بایەخ بە چی دەدرێت لە خوێندنگەکاندا؟

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2023-12-30-14:15:00 - کۆدی بابەت: 11788
بایەخ بە چی دەدرێت لە خوێندنگەکاندا؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بایەخ بەچی دەدرێت لە خوێندنگەکاندا (بە عەرەبی: بماذا نهتم في المدرسة، بە ئینگلیزی: What's going on in school)، لە ناو خوێندنگەکاندا بایەخ بە کۆمەڵێک شت دەدرێت کە لە بەرژەوەندی خوێندکاران و مامۆستایانە و لە پێناو سەرخستنی پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردنە. 

کار و چالاکی ناو تیمەکان 

کارکردن لە ناو تیمدا لە دانیمارک بۆ یەکەم جار لە ساڵی نەوەدەکانەوە کاری پێکرا، ئەمەش ڕۆڵی مامۆستای لە تاکڕەوییەوە گۆڕی بۆ کاری هاوبەش، ئەمڕۆ تێگەشتنێکی هاوبەش لای هەمووان دروستبووە کە مەبەست لە کاری تیم باشترکردنی پڕۆسەی وانەوتنەوە و بەهێزکردنی توانای فێربوون و گەشەکردنی خوێندکاریشە. تیمە جیاوازەکان ئامانج جیاوازیان هەیە، تیم لە چەند کەسێک پێکهاتووە کە ئامانج هاوبەش کۆیان دەکاتەوە، کارەکانیان پەیوەستە بە یەکەوە، تا بگەن بە ئامانجێکی دیاریکراو، ئەم کەسانە هەردەم دەبێت لە هەوڵی ئەوەدابن کە ئەو توانا جیاوازانەی کە هەیانە لە کاری هاوبەشدا بیخەنە گەڕ و سوود لە بوار و ئەزموونە جیاوازەکانی یەکتر وەربگرن بۆ ئەوەی بڕیاری دروست و هاوبەش بدەن، هەموو خوێندکارەکان چوار تیم لە خۆدەگرن کە بریتین لە: 

  • تیمی پۆلەکە
  • تیمی قۆناغی خوێندنەکە
  • تیمی بەشەکە
  • تیمی وانەکان

کۆبوونەوەی ساڵانەی خوێندنگەکان بە ئێواران 

هەموو خوێندنگەیەک لە ساڵدا چوار ئێوارە هەڵدەبژێرێت بۆ کۆبوونەوە دوای کاتی خوێندن، ناوی نراوە ئێوارەیی پەروەردەیی، واتا لە هەموو وەرزێکدا ئێوارەیەک هەیە، لەم ئێوارەیەدا سەرجەم مامۆستا و دەستەی بەڕێوەبەری خوێندگەکان کۆبوونەوەی سەرتاسەری خۆیان ئەنجام دەدەن بۆ دانانی پلان و هەڵسەنگاندنی کارەکانیان و دیاریکردنی میتۆدی کارکردن و ئامانجی هاوبەش لەسەر ئاستی خوێندنگەکەدا بە گشتی و لە ناو تیمەکەشدا بە تایبەتی. دیارە لە کۆتایی ساڵدا دەستەی بەڕێوەبردنی خوێندگەکە کۆبوونەوەی خۆیان کردووە سەبارەت بە دەستنیشانکردنی بابەتی کۆبوونەوەکانی هەر وەرزێک، بەڵام تا کاتی هاتنی وادەی کۆبوونەوەکان ناوەڕۆک و پڕۆگرامەکەی بە کارمەندانی خوێندنگەکە ناناسێنن. 

بایەخدان بە شکۆی مامۆستا 

ئەگەر مامۆستایەک یان هەر کارمەندێکی تر ڕووبەڕووی توندوتیژی بێتەوە لە لایەن خوێندکارێک یان خێزانەکەیەوە، سەرەتا دەتوانێت بۆ هاوکارێکی باس بکات یان بۆ بەرپرسەکەی، پاشان یاسا و ڕێسای خۆی هەیە دەتوانێت پەیڕەوی بکات. ڕوودەدات خوێندکار لە مامۆستاکەی هەڵبگەرێتەوە، بە تایبەت ئەوانەی کە خاوەن پێداویستی تایبەتن و گرفتی تایبەتیان هەیە، کە ڕەنگە وشەی نەشیاو بەکاربهێنن یان دەست لە مامۆستا یان گەورەکانی دەورووبەری خۆیان بەرز بکەنەوە، هەوڵبدەن بە زەبر و زەنگ دەسەڵاتی خۆیان بسەپێنن. 


سەرچاوەکان



137 بینین