ئەدەبیاتی چینی

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-03-04-22:45:00 - کۆدی بابەت: 12060
ئەدەبیاتی چینی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئەدەبیاتی چینی (بە عەرەبی: الادب الصيني، بە ئینگلیزی: Chinese Literature) ئەدەبیاتی گەلی چین، بە یەکێک لە کۆنترین و گرنگترین ئەدەبیاتەکانی ئاسیا و جیهان دادەنرێت، ئەم ئەدەبیاتە کاریگەرییەکی بەرفراوانی لەسەر گەلانی ناوچەکە و شارستانیەتی سند هەبووە. مێژووی سەرهەڵدانی هەزاران ساڵ پێش زایینیە. کە سەرەتای سەرهەڵدانیشی بە فەلسەفە و فەلسەفەی ئەفسانەیی دەستی پێکرد و تا لە دواجاریشدا بە چیرۆک و ڕۆمان و هۆنراوە کۆتایی هات. شایەنی باسە ئەم قوتابخانە ئەدەبییەی چین، ڕێبەری کار و کردەوەی پاشاکانی چین خۆی و وڵاتانی دراوسێ بووە. بە جۆرێک ناو و ناوبانگی فەیلەسوف و نووسەرە چینییەکان لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ئاسیادا دەبیسترا، لە شانشینەکانی کۆریا وەک جۆسۆن و شیلا و گۆگریۆ و بایکجی پڕۆگرامی خوێندنی شازادەکان بوون، گەر شازادەیەک نەیتوانیبا لە دەقی کتێبێکی چینی تێبگات ئەوا ڕووبەڕووی ڕەخنەی وەزیرەکان و کاربەدەستانی شانشینەکە دەبوونەوە و تەنانەت زۆر جار لە نازناوی جێنشین و تەختی شاهانە بێبەش کراون بەهۆکاری تێنەگەیشتن لە دەقێک. 

ئەدەبیاتی چینی باس لە چی دەکات؟

گەر سەرنجی کۆنترین دەقە ئەدەبییەکانی وڵاتی چین بدرێت، نووسراوەکان لە بابەتی بنیادی کەسی و پاکبوونەوەی ڕۆح لە تاوان و زمان پاراوی لە گوفتاردا و سەرکردایەتی کردن و درک کردن بە ڕاستی شتەکان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و چۆن لە کاردا سەرکەوتوو دەبیت؟ و هەندێ جاریش بەتایبەتی لە بارەی هونەرەکانی بەرگری و شەڕکردن بە شێوەی ئەدەبیانە نووسراون.

بەڵام ئەم بابەتانە بۆ هەموو کەسێک نەبوون و هەموو کەس نەیدەتوانی لێیان سوودمەند بێت. چونکە بنیادنانی کەسی و بابەتە فەلسەفی و داناییەکان تەنها بۆ بنەماڵەی شاهانە بوون، خەڵکی گشتی نەخوێندەوار بوون و نەیاندەتوانی سوود لە نووسراوی کتێب ببینن. بە شێوەیەکی گشتی ئەدەبیاتی چینی بۆ خانەدان سوودی زیاتر بوو وەک لە خەڵکی گشتی ناو کۆمەڵگە. 

ئەدەبیاتی چینی بە چ شتێک لە ئەدەبیاتەکانی تر جیادەکرێتەوە؟

گەر سەرنجی نووسراوە کلاسیکییەکان، ئەوانەی سەردەمی فەرمانڕەوایی پاشاکان و شارستانیەتی سند بدرێت، هەر کتێبێک بە شێوازی گفتوگۆ نووسراوە بۆ ئەوەی وەڵامی پرسیاری خوێنەر بداتەوە و هیچ شتێک جێنەهێڵێت، ئەم ناوەڕۆکە لە کتێبە فەلسەفییەکاندا بە ئاشکرا دەبینرێت، کە تیایدا نووسەر وەک بڵێی قسە لەگەڵ خوێنەردا دەکات، هەنگاو بە هەنگاو پرسە گرنگەکانی بۆ شیدەکاتەوە، بەڵام دەبێت ئەوە بزانرێت لە ئەدەبیاتدا دوو جۆر گەیاندنی پەیام هەیە، یەکەمیان لە خوێندنەوەی دەقەکەدا تێدەگەیت چی نووسراوە، بەڵام جۆری دووەم پێی دەڵێن سیمای فەلسەفی، ئەمەیان بەیەکتر بەستنەوەی یەکەم تا کۆتا وشەی کتێبەکەیە و لێکدانەوەی هەموو نووسینەکانە لەلایەن خوێنەر، کە بەمە خۆی هەڵدەسەنگێنێت تا چەند لە کتێبەکە تێگەیشتووە. 

ئەم سیمایەی ئەدەبیاتی چینی لە هیچ ئەدەبیاتێکی تردا بە دی ناکرێت، نووسەرەکان زۆر بە ئاڵۆزی شتەکان باس دەکەن و تێگەیشتنیش لێیان فرە چەشنە، هەیە بە ڕووکەش پەیامەکە وەردەگرێت. هەشە بە ئەقڵ لێکدانەوەکان وەردەگرێت، ئەوانەی بە ئەقڵ تێدەگەن پێیان دەگوترێ (پێشەنگی هەموو بوارەکان).

دیارترین نووسەرانی ئەدەبیاتی چینی

لە ئەدەبیاتی چینیدا، ڕێژەیەکی زۆر لە نووسەر هەبوون هەر لە سەرەتای دەرکەوتنی ئەدەبیاتەکە، تاوەکو دواقۆناغ کە قۆناغی مۆدێرنی پێ دەڵێن. بەڵام دوو لەم نووسەرانە بە پێشەنگ و سەرمەشقی تەواوی نووسەرانی چین دادەنرێن ئەوانیش (کۆنفشیوس) و (سەن زوو)ن. کۆنفشیوس بە ڕێبەری ڕۆحی و دانایی گەلی چین دادەنرێت، سەن زووش کە پیشەی ژەنەڕاڵی سوپا و سەرۆکی هەواڵگری و سیخوڕی بوو بە نووسینی کتێبی (هونەری جەنگ) بە پێشەنگی بابەتی سەربازی و بنیادی کەسایەتی دادەنرێت. 

هۆنراوە وەکو گرنگترین چەمکی ئەدەبیاتی چینی

هۆنراوە، مێژوویەکی دێرینی لە چیندا هەیە. یەکێکە لە ژانەرە ئەدەبییە گرنگەکان، یەکێک لە ناوبانگترین هۆزانڤانە چینینییەکان (لی بای) کە بە (لی پۆ) ناسراوە، هۆنراوەکانی قووڵبوونەوەیە لە جوانی و بەکارهێنانی وەسف و ڕەوانبێژییەکی زۆری تێدا بەدی دەکرێت. هەروەها (دو فو) کە هۆنراوەکانی گوزارشتن لە ژیانی کۆمەڵایەتی و کاری هەرەوەزی جووتیاران. 

ئەفسانە و خەیاڵ لە ئەدەبیاتی چینیدا

لە ناو ئەدەبیاتەکەدا ژانەری ئەفسانەیی و خەیاڵی بوونی هەیە کە خوێنەری نوقمی ئەندێشە دەکەن، ئەفسانە وەکو سیمبولێکی دیار لای خانەدانەکان دەبینرێت. دیارترین ئەفسانەش، ئەفسانەی دراگۆنە کە لە کتێبی (گەشتێک بۆ ڕۆژاوا)ی نووسەری چینی (وو چێنگ ئین) باس کراوە کە ناوەڕۆکی کتێبەکە گەشتی ڕێبەرێکی بودی دەخاتە ڕوو، کە لە درێژەی گەشتەکەیدا چاوی بە ئاژەڵێکی زەبەلاح کەوتووە کە لاشەیەکی درێژی هەبووە و توانای هەڵدانی ئاگری هەبووە، قەشەکە دانایی لەم ئاژەڵە وەردەگرێت و لە  کاتی گەڕانەوەیدا خەڵکی ناوچەکەی لە بارەی ئەم ئاژەڵەوە ئاگادار دەکاتەوە و بە دراگۆن ناویاندەهێنێت.  

هەروەها کتێبی (خەونی ژوورە سوورەکە)ی نووسەر "جاو شی کین" بە شێوازێکی خەیاڵ ئامێزانە ژیان و گوزەرانی خەڵکی خانەدانی چین لە سەدەی ١٨یەم باس دەکات. 

ئەدەبیاتی مۆدێرنی چین

دوایین قۆناغی ئەدەبیاتی چینی، ئەدەبیاتی مۆدێرنە کە تەواو جیاوازە، لە قۆناغەکانی پێشتر ناچێت. دیارترین ڕۆماننووس "لو شون" کە ڕۆمانەکانی ڕەخنەیین و لە بارەی گەندەڵی سیاسی و نادادپەروەری کۆمەڵایەتی دەدوێن.  مۆ یان، نووسەرێکی تری ناوبانگی چینە کە ساڵی ٢٠١٢ خەڵاتی نۆبڵی لە ئەدەبیاتدا بە دەستهێناوە. کە ئەمیش نووسینەکانی واقعیانەیە و تێکەڵیان دەکات بە مێژوو. 

نووسەرانی مۆدێن لە چین یاخود چینییەکانی دەرەوەی وڵاتەکە پێیان وایە لە نووسینەکاندا پێویستە واقعیانە بیربکەیتەوە و پەیڕەوی لە ڕێبازی ڕیالیزم بکەیت و لەگەڵ کێشەکان و گیر و گرفتەکانی سەردەم بنووسیت. کە ئەمەش جیاوازە لەو قۆناغانەی ڕابردووی ئەدەبیاتەکە کە نووسین تەنها بۆ خانەدانەکان بووە، تەنها ئەوان ئاڕاستە کراون، بەڵام لەم سەردەمەدا پێچەوانەکەی دەگوزەرێت، نووسەرە چینییەکان پێیان وایە نووسین بۆ خەڵکی گشتییە نەوەکو چینێکی تایبەت لە کۆمەڵگەدا. بۆیە زۆربەیان ناتوانن لە چیندا بنووسن بەهۆی مەترسی لەسەر ژیانیان و زۆربەیان لە ئەمریکا یاخود وڵاتەکانی تر دەژین و دەنووسن. 

لە ئەدەبیاتی چینیی کلاسیکدا کۆمەڵێک بابەت هەن زۆر دووبارە دەبنەوە یاخود زۆر دەبینرێن، ئەوانیش:

پێنج گرنگترین ناوەڕۆک لە بەرهەمە ئەدەبییەکانی چینیدا

قۆناغەکانی مێژوویی

ئەدەبیاتی چینی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سەردەمە مێژووییەکانی چیندا بابەتەکانیش گۆڕانیان بەسەر هاتووە، بەتایبەتی سەردەمی سێ شانشینەکە و دەوڵەتی تانگ و سۆنگ و قینگ. کە لەم سەردەمەدا نووسینەکان لە بارەی هێز و سیاسەت و گۆڕانە کۆمەڵایەتییەکان و دەسەڵاتەوەن. 

بەهای کۆنفشیوسی 

ئەمەش ئەو سەردەمەیە کە فەیلەسووفی چینی (کۆنفشیوس) تێیدا ژیاوە. بابەتەکانی ئەم قۆناغە (بەزەیی، دڵسۆزی، ڕەوشت، فێربوون، لۆجیک) لە خۆدەگرن و نووسەرەکان بە زۆری لەم بابەتانە دواون.

پەیوەندی و خۆشەویستی 

ئەم بابەتانە لە خۆ دەگرێت (سیمای خۆشەویستی، ڕۆمانتیک، پەیوەندی سۆزداری، تراجیدیا، دوور خستنەوە و حەرام کردنی نشینگە لە ئاشقەکان) ئەمەش ڕەنگدانەوەی زۆری بەسەر کارە ئەدەبییەکانەوە هەیە و زیاتر لە هۆنراوەدا دەرکەوتوون.

ڕەخنەی کۆمەڵایەتی 

زۆرینەی کارە ئەدەبییە چینییەکان بابەتی ڕەخنە لە خۆدەگرن و لە بابەتی ڕەوشت و دابونەریتدا دەسوڕێنەوە، کاتێک کەسێک سزا دەدرێت، زۆر جەخت لە دابونەریتی ئەو جێگەیە دەکرێتەوە. گەر شوێنەکە لادێیەک بێت شێوازی سزادانەکەش بەپێی دابونەریتی ئەو هەرێمەیە. کاتێک پزیشکێک ناتوانێت خانەدانێک ڕزگار بکات بە پێی یاساکان و دابونەریتی ئەو هەرێمە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت کە داماڵینیەتی لە پیشەکەی یان بڕینەوەی ئەو دەستەیەتی کە نەخۆشەکەی پێ چارەسەر کردووە. بەڵام لە هەرێمێکی تر ڕەنگە کوشتنی بووبێت. بۆیە نووسەرەکان لە بارەی پرسە کۆمەڵایەتی و نەریتییەکان بەپێی هەرێم و ناوچەکانی خۆیان نووسیویانە و خۆیان لە کاروباری هەرێمێکی تر هەڵنەقورتاندووە.

سروشت و فەلسەفە

دیارترین ڕێبازی سروشتناسی لە چیندا ڕێبازی داوسیزم و بودیزمن کە مرۆڤ ڕێنموێنی دەکەن، کە خۆیان لە ڕۆحی شەڕەنگێز بپارێزن و بگەڕێنەوە ئامێزی سروشت، گوێ لە دەنگەکانی سروشت بگرن و ئارامی بە جەستە و ڕۆح بدەن و هاوسەنگییەک لە نێوان دونیای بینراو و ئەندێشەکراو ڕابگرن، تاوەکو بگەن بە خۆشبەختی و ڕۆحەکان لە خوی خراپ دوور بکەونەوە و تاوان ئەنجام نەدەن. ئەم بابەتانە ڕەنگدانەوەیان بەسەر زۆرینەی کارە ئەدەبییەکان هەیە.


سەرچاوەکان



123 بینین