ئایا منداڵەکان چۆن تووشی پشێوییە دەروونییەکان دەبنەوە؟

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2023-10-15-01:07:00 - کۆدی بابەت: 11440
ئایا منداڵەکان چۆن تووشی پشێوییە دەروونییەکان دەبنەوە؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئایا منداڵەکان چۆن تووشی پشێوییە دەروونییەکان دەبنەوە (بە ئینگلیزی: How do children become mentally ill، بە عەرەبی: کیف يصاب الأطفال بمرض النفسي)، منداڵانیش لە چۆنیەتی تووشبوونیان بە پشێویە دەروونییەکان وەک گەورەکانن، بەڵام ئەوەی لێرەدا زۆر گرنگە ئەوەیە، کە پێش گەشتنیان بە تەمەنی هەرزەکاری هەموو ئەو گرفت و نەخۆشی و پشێویە دەروونیانەی تووشی هاتوون چارەسەر بکرێن، چونکە ئەوان نەوەی دواڕۆژن، چارەسەرکردنیان لەم تەمەنەیاندا زۆر باشترە لەوەی لە تەمەنێکی گەورەتردا بێت.

ئایا منداڵەکان لە نەخۆشخانەیەکی تایبەت بەخۆیان، چارەسەر دەکرێن؟

ماوەی دەیان ساڵ دەبێت لە وڵاتانی دەرەوە، منداڵان جیاواز لە نەخۆشخانەی کەسانی پێگەیشتوو نەخۆشخانەی تایبەت بە خۆیان هەیە، وەک چۆن چەندین پزیشکی تایبەت بە بوارەکانی منداڵان و بەرنامەی زانستیانەی پزیشکیان هەیە، هەروەها هەموو تاقیکردنەوەکانیشیان جەخت کردنەوەیە لەسەر گرفتەکانی منداڵان، ئەمەش لەبەر ئەوەی جیهانی منداڵ جیهانێکی ترە و نابێ بە تەنها بەو شێوەیە سەیریان بکەین، کە ئەوان تەنیا پێویستیان بە خواردن و خواردنەوە و یاریکردن هەیە، بەڵکو لە هەمان کاتدا پێویستیان بە چەندین پێداویستی و گرنگی پێدانی تریش هەیە بۆ پاراستنیان لە هەموو پشێویەک.

ئایا هیچ لێکچوونێک لە دیاردەکان لە نێوان منداڵان و کەسانی پێگەیشتوودا هەیە؟

هەندێکجار دیاردەکانی پشێویە دەروونییەکانی منداڵان، لەگەڵ دیاردە دەروونییەکانی پێگەیشتووان لێکدەچن، بۆیە بەلاتەوە سەیر نەبێت ئەگەر یەکێک لە منداڵەکان وەک گەورەکان بەهۆی تووشبوون بە دیاردەکانی دڵەڕاوکێ، خەمۆکی و ترس و تۆقین سکاڵای خۆی دەکرد، بەڵام هەردەم ئەم دیاردانەش لە لای منداڵەکان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ و نادیار دەردەکەون، هەر بۆیە کە پزیشکی دەروونی ئەم دیاردانە بە لاساری و شەڕانگێزی و بێدەنگییەکی بەردەوام و خەفەتبارییەکی بێ دەنگ لێک دەداتەوە، لێرەدا پێویست دەکات، کە ئەم ڕواڵەتانە بۆ پزیشک ڕوون بکەینەوە بۆ ئەوەی بە خێرای دەست بە چارەسەرکردنیان بکرێت.

ئایا هۆکارەکانی ئەمان چین؟

هۆکارەکانی ئەمانە ئاشکران، وەک چوونە دەرەوەی باوکی بە مەبەستی کارکردن، یان کۆچکردنی کەسێکی ئازیزی، لەوانەشە جاری وا هەبێت هۆکارەکانی پێویست بە هەوڵ و ماندووبوون و ئارام گرتنێکی زۆری دایک و باوکی منداڵەکە بۆ دۆزینەوەی ئەم دیاردانە هەبێت، هەندێکجاریش کێشەکە زۆر قوڵ و ئاڵۆز دەبێت، لە چوارچێوەی دەسەڵاتی خانەوادەکەی دەردەچێت و جگە لە پزیشکی پسپۆڕ لەم بوارەدا هیچ کەسێک ناتوانێت ئەم هۆکارانە ئاشکرا بکات.


سەرچاوەکان



241 بینین