ژێرمێشکە ڕژێن

له‌لایه‌ن: - فیردەوس جەزا جاف فیردەوس جەزا جاف - به‌روار: 2024-03-02-19:51:00 - کۆدی بابەت: 12045
ژێرمێشکە ڕژێن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ژێرمێشکە ڕژێن (بە ئینگلیزی: Pituitary gland، بە عەرەبی: الغدة النخامیة) بریتییە لە ڕژێنێکی بچووک کە تیرەکەی نزیکەی یەک سانتیم دەبێت، بە ژێرلانکەوە بەند دەبێت لە ڕێگەی قەدۆکەیەکی کورتەوە کە پێدەوترێ قەدی پێتیوتەری (ژێرمێشکە ڕژێن). چەندین هۆرمۆنی گرنگ دەردەکات و کۆنترۆڵی کرداری زۆرێک لە کوێرە ڕژێنە کۆئەندام دەکات.

ڕژێن ئەندامێکە کە ماددەیەک یان زیاتر دروست دەکات، وەک هۆڕمۆنەکان، شلەی هەرس، ئارەق یان فرمێسک. کوێرە ڕژێنەکان هۆرمۆنەکان دەردەدەن ڕاستەوخۆ بۆ ناو جۆگەکانی خوێن.

هۆڕمۆنەکان ماددەیەکی کیمیایین کە ڕێکخستنی کردارە جیاوازەکانی جەستەت دەکەن بە گواستنەوەی پەیام لە ڕێگەی خوێنەوە بۆ ئەندامە جۆراوجۆرەکان، وەک پێست، ماسولکەکان و شانەکانی تر. ئەم نیشانانە بە جەستەت دەڵێن چی بکات و کەی ئەنجامی بدات.

ژێرمێشکە ڕژێن دابەش دەبێت بەسەر دوو بەش یاخود دوو پلی سەرەکیدا:

  • پلی پێشەوەی ژێرمێشکە ڕژێن
  • پلی پشتەوەی ژێرمێشکە ڕژێن

ئەو هۆڕمۆنانە کامانەن کە ژێرمێشکە ڕژێن دروستی دەکات؟

ئەو هۆڕمۆنانەی پلی پێشەوەی ژێرمێشکە ڕژێن دروستی دەکەن و دەریدەدەن بریتین لە:-

  • هۆڕمۆنی هاندەری توێکڵی ئەدریناڵ (ACTH): ڕۆڵ دەبینێت لە چۆنیەتی وەڵامدانەوەی جەستە بۆ فشار. هانی ڕژێنی ئەدریناڵ دەدات بۆ دروستکردنی کۆرتیزۆڵ (هۆڕمۆنی سترێس)، کە چەندین فرمانی هەیە، لەوانە ڕێکخستنی مێتابۆلیزم، پاراستنی پەستانی خوێن، ڕێکخستنی ئاستی گلوکۆزی خوێن (شەکری خوێن) و کەمکردنەوەی هەوکردن.
  • هۆڕمۆنی هاندەری چیکڵدانە (FSH): هانی توخمە ڕژێنەکان بۆ بەرهەم هێنانی گەمیتەکان و توخمە هۆڕمۆنەکان دەدات. هێلکەخانەکان هاندەدات بۆ بەرهەمهێنانی ئیسترۆجین و ڕۆڵی هەیە لە گەشەی هێلکە. ئەمە بە هۆڕمۆنی گۆنادۆترۆپیک ناسراوە.
  • هۆڕمۆنی گەشە (GH): لە منداڵاندا، هۆڕمۆنی گەشە هانی گەشە دەدات. بە واتایەکی تر، ئەم هۆڕمۆنە یارمەتی منداڵان دەدات زیاتر گەشە بکەن. لە کەسانی پێگەیشتوودا، هۆرمۆنی گەشەکردن یارمەتی پاراستنی ماسولکە و ئێسکە تەندروستەکان دەدات و کاریگەری لەسەر دابەشبوونی چەوری هەیە. هەروەها GH کاریگەری لەسەر میتابۆلیزمی تۆ هەیە (چۆن جەستەت ئەو خۆراکانەی کە دەیخۆیت دەگۆڕێت بۆ وزە).
  • هۆڕمۆنی هاندەری خانەی میلانین (MSH): دەبێتە هۆی گۆڕانی ڕەنگی پێست لە زۆربەی خشۆکەکان و ماسییەکاندا بەڵام خەستی و ڕێژەی ئەم هۆڕمۆنە لە مرۆڤدا کەمە.
  • هۆڕمۆنی هاندەری تەنی زەرد (LH): ئەم هۆڕمۆنە بەرهەمهێنانی پڕۆجیسترۆن و ئیسترۆجین وریادەکاتەوە و دەبێتە هۆی دەستپێکردن بە هێلکەدانان لە مێیە، بەرهەم هێنانی تێستۆسترۆن لە نێرەدا وریادەکاتەوە.
  • پڕۆلاکتین: هانی بەرهەم هێنانی شیر دەدات لە شیرە ڕژێنەکانی مەمکی دایک بە بڕێکی دیاریکرا و پاش منداڵبوون. هەروەها دەتوانێت کاریگەری دروست بکات لەسەر پیتاندن و کرداری سێکسی لە کەسانی تازە پێگەیشتوودا.
  • هۆڕمۆنی هاندەری ثایرۆیدە ڕژێن (TSH): هانی ثایرۆیدە ڕژێن دەدات بۆ دروستکردنی هۆڕمۆنی ثایرۆید کە میتابۆلیزم و ئاستی وزە و کۆئەندامی دەمار بەڕێوە دەبات.

دەمارە خانەکانی ناو ژێرلانک پێیان دەگوترێت دەمارەخانەی دەردانی و هەڵدەستن بە بەرهەمهێنانی هەردوو هۆڕمۆنی ئۆکسیتۆسین و هۆڕمۆنی دژەمیزتن. تەوەرەی ئەو خانانەش لە ژێرلانکەوە بۆ پلی دواوەی (پشتەوەی) ژێرمێشکە ڕژێن درێژدەبنەوە. پلی دواوەی ژێرمێشکە ڕژێن ئەم هۆڕمۆنانەی خوارەوە کۆگا دەکات و دەردەدات بەڵام لە لایەن ژێرلانکەوە دروست دەکرێت:

  • هۆرمۆنی دژەمیزتن (ADH): ئەم هۆرمۆنە هاوسەنگی ئاو و ئاستی سۆدیۆم لە لەشدا ڕێکدەخات.
  • ئۆکسیتۆسین: ژێرلانک ئۆکسیتۆسین دروست دەکات و ژێرمێشکە ڕژێنیش کۆگای دەکات و دەری دەدات. ئۆکسیتۆسین یارمەتی ژان دەدات بۆ پێشکەوتن لە کاتی منداڵبووندا بە ناردنی ئاماژە بۆ مناڵدان بۆ گرژبوون. کەواتە ئەم هۆڕمۆنە دەبێتە هۆی دەستپێکردن بە گرژبوونی ماسولکەکانی مناڵدان لە ماوەی مناڵنووندا و وریاکردنەوەی وروژمکردنی شیر لە مەمک لە کاتی شیرپێدان. لەو کەسانەی کە لە کاتی لەدایکبووندا نێریان پێ سپێردراوە، ئۆکسیتۆسین ڕۆڵێک دەگێڕێت لە جوڵاندنی تۆو. 

فرمانەکانی ژێرمێشکە ڕژێن چین؟

ئەرکی سەرەکی ژێرمێشکە ڕژێن ئەوەیە کە چەند هۆرمۆنێک بەرهەم بهێنێت و دەریبدات کە یارمەتی ئەنجامدانی ئەرکە گرنگەکانی جەستە دەدات، لەوانە:

  • گەشەکردن.
  • مێتابۆلیزم (چۆن جەستەت وزە دەگۆڕێت و بەڕێوەی دەبات لەو خواردنانەی دەیخۆیت).
  • زاوزێ.
  • وەڵامدانەوەی فشاری دەروونی یان تراوما.
  • شیردان.
  • ئاو و سۆدیۆم هاوسەنگکردن.
  • ژان و منداڵبوون.

ئایا دەکرێت بژین بە بێ هۆڕمۆنی ژێرمێشکە ڕژێن؟

دەکرێت ژیان بکرێت بەبێ ژێرمێشکە ڕژێن بەڵام هەتا ئەو کاتەی دەرمان وەربگریت بۆ جێگرەوەی ئەو هۆرمۆنانەی کە لەدەستت داوە. هۆڕمۆنەکانی ژێرمێشکە ڕژێن زۆر گرنگن بۆ پاراستنی چەندین کرداری جەستەیی و نەبوونی هەموو هۆڕمۆنەکانی مەترسی لەسەر ژیان دروست دەکات.

ئەو هۆڕمۆنانەی کە ئەم ڕژێنە دەریان دەدات کاریگەری لەسەر زۆرێک لە بەشەکانی جەستە هەیە، بەتایبەتی:

  • ثایرۆید.
  • ئەندامەکانی کۆئەندامی زاوزێ، لەوانە هێلکەدان و گونەکان.
  • ڕژێنی ئەدرینال.


سەرچاوەکان



130 بینین