جیاوازی نێوان ترس و دڵەڕاوکێ چییە؟

له‌لایه‌ن: - فاتیمە عومەر فاتیمە عومەر - به‌روار: 2023-12-14-19:58:00 - کۆدی بابەت: 11723
جیاوازی نێوان ترس و دڵەڕاوکێ چییە؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

جیاوازی نێوان ترس و دڵەڕاوکێ چییە؟ (بە عەرەبی: ما الفرق بين الخوف والقلق؟، بە ئینگلیزی: ?What is the difference between fear and anxiety)، زۆرجار ترس و دڵەڕاوکێ پێکەوە ڕوودەدەن، هەرچەندە هەندێ جار ئەم دوو زاراوەیە لەبری یەکتر بەکاردەهێنرێن بەڵام هەمان شت نین. دەکرێت هەمان هەست و نیشانە جەستەییەکان لە هەردووکیاندا بەدی بکرێت، بەڵام جیاوازی گرنگ لە نێوانیاندا هەیە، تێگەیشتن لەوەی لە چیدا جیاوازن ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵیاندا.

هەرچەندە نیشانەکان بە شێوەیەکی باو لێکدەچن، بەڵام ئەزموونی تاک لەگەڵ ئەم هەستانەدا جیاوازە، ترس پەیوەندی بە هەڕەشەیەکی زانراو یان دیاریکراوەوە هەیە، لە کاتێکدا دڵەڕاوکێ لە هەڕەشەیەکی نەزانراو، پێشبینکراو یان لە گومانەوە سەرچاوە دەگرێت، بە زانینی جیاوازی نێوان ترس و دڵەڕاوکێ دەتوانێت بزانیت کە ئەزموونی چی دەکەیت. 

دڵەڕاوکێ

دڵەڕاوکێ وەک کێشەی دەروونی پۆلێن دەکرێت، کە ترس و تۆقین لە زۆرێک لە بارودۆخی ڕۆژانە دەگرێتەوە لەگەڵ بێتوانایی کۆنترۆڵکردنی کاردانەوەکان. نەخۆشی دڵەڕاوکێ لەو فشار و دڵەڕاوکێیە ئاساییە تێدەپەڕێت کە هەستی پێدەکەین، کاتێک ڕووداوێکی دیاریکراو ڕوودەدات، وەک: ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەیەک، چوون بۆ پشکنین و … چەندانی تر.

چەند جۆرێکی هەیە لەوانە

١- فۆبیا: فۆبیا چەند جۆرێکی جیاوازی کە کۆمەڵێک چالاکی یان شوێن کە دەبنە هۆی ترسێکی توند لە مرۆڤەکاندا، وەک: بینینی مار یان ترس لە شوێنی کراوە.

٢- دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی: زۆرجار لە بارودۆخە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕوودەدات، کاتێک تاک هەست بە دڵەڕاوکێیەکی توند دەکات سەبارەت بەوەی کە خەڵکی چۆن لێی دەڕوانن یان حوکمی لەسەر دەدەن.

٣- تۆقین: نۆبەی ترس و تۆقین، دەبێتە هۆی لەرزین و کێشەی هەناسەدان، دوای ١٠ خولەک دەگاتە لوتکە و دەکرێت بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک بەردەوام بێت، لە دوای فشاری دەروونی درێژخایەن یان بەبێ هۆکار ڕوودەدات.

٤- فشاری دەروونی دوای ڕوودانی کارەسات: ترسی دووبارەبووەوە کە لە ئەنجامی زەبرێکی پێشووەوە دروست دەبێت، وەک ڕووداوێک یان شەڕ.

٥- دڵەڕاوکێی گشتگیر: بریتییە لە دڵەڕاوکێی لە ڕادەبەدەر و بەردەوام هەروەها ترس لە بارودۆخ و ڕووداوە نادیارەکانی ژیان، کە باوترین جۆرە و نەخۆش ناتوانێت هۆکاری دڵەڕاوکێکەی دیاری بکات.

٦- وەسوەسەی-ناچاری: دووبارەکردنەوەی کرداری نالۆجیکی کە دەبێتە ڕەفتاری دووبارە و خوو.

٧- دڵەڕاوکێی جیابوونەوە: بە دڵەڕاوکێ و ترس لە جێهێشتنی ماڵ یان کەسە نزیکەکان دەناسرێتەوە.

ترس

یەکێکە لە هەستە سەرەتاییەکانی مرۆڤ، هەندێک سوودی هەیە کە یارمەتی کاردانەوەی مرۆڤ دەدات کاتێک هەست بە هەڕەشە یان نائارامی دەکات. ترس بە هەستێکی ئاسایی دادەنرێت ئەگەر لە دۆخی ئاسایی تێنەپەڕێت، دەکرێت ترس سووک، مامناوەند، توند، کورت، یان بەردەوام بێت بەپێی بارودۆخەکە.

نیشانەکانیان لە یەک دەچن، بەڵام لە دڵەڕاوکێدا توندترن لەوانە

نیشانەکانی دڵەڕاوکێ

  • پەشۆکاوی
  • هەستکردن بە دڵەڕاوکێ و مەترسی
  • ئارەقکردنەوە و لەرزین
  • هەستکردن بە لاوازی یان ماندووبوون
  • بەسەختی خەولێکەوتن
  • زیادبوونی خێرایی هەناسەدان
  • زیادبوونی لێدانی دڵ

نیشانەکانی ترس

جیاوازی نێوان هۆکارەکانی ترس و دڵەڕاوکێ

هۆکارەکانی دڵەڕاوکێ

  • هۆکارە ژینگەییەکان: وەک فشارەکانی کار، کێشەی خێزانی و کێشەی پەیوەندییەکان.
  • هۆکارە تەندروستییەکان: وەک بەکارهێنانی هەندێک دەرمان یان نیشانەکانی تووشبوون بە هەندێک نەخۆشی.
  • بۆماوەیی: هەبوونی مێژووی خێزانی مەترسی تووشبوون بە دڵەڕاوکێ زیاد دەکات.
  • گۆڕانکاری لە کیمیای مێشکدا: کاتێک ڕوودەدات کە هۆرمۆنەکان و سیگناڵە کارەباییەکانی مێشک ناهاوسەنگ دەبن.

هۆکارەکانی ترس

  • هۆکارە بۆماوەییەکان: بوونی هەندێک جینی بۆماوەیی کە دەبنە هۆی ترس دەکرێت بگوازرێتەوە بۆ ئەندامانی تری خێزانەکە.
  • هۆکارە ژینگەییەکان: وەک خنکان، پێوەدانی ئاژەڵ و مێروو، مانەوە لە شوێنی تەسک یان زۆر بەرز.
  • حاڵەتە تەندروسییەکان: وەک زەبرپێکەوتنی مێشک، خەمۆکی.

جیاوازی نێوان چارەسەرکردنی ترس و دڵەڕاوکێ

چارەسەری دڵەڕاوکێ

لەوانەیە پزیشک لە حاڵەتە سەختەکاندا هەندێک دەرمان بۆ چارەسەرکردنی دڵەڕاوکێ بنووسێت، هەروەها هەندێک ڕێگا هەیە کە یارمەتیدەرە لە کۆنترۆڵکردنی نیشانەکان، لەوانە:

  • ڕاوێژ بە پزیشک یان دەرمانساز بکە سەبارەت بە وەرگرتنی دەرمان یان چارەسەری سروشتی، دەکرێت هەندێکیان نیشانەکانی دڵەڕاوکێ خراپتر بکەن.
  • کەمکردنەوەی کافایین یان وازهێنان لەو خواردن و خواردنەوانەی کە کافایینیان تێدایە، وەک: قاوە، چا، خواردنەوە گازییەکان و شوکولاتە.
  • خۆت لەسەر ژیانی تەندروست ڕابهێنە، وەرزش بکە و خواردنی تەندروست بخۆ.

چارەسەری ترس

وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا ترس هەستێکی سروشتییە، بۆیە پزیشک پەنا ناباتە بەر دەرمان تەنها لە حاڵەتە سەختەکاندا نەبێت کە تێیدا کاریگەری دەکاتە سەر ژیانی کۆمەڵایەتی، بەڵام چەند ڕێگایەک  هەن کە یارمەتیدەرن بۆ ڕزگاربوون لە ترس، لەوانە:

  • چارەسەرکردنی ڕەفتاری مەعریفی، کە سەرنج دەخاتە سەر دیاریکردنی بیرۆکە نەرێنییەکان هەروەها بیروباوەڕ و کاردانەوەکان.
  • ڕاهێنانی پشوودان ئەنجام بدە، وەک تەکنیکە تایبەتەکانی هەناسەدان.
  • وردە وردە ڕووبەڕووی ترسەکان ببەرەوە، بە دروستکردنی لیستی ترسەکان و ڕێکخستنیان لە بچوکترینەوە بۆ گەوەترین، بەم شێوەیە چارەخوازەکە ترسەکان چارەسەر دەکات و هەست بە ئاسوودەیی دەکات.


سەرچاوەکان



425 بینین