گەشتکردن لەگەڵ منداڵەکەت

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2023-10-14-22:47:00 - کۆدی بابەت: 11429
گەشتکردن لەگەڵ منداڵەکەت

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

گەشتکردن لەگەڵ منداڵەکەت (بە ئینگلیزی: Traveling with your child، بە عەرەبی: السفر مع طفلك)، گەشتکردن لەگەڵ منداڵەت ئاسوودەیی دەبەخشێت بە دەروونی منداڵەکەت و فێری چوونە دەرەوە و سەفەرکردن دەبێت.

کاتێک لەگەڵ منداڵەکەت گەشت دەکەیت پێویستە ڕەچاوی کۆمەڵێک خاڵ بکەیت

کورسیی سەلامەت بۆ منداڵەکەت

هەرچەندە زۆربەی خەڵکی مەترسییەکانی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل دەزانن بەبێ پشتێنی سەلامەتی بۆ منداڵەکانیان، بەڵام هەموو ساڵێک ڕێژەی مردنی منداڵان لە ڕووداوی هاتوچۆدا زیاترە لە هەموو جۆرەکانی تری مردن لە سایەیی برینداربوونەوە، بەشێک لە کێشەکە، هەڵە بەکارهێنانی سیستمی سەلامەتی ئۆتۆمبێلە، هەمیشە کورسییەک بەکاربهێنە کە لە تاقیکردنەوی سەلامەتی حكومەتدا دەرچووە.

خۆشی بینین لەناو ئۆتۆمبێل

گەشتکردن لەگەڵ منداڵەکەت لەوانەیە قورستر بێت، کاتێک وردە وردە گەشە بە کەسایەتی و سەربەخۆی خۆی دەدات.

باسی گەشتەکە بکە

ئەگەر بە نیازیت گەشتێکی دوور ئەنجام بدەیت، زانیاری بە منداڵەکەت بدە لەسەر گەشتەکە، چی دەبینێت بە دەم ڕێگاوە و پلانی چیت داناوە بۆ گەشتەکە، هەمان شت ئەنجام بدەرەوە بۆ فڕۆکە و هۆکارەکانی تری گواستنەوە.

هەندێک شتی خۆش لەگەڵ خۆتدا ببە

جانتای گەشتکردن پڕ بکە لە یاری و کتێب و هەر شتێکی دیکە کە ئارامی بە منداڵەکەت دەبەخشێت، منداڵەکەت دەتوانێت چێژ لەو شتە ببینێت بە دەم ڕێگاوە، لەوانەیە باشتر بێت هەموو سەفەرێک ئەو شتانە بگۆڕیت کە لەگەڵ خۆت دەیبەیت.

قسە بکە

قسە لەگەڵ منداڵەکەت بکە بە دەم لێخوڕینی ئۆتۆمبێلەوە بۆ ئەوەی حەزی بمێنێت و مێشکی چالاک بێت، یاریی وشەزانی بکەن و قسە لەسەر ڕۆژەکەتان بکەن، بۆ کوێ دەچن و پلانتان چییە بۆ ئەم گەشتە.

پشوو بدەن

ماوە ماوە ڕایبگرە بۆ ژەمەخۆراکێک، دایبی گۆڕینێک یان چوون بۆ توالێتێک، ڕوانین لە دیمەنێکی جوان. هەوڵبدە هەوای پاک زۆر هەڵمژیت، پیاسە بکەن و تەنانەتکەمێکیش ڕابکەن، ئەگەر منداڵەکەت هەستی بە بێ تاقەتی کرد لە گەشتێکی دوور، کەمێک ئیسراحەت وەربگرە و هێوری بکەرەوە.

شتی تایبەتی پێبدە

بە دەم ڕێگاوە شتێکی تایبەت بکڕە بۆ منداڵەکەت یان دیارییەکی هەرزان، بۆ سوپاسکردنی لەسەر ڕەوشتی جوان و سەرقاڵکردنی.

گەشتی ئاسمانی

کاتێک پلان بۆ گەشتێک دادەنێیت و گەشتەکەشت بە فڕۆکەیە، پێویستت بە دابینکردنی شوێنێکی باش دەبێت بۆ منداڵەکەت، ئەمانەی خوارەوە هەندێک پێشنیارن بۆ ئەوەی یارمەتیت بدەن لە ئامادەکارییەکاندا:

پەیوەندی بە کۆمپانیای هێڵی ئاسمانییەکەوە بکە

پرسیار بکە لەوەی کە چییان هەیە بۆ منداڵان، وەک: کورسی، خواردنی تایبەت.

هەوڵبدە لە کاتی خەودا گەشتەکەت بکەیت

گەشتکردن بە فڕۆکە زۆرجار منداڵ خەواڵوو دەکات، بۆیە ئەگەر کرا کاتی گەشتەکە وا ڕێک بخە لەگەڵ کاتی نوستنی منداڵەکەت یەکبگرێتەوە.

هەندێک چالاکی ئامادە بکە

جانتایەکی بچوک پڕ بکە لە جۆرەها شتی جیاواز بۆ منداڵەکەت بۆ کاتی گەشتەکە، بۆ نموونە: کتێبی وێنەکێشان، لەزگە، کتێبی وێنە، کتێبی دەنگی و یاری مەتەڵ.

گوێیەکانی بپارێزە

ئەگەر منداڵەکەت سەرمای بوو یان نەخۆشی گوێکانی هەیە، دەرمانی پێبدە پێش ئەوەی بچنە ناو فڕۆکە.

هەڵدانی چادر لەگەڵ منداڵەکەت

هەڵدانی چادر لەگەڵ منداڵەکەت لەوانەیە کەمێک قورس بێت، بەڵام ئەگەر پێشتر پلانی بۆ دابنێیت، بە هێمنی بمێنیتەوە و چاوێکیشت لەسەر منداڵەکەت، لەوانەیە ئەزموونی گەشتێکی خۆش بکەن هەمووتان.

هەندێک ئامۆژگارین لەسەر هەڵدانی چادر لەگەڵ منداڵەکەت

ئامادەکاری بکە بۆ گەشتەکە

هەندێک لیست دروست بکە، لەوانە با دانەیەکیان تایبەت بێت بە هەموو ئەو شتانەی منداڵەکەت پێویستی دەبێت لەم گەشتەدا.

بیر لەلایەنی سەلامەتی بکەرەوە.

پێویستە هەمیشە منداڵەکەت لە مەترسییەکانی دەرەوە بپارێزیت، لەوانە: ڕووەکی ژەهراوی، پێوەدانی مێروو، سووتان بە تیشکی خۆر، ئاژەڵی زیانبەخش، کەش و هەوای نائارام و ناوچەیەکی نائارام.

خواردن و خواردنەوە پێچەوانەوە

دڵنیا بەرەوە لەوەی ڕێژەیەکی باش لە خواردن و خواردنەوە خۆشەکام بۆ منداڵەکەت بپێچیتەوە.

یەکەی فریاگوزاریی سەرەتایی لەگەڵ خۆت ببە

لەگەڵ خۆت یەکەی فریاگوزاریی سەرەتایی ببە و بیر لە زیادکردنی هەندێک شتی تر بکەرەوە کە وا هەست بکەیت لە گەشتەکەتدا پێویستت پێیان دەبێت، بۆ نموونە: کرێمی دوورخستنەوەی مێروو بۆ منداڵان، دەرمانی چارەسەری سووتاوی بە خۆر.

ئامادە بە بۆ ترس

لەبەر ئەوەی لە شوێنێکی نامۆدا دەمێنیتەوە، منداڵەکەت ئامادە بکە بۆ ئەزموونی مانەوە لە ژێر چادر، پێی بڵێ کە پێشبینی چی بکات، لە کوێ دەخەوێت و پێی بڵێ کە ناهێڵێت هیچی بەسەر بێت و ئاگات لێ دەبێت.

ڕووناکییەکە مەکوژێنەوە ئەگەر پێویستی کرد

ڕووناککەرەوەیەک بدە بە منداڵەکەت، بۆ ئەوەی دایبگرسێنێت ئەگەر هەستی بە ترس کرد.

مانەوە لە هۆتێل

زۆربەی منداڵان زۆریان حەز لە مانەوەیە لە هۆتێل، لەبەر ئەوەی ئەو جێگا گەورانەی کە لە ژوورەکاندا هەیە، لای ئەوان تەنها بۆ نوستن نییە، بەڵکو بۆ یاریکردنیشە، ئەمانەی خوارەوە کۆمەڵێک ئامۆژگاری بچوکن لەسەر بردنی منداڵەکەت بۆ هۆتێل:

ژینگەیەکی دۆستانە بۆ منداڵ

هۆتێلێک هەڵبژێرە کە بەخێرهاتنی منداڵ بکات، زۆرێک لە هۆتێلەکان ژەمەخۆراکی منداڵیان بە خۆڕای و زۆر شوێنی تری جوانیان هەیە بۆ منداڵان، وەک: ژووری یاری، مەلەوانگەی تایبەت بە منداڵان، گرتەڤیدیۆ و یاریی ڤیدیۆ بۆ منداڵان. تەلەڤزیۆنی ناوخۆیی و ژەمە خۆراکی بچوک.

چێشتخانەی بچوک

ئەگەر کرا هۆتێلێک هەڵبژێرە کە چێشتخانەی بچوکیان هەبێت لە ژوورەکانیاندا، بۆ ئەوەی بتوانیت خواردن و ژەمی بچوک ئامادە بکەیت بۆ منداڵەکەت، تەنانەت ژوورێک کە ساردکەرەوەی تێدا بێت، هاوکارێکی گەورە دەبێت بۆت.

خزمەتگوزاری ژوور

لە بیرت بێت سوود لە خزمەتگوزاری ژوور وەربگریت، ئەگەر منداڵەکەت بە شەو برسی بوو و تۆش هیچت لا نەمابوو پێی بدەیت.

دایەنیکردن

هەندێک لە هۆتێلەکان دایەنیان هەیە بۆ منداڵان، بۆ ئەوەی بتوانیت بڕۆیتە دەرەوە لە کاتێکدا دایەنەکە منداڵەکەت سەرقاڵ دەکات، یان دەتوانیت دایەنەکەی منداڵەکەت لەگەڵ خۆت ببەیت ئەگەر گەشتێکی کورت بوو.

گەشتیی نێودەوڵەتی

ئەگەر پلانت وایە وڵاتەکەت جێبهێڵیت لەگەڵ منداڵەکەت، دڵنیا بەرەوە لەوەی پێش وەختە ئامادەی بکەیت.

دەرمان

ئەگەر منداڵەکەت دەرمان بەکاردەهێنێت، قسە لەگەڵ پزیشکەکەیدا بکە بۆ ئەوەی ڕێژەی پێویستت پێ بێت کە بەشی ماوەی گەشتەکە بکات، داوای دەرمانی تایبەت بکە کە لەوانەیە پێویستت بێت بۆ کاتی گەشتەکە، ئەگەر منداڵەکەت نەخۆش کەوت.

خواردەمەنی

ئەگەر منداڵەکەت لەسەر ژەمە خۆراکێکی تایبەتە یان حەزی لە هەندێک خواردن نییە، لەوانەیە وا باشتر بێت هەندێک لەو خواردنانە لەگەڵ خۆت ببەیت.

گەشتکردن بەسەر کاتە جیاوازەکاندا

لەوانەیە منداڵەکەت شەو و ڕۆژەکانی لێ تێک بچێت کاتێک بۆ شوێنێک گەشت دەکەیت و کات دەگۆڕیت، ئەمانەی خوارەوە هەندێک ئامۆژگارین تاوەکو یارمەتیت بدەن:

بە شەو گەشت بکە

بەم شێوەیە ئەگەری هەیە منداڵەکەت زۆربەی کاتەکە بخەوێت.

ڕاستەوخۆ پشوو بدە یان بخەوە

کاتێک گەیشتنە جێی مەبەست، با منداڵەکەت سەرخەوێک بشکێنێت بۆ ئەوەی پشوو بدات و کەمێک هێزی بێتەوە بەر.

بەهێواشی دەست پێ بکە

ئەگەر کرا بۆ یەکەم ڕۆژ زۆر شت ئەنجام مەدە، بۆ ئەوەی منداڵەکەت کاتی باشی لەبەردەستدا بێت تاوەکو لەگەڵ گۆڕانی کاتەکەدا ڕابێت.

زوو بخەون

لە سەرەتای ئێوارەدا سەیری منداڵەکەت بکە و بزانە کەی هەست بە ماندووێتی دەکات، ئەو کات بیبە بۆ سەر جێگاکەی و شتە ڕۆتینییەکانی کاتی خەوی بۆ ئەنجام بدە.

لەسەرخۆ و نەرم و نیان بە

ئەگەر منداڵەکەت خەواڵوو نەبوو، لێی گەڕێ با بە خەبەر بێت تا ئەو کاتەی ئامادەیە بۆ نوستن یان سەرخەو شکاندنێک.


سەرچاوەکان



176 بینین