مەترسییەکانی بەرزی کۆڵسترۆڵ لە خوێندا

له‌لایه‌ن: - پەیوەست غەفوور پەیوەست غەفوور - به‌روار: 2023-11-15-20:36:00 - کۆدی بابەت: 11632
مەترسییەکانی بەرزی کۆڵسترۆڵ لە خوێندا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مەترسییەکانی بەرزی کۆڵسترۆڵ لە خوێندا (بە ئینگلیزی: risks of high Cholesterol level in blood، بە عەرەبی: مخاطر ارتفاع نسبة الكولسترول في الدمکۆڵسترۆڵ مادەیەکی مۆمییە لە جەستەدا هەیە، جەستە بە شێوەیەکی ئاسای پێویستی بە کۆڵسترۆڵە بۆ بەڕێکردنی چالاکییە کانی خانەکانی جەستە، بەڵام بەرزی ئاستی کۆڵسترۆڵ لە خوێندا دەبێتە هۆی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشیەکانی دڵ. بەرزی کۆڵسترۆڵ دەکرێت بۆماوە بێت، بەڵام بەزۆری بەهۆی شێوازی ژیانی کەسەکانەوە ڕوودەدات.

مەترسی بەرزبوونەوەی ئاستی کۆڵسترۆڵ لە خوێندا

  • دەبێتە هۆی تۆپەڵبوون و کۆبوونەوەی کۆڵسترۆڵ لە بۆریەکانی خوێندا، ئەمەش ئاستەنگی بۆ هاتووچۆی خوێن دروست دەکات و زۆرجار دەبێتە هۆی ڕەقبوونی بۆرییەکانی خوێن.
  • لە هەندێک کاتیشدا لەوانەیە لەناکاو ئەم تۆپەڵەیە لە بۆریەکانی خوێن ببێتەوە و تێکەڵی سوڕی خوێن ببێت، ئەمەش دەبێتە هۆی جەڵتەی دڵ یاخود سەکتە.
  • هەروەها بەرزی کۆڵسترۆڵ دەبێتە هۆی نەخۆشی لە خوێنبەرەکانی جەستە و هەروەها ئەو خوێنبەرەشی کە خوێن بە سەر خانەکانی دڵدا دابەش دەکات.
  • دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی فشاری خوێن. 

هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی کۆڵسترۆڵ لە خوێندا

زۆر هۆکار دەتوانن ببنە هۆی کێشەی دڵ یان جەڵتەی مێشک ئەگەر ڕێژەی کۆڵسترۆڵ بەرز بێت، لەوانە:

  • خۆراکی ناتەندروست: بە تایبەتی ئەو خواردنانەی ئاستێکی بەرز چەوری تێریان تێدایە.
  • جگەرەکێشان: ماددەیەکی کیمیایی لە جگەرەدا هەیە کە پێی دەوترێت ئەکرۆلین، گواستنەوەی کۆڵسترۆڵی HDL لە چەورییە کەڵەکەبووەکانەوە بۆ جگەر دەوەستێنێت، ئەمەش دەبێتە هۆی تەسکبوونەوەی خوێنبەرەکان (ڕەقبوونی خوێنبەرەکان).
  • تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە یان بەرزی پەستانی خوێن (بەرزی فشاری خوێن).
  • هەبوونی پێشینەی خێزانی، جەڵتەی مێشک یان نەخۆشی دڵ.
  • هەروەها حاڵەتێکی بۆماوەیی هەیە کە پێی دەوترێت بەرزبوونەوەی کۆڵسترۆڵی خێزانیی، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی کۆڵسترۆڵ تەنانەت لە کەسێکدا کە خواردنی تەندروست بخوات.
  • تەمەن: بەشێوەیەکی گشتی لە سەروو تەمەنی ٤٠ ساڵییەوە دەبێت ئاگات لە ڕێژەی کۆڵستڕۆڵ بێت چونکە جگەر توانای لادانی چەوری LDLی کەم دەبێتەوە.
  • خواردنەوە کحولییەکان: دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی گشتی کۆڵسترۆڵ لە خوێندا.
  • کەم جووڵەی و وەرزش نەکردن.

نیشانەکان

بەرزی کۆڵسترۆڵ هیچ نیشانەیەکی نییە، پشکنینی خوێن تاکە ڕێگایە بۆ ئەوەی بزانیت ئەگەر ڕێژەکەی بەرزبووبێتەوە یاخود نا.

ئاستی ئاسایی کۆڵسترۆڵ

ئاستی ئاسایی کۆڵسترۆڵ بەپێی تەمەن و ڕەگەز دەگۆڕێت بەڵام بەگشتی بۆ کەسێکی پێگەشتوو دەبێت ڕێژەی کۆڵسترۆڵ لەخوار ٢٠٠ میلیگرام/دیسیلیترەوە بێت.

چۆن ڕێژەی کۆڵسترۆڵ لە خوێندا کەم بکەینەوە

هەندێک کەس تەنها پێویستیان بە هەندێک گۆڕانکاری سادەی شێوازی ژیانکردنیان هەیە وەک کەم خواردنی چەوری تێر. هەندێکی تر پێویستیان بە گۆڕینی شێوازی ژیان و هەروەها بەکارهێنانی دەرمان هەیە، پزیشکی پسپۆڕ پێویستە بڕیار لەسەر جۆری دەرمانەکان بدات.

خۆپاراستن لە بەرزبوونەوەی ئاستی کۆڵسترۆڵ

  • خۆراکی کەم خوێ بخۆ، زیاتر جەخت لەسەر میوە و سەوزە و دانەوێڵەی تەواو بکەوە.
  • بڕی چەوری ئاژەڵ سنووردار بکە و چەوری باش بە ڕێژەیەکی مامناوەند بەکاربهێنە
  • دابەزاندنی کیلۆی زیادە و پاراستنی کشی لەش و بە تەندروست مانەوەی.
  • وازهێنان لە جگەرەکێشان.
  • لە ڕۆژەکانی هەفتەدا لانیکەم بۆ ماوەی ٣٠ خولەک وەرزش بکە.
  • خواردنەوە کحولییەکان مەخۆرەوە.
  • کۆنترۆڵکردنی سترێس و هەبوونی دەرونێکی تەندروست.


سەرچاوەکان



469 بینین