ئەتەکێتی نان خواردن بەپێی سوننەتی پێغەمبەر (ﷺ)

له‌لایه‌ن: - شنۆ نەوزاد شنۆ نەوزاد - به‌روار: 2024-01-19-16:25:00 - کۆدی بابەت: 11867
ئەتەکێتی نان خواردن بەپێی سوننەتی پێغەمبەر (ﷺ)

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئەتەکێتی نان خواردن بەپێی سوننەتی پێغەمبەر (ﷺ) (بە ئینگلیزی: Food in accordance with the prophet's sunnah (ﷺ)، بە عەرەبی: الأكل وفقا للسنة النبوية (ﷺ)) بەشێکی زۆر لە "ئاکارەکانی نان خواردن" کە لە ئیسلامدا هەن نزیکییەکی زۆریان لەگەڵ "ئەکێتەکانی نان خوارد "ی سەردەمدا هەیە.

ئاکارەکان

دەست شوشتن بەر لە نان خواردن

پێویستە بەر لە دەست بردن بۆ نان خواردن دەستەکان بشۆرێن زۆر پەلەی تێدا نەکرێت، بەهۆی ئەوەی کە پێست بڕێک چەوری دەردەدات، بەردەوام سەر ڕووی پێست کەمێک چەورە میکرۆبەکانیش لە نێو ئەو چەورییە خۆ حەشار دەدەن، بۆیە پێویستە بە لایەنی کەم ٢٠ چرکە دەست لەناو کەفاودا بمێنێتەوە و کەفەکە بهێنرێت و ببرێت تا ئەو چینە چەورییە دەتوێتەوە و میکرۆبەکانیش لەگەڵیدا دادەشۆرێن. 

بیسمیللاکردن

هێنانی ناوی خودا لە سەرەتای خواردندا. ئەگەر یەکێک بیری چوو سوننەتە هەر کاتێک بیری هاتەوە بیڵێت، پێغەمبەری خوا فەرموویەتی: کە یەکێکتان نانی خوارد با لە سەرەتاکەیدا بڵێت "بسم اللە" ئەگەر بیری چوو با بڵێت "بسم اللە فی اولە و اخرە".

خواردن بە دەستی ڕاست

لە ئایینی ئیسلامدا ئەوە زۆر بەهەند وەرگیراوە کە بۆ هەموو کارێکی چاک و پاک دەستی ڕاست بەکاربهێنرێت بە تایبەت بۆ خواردن و خواردنەوە.

خۆراک نەخواردن بە گەرمی و فوو لێنەکردنی

خواردن بە گڕ و گەرمی ئامادە دەکرێت بەڵام ناکرێت چۆن لەسەرئاگر دادەگیرێت ئاوا بخورێت، پێغەمبەر فەرموویەتی: خواردنی گەرم سارد بکەنەوە چونکە بەرەکەت لە خواردنی گەرمدا نییە. هەروەها پێغەمبەر قەدەغەی کردووە فوو لە خواردن و خواردنەوە بکرێت. لەناو جەستەی مرۆڤدا هەندێک بەکتریا هەن کە پێیان دەوترێت "بەکتریا سوودبەخشەکان" ئەم بەکتریایانە لە شوێنی خۆیاندا سوودبەخشن بەڵام کە دەکەونە شوێنی ترەوە دەبنە هەڕەشە لەسەر تەندروستی، ناو دەم یەکێکە لەو شوێنانەی کە زۆرترین ژمارەی لەو بەکتریایانە تێدایە کە ژمارەیان دەگاتە دە هەزار ملیار، لەگەڵ هەر فوولێکردنێکدا ملیۆنان لەوانە دەکەونە ناو خواردنەوە بۆیە بەتایبەت تاوانە بە فوو خواردن بۆ منداڵ و بەتایبەت هی ساوا سارد بکرێتەوە، چونکە بەو کارە ملیۆنان بەکتریا دەخرێتە ناو خواردن و لەشیانەوە، ئەمە لەکاتێکیشدا کە بەرگرییان لاوازە.

باش پاروو جوین

گەدە شوێنی سەرەکی هەرسکردنی خۆراکە. ئەگەر ئەو پارووەی شۆڕ دەکرێتەوە ناوی باش نەجاورابێت زۆر ماندوو دەبێت، بەمەش بەد هەرسی و سک ئێشە دەکەوێتەوە. تا پاروویەکیش قوت نەدرێت دەست بۆ پاروویەکی تر نەبرێت نەک پاروویەک لەناو دەم و یەکێک لە دەست بێت و چاویش لەناو قاپ بێت کە یەکێک لە هۆیەکانی زۆر خۆرییە چونکە تۆزێک درەنگ هەواڵی تێربوون  دەگات بە مێشک بۆیە کاتێک بە ماوەیەکی کەم خواردن دەخورێت زۆر خواراوە و هێشتاش پەیامی تێربوون لە گەدەوە بە مێشک نەدراوە بەمەش زۆر دەخورێت.  

هەڵگرتنەوەی ئەو خواردنانەی دەکەونە خوارەوە

زۆرجار لە کاتی نان خواردندا بەشێک لە خواردنەکە لەدەست بەردەبێتەوە لە سوننەتی پێغەمبەری خوا جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئەو خواردنانە هەڵبگیرێتەوە، پێغەمبەر فەرموویەتی: ئەگەر یەکێکتان پاروویەک لە دەستی کەوتە خوارەوە با ئەوەی کەوتووەتە سەری لای ببات ئینجا بیخوات و بۆ شەیتانی لێنەگەڕێت. جا هەندێک کەس تانە لەم فەرموودەیە دەدەن کە چۆن دەبێت شتێک بکەوێتە سەر زەوی بەو پیسییە هەڵبگیرێتەوە و بخورێت، ئەوانە دەبێت بێ ئاگا بن یان خۆ نەبان بکەن لەوەی کە بەپێی سوننەت خواردن بە پێوە ناخورێت و سفرە ڕادەخرێت.

شوکرانەکردنی خوا

پێویستە دوای نان خواردن شوکرانەی خوا بکرێت کە ئەو ڕۆزییەی بەخشیوە، نیشانەی پێزانینە و دەبێتە هۆی ڕەزامەندی خوای گەورە، هەروەک پێغەمبەر فەرموویەتی: خوای گەورە لەو بەندەیە ڕازی دەبێت کە خواردنێکی خوارد یان خواردنەوەیەک خواردەوە ستایشی لەسەر بکات.

دەست شوشتن دوای نان خواردن

بەهۆی ئەوەی دەشێت لەکاتی نان خواردندا دەست چەور بێت دەست شوشتن دوای نان خواردنیش گرنگە چونکە چەوری سروشتێکی گریسی هەیە دەبێتە هۆی جلک و بەرگ پیس بوون و نیشتنی تۆز و میکرۆبیش. خاڵێکی گرنگ کە جێی خۆیەتی ئاماژەی پێ بدرێت ئەوەیە کە زۆر پێویستە لە کاتی دەست شوشتن بە تایبەت لە دەرەوەی ماڵ سابوونی شل بەکاربهێنرێت نەک هی ڕەق چونکە لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە زانستییەکان دەرکەوتووە وردە زیندەوەرە نەخۆشخەرەکان لەسەر سابوون دەنیشن و بەم جۆرەش لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگوازرێتەوە.


سەرچاوەکان



638 بینین