قاوەی ئیسپرێسۆ

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2023-10-20-14:20:00 - کۆدی بابەت: 11477
قاوەی ئیسپرێسۆ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

قاوەی ئیسپرێسۆ یان ئێسپرێسۆ (بە عەرەبی: قهوة الإسبريسو، بە ئینگلیزی: Espresso) قاوەیەکی ئیتاڵییە کە لە جیهاندا یەکێکە لە جۆرە بەناوبانگ و بەربڵاوەکانی قاوە و لە زۆرێک لە وڵاتاندا بەکاردەهێنرێت، ئەم جۆرە قاوەیە بە تامە جیاواز و بەهێزەکەی ناسراوه و ڕێژە و بڕی کافایین تێیدا بەرزە و ڕەنگێکی تۆخی هەیە. لە قاوەی ئیسپرێسۆوە جۆرەکانی تری قاوە دروست دەکرێت نموونەی لاتێ، کاپۆچینۆ، ئەمریکانۆ. قاوەی ئیسپرێسۆ لە کووپ و فنجانی بچووکی تایبەت بەخۆی پێشکەش دەکرێت، ڕەنگی کووپەکە سپی یان ئاوییە و کەمێک ئەستوورە و قەبارەی بچووکە، بە "کووپی دیمیتیاس" ناسراوە. ئەم جۆرەی قاوە لە باشووری ئەورووپا بە تایبەتی لە وڵاتانی ئیتاڵیا و فەڕەنسا و ئیسپانیا و پورتوگال زۆر بەربڵاوە.

مێژووی قاوەی ئیسپرێسۆ

یەکەمین ئامێر کە بە هەڵم و شێوازی پەستانی هەڵمی قاوەی ئیسپرێسۆی خێرای دروست کرد لە ساڵی ١٨٨٤ لەلایەن ئانجێلۆ مۆریۆدۆی ئیتاڵییەوە دروست کرا، لەو سەردەمە ئەو قاوەیە شتێکی نوێ بوو و لە ناوچەکە زۆر بڵاوبووەوە و خواستی زۆری لەسەر بوو. واتا و ڕەچەڵەکی ناو و وشەی "ئیسپرێسۆ" دەگەڕێتەوە بۆ سەر زمانی ئیتاڵی ڕەسەن، واتای "قاوەی فرێش" یان "قاوەی تازە" دەبەخشێت، هەندێکیش پێیان وایە واتای "قاوەی دروستکراو بە پەستانی هەڵمی" دەبەخشێت.

شێواز و چۆنێتی ئامادەکردنی قاوەی ئیسپرێسۆ

قاوەی ئیسپرێسۆ جۆرێکی چڕ و بەهێزی قاوەیە و بە شێوەی شۆت یان دۆز پێشکەش دەکرێت، یەک شۆت لە قاوەکە پێی دەوترێت "ئیسپرێسۆی سینگڵ"، دوو شۆت لە قاوەکە پێی دەوترێت "دەبڵ ئیسپرێسۆ" کە بە بەراورد بە جۆری یەکەم بڕەکەی زیاترە و ڕێژەی کافایینەکەی بەرزترە. قاوەکه لە دوو پێکهاتەی سەرەکی دروست دەکرێت کە قاوەی وردکراو و هاڕاوی سەد لەسەدە لەگەڵ ئاوی گەرم، ئەم شێوازە ئامادەکردنە قاوەیەکی بەهێز و و چڕ بەرهەم دەهێنێت.

دەکرێت لە ڕێگەی ئامێری کارەبایی هەڵمی تایبەتی قاوەی ئیسپرێسۆ دروست بکرێت، هەروەها دەکرێت لە بە ئامێری فرێنج پرێس یان مووکا پووت قاوەی ئیسپرێسۆ دروست بکرێت. هەندێک جۆری قاوەی ئیسپرێسۆ بە "قاوەی خێرا تواوە" ناسراون و بەبێ بەکارهێنانی هیچ ئامێرێک دەکرێت تەنها بە تێکەڵکردنی لەگەڵ ئاوێکی گەرمدا ئامادە بکرێت و تێکەڵ بکرێت، پاش توانەوەی بە تەواوی پێشکەش دەکرێت.

قاوەی ئێسپرێسۆ بنەما و پێکهاتەی زۆرێک لە جۆرەکانی تری قاوەیە

ristretto coffee قاوەی ڕێسترێتۆ

ڕێسترێتۆ بە یەکێک لە جۆرە بەناوبانگەکانی ئێسپرێسۆ دادەنرێت، هەروەها شێوازی ئامادەکردنی پشت بە نیوەی ئەو بڕە ئاوە دەبەستێت کە لە ئامادەکردنی قاوەی ئیسپرێسۆی ئاسایی بەکاردێت، بۆیە قاوەکە قورسترە و چڕیی زیاتری هەیە و ڕێژەی کافایین تێیدا بەرزترە.

ئیسپرێسۆی مایکڵ لۆنگۆ lungo coffee

قاوەی ئیسپرێسۆی مایکل لۆنگۆ بە بەکارهێنانی دوو هێندە زیاتر لە ئاوی ئیسپرێسۆی ئاسایی ئامادە دەکرێت، بۆیە بە بەراورد بە ئیسپرێسۆی ئاسایی تامەکەی سووکترە و زۆر چڕ وبەهێز نییە.

قاوەی ئەمریکانۆ Americano coffee 

ئەم جۆرە قاوەیە بڕی قاوە و ئاوەکەی بە بەراورد بە قاوەی ئیسپرێسۆی ئاسایی زیاتر و بەرزترە، ئەکرێت بە زیادکردنی بڕی ئاوەکەی شل بکرێتەوە و چڕییەکەی کەمتر بکرێتەوە. ڕەنگی قاوەی ئەمریکانۆ ڕەشە و لەسەر ڕووەکەی کەف و کرێمێکی کەمی هەیە و تامێکی بەهێزی هەیە.

قاوەی ماكياتو Macchiato coffee

قاوەی ماکیاتۆ پێکهاتووە لە دوو دۆزی ئیسپرێسۆ، هەروەها دۆزێکی کەمی شیری چڕ و قورس بۆ ڕووەکەی زیاد دەکرێت.

کاپۆچینۆ cappuccino 

کاپوچینۆ بە جۆرێک لە قاوەی ئیسپرێسۆ دادەنرێت کە دوو لەسەر سێی شۆتێک ئیسپرێسۆی ئاسایی لەگەڵ شیری گەرم و کەفی شیری تێدایە کە بڕەکانیان یەکسانە بە بڕی قاوەکە و هەر بڕێک یەکسانە بە نزیکەی ٦٠ ملیلیتر، دەکرێت تامی تریشی بۆ زیاد بکرێت وەک تامی کاکاو یان تامی بوندق یان تامی شیرینی.

مووكاتچينو mochaccino

ئەم جۆرەیان بڕێک ئیسپرێسۆی تێدەکرێت لەگەڵ بڕێک شوکولاتە، دەکرێت شوکولاتەکە تۆز یان پاودەری شوکولاتە بێت یان سۆسی شوکولاتە، بۆ سەر ڕووەکەی یەک دۆز شیری تێدەکرێت.

لاتێ coffee latte 

لاتێ، جۆرێکی باوی ئیسپرێسۆیە و زۆرترین خواستی لەسەرە، لاتێ بە زیادکردنی بڕێک لە ئیسپرێسۆ دروست دەکرێت کە لە نێوان ٣٠-٦٠ ملیلیتر دەبێت و قەبارەی کوپی لاتێ ٢٤٠ ملیلیترە، شیرێکی تێکدراو دەخرێتە سەر ڕووی سەرەوەی لاتێکە، لاتێ یەکێکە لەو جۆرە قاوانەی کە دەکرێت لەسەر ڕووەکەی وێنەی جیاواز بە شیر دروست بکرێت.

قاوەی مووکا Moca coffee 

قاوەی مووکا یان مۆکا یاخوود مووگا جۆرێکە لە قاوەی ئیسپرێسۆ دروست دەکرێت و بەردەوام خواستی لەسەرە، دەتوانرێت بە گەرمی یان بە ساردی ئامادە بکرێت. مووکا بە یەک دۆز لە ئیسپرێسۆ و شیری هەڵمکراو ئامادە دەکرێت و کرێمی شانتی لەسەر ڕووی سەرەوەی دەکرێت، هەروەها بەشی ناوەوەی کوووپی مووکا بە پارچە شوکولاتە یان پاودەری شوکولاتە دەڕازێنرێتەوە.

باشترین جۆرەکانی قاوەی ئیسپرێسۆ

ئەو جۆرە قاوەیەی بڕ و ئاستی ماددەی کافایین تێیدا بەرز بێت بە قاوەیەکی باش دادەنرێت، بۆیە ڕێژەی ماددەی کافایین لە قاوەدا پێوەرە بۆ کوالێتی بەرز و باشی قاوەکە، بۆیە ئەو جۆرە قاوە ئیسپرێسۆیەی کە ڕێژەی ماددەی کافایین تێیدا بەرزە بە قاوەیەکی کوالێتی بەرز دادەنرێت، چەند نموونەیەک لە باشترین ئەو قاوانەی کە قاوەی ئیسپرێسۆی کوالێتی بەرزی لێ دروست دەکرێت بریتین لە:

  • ڕۆبۆستا (Robusta)
  • ئارابیکا یان قاوەی بوونی عەرەبی (Arabica)

پێکهاتەی خۆراکی

  • بڕی پێشکەشکراوی قاوەی ئیسپرێسۆ: نابێت لە ٦٠ ملیلیتر زیاتر بێت.
  • کالۆری: سفر بۆ دوو کالۆری
  • پرۆتین ٠٫١ گرام
  • چەوری ٠٫٢ گرام

جیاوازی نێوان قاوەی ئیسپرێسۆ و جۆرەکانی تری قاوە چییە؟

قاوەی ئیسپرێسۆ بنەمایە بۆ دروستکردنی زۆرێک لە جۆرەکانی تری قاوە، ئەو پاریستایەی ئیسپرێسۆ ئامادە دەکات پێویستی بە ئامێرێکە و ئاوی تێدا بەکاردەهێنێت کە لە ژێر بڕێکی زۆر فشاردا بەسەر قاوە وردکراوەکەدا تێدەپەڕێت، بۆیە شلەیەکی چڕ و خواردنەوەیەکی چڕ و بەهێز دروست دەکات، کە چینێکی کەفی ڕەنگ قاوەیی کاڵی سووکی لەسەرە کە پێی دەوترێت کرێما. 

بەڵام لە دروسکردنی جۆرەکانی تری قاوە پشت بە پرۆسەی پاڵاوتنی خاو دەبەستن. هەروەها قاوەی ئیسپرێسۆ پێویستە دەنکی قاوەکە بە تەواوی ١٠٠٪ ورد و هاڕدراو بێت و برژاو بێت، لەکاتێکدا بۆ قاوەی ئاسایی تر نموونەی قاوەی تورکی دەبێت دەنکەکەی وردکراوی مامناوەند یان زبر بێت.

ڕۆژانە پێویستە چەند کووپ قاوەی ئیسپرێسۆ بخورێتەوە؟

بڕی خواردنەوی قاوەی ئیسپرێسۆ پێویستە لە سێ بۆ چوار کووپی بچووکی تایبەت بە قاوەی ئیسپرێسۆ تێپەڕ نەکات، هەروەها نابێت لە یەک کاتدا چەند کووپێک قاوەی ئیسپرێسۆ بەسەریەکەوە بخورێتەوه، چونکە نیشانەکانی شڵەژان و دڵەڕاوکێ و لەرزین و شپرزەیی لەسەر کەسەکە دەردەکەون. دوای سی خولەک لە خواردنەوەی کووپێک قاوەی ئیسپرێسۆ کاریگەرییەکانی کافایین لەسەر جەستە دەردەکەوێت.


سەرچاوەکان



562 بینین