پشکنینە تاقیگەییەکانی شێرپەنجە

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-01-20-19:28:00 - کۆدی بابەت: 11881
پشکنینە تاقیگەییەکانی شێرپەنجە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پشکنینە تاقیگەییەکانی شێرپەنجە (بە ئینگلیزی: Laboratory tests for cancer، بە عەرەبی: الاختبارات المختبرية للسرطان) لە دەستنیشانکردنی شێرپەنجەوە بۆ چاودێریکردن و هەڵسەنگاندنی چارەسەری و بەرەو پێشچوونەکانی گرنگییەکی زۆر بە پشکنینی تاقیگەیی دەدرێت لە پاڵ گرنگترین پشکنینەکانی دەستنیشانکردنی شێرپەنجە. هەر بۆیە لە دەستپێکی گومانی بوونی شێرپەنجە پزیشکی پسپۆڕ داوای ئەنجامدانی چەند پشکنینێکی تاقیگەیی دەکات، دواتر بە گوێرەی ئەنجامەکان دەکرێت داوای پشکنینی زیاتر بکات.

ئەوە زانراوە ناکرێت تەنها بە پشت بەستن بە ئەنجامی پشکنینە تاقیگەییەکان دەستنیشانی شێرپەنجە بکرێت. ئەویش لەبەر دوو هۆکارە کە بریتین لە:

  • شێرپەنجە بە یەکێک لە نەخۆشییە مەترسیدارەکان دادەنرێت بۆیە دەستنیشانکردنی زۆرترین لێوردبوونەوە و لێکۆڵینەوەی پێویستە.
  • هیچ پشکنینێکی تاقیگەییمان نییە بتوانێت دەستنیشانی تەواوەتی بوونی شێرپەنجە بکات. پشکنینە تاقیگەییەکان تەنها بەرچاو ڕوونییەکی زیاتر لەسەر دۆخی نەخۆشەکە دەدەن کە گرنگە بە دوایدا پشکنینی دیکەی وەکوو تیشک ئەنجامبدرێت بۆ پشتڕاستکردنەوەی دەستنیشانکردنەکە.

هۆکاری ئەنجامدانی پشکنینە تاقیگەییەکان

بەرزی یان نزمی هەندێک ماددەی دیاریکراو لە جەستەدا لەوانەیە نیشانەی شێرپەنجە بێت. بۆیە پشکنینی تاقیگەیی بۆ خوێن و میز و شلەکانی تری جەستە کە ئەم ماددانە پێوانە دەکەن دەتوانن یارمەتی پزیشکەکان بدەن بۆ دەستنیشانکردنی. بەڵام ئەنجامەکانی تاقیگەی نائاسایی نابنە نیشانەی دڵنیانی بۆ شێرپەنجە. ئەنجامەکانی پشکنینی تاقیگە لەگەڵ ئەنجامەکانی پشکنینەکانی تر بەکاردێن، وەک پشکنینی وەرگرتنی نموونەی شانەیی و وێنەگرتن، بۆ یارمەتیدان لە دەستنیشانکردن و وەرگرتنی زانیاری زیاتر دەربارەی شێرپەنجەی کەسێک.

پێویستە ئەوە لەبیربێت کە ئەنجامەکانی تاقیگە بۆ کەسانی تەندروست لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت. هۆکارەکانی ئەم جیاوازییانە بریتین لە تەمەن، ڕەگەز، نەژاد، مێژووی پزیشکی و تەندروستی گشتی. لە ڕاستیدا، ئەنجامەکانی خۆت لەوانەیە لە ڕۆژێکەوە بۆ ڕۆژێکی تر جیاواز بن. لەبەرئەوەی ئەنجامە ئاساییەکان دەتوانن کەمێک باز بدەن، هەربۆیە زۆرجار لە مەودایەکدا ڕاپۆرت دەکرێن، لەگەڵ سنووری خوارووتر و سەرووتر. ئەم پشکنینانە پشت دەبەستن بە ئەنجامی پشکنینی ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانەی کە لە ڕابردوودا پشکنینیان بۆ کراوە.

بۆ هەنێک لە پشکنینەکان، دەکرێت ئەنجامی ئاسایی هەبێت تەنانەت ئەگەر شێرپەنجەش هەبێت. هەروەها دەکرێت ئەنجامەکانی پشکنین لە دەرەوەی مەودای ئاسایی بێت تەنانەت ئەگەر کەسەکە تەندروست بیت. ئەمانە هەندێک لە هۆکارەکانی ئەوەیە کە پشکنینەکانی تاقیگە بە تەنها ناتوانن بە دڵنیاییەوە بڵێن کە ئایا شێرپەنجە بوونی هەیە یان هەر نەخۆشییەکی تر. پزیشک باشترین کەسە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەنجامەکانی پشکنینی تاقیگەیی و دیاریکردنی ئەوەی مانایان چییە.

باوترین پشکنینە تاقیگەییەکان

هەندێک جۆری باوی پشکنینی تاقیگەیی کە بەکاردێت بۆ دەستنیشانکردنی شێرپەنجە بریتین لەمانە:

  • پشکنینی کیمیای خوێن
  • پشکنینی تێکڕای پێکهاتەکانی خوێن
  • شیکردنەوەی بۆماوەیی خانەیی
  • پشکنینی چەشنی بەرگری
  • وەرگرتنی نموونەی شانەیی شل
  • لێکۆڵینەوەی خانەیی بەڵغەم
  • پشکنینی نیشانەکانی گرێ
  • شیکاری میز
  • لێکۆڵینەوەی خانەیی بۆ میز

پشکنینی کیمیای خوێن

پشکنینی کیمیایی خوێن بڕی ئەو ماددانە دەپێوێت کە لە لایەن ئەندامەکان و شانەکانی جەستەوە دەچنە ناو خوێنەوە. ئەم ماددانە میتابۆلیت، ئەلیکترۆلیت، چەوری، شەکر و پڕۆتین دەگرێتەوە، هەروەها ئەنزیمەکانیش.

چۆنیەتی بەکارهێنانی: پشکنینی کیمیای خوێن زانیاری گرنگ دەدات دەربارەی ئەوەی گورچیلەکان و جگەر و ئەندامەکانی تر چەند باش کار دەکەن. بەرزی یان نزمی هەندێک ماددە لە خوێندا لەوانەیە نیشانەی نەخۆشی یان کاریگەری لاوەکی چارەسەر بێت.

پشکنینی تێکڕای پێکهاتەکانی خوێن

پشکنینی تێکڕای پێکهاتەکانی خوێن ژمارەی خڕۆکە سوورەکانی خوێن و خڕۆکە سپییەکانی خوێن و پەڕەکانی خوێن لە خوێندا پێوانە دەکات. هەروەها بڕی هیمۆگلۆبین (ئەو پڕۆتینەی ئۆکسجین هەڵدەگرێت) لە خوێندا دەپێوێت، بڕی خوێن کە لە خڕۆکە سوورەکانی خوێن پێکهاتووە و ڕێژەی خوێن دیاریدەکات (هیماتۆکریت)، قەبارەی خڕۆکە سوورەکانی خوێن و بڕی خەستی هیمۆگلۆبین لە خڕۆکە سوورەکانی خوێن هەموو ئەمانەش پێوانە دەکات.

چۆنیەتی بەکارهێنانی: پشکنینی تێکڕای پێکهاتەکانی خوێن زۆرجار بەشێکە لە پشکنینی تەندروستی ڕۆتینی. لەوانەیە یارمەتی دەستنیشانکردنی هەندێک لە شێرپەنجەکان بدات، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندیدارن بە خوێنەوە. هەروەها بەکاردێت بۆ چاودێریکردنی تەندروستی لە کاتی چارەسەرکردن و دوای چارەسەرکردن.

شیکردنەوەی بۆماوەیی خانەیی

شیکردنەوەی بۆماوەیی خانەیی (Cytogenetic) بەدوای گۆڕانکاری لە کرۆمۆسۆمەکان دەگەڕێت لە نموونەکانی شانە، خوێن، مۆخی ئێسک، یان شلەی دەوری سەراو. گۆڕانی کرۆمۆسۆم لەوانەیە بریتی بێت لە شکان، ونبوون، دووبارە ڕێکخستنەوە، یان وەرگرتنی کرۆمۆسۆمی زیاتر. گۆڕانی هەندێک کرۆمۆسۆم لەوانەیە نیشانەی نەخۆشییەکی بۆماوەیی بێت یان هەندێک جۆری شێرپەنجە بێت.

چۆنیەتی بەکارهێنانی: شیکردنەوەی بۆماوەیی خانەیی دەکرێت بەکاربهێنرێت بۆ یارمەتیدان لە دەستنیشانکردنی شێرپەنجە، پلاندانانی چارەسەر، یان دۆزینەوەی ئەوەی چارەسەر چەنێک بە باشی کار دەکات.

پشکنینی چەشنی بەرگری

پشکنینی چەشنی بەرگری (Immunophenotyping) دژەتەن بەکاردێنێت بۆ ناسینەوەی خانەکان لەسەر بنەمای جۆری دژەپەیداکەرەکان یان نیشانەکان کە لەسەر ڕووی خانەکان هەن. زۆربەی کات لەسەر نموونەی خوێن یان مۆخی ئێسک ئەنجام دەدرێت. بەڵام دەکرێت لەسەر نموونەی شلەی لەش یان نموونەی شانەی تریش ئەنجام بدرێت.

چۆنیەتی بەکارهێنانی: پشکنینی چەشنی بەرگری یارمەتی دەستنیشانکردنی قۆناغەکانی شێرپەنجە و چاودێریکردنی شێرپەنجەی خوێن و نەخۆشییەکانی تری خوێن دەدات، وەک نەخۆشی خوێن، شیرپەنجەی خڕۆکە سپییەکان، نەخۆشییەکانی مایلۆدیسپلاستیک (کۆنیشانەی تێکچوونی مۆخی ئێسک) و نەخۆشییەکانی مایلۆپرۆلایتیڤ (زیاد بەرهەمهێنانی خانەکان لە مۆخی ئێسکەوە).

وەرگرتنی نموونەی شانەیی شل

وەرگرتنی نموونەی شانەیی شل (Liquid biopsy) پشکنینێکە کە لەسەر نموونەی خوێن ئەنجام دەدرێت بۆ گەڕان بەدوای خانە شێرپەنجەییەکان یان پارچەکانی دی ئێن ئەی لە خانەکانی لوو (گرێ) کە هەندێک جار دەردەدرێن بۆ ناو خوێن.

چۆنیەتی بەکارهێنانی: پشکنینی وەرگرتنی نموونەی شانەیی شل لەوانەیە یارمەتی دۆزینەوەی شێرپەنجە بدات لە قۆناغەکانی سەرەتادا. هەروەها دەکرێت بەکاربهێنرێت بۆ یارمەتیدان لە پلاندانانی چارەسەر یان بۆ دۆزینەوەی ئەوەی چەند چارەسەر بە باشی کار دەکات یان دیاریکردنی ئەوەی شێرپەنجە گەڕاوەتەوە.

لێکۆڵینەوەی خانەیی بەڵغەم

لێکۆڵینەوەی خانەیی بەڵغەم بەدوای خانە نائاساییەکاندا دەگەڕێت لە بەڵغەمدا، کە لینج و ماددەی دەگرێتەوە لە سییەکانەوە بە کۆکە دەکرێتە دەرەوە.

چۆنیەتی بەکارهێنانی: لێکۆڵینەوەی خانەیی بەڵغەم دەتوانێت یارمەتی دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی سییەکان بدات.

پشکنینی نیشانەکانی گرێ

پشکنینەکان بۆ نیشانەکانی شێرپەنجە و گرێکان ئەو ماددانە پێوانە دەکەن کە لەلایەن خانە شێرپەنجەییەکان یان خانەکانی تری لەش بەرهەم دەهێنرێن لە وەڵامی شێرپەنجەدا. زۆربەی نیشانەکانی شێرپەنجە لەلایەن خانە ئاساییەکان و خانە شێرپەنجەییەکانەوە دروست دەکرێن. بەڵام لە ئاستێکی زۆر بەرزتردا لەلایەن خانە شێرپەنجەییەکانەوە بەرهەم دەهێنرێن.

چۆنیەتی بەکارهێنانی: نیشانەکانی شێرپەنجە دەتوانرێت بەکاربهێنرێن بۆ یارمەتیدان لە دەستنیشانکردنی شێرپەنجە، بڕیاردان لەسەر چارەسەر، پێوانی ئەوەی چارەسەر چەند بەباشی کاردەکات، و چاودێری ئەو نیشانانە دەکات کە دەکرێت دەرخەری گەڕانەوەی شێرپەنجە بن.

شیکاری میز

شیکاری میز وەسفی ڕەنگی میزەکە دەکات و پێکهاتەکانی پێوانە دەکات، وەک شەکر، پڕۆتین، خڕۆکە سوورەکانی خوێن و خڕۆکە سپییەکان.

چۆنیەتی بەکارهێنانی: شیکاری میز دەتوانێت یارمەتی دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی گورچیلە، شێرپەنجەی مەمک و دەگمەنترین شێرپەنجەی خوێنبەرەکان بکات.

لێکۆڵینەوەی خانەیی بۆ میز

لێکۆڵینەوەی خانەیی بۆ میز دەکریت نەخۆشی بدۆزێتەوە بە گەڕان بەدوای خانە نائاساییەکان کە لە ڕێڕەوی میزەوە بۆ ناو میزەکە دەڕژێت.

چۆنیەتی بەکارهێنانی: لێکۆڵینەوەی خانەیی بۆ میز یارمەتی دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی گورچیلە، شێرپەنجەی میزەڕۆ، و دەگمەنترین شێرپەنجەی خوێنبەرەکان دەدات. هەروەها دوای چارەسەری شێرپەنجە، بەکاردێت بۆ چاودێریکردنی نیشانەکانی گەڕانەوەی شێرپەنجە.

وەرگرتنی نموونەی شانەیی

لە زۆربەی حاڵەتەکاندا پزیشکەکان پێویستە وەرگرتنی نموونەی شانەیی ئەنجام بدەن بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی کە شێرپەنجە بوونی هەیە. وەرگرتنی نموونەی بریتییە لە نەشتەرکارییەک کە تێیدا پزیشک نموونەی شانەی نائاسایی لادەبات. پزیشکێکی نەخۆشی لەژێر مایکرۆسکۆپێکدا سەیری شانەکە دەکات و پشکنینی دیکە لەسەر خانەکانی نموونەکە ئەنجام دەدات. پزیشکی نەخۆشیزانی لە ڕاپۆرتێکی نەخۆشیدا باس لە ئەنجامەکان دەکات، کە وردەکاری دەربارەی دەستنیشانکردنەکەی تێدایە. زانیاری لە ڕاپۆرتەکانی نەخۆشیزانی هەروەها دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ نیشاندانی ئەوەی کە چی بژاردەیەکی چارەسەر گونجاوە بۆ کەسەکە.

ئەوەی جێی ئاماژەیە وەرگرتنی نموونەی شانەیی بە پشکنینی تاقیگەیی دانانرێت هەر چەندە نموونە وەرگیراوەکە لە ژێر  مایکرۆسكۆپ و لە تاقیگەدا شیکاری لەسەر دەکرێت. چونکە ئەو کەسەی نموونەکە وەردەگرێت دەبێت پزیشکی پسپۆڕ بێت هەروەها دواتر خۆی سەرپەرشتی پرۆسەی شیکارییەکە و خوێندنەوەی ئەنجامەکان دەکات.

نموونەی شانە دەتوانرێت بە چەند ڕێگایەک وەربگیرێت لەوانە:

بە دەرزی: پزیشک دەرزیەک بەکاردەهێنێت بۆ لابردنی شانە یان شلە. ئەم ڕێگایە بەکاردێت بۆ مۆخی ئێسک، وەک لێدانی پشت، و هەندێک نموونەی شانەیی مەمک و پرۆستات و جگەر.

لەگەڵ ناوبین: پزیشک بۆڕییەکی تەنک و ڕووناککراو بە ناوی ئێندۆسکۆپ یاخود ناوبین دەخاتە ناو بەشە کراوە سروشتییەکانی جەستە وەک دەم یان کۆم. پزیشک دەتوانێت هەندێک یان هەموو شانە نائاساییەکان لە ڕێگەی ئیندۆسکۆپەوە لاببات.

نموونەی پشکنینەکانی ناوبینی بریتین لە:

  • ناوبینی کۆڵۆن: پشکنینی ناوبینی کۆلۆن و ڕیخۆڵە. لەم جۆرە پشکنینەدا، ناوبینێک بەناو کۆمدا تێدەپەڕێت.
  • ناوبینی بۆڕی هەوا: کە پشکنینێکە بۆ ڕێڕەوی هەناسەدان، بۆڕییەکانی هەوا، بۆڕیچکەکانی هەوا و سییەکان. لەم جۆرە پشکنینەدا، ناوبینێک بەناو دەم یان لووت و خوارەوەی قوڕگدا دەڕوات.

نەشتەرکاری: نەشتەرکارێک لە کاتی نەشتەرکاریدا خانەی نائاسایی لادەبات. نەشتەرکارییەکە لەوانەیە بە شێوەیەکی تەواوەتی یان بە شێوەیەکی بەشەکی بێت.

لە وەرگرتنی نموونەی شانەیی تەواوەتیدا، نەشتەرکاریەکە تەواوی ڕووبەری خانە نائاساییەکان لادەبات. هەروەها هەندێک لە شانە ئاساییەکانی دەوروبەری ئەم خانانە لادەبرێن.

لە نموونەی وەرگرتنی شانەیەکی بەشەکیدا، نەشتەرکاری تەنها بەشێک لە ناوچەی نائاسایی لادەبات.

هەندێک لە کەسەکان لەوانەیە پێویستیان بە ئارامکەرەوە یان بێهۆشکەر هەبێت. دەرمانی ئارامکەرەوە ئەو دەرمانەیە کە یارمەتیت دەدات پشوو بدەیت و زۆر بە بێدەنگی بمێنیتەوە لە کاتی ئەنجامدانی پرۆسەکە.

سڕکەر لە هەستکردن بە ئازار دەتپارێزێت ئەمە ئاماژە بە دەرمانەکان یان ماددەکانی تر دەکات کە دەبنە هۆی لەدەستدانی هەست و هۆشیاری.

سێ جۆر بێهۆشی هەیەکە بریتین لە:

  • بێهۆشی ناوچەی بچوک (local): لەدەستدانی هەست لە ناوچەیەکی بچووکدا.
  • بێهۆشی ناوچەیی (regional): کە دەبێتە هۆی لەدەستدانی هەست لە بەشێکی جەستەدا وەک دەست یان قاچ.
  • بێهۆشی گشتی (general): کە دەبێتە هۆی لەدەستدانی هەست و لەدەستدانی تەواوی هۆشیاری کە وەک خەوێکی زۆر قووڵ دەردەکەوێت.

چی ڕوودەدات ئەگەر پشکنینەکان دەریبخەن شێرپەنجە هەیە

ئەگەر نموونەی شانەی وەرگیراو و پشکنینەکانی تر نیشانیان دا کە کەسەکە شێرپەنجەی هەیە، لەوانەیە پشکنینی زیاتر داوا بکرێت بۆ یارمەتیدانی پزیشک لە پلاندانان بۆ دیاریکردنی چارەسەرکردن. بۆ نموونە، پزیشک لەوانەیە پشکنینی دیکە ئەنجام بدات بۆ ئەوەی بزانێت ئایا شێرپەنجەکە بڵاو بووەتەوە و تا چەندێک مەترسیدارە. ئەم زانیارییە گرنگە بۆ زانینی قۆناغی شێرپەنجەکە بۆ هەندێک لە جۆرەکانی شێرپەنجە، شیکاری دیکە بۆ نەخۆشەکە ئەنجام دەدرێت بۆ دۆزینەوەی پلەی گرێکەی. یان نیشانەکانی شێرپەنجە لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێت بۆ دۆزینەوەی ئەو گروپە مەترسییەی کە دەکرێت پەرەبسێنن. ئەم زانیاریانە گرنگن بۆ بڕیاردان لەسەر باشترین چارەسەری هەروەها لەوانەیە گرێیەکەت زیاتر پشکنینی لەسەر بکرێت بۆ نیشانەکانی تری گرێ یان نیشانە بایۆلۆجییەکان.

پشکنینی وەرگرتنی وێنەیی

وەرگرتنی وێنە، وێنەی ئەو ناوچانە دروست دەکات کە لەناو جەستەدا هەیە کە یارمەتی پزیشک دەدات بزانێت ئایا لووەکە بوونی هەیە. ئەم وێنانه دەتوانرێت به چەند شێوه یەک دروست بکرێن.

باوترین نموونەکانی پشکنینی وەرگرتنی وێنەیی

  • تۆمۆگرافیای کۆمپیوتەری
  • وێنەگرتنی زرنگەی کارەبایی
  • پشکنینی ناوکی
  • وێنەگرتنی ئێسک
  • وێنەگرتنی PET
  • سۆنەر
  • تیشکی ئێکس


سەرچاوەکان



302 بینین