جۆدۆ

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2023-12-08-14:46:00 - کۆدی بابەت: 11696
جۆدۆ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

جۆدۆ (بە ئینگلیزی: Judo، بە عەرەبی: جودو)، یەکێکە لە وەرزشە بەرگرییەکانی وڵاتی ژاپۆن، کە سەرنج دەخاتە سەر تەکنیکەکانی فڕێدان و بەزاندن و خستنی بەرانبەر، لەگەڵ سەرنج خستنە سەر لیاقەی جەستەیی و ڕێکخستنی مێشک و ڕۆحی وەرزشی، داهێنەری یارییەکە کەسێکی ژاپۆنییە بە ناوی جیگۆرۆ کانۆ، کە لە ساڵی ١٨٨٢ یارییەکەی داهێنا وەک شێوەیەکی سەلامەت و کاریگەری پارێزگاریکردن لە جەستە و خود، یارییەکەش لەسەر بنەمای ئەوپەڕی کارامەیی و سوودی هاوبەش دامەزراوە.

لە وڵاتی ژاپۆن کە جێگەی دروستبوونیەتی ئەم یارییە گرنگییەکی زۆری پێدەدرێت و بەناوبانگە، هەروەها لە چەند وڵاتێکی تریش ناوبانگی هەیە وەک فەڕەنسا، هۆڵەندا، ڕووسیا لەگەڵ ئەڵمانیا، لەکاتێکدا لە وڵاتەکانی بەڕازیل، کوبا و کۆریای باکوور ناوبانگی کەمترە.

ڕێساکانی جۆدۆ

  • لە ئەم وەرزشەدا خاڵەکانی یارییەکە بە گوێرەی ژمارەی فڕێدان و خستن و دوورخستنەوەیە، ئامانج لە زۆرانبازییەکەش خستنی بەرانبەرە بەهێزەوە بۆسەر زەوی، یاخود دەستگرتن بەسەریدا بۆماوەیەکی کاتی دیاریکراو.
  • یاریزانەکان کە دەخرێنە بەرانبەر یەکتری بەگوێرەی کێشی جەستەیان دیاریدەکرێن، ئەمەش بۆ ئەوەیە کە ئەوانەی ڕووبەڕووی یەکتری دەبنەوە لە ڕووی قەبارە و هێزەوە هاوتابن.

کاتی یارییەکە

کات بە گوێرەی قۆناغی یاریکردن و ڕەگەزی یاریزانەکان دەگۆڕێت، بۆ نموونە لە یارییە سەرەتاییەکاندا بۆ نێرینە هەر یارییەک ماوەکەی چوار خولەکە، بەڵام لە یاری پێش کۆتایی و کۆتاییدا دەکرێت بە پێنج خوولەک، لەکاتێکدا هەموو یارییەکانی مێینە چوار خولەک دەخایەنێت، بەڵام ئەگەر ماوەی یارییەکە کۆتایی بێت و خاڵەکانیش بۆ هەردوو یاریزان یەکسانبن، ئەوا کاتی زیادکراویان پێدەدرێت، هەتاکوو یەکێک لە یاریزانەکان خاڵی یەکلاکەرەوە بەدەستدەهێنێت. 

وەرزشی جۆدۆ و ئۆڵۆمپیاد

یەکەم دەرکەوتنی جۆدۆ لە ئۆڵۆمپیاد دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٦٤ لە تۆکیۆ، هەرچەندە دواتر لە ئۆڵۆمپیادی مەکسیک لە ١٩٦٨ یارییەکە بوونی نەبوو، بەڵام لە ئۆڵۆمپیادی دواتردا گەڕایەوە و بوو بە یارییەکی هەمیشەیی ئۆڵۆمپیاد، کە لە ١٩٧٢ لە میونخ ئەنجامدرا، پاشان لە ئۆڵۆمپیادی ١٩٩٢ لە بەرشەلۆنە بەشی جۆدۆی ئافرەتانیش زیادکرا.

لە ئێستادا یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی جۆدۆ کراون بە حەوت پۆلێنەوە کە بە گوێرەی کێش دیاریکراون، وڵاتی لووتکەش لە بردنەوەی پاڵەوانێتییەکە ژاپۆنە کە ٩٦ مەدالیای بردووەتەوە و لە ناویشیاندا ٤٨ دانەیان ئاڵتوونین، پلەی دووەم وسێیەم  وڵاتەکانی فەڕەنسا و کۆریای باکوورن، فەڕەنسا بە بردنەوەی ٥٧ مەدالیا و کۆریای باکووریش بە بردنەوەی ٤٦ مەدالیا، هەروەها وڵاتەکانی ڕووسیا، بەڕازیل، جۆرجیا و ئیتاڵیاش ژمارەیەک بردنەوەی باشیان هەیە لە یارییەکەدا.


سەرچاوەکان



239 بینین