نەخۆشخانەی شیفا لە غەززە

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2023-11-26-18:40:00 - کۆدی بابەت: 11663
نەخۆشخانەی شیفا لە غەززە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

نەخۆشخانەی شیفا لە غەززە یان کۆمەڵگەی پزیشکی شیفا لە غەززە (بە عەرەبی: مجمع الشفاء الطبي، مستشفى الشفاء، بە ئینگلیزی: Al-Shifa Hospital)، کۆمەڵگەیەکی پزیشکییە و سەر بە وزارەتی تەندروستی حکوومەتی فەڵەستینە، بە گەورەترین دامەزاروەی پزیشکی کەرتی غەززە دادەنرێت و بەهۆی ئەوەی کە لە ساڵی ١٩٤٦ـەوە دامەزراوە بە یەکێک لە کۆنترین شوێنەکان و نەخۆشخانەکانی کەرتی غەززە دادەنرێت. ئەم کۆمەڵگەیە لە سێ نەخۆشخانەی تایبەتی پێکهاتووە و نزیکەی ٢٥٪ـی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی کەرتی غەززە لەم کۆمەڵگە پزیشکییە کار دەکەن.

شوێنی جوگرافی 

نەخۆشخانەی شیفا دەکەوێتە بەشی ڕۆژاوای باکووری کەرتی غەززەوە، بە دیاریکراوی دەکەوێتە ناوچەی (ڕۆژاوای ناوەند) بەرانبەر شەقامی (عیزەدین قەسام) و شەقامی (وەحدە)، شوێنی جوگرافییەکەی بە جۆرێکە کە گەیشتن پێی ئاسانە و لە ناوەندی کەرتی غەززەیە، هاوکات مزگەوتی شیفا لە دەوروبەری کۆمەڵگەکەیە، ڕووبەری گشتی کۆمەڵگەی پزیشکی شیفا نزیکەی ٤٥ هەزار مەتر چوارگۆشەیە.

مێژووەکەی

مێژووی بنیاتنانی نەخۆشخانەی شیفای پزیشکی دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی سەدەی بیستەمی زایینی و بە دیاریکراوی ساڵی ١٩٤٦، ئینتیدابی بەریتانی ئەو کاتە کە لەسەر فەڵەستین بوو نەخۆشخانەکەی لە شاری غەززە دامەزراند و لە سەرەتادا لە چەند ژوورێکی بچووک پێکهاتبوو کە ئامانج لێی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری چاودێری پزیشکی بوو بۆ نەخۆشەکان. دوای کۆتاییهاتنی ئینتیدابی بەریتانی لە فەڵەستین، بەڕێوەبردنی نەحۆشخانەکە کرایە سەر بەڕێوەبەردنی وڵاتی میسرەوە و لەو ماوەیەدا ژمارەی قەرەوێڵەکانی نەخۆشخانەکە زیاتر کرا و بەشەکانی نەخۆشخانەکە فراوانتر کرا، بۆ ماوەی دوو دەیە نەحۆشخانەکە لەژێر بەڕێوەبردنی وڵاتی میسر بوو.

لە ساڵی ١٩٦٧ دوای ڕووداوەکانی نسکۆی حوزەیران و داگیرکردنی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە، نەخۆشخانەکە کەوتەژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و بڕیاری دووبارە بنیاتنانەوەی نەخۆشخانەکە درا و هاوشێوەی نەخۆشخانەکانی ئیسرائیل بنیاتنرایەوە. ژمارەی ژوورەکانی نەخۆشخانەکە زیاتر کران هەروەها ڕووبەری ژوورەکان فراوان کرایەوە و هەر ژوورێک تەرخان کرا بۆ سێ نەخۆش. ماوەی هەشتاکان و ناوەڕاستی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو نەحۆشخانەکە لەژێر بەڕێوەبردنی ئیسرائیلدا بوو. لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی یەکەمی مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٨٧، ناوی نەخۆشخانەی شیفا دەرکەوت و بووە خاڵێکی سەرەکی ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان فەڵەستینییەکان و یەکەکانی سوپای ئیسرائیل،

تێیدا یەکەمین ڕووبەڕووبوونەوە لەنێوان کۆمەڵێک خوێندکاری فەڵەستینی و سەربازانی سوپای ئیسرائیل ڕوویدا، لەم ڕووداوە تەرمی چەند شەهیدێکی فەڵەستینی لە نەخۆشخانەکە بوون و سوپای ئیسرائیل هەوڵی دزینی تەرمەکانیان دەدا بەڵام نەیانتوانی، بۆیە ئەم ڕووداوە بەیکەمین ڕووبەڕووبوونەوە دادەنرێت لە نەخۆشخانەکە. لە ساڵی ١٩٩٣ دوای واژۆکردنی ڕێکەوتننامەی ئۆسلو لە نێوان ئیسرائیل و ڕێکخراوی ئازادیخوازی فەڵەستین، نەخۆشخانەی شیفا خرایە ژێردەسەڵاتی فەڵەستینییەکان و خرایە سەر حکوومەتی فەڵەستین، هاوکاری و کۆمەکی لە وڵاتی ژاپۆن و وڵاتانی ئەورووپا پێدەگەیشت و لەو ماویەدا نەخۆشخانەکە کرا بە کۆمەڵگای پزیشکی و فراوان کرایەوە بە جۆرێک کە چەند نەخۆشخانەیەکی تایبەتی لەخۆدەگرت.

بەشەکانی کۆمەڵگەی پزیشکی شیفا

کۆمەڵگەی پزیشکی شیفا لە سێ نەخۆشخانەی تایبەتی پێکهاتووە کە بریتین لە:

  • نەخۆشخانەی منداڵبوون و ئافرەتان لەگەڵ بەشێکی تایبەت بە منداڵانی نەبەکام.
  • نەخۆشخانەی تایبەت بە پزیشکی هەناوی
  • نەخۆشخانەی تایبەت بە نەشتەرکاری
  • بەشی فریاکەوتن، بەشی چاودێری چڕ، تیشک، بانکی خوێن، پلاندانان و چەند بەشێکی تر لە بینایەکی تایبەتین.

خزمەتگوزارییەکانی کۆمەڵگەی پزیشکی شیفا

نەخۆشخانەکانی شیفا خزمەتگوزارییەکانی بە تایبەتی بۆ خەڵکی غەززەیە، لەگەڵ ئەو حاڵەتە پزیشکیانەی دەوروبەری ناوچەکان و شارەکانی نزیک کەرتی غەززە کە نەخۆشخانەی تایبەتیان تێدا بەردەست نییە. داتاکانی ساڵی ٢٠٢٠ـی نەخۆشخانەکە پشتڕاستیان کردەوە کە لەو ساڵەدا کۆمەڵگە پزیشکییەکە خزمەتگوزاری پزیشکی پێشکەش بە زیاتر لە ٤٦٠ هەزار هاوڵاتی کردووە و ٢٥٠ هەزاری لە بەشی فریاکەوتن بووە، هەر لە هەمان ساڵدا ٢٥ هەزار نەشتەرکاری تێدا ئەنجام دراوە لەگەڵ ٦٩ پرۆسەی شۆردنی گورچیلە و ١٣ هەزار حاڵەتی لەدایکبوون.

کارمەندانی شوێنەکە

ژمارەی کارمەندانی کۆمەڵگەی پزیشکی شیفا  ٢٥٪ـی کۆی گشتی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی کەرتی غەززە پێکدەهێنن. نزیکەی ١٥٠٠ فەرمانبەر و کارمەندی تەندروستی هەیە، کە پێکهاتوون لە ٥٠٠ پزیشکی پسپۆڕ و ٧٦٠ پەرستار و ٣٢ دەرمانساز و ٢٠٠ کارمەند و بەڕێوبەری کارگێڕی.

ڕۆڵی نەخۆشخانەکە لە جەنگی غەززەی ٢٠٢٣

کۆمەڵگەی پزیشکی شیفا لە هەموو جەنگەکانی غەززە ڕۆڵی سەرەکی هەبووە و زۆرینەی برینداران ڕەوانەی ئەم نەخۆشخانەیە دەکرێن، چونکە شوێنی جورافییەکەی ستراتیجیە و بە ئاسانی دەگەیتە شوێنی نەخۆشخانەکە. لە جەنگی حەوتی ئۆکتۆبەری غەززەی ساڵی ٢٠٢٣ و لە میانەی ئۆپەراسیۆنی تۆفانی ئەقسا نەخۆشخانەکە ڕۆڵی سەرەکی هەبووە و توانای وەرگرتنی نەخۆش و بریندارانی سەروو ڕێژەی ١٦٤٪ـی تێپەڕاندووە، ژمارەی قوربانییەکان لە ئەنجامی بەردەوامی بۆردومانەکانی ئیسرائیل زۆر بوو، نەخۆشخانەکەش تووشی دۆخێکی کارەساتبار بوو لە ئەنجامی نەبوونی سووتەمەنی و کەمبوونەوەی بڕی دەرمان و لەکارکەوتنی ئامێرە پزیشکییەکان.

هاوکات شوێنەکەی نزیک نەخۆشخانەکە ببووە شوێنی کۆبوونەوەی ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆژنامەنووسان و وێنەگران چونکە تاڕادەیەک بە شوێنێکی ئارام دادەنرا. شوێنەکە بەهەمان شێوە ببووە ناوچەیەک بۆ داڵدەدانی کەسانی ئاوارە و دانیشتوونی ئە شوێنانەی کە خانووەکانیان بەر بۆردمانەکانی ئیسرائیل کەوتبوو و لە ئۆپەراسیۆنەکانی تۆفانی ئەقسا نزیکەی ٣٥ هەزار ئاوارە لە نەخۆشخانەکانی کۆمەڵگەکە و دەوروبەری بوونە.

کارەساتی کۆمەڵگەی پزیشکی شیفا

لە ڕۆژی هەینی سێی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٣ هێزەکانی داگیرکاری ئیسرائیل ئۆتۆمبێلی ئامبولانسەکانی بەردەم دەروازەی کۆمەڵگەی پزیشکی شیفایان کردە ئامانج، ئەمەش بووە هۆی شەهیدبوون و برینداربوونی دەیان هاوڵاتی، لەنێو بریندارەکاندا پزیشک و هاوڵاتیانی یاوەری بریندارەکان هەبوون کە لە دەوری ئەمبولانسەکان کۆبووبوونەوە. لە ڕۆژی نۆی تشرینی یەکەمی هەمان ساڵ بەهۆی بۆردمانکردنی دەوروبەری نەخۆشخانەکە بەشێک لە بەشی منداڵانی نەبەکام ڕووخا و زیانی بەرکەوت. لە ١٦ تشرینی دووەم هێزی چەکداری ئیسرائیلی داگیرکار بە تانک و هێزی پیادەوە هێرشیان کردە سەر دەوروبەری نەخۆشخانەکە و تانکەکانیان لە نزیک دەرگاکانی سەرەکی نەخۆشخانەکە جێگیر کرد و بە دووری ٥٠٠ مەتر لە شوێنەکەوە دوور بوون.

کۆمەڵگە پزیشکییەکە تووشی دۆخێکی مەترسیدار بوو و شوێنەکە گەمارۆدرا، هاوکات ژمارەی کارمەندان و پزیشکان کەم بووەوە و سووتەمەنی و کارەبا و ئاو لە زۆرێک لە بەشەکان نەمان، هەروەها بەشێکی زۆری ئامێرە پزیشکییەکان لەکارکەوتن و لەناوچوون و دەرمانی چارەسەر و دەرمانی سڕکەر تەواوبوون و ناتوانرا کۆمەک بۆ نەخۆشخانەکە دابین بکرێت. پزیشکان لە دۆخێکی سەختدا بوون ئەوان بەبێ بوونی کەرەستە و ئامێر و دەرمانی پێویست چارسەری بریندارانیان دەکرد. ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی داواکاری چۆڵکردنی ناوچەکەی کرد و بە "ناوچەی مەرگ" ناوزەدی شوێنەکەی کرد، چونکە تاکوو ڕۆژی ١٨ـی مانگی تشرینی دووەم تەنها ٢٩١ نەخۆش و بریندار لەگەڵ ٢٥ کادری تەندروستی لە پزیشک و پەرستار لە نەخۆشخانەکە مابوونەوە.

لە نزیک شوێنی چوونەژوورەوەی دەرگای سەرەکی نەخۆشخانەکە بووە بە شوێنی ناشتنی بە کۆمەڵی تەرمی هەشتا کەس چونکە ئەو کەسانەی کە بەهۆی سەختی برینەکانیان یان بەهۆی نەبوونی دەرمان و چارەسەر کۆچی دواییان دەکرد بەهۆی گەمارۆکانی ئیسرائیلەوە نەدەتوانرا ببرێنە دەرەوەی شوێنەکە و لە ترسی تێکچوونی تەرمەکان هەر لە بەردەم نەخۆشخانەکە دەنێژران. زۆرێک لە برینداران و نەخۆشەکانی نەخۆشخانەکە ڕەوانەی باشووری کەرتی غەززە کران و نزیکەی ٦٥٠ بریندار بەپێ و لەسەر قەرەوێڵەکان دەردەکران و گوازرانەوە بۆ شوێنێکی گونجاوتر و ئارامتر. بەپێی هەموو ستانداردە تەندروستییەکانی جیهان بە فەرمی کۆمەڵگەی پزیشکی شیفا لە کەرتی غەززە چیتر ناتوانێت خزمەتگوزاری پزیشکی پێشکەش بکات و بوو بە ناوچەی مەرگ.


سەرچاوەکان



246 بینین