ئارامگرتن لە ئیسلامدا

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-03-12-20:29:00 - کۆدی بابەت: 12104
ئارامگرتن لە ئیسلامدا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئارامگرتن لە ئیسلامدا (بە عەرەبی: الصبر في الٲسلام، بە ئینگلیزی: Patience in Islam) ئارامگرتن لە خوو و ڕەوشتە پەسەند و باڵاکانە کە لە ئیسلامدا زۆر جەختی لەسەر کراوەتەوە. لەڕووی ئایینییەوە ئارامگرتن بریتییە لە خۆگرتنەوەی دەروون لە قەدەغەکراوکان و ئەنجامدانی فرمانەکان، لەگەڵ ڕازیبوون و پەسەندکردنی قەدەر و چارەنووسی ڕووداو و بارودۆخە سەخت و دژوارەکانی ژیان. بۆیە لە ئیسلامدا ئارامگری بەند و پەیوەستە بە باوەڕ و ئیمانەوە، ئارامگری لەسەر بەڵاکانی ژیان وابەستەبوونی مرۆڤ بە دونیاوە کەم دەکاتەوە و پەیوەستی قیامەتی دەکات.

فەزڵ و گەورەیی ئارامگری لە ئیسلام

پێگەی ئایینی ئارامگرتن

ئارامگرتن بە بەهایەکی گرنگ دادەنرێت لە ئیسلامدا و بە یەکێک لەو سیفەتە ڕێزدارانە دادەنرێت کە خوا و پێغەمبەرەکەی پەسەندیان کردووە، قورئانی پیرۆز و سوننەتی پێغەمبەر ئاماژەیان داوە بۆ گرنگی ئارامگرتن لەسەر بەڵا و ناخۆشییەکانی ژیان.

پاداشتی ئارامگرتن لە دونیا و قیامەتدا 

خوا لە دونیا و قیامەت پاداشتی ئەو کەسانە دەداتەوە کە لەسەر ناخۆشییەکان ئارامگر بوونە، پاداشتیان لە دونیادا بریتییە لە ڕازیبوون و ئارامی دەروون، لە ژیانی دوای مردنیش پاداشتی بەهەشت و بەختەوەرییەکی هەمیشەییان پێدەبەخشێت.

نموونە لە ژیاننامەی پێغەمبەرانەوە

لە ژیاننامەی پێغەمبەراندا چەندین نموونەی ئارامگرتن و بەرهەمەکانی خراونەتەڕوو، وەک ئارامگرتنی پێغەمبەر یونس لە سکی نەهەنگەکەدا و ئارامگرتنی پێغەمبەر ئەیوب لە بەرامبەر نەخۆشی، ئارامگرتنی پێغەمبەر نوح لەسەر گەلەکەی.

ڕەنگدانەوەی ئارامگرتن بەشێوەیەکی کردەیی لە پەرستشەکان

دەتوانرێت تیشک بخرێتە سەر چۆنیەتی ئارامگرتن لە ژیانی ڕۆژانەی موسڵمانان و ئەو پەرستشانەی کە ئەنجامی دەدات، نموونەی نوێژ و ڕۆژوو، یان  مامەڵەکردن لەگەڵ کەسانی تر و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی ژیان.

پاداشتی ئارامگرتن لە تێڕوانینی قورئانەوە

لە قورئانی پیرۆزدا لە زۆر ئایەت ناو و وشەی (الصبر) هێنراوە و بەپێی وتەی ئیمامی ئەحمەد وشەکە ٩٠ جار ناوی وشەی (الصبر) لە قورئان هاتووە.

  • خوای گەورە بەندە ئارامگرەکانی خۆشدەوێت
    گرنگترین و گەورەترین ئامانجی بەندەی موسڵمان بریتییە لەوەی کە خۆشەویستی خوا بەدەستبهێنێت، ئارامگرتن و ئارامگری لەو تایبەتمەندیانەیە کە دەبێتە هۆی خۆشەویستی خودا بۆ بەندەکانی بە دەقی قورئانی سەلمێندراوە، لە سوورەتی (آل عمران) لە ئایەتی ١٤٦ خوای گەورە دەفەرموێت: (وَاللَّهُ يُحِبُّ الصَّابِرِينَ) واتا خوا ئارامگرانی خۆشدەوێت.
  • خوای گەورە مژدەی بە ئارامگران داوە
    لە سوورەتی (البقرة) خوای گەورە دەفەرموێت:
    (وَلَنَبْلُوَنَّكُمْ بِشَيْءٍ مِنَ الْخَوْفِ وَالْجُوعِ وَنَقْصٍ مِنَ الأَمْوَالِ وَالأَنفُسِ وَالثَّمَرَاتِ وَبَشِّرِ الصَّابِرِينَ ۝ الَّذِينَ إِذَا أَصَابَتْهُمْ مُصِيبَةٌ قَالُوا إِنَّا لِلَّهِ وَإِنَّا إِلَيْهِ رَاجِعُونَ ۝ أُوْلَئِكَ عَلَيْهِمْ صَلَوَاتٌ مِنْ رَبِّهِمْ وَرَحْمَةٌ وَأُوْلَئِكَ هُمُ الْمُهْتَدُونَ)
    واتا سوێند به‌خوا تاقیتان ده‌که‌ینه‌وه‌ به‌ هه‌ندێک له‌ ترس و برسێتی و که‌مبوونی ماڵ و دارایی و مردنی که‌سی نزیکتان و کەم به‌رووبووم، بۆیە مژده‌ بده‌ به‌ خۆڕاگران كه‌ ئه‌وانه‌ن هه‌ر كاتێك تووشی به‌ڵا و ناخۆشییه‌ك ده‌بن ده‌ڵێن: "ئێمه‌ موڵكی خواین و هه‌رچی هه‌مانه‌ به‌خششی خوایه‌، سه‌رئه‌نجامیش ته‌نها هه‌ر بۆ لای ئه‌و زاته‌یه‌ گه‌ڕانه‌وه‌مان. ئەم ئارامگرانە، لەلایەن خوای پەروەردگارەوە ستایش دەكرێن و لە پەروەردگارەوە ڕەحمەتێكی مەزنیان بۆ هەیە و هەر ئەمانەشن كە هیدایەتیان وەرگرتوە بۆ سەر ڕێگەی ڕاست.
  • خوای گەورە لەگەڵ ئارامگرانە
    خوای گەورە لە چەند سوورەتێکی نموونەی سوورەتی (البقرة) و (الانفال) ئەم چەمکەی دووپات کردووەتەوە و فەرموویەتی: (إِنَّ اللَّهَ مَعَ الصَّابِرِينَ)، واتا خوای گەورە لەگەڵ ئارامگرانە.


پاداشتی ئارامگرتن لە تێڕوانینی فەرموودەکانی پێغەمبەر ـەوە

  • پێغەمبەر فەرموویەتی: (ما مِن عَبْدٍ تُصِيبُهُ مُصِيبَةٌ، فيَقولُ: إنَّا لِلَّهِ وإنَّا إلَيْهِ رَاجِعُونَ، اللَّهُمَّ أْجُرْنِي في مُصِيبَتِي، وَأَخْلِفْ لي خَيْرًا منها، إلَّا أَجَرَهُ اللَّهُ في مُصِيبَتِهِ، وَأَخْلَفَ له خَيْرًا منها)، واتا: هەر بەندەیەکی خوا لەکاتی بەڵایەک کە تووشی دەبێت بڵێت "ئێمه‌ موڵكی خوای گه‌وره‌ین و هه‌موومان بۆ لای خوای گه‌وره‌ ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌، خوایە لەم بەڵایەم پاداشتم بدەرەوە و جێگرەوەیەکی باشترم پێ ببەخشە،" ئەوە بێگومان خوای گەورە پاداشتی لەسەر بەڵاکەی پێبەخشییە و جێگرەوەیەکی باشتری پێداوە.
  • پێغەمبەرفەرموویەتی (عَجَباً لأمْرِ الْمُؤْمِنِ إِنَّ أَمْرَهُ كُلَّهُ لَهُ خَيْرٌ، وَلَيْسَ ذَلِكَ لأِحَدٍ إِلاَّ للْمُؤْمِن: إِنْ أَصَابَتْهُ سَرَّاءُ شَكَرَ فَكَانَ خَيْراً لَهُ، وَإِنْ أَصَابَتْهُ ضَرَّاءُ صَبَرَ فَكَانَ خيْراً لَهُ) واتا: بارودۆخی باوەڕدار تایبەتە و ژیانی بۆ خودی خۆی هەر خێر و چاکەیە، ئەگەر خۆشییەکی تووش بوو و سوپاسگوزار بوو ئەوە چاکەی بۆ دەنووسرێت، ئەگەر ناخۆشی و زیانی تووش بوو و ئارامگر بوو ئەوە هەر خێر و چاکەیە بۆ کەسی ئیماندار.
  • پێغەمبەر فەرموویەتی: (إن عِظَمَ الجزاءِ مع عِظَمِ البلاءِ، وإن اللهَ – عز وجل - إذا أَحَبَّ قومًا ابتلاهم ؛ فمن رَضِيَ فله الرِّضَى، ومن سَخِطَ فله السُّخْطُ)، واتا گەورەیی و مەزنی پاداشت بە ئەندازەی بەڵا و موسیبەتەکەیە، خوای گەورە ئەگەر گەلێکی خۆشویست تاقیان دەکاتەوە، هەرکەس ڕازی بێت ئەوە ڕازیبوون و ئارامی تووشەبێت، هەرکەسێک پەست و تووڕە بوو ئەوە تووشی تووڕەیی و ناڕەزایی دەبێتەوە.
  • پێغەمبەر فەرموویەتی (ما من عبد تصيبه مصيبة، فيقول: إنا لله وإنا إليه راجعون، اللهم أجرني في مصيبتي، واخلف لي خيرًا منها، إلا أجَره الله تعالى في مصيبته، وأخلف له خيرًا منها)، واتا هەر باوەڕدارێک ئەگەر تووشی بەڵایەک بوو (نموونەی مردن، نەخۆشی) و بڵێت "ئێمه‌ موڵكی خواین و هه‌رچی هه‌مانه‌ به‌خششی خوایه‌، سه‌رئه‌نجامیش ته‌نها هه‌ر بۆ لای ئه‌و زاته‌یه‌ گه‌ڕانه‌وه‌مان، خوایە لەم بەڵایەم پاداشتم بکە و جێگرەوەیەکی باشترم پێ ببەخشە"، ئەوە بیگومان خوای گەورە لەسەر ئارامگرتنی لەسەر ئەو بەڵایە پاداشتی دەکات و جێگرەوەیەکی باشتری پێدەبەخشێت. چونکە هەرکەسێک بە قەدەری خوا ڕازی بوو  ئەوە خوداش لێی ڕازی دەبێت و پاداشت و بەخششی باشتر و چاکتری پێدەبەخشێت.

حوکمی ئارامگرتن لە ئیسلامدا

هەموو زانیانی ئیسلام لەسەر ئەوە کۆکن کە بە گشتی ئارامگرتن لە زۆر حاڵەتدا واجبە، زانایانی ئیسلام حوکمی ئارامگرتنیان کردووە بە چەند بەشێکەوە و هەر بەشێکیش حوکمی تایبەتی خۆی هەیە کە بریتین لە:

  • بەشی یەکەم ئارامگرتنی واجب (بە عەرەبی: الصبر الواجب): لەم بەشەدا ئارامگرتن لەسەر موسڵمان واجب و سەپێنراوە، نموونەی بەڵا و ناخۆشییەکانی ژیان کە دەستی مرۆڤی تێدا نییە وەک هەژاری، نەخۆشی، مەرگ، لەم حاڵەتانە واجبە لەسەر کەسی باوەڕدار کە ئارامگر بێت چونکە ئەو حاڵەتانە بە تاقیکردنەوەی بەندەکان دادەنرێن و بەندەی باوەڕدار پێویستە تێیدا ئارامگر بێت.
  • بەشی دووەم (بە عەرەبی: الصبر المندوب): ئەم جۆرە ئارامگرتنە نەکردنی تاوانبار نابیت، بەڵام ئەنجامدانی پاداشتی هەیە لەم حاڵەتەدا سێ جۆر هەیە کە بریتین لە:
    ١. ئارامگرتن لەسەر شتە مەکروهەکان (بە عەرەبی: الصبر علی المكروهات): واتا ئارامگرتن لەسەر ئەو شتانەی کە لەسەر دڵ قورس و ماندووکەر و بێزارکەرن، نموونەی ڕێزگرتن و میوانداریکردن لەکاتی هەژاری، وڵامنەدانەوە و خۆگرتن و قسەنەکردن لەکاتی توڕەبوون.
    ٢. ئارامگرتن لەسەر کردارە پەسەندەکان (بە عەرەبی: الصبر علی المستحبات): ئەم حاڵەتە بریتییە لە ئارامگرتن و بەردەوام بوون و خۆڕاهێنان لەسەر کردارە پەسەند و حەڵاڵەکان، نموونەی ئەنجامدانی پەرستشەکان بە بەردەوامی، زیکرخوێندن، ئەنجامدانی نوێژە سوننەتەکان، ڕۆژووگرتنی ڕۆژە سوننەتەکان، چەندانی تر.
    ٣. ئارامگرتن لەسەر گوناهـ و تاوان (بە عەرەبی: الصبر علی المعاصي): نموونەی ئەم حاڵەتە وەک خۆگرتن و ئارامگرتن لەسەر خراپەیەک کە بەرامبەرت دەکرێت یان لێخۆشبوون لەو کەسەی کە تووشی ئازاری کردووی.
  • بەشی سێیەم ئارامگرتنی قەدەغەکراو (بە عەرەبی: الصبر المحظور): لەم حاڵەتەدا ئارامگرتن قەدەغەیە و گوناهە، نموونەی ئارامگرتن لەسەر خۆبرسیکردن یان خۆئازاردان و مانگرتن لە خواردن و خوازدنەوە بە مەبەستی خۆکووشتن و کۆتایی هێنان بە ژیان، ئەم جۆرە ئارامگرتنە بە هەموو شێوەیەک قەدەغەکراوە و بە تاوان دادەنرێت.
  • بەشی چوارەم ئارامگرتنی مەکروهـ (بە عەرەبی: الصبر المكروه): واتا ئەم جۆرە ئارامگرتنە بە تاوان دانانرێت بەڵام پاداشتیشی لەسەر نییە نموونەی بینینی ستەم و زۆرداری یان کەسێکی ستەملێکراو بەبێ ئەوەی یارمەتی بدەیت یان سەریبخەیت، بەڵکو تەنها ئارامی لەگەڵ دەگریت.

ئارامگرتنی کەسی موسڵمان چۆنە؟

بەپێی دەقی فەرموودەی پێغەمبەر نما الصبر عند الصدمة الأولى)، واتا ئارامگرتن لە یەکەم سات و کاتی شۆکی ئەو بەڵایەیە کە تووشت دەبێت، کاتێک کەسێکی نزیکت لەدەست دەدەیت، کاتێک تووشی بەڵایک دەبیت، کاتێک هەواڵێکی ناخۆشی لەناکاوت پێدەگات، ئارامگرتن لە ساتەکانی سەرەتادا لە ئیسلام جەختی زۆری لەسەر کراوتەوە چونکە دوای نەمانی کاریگەری شۆک و ترسی بەڵاکە، ئەو ئارامگرتنەیە پاداشتی لەسەرە، مرۆڤ بە سروشتی خۆی وایە کە ڕۆژ بە ڕۆژ ڕادێت و شتەکان لەبیر دەکات، ئەو کاتەی کە شتەکە ڕوودەدات پێویستە مرۆڤی باوەڕدار ئارامگر بێت بە کردار و گوفتاری ناشوکری نەکات، زیان بەخۆی نەگەیەنێت و لەخۆی نەدات، بە زمانیش کوفر نەکات و نەقیژینێت یان هاوار نەکات چونکە نەهی لەسەر کراوە و تاوانبار دەبێت.

چۆن ببمە کەسێکی ئارامگر؟

زانین و داننان بەوەی کە سروشت و واقیعی دونیا فانییە واتا بۆ هەمیشە هیچ شتێک لەم دونیایە نامێنێت، ئەگەر بەم ڕاستییە گەشتیت و بۆت ڕوون بووەوە و لێی تێگەیشتیت، زانیت کە دونیا شوێنی تاقیکردنەوەی باوەڕدارانە ئەوە خەمی گەورە و هەمیشەییت دونیا و کێشەکانی دونیا نابێت و زۆر بە ئاسانی دەتوانیت ئارامگر بیت.

پێویستە مرۆڤ ماهیەتی دەروونی خۆێ بناسێت، یەقینی تەواوی هەبێت کە خوا پاداشتی ئارامگران دەداتەوە، خەمخواردن و دڵتەنگییەکی کاتی و گریانێکی هێمنانە ئاساییە، بەڵام ناڕازیبوون و تووڕەبوون دەربڕینی ناڕەزایی و ناشوکرانەکردن و هاوارکردن و لەخۆدان و قیژاندن و کوفرکردن بە تایبەت لە سەرەتا و کاتی بەڵایەکی لەناکاو، هەموو ئەمانە خوا و پێغەمبەری خوا نەهیان لێکردووە و نەک پاداشت بەڵکوو گوناهیشت بۆ دەنووسرێت، جگە لەوەی زیانی بۆ تەندروستی دەروونت هەیە.


سەرچاوەکان



161 بینین