هەوکردنی گورچیلە

له‌لایه‌ن: - فاتیمە عومەر فاتیمە عومەر - به‌روار: 2024-01-12-18:37:00 - کۆدی بابەت: 11844
هەوکردنی گورچیلە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

هەوکردنی گورچیلە (بە عەرەبی: التهاب الكلية، بە ئینگلیزی: kidney inflammation یان Nephritis), هەوکردنی گورچیلە بریتییە لە هەوکردنی نیفرۆنەکان کە بەشێکن لە گورچیلە. هەروەها بە هەوکردنی گڵۆمێرولۆنێفرایتس ناسراوە، کاریگەری لەسەر کارکردنی گورچیلە هەیە، دەبێتە هۆی گۆڕانی میز و ئاوسانی دەست، قاچ و شوێنەکانی تر. ئەو خوێنەی کە لە جەستەدا دەسوڕێتەوە لە ڕێگەی گورچیلەوە دەپاڵێورێت و ئاوی زیادە و پاشماوەکانی تر لە ڕێگەی میزەوە فرێ دەداتە دەرەوەی لەش. گورچیلەیەکی تەندروست پرۆتین لە خوێندا دەرناکات، چونکە یارمەتی لەش دەدات ئاو هەڵبمژێت. بەڵام لەکاتی هەوکردنی گورچیلەدا پرۆتین دزە دەکاتە ناو میزەوە، بەمەش توانای جەستە بۆ هەڵمژینی ئاو تێکدەچێت و دەبێتە هۆی ئاوسانی شانەکان.

گورچیلەکان چین و چۆن خوێن دەپاڵێون؟

قەبارەی هەر گورچیلەیەک هێندەی مشتێکە و دەکەونە ژێر پەراسوو لە هەردوو لای بڕبڕەی پشت. پیسی و ئاوی زیادە لە خوێندا لادەبەن، نزیکەی ١٨٠ لیتر خوێن لە ڕۆژێکدا دەپاڵێون. هەر گورچیلەیەک لە هەزاران پێکهاتە پێکدێت کە پێیان دەوترێت نیفرۆن، کە تێیدا پاڵاوتنی خوێن ئەنجامدەدرێت. لە هەر نیفرۆنێکدا بە دوو پرۆسە ماددە خۆراکییە پێویستەکان لە بەرهەمە پاشماوەکان جیا دەکرێتەوە.

فلتەرێک کە پێی دەوترێت گڵۆمێرولەس خانەکانی خوێن و پرۆتین دەگرێت و ئاو و پاشماوە دەنێرێت بۆ فلتەری دووەم کە پێی دەوترێت بۆرێچکە. بۆرێچکە کانزا و پرۆتینەکانی تر دەگرێت. دوای ئەوە پاشماوەکان لە ڕێگەی میزەوە دەکرێنە دەرەوەی لەش. کەسانی تووشبوو بە نیفرایتس، بۆرێچکە و شانەکانی دەورووبەریان تووشی هەوکردن دەبن، کە دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە گورچیلە. بەمەش گورچیلەکان ناتوانن فرمانەکانیان بە تەواوی جێبەجێبکەن. پاشماوە کۆدەبێتەوە و کێشەی تەندروستی گەورە دروست دەکات. ئەگەر حاڵەتەکە توند بێت یان ماوەیەکی زیاتر بەردەوام بێت، ئەوا دەبێتە هۆی لەکارکەوتنی گورچیلە.

جۆرەکانی هەوکردنی گورچیلە

هەوکردنی گورچیلە چەندین جۆر و هۆکاری هەیە، هەندێک جۆریان لەناکاو ڕوودەدەن، هەندێکی تریان وەک بەشێک لە حاڵەتێکی درێژخایەن گەشە دەکەن و پێویستیان بە چاودێری بەردەوام هەیە. هەوکردنی گورچیلە چەند جۆرێکی جیاوازی هەیە لەوانە:

١- هەوکردنی کورتخایەنی گڵۆمێرولۆنێفرایتس: ئەم جۆرە هەوکردنە دەکرێت لەناکاو دوای هەوکردنێکی توندەوە گەشە بکات، وەکو هەوکردنی قورگ، هەوکردنی جگەر، یان ئایدز. هەروەها گورگە سوورە و هەندێ حاڵەتی دەگمەن، وەکوو هەوکردنی مولوولەکانی خوێن و granulomatosis with polyangiitis (GPA) (نەخۆشییەکی دەگمەنە کە دەبێتە هۆی هەوکردنی خوێنبەرەکانی لووت، جیوب، قوڕگ، سییەکان و گورچیلە). هەر کەسێک ئەم حاڵەتانەی هەبوو پێویستی بە چاودێری پزیشکی خێرا دەبێت بۆ کەمکردنەوەی مەترسی لەسەر گورچیلە.

٢- هەوکردنی گورچیلە بە هۆی گورگە سوورە: گورگە سوورە نەخۆشییەکی بەرگری خۆکارە، کە تێیدا سیستەمی بەرگری لەش بە هەڵە هێرش دەکاتە سەر شانە تەندروستەکانی لەش. زیاتر لە نیوەی هەموو ئەو کەسانەی کە گورگە سوورەیان هەیە وردە وردە تووشی هەوکردنی گورچیلە دەبن. ئەمەش کاتێک ڕوودەدات کە سیستەمی بەرگری لەش هێرش دەکاتە سەر گورچیلە. نیشانەکانی هەوکردنی گورچیلەی بەهۆی گورگە سوورەوە بریتین لە:

  • میزی کەفاوی
  • بەرزە پەستانی خوێن
  • ئاوسانی قاچ و پێیەکان

هەروەها لەوانەیە مرۆڤ هەست بە نیشانەی تر بکات لە بەشەکانی تری جەستەیدا. وەک کێشەی جومگەکان، تا و پەڵە. توندی گورگە سوورە لە نەخۆشێکەوە بۆ نەخۆشێکی تر دەگۆرێت. هەرچەندە نەخۆشییەکە هەندێک جار سوکتر دەبێت، بەڵام دەتوانێت مەترسیدار بێت. زۆر گرنگە بۆ هەر کەسێک کە نیشانەکانی هەوکردنی گورچیلەی هەیە بەهۆی گورگە سوورەوە، داوای چاودێری پزیشکی خێرا بکات بۆ ڕێگریکردن لە تێکچوونی زیاتری گورچیلە.

٣- نەخۆشی ئەلپۆرت سیندرۆم (هەوکردنی بۆماوەیی گورچیلە): هەندێ جار ئەم نەخۆشییە دەبێتە هۆی لەکارکەوتنی گورچیلە، هەروەها کێشەی بینین و بیستن دروستدەکات. نەخۆشی ئەلپۆرت لەڕێگەی جینەکاندا دەگوازرێتەوە و بەزۆری لە پیاوان توندترە.

٤- هەوکردنی درێژخایەنی گڵۆمێرولۆنێفرایتیس: ئەم جۆرە هەوکردنە بە هێواشی گەشە دەکات و لە قۆناغە سەرەتاییەکانیدا نیشانەیەکی کەمی لێدەکەوێتەوە. هەروەکوو هەوکردنی کورتخایەنی گڵۆمێرولۆنێفرایتیس ئەم حاڵەتە دەکرێت ببێتە هۆی تێکچوونی توندی گورچیلە و لەکارکەوتنی گورچیلە. لەوانەیە بۆ ماوەیی بێت یان دوای نەخۆشییەکی لەناکاو پەرەبسێنێت.

٥- IgA nephropathy: یەکێکە لە جۆرە باوەکانی هەوکردنی گورچیلە. کاتێک ڕوودەدات کە دژەتەنی IgA لە گورچیلەدا کۆدەبێتەوە و دەبێتە هۆی هەوکردن. سیستەمی بەرگری لەش دژەتەن دروستدەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە و زیندەوەرە زیانبەخشەکان کە دەچنە ناو لەشەوە. ئەو کەسانەی کە نەخۆشی دەماری IgA یان هەیە کەم و کوڕیان لە دژەتەنی IgA دەبێت. زۆرجار پزیشکان ناتوانن نەخۆشی IgA nephropathy لە گەنجاندا دەستنیشان بکەن، چونکە نیشانە سەرەتاییەکانی بە ئاسانی دەرناکەون. دەتوانرێت ئەم حاڵەتە بە دەرمانی پەستانی خوێن چارەسەر بکرێت.

٦-هەوکردنی بۆشایی نێوان بۆرییەکانی گورچیلە (Interstitial nephritis): زۆربەی کات زۆر بە خێرایی پەرەدەسێنێت، بەزۆری بەهۆی هەوکردن یان دەرمانێکەوە ڕوودەدات. کاریگەری لەسەر ئەو بەشەی گورچیلە هەیە کە پێی دەوترێت (Interstitium) کە بۆشاییەکی پڕ لە شلەیە. ئەگەر پزیشک بە خێرایی دەرمانی هۆکاری هەوکردنەکەی ڕاگرت، ئەوا ئەگەری چاکبوونەوەی تەواوەتی هەیە لە ماوەی چەند هەفتەیەکی کەمدا. بەڵام هەندێک جار زیانەکان تا ڕادەی لەکارکەوتنی گورچیلە پەرەدەسێنن.

هۆکارەکان

هۆکاری جیاواز هەیە بۆ هەوکردنی گورچیلە. لە هەندێک حاڵەتدا ڕەنگە هۆکارەکەی ڕوون نەبێت. زۆرجار نەخۆشییەکانی گورچیلە بۆ ماوەییە. هەروەها هەندێک هەوکردن، وەک ئایدز و هەوکردنی جگەری جۆری بی یان سی دەبنە هۆی هەوکردنی گورچیلە. لە هەندێک حاڵەتدا زیانگەشتن بە گورچیلە لە ئەنجامی دەرمانەوە ڕوودەدات، وەک دژە زیندەییەکان هەروەها زۆر بەکارهێنانی دەرمانی ئازارشکێن، دەرمانی دژە هەوکردنی ناستیرۆیدی (NSAIDs)، یان دەرمانە میزپێکەرەکان دەبنە هۆی ئەم حاڵەتە. هەروەها دەکرێت لە ئەنجامی حاڵەتێکی بەرگری خۆکارەوە ڕووبدات وەکوو گورگە سوورە، کە وا دەکات سیستەمی بەرگری لەش بە هەڵە هێرش بکاتە سەر گورچیلە هەروەها شانە و ئەندامەکانی تر.

کێن ئەوانەی مەترسی هەوکردنی گورچیلەیان لەسەرە؟

  • پێشینەی خێزانیی نەخۆشی گورچیلە
  • بەرزە پەستانی خوێن
  • شەکرە
  • قەڵەوی
  • نەخۆشی دڵ
  • تەمەنی ٦٠ ساڵ یان زیاتر

نیشانەکانی هەوکردنی گورچیلە

مەرج نییە هەوکردنی گورچیلە هەمیشە نیشانەی بەرچاوی لێبکەوێتەوە. هەندێک لە نیشانەکان بریتین لە:

  • میزی کەفاوی یان ڕەنگی تۆخ
  • کەم میزکردن
  • ئاوسانی قاچ و پێیەکان
  • زیادبوونی کێش بەهۆی کۆبوونەوەی ئاو لە لەشدا
  • سەرئێشە
  • خەواڵوویی
  • بەرزە پەستانی خوێن

دەستنیشانکردنی هەوکردنی گورچیلە

ئەگەر گومانی هەوکردنی گورچیلەت لێ بکرێت، پزیشک بە شێوەیەکی گشتی چەند پشکنینێک ئەنجام دەدات، لەوانە:

  • پشکنینی یوریا نایترۆجین (BUN)ی خوێن
  • پشکنینی کریاتینینی خوێن
  • پشکنینی میز
  • بایۆپسی گورچیلە

چارەسەرەکانی هەوکردنی گورچیلە

چارەسەرکردنی نیفرایتس ڕێگایەکی سەرەکی کەمکردنەوەی هەوکردنی گورچیلەیە هەروەها چارەسەرکردنی هۆکارە بنەڕەتییەکە، هەندێک لە بژاردەکان بریتین لە:

  • دەرمانی دژە هەوکردن
  • گۆڕانکاری لە خۆراک وەک، سنووردارکردنی خواردنی خوێ، پۆتاسیۆم و پرۆتین
  • دەرمانی کۆنترۆڵکردنی بەرزە پەستانی خوێن
  • چارەسەری دژە زیندەیی بۆ هەوکردن
  • لە حاڵەتە توندەکاندا، دەکرێت شۆردنی گورچیلە یان چاندنی گورچیلە ئەنجام بدرێت

خۆپاراستن

هەرچەندە ناتوانین بەتەواوی ڕێگری لە هەوکردنی گورچیلە بکەین، بەڵام هەندێک ڕێگا یارمەتیدەرن لە کەمکردنەوەی مەترسییەکان، کە بریتین لە:

  • وازهێنان لە جگەرەکێشان
  • هێشتنەوەی پەستانی خوێن و شەکری خوێن لە سنوورێکی تەندروستدا
  • وەرزشکردن بە بەردەوامی
  • کێشی ئاسایی
  • خۆراکی تەندروست یارمەتیدەرە لە پاراستنی تەندروستی گورچیلە


سەرچاوەکان



427 بینین