەودایەکی درێژتر بە بەرگەهەواکەیدا دەڕوات و بەم شێوەیە تا ڕادەیەک هاوشێوەی ئەستووریی بەرگەهەوای سەر زەوییە.

لەم کاتەدا ڕووناکی شین بە هەموو ئاڕاستەکاندا بڵاو دەبێتەوە و درێژەشەپۆلە درێژترەکانی ڕووناکی بەهیچ شێوەیەک بڵاو نابنەوە بەمەش لە کاتژمێرەکانی دەوروبەری بەیانی و ئێواراندا ڕووناکیی شین بۆ ئاسمانی مەریخ دابین دەکات. ئەگەر لەسەر مانگ وەستابیت، ئاسمان هیچ ڕەنگێکی نییە جگە لە ڕەش. بەرگەهەوای مانگ ئەوەندە تەنکە کە لەڕاستیدا و بۆ چاوی بینراو وا دەردەکەوێ کە هیچ بەرگەهەوایەکی نییە. کاتێک هەواکە زۆر تەنک بێت تا ڕادەیەک کە گەردەکانی گاز دەتوانن لەگەڵ یەکتردا پێکدادان بکەن، ئێمە لە جیاتی ئاتمۆسفێر پێی دەڵێین "ئێکسۆسفێر". بەهۆی نەبوونی بەرگەهەوا، تیشکی خۆر تێیدا بڵاو نابێتەوە، بۆیە ئەگەر ڕۆژ بێت یان شەو لەسەر مانگ، ئاسمان هەر ڕەش دەردەکەوێت.

ڕەنگی ئاسمانی هەسارەکان

ناوی هەسارەکان ڕەنگی هەسارەکان
زاوە (عەتارد یان مێرکوری) ڕەش 
ڤینۆس (زوهرە)   پرتەقاڵی
زەوی شین
بارام (مەریخ یان مارس) سوور
موشتەری (جوپیتەر) شین
کەیوان (زوحەل یان ساترون) زەرد
ئۆرانۆس پیرۆزەیی (شین و سەوز باو)
نیپتۆن شین

 


سەرچاوەکان



1183 بینین