باگراتیۆن

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-03-20-23:07:00 - کۆدی بابەت: 12185
باگراتیۆن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

باگراتیۆن (بە عەرەبی: باکراتیون، بە ئینگلیزی: Bagration) یەکێکە لە سەرکردە سەربازییەکانی ئیمپڕاتۆریەتی ڕووسیا کە لە نێوان ١٧٨٢-١٨١٢ خزمەتی سەربازی کردووە و بە یەکێک لە گرنگترین ژەنڕاڵەکانی ئەو وڵاتە دادەنرێت کە لەبەر گرنگی و ئەو خزمەتانەی کردوویەتی پلەی State marshalـی پێدراوە کە بە کوردی بریتیە لە خاوەنداریەتی کردنی هەرێمێکی فراوان لەگەڵ سەرپەرشتیکردنی سوپا. 

زانیاری گشتی

ناو پیۆتر ئیڤانۆڤیچ باگراتیۆن
ناوی ڕەسەن პეტრე ბაგრატიონი
ناسناو هەڵۆ - خواوەندی سوپا
بەرواری لە دایکبوون ١٠-٧-١٧٦٥
شوێنی لەدایکبوون  کیزایلەر (تەبلیس) - جۆرجیا 
مردن ٢٤-٩-١٨١٢ 
تەمەن ٤٧ ساڵ
شوێنی ناشتن گۆڕستانی شازادەکان - گوندی بۆردینۆ لە ڕووسیا
ماوەی خزمەت ١٧٨٢-١٨١٢
شوێی خزمەت: ئیمپراتۆریەتی ڕووسیا
پلەی سەربازی ژنڕاڵی هێزی پیادە و بەرگری
پلەی تایبەت جنڕاڵ - فیڵد مارشاڵ ( ستەیت مارشاڵ) 
ئەو جەنگانەی تێیدا بەشدار بووە
  • جەنگی ڕووسۆ تورک ١٧٨٧-١٧٩٢( جەنگی ڕووسۆ - قەوقاس، جەنگەکانی ئیتاڵیا، جەنگەکانی سویسرا، جەنگی فنلەندا).
  • جەنگی ڕووسۆ - تورک ١٨٠٦-١٨١٢ (جەنگی ڕۆساوە، جەنگی تەرتیزا، جەنگی دۆبروجا، هەڵمەتی سیلیسترا ).
  • جەنگی ناپلیۆنیک (جەنگی شۆنگرابێرن، جەنگی ئۆسترلیتز، جەنگی ئیلاو، جەنگی هیلسبێرگ، جەنگی فرێدلاند، جەنگی سەلتانۆڤکا، جەنگی سمۆلنێسک، جەنگی بۆردینۆ).
هاوسەر
  • کاسرین باگراتیۆن 
  • نێی سکاڤرۆنسکایا 
خێزان
  • باوک (ئیڤان)
  • برا (ڕۆمان - ئەلیکساندەر)
  • برازا (پیۆتر)

سەرەتای ژیانی

باگراتیۆن ناوی تەواوی ئیڤان پیۆترڤێچ باگراتیۆنە کوڕی شازادە ئیڤان باگراتیۆنە. لە بەرواری ١٢-٧-١٧٦٥ لە هەرێمی کیزایلەر (تەبلیس)ـی وڵاتی جۆرجیا لە خێزانێکی خانەدان لەدایکبووە کە پێیان وتراوە شازادە. باوکی و براکانی باگراتیۆن خزمەتیان کردووە بە سوپای ڕووسیا، باوکی و ڕۆمان و ئەلیکساندەری برای پلەی سەربازییان هەبووە لە نێو سوپادا. بۆیە ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر باگراتیۆنی ێاو دروست کرد تاوەکو پەیوەندی بکات بە سوپا. 

ماوەی خزمەت کردنی بە سوپا ١٧٨٢-١٨١٢

باگراتیۆن لە ساڵی ١٧٨٢ پەیوەندی کرد بە سوپای ئیمپراتۆریەتی ڕووسیاوە و تا ساڵی ١٨١٢ لە خزمەتدابووە، لەو ماوەیەشدا بە خێراییەکی زۆر پلە سەربازییەکانی بڕی و چەندین پۆستی کارگێڕی و سەربازی پێدراوە لە ماوە جیاجیاکانی تەمەنیدا. گرنگترین پۆستیش کە وەریگرت State Marshal بوو کە بریتی بوو لە سەرپەرشتیکردنی مارشاڵەکان ی سوپا و سنوورێکی جوگرافی لە نێو خاکی ئیمپراتۆریەتی ڕووسیا. بەهۆی لێهاتوویی لە کارەکەیدا هەرگیز وەک سەرباز کاری نەکردووە بەڵکو ڕاستەوخۆ کە تاقیکردنەوەکانی ئەنجامدا لە خوێندنگەی سەربازی ئیمپریاڵی ڕووسیا وەکو ئەفسەر لە هێزی بەرگری ئیمپڕاتۆریەت دامەزرا کە پێیشی دەوترا هێزی تزار یاخود قەیسەر. 

یەکەم ئەزموونی بەشداریکردنی لە جەنگدا دەگەڕێتەوە بۆ جەنگی (ڕوسۆ - تورک) کە جەنگێکی درێژخایەنی نێوان هەردوو ئیمپراتۆرییەتی ڕووس و عوسمانییەکان بوو لە نێوان ١٧٦٣-١٨٦٤. زۆرترین ماوەی کارکردنی لە ژێر سەرپەرشتی ژنڕاڵ ئەلیکساندەر سڤۆرۆڤ(١٧٣٠-١٨٠٠) کاری کردووە کە بە یەکێک لە زیرەکترین ژنڕاڵەکانی ئیمپراتۆریەتی ڕووسیا دادەنرێت. ناوبراو لە هیچ جەنگێکدا شکستی نەهێناوە. لە ساڵی ١٧٨٨ باگراتیۆن و ڕۆمانی برای بەشدار بوون لە دامرکاندنەوەی ناڕەزایەتییەکانی چینی کرێکارانی هەرێمەکانی چیچان و وڵاتانی قەوقاس. کە لەم ئەرکەدا پلەی بەرز کرایەوە بۆ کاپتن. دوای ئەو سەرکەوتنەی تۆماری کرد لە بەشی پیادەوە ڕاژەکەی گواسترایەوه بۆ بەشی ئەسپسواری لە کیڤ. 

لە ساڵی ١٧٩٥ بەشداربوو لە جەنگێکی تردا کرد ئەویش چالاکییەکی سەربازی بوو لە پۆڵەندا کە لە نزیک سنوورەکانی ڕووسیاوە مەترسییەک دروست بوو کە یاخیبووەکان بوونە هەڕەشە بۆ سەر هێزەکانی ڕووسیا. هەروەها لە نێوان ١٧٩٧-١٨٠٠ دووبارە لە ژێر سەرپەرشتی ژنڕاڵ سڤۆرۆڤ کاری کردووە لە جەنگەکانی ئیتاڵیا بەتایبەتی لە جەنگی مارنگۆ لە ساڵی ١٨٠٠ کە هێزەکانی ڕووسیا وەک هێزی پاڵپشت لە باکووری ئیتاڵیا بوونیان هەبوو. 

جەنگەکانی ناپلیۆن ١٨٠٥-١٨١٢

باگراتیۆن پاش مردنی ژنڕاڵ سڤۆرۆڤ لە ساڵی ١٨٠٠ ماوەیەک بێکار مایەوە بەتایبەتیش کە جەنگ ڕاگیرابوو و ڕووسیا و فەڕەنسا ئاشتی لە نێوانیاندا هەبوو بەڵام زۆری نەبرد دووبارە لە ساڵی ١٨٠٥ جەنگ دەستی پێکردەوە کە تا ساڵی ١٨١٥ بەردەوامی هەبوو. باگراتیۆنیش کە ئەو کات پلەی ژنڕاڵی پێ درابوو لەگەڵ میخائیل کۆتۆزۆڤ (١٧٤٥-١٨١٣) هێزەکەی ڕێک خست بۆ ڕووبەرووبوونەوەی هێزی ناپلیۆن لە جەنگێکدا کە بە ئوسترلیتز ناسراوە. لەم جەنگەدا کە بە کەوتنی ئیمپراتۆریەتی نەمساش ناسراوە بۆ یەکەم جار ڕووسیا توشی شکستێکی گەورە هات و باڵی سەربازی هێزەکەیان شکستی هێنا.

بەم شکستە گەورەیە، ڕووسیا دەیویست خۆی لە جەنگ دژی ناپلیۆن لابدات بەڵام بە پێچەوانەوە باگراتیۆن و تیمەکەی دەیانویست جارێکی تر بجەنگن لە دژی ناپلیۆن. کاتێک لە ساڵی ١٨١٠-١٨١١ فەرەنسا پێشنیاری ئاشتی کرد لەگەڵ تزار ئەلیکساندەری قەیسەری ڕووسیا ئەویش لە ڕێگەی هاوسەرگیری خوشکی قەیسەر لەگەڵ ناپلیۆن پۆناپارتی (١٧٦٩-١٨٢١) ئیمپراتۆری فەڕەنسا. بەڵام ڕووسەکان هیچ بەرەوپێشچوونێکیان نەبوو لەو پێشنیارە، بۆیە نەکرا و ناپلیۆن لەگەڵ مێری لویس کچی ئیمپراتۆری نەمسا هاوسەرگیری کرد. سەبارەت بەو ڕازی نەبوونە هێزی بەرگری ڕووسیا بوون کە ڕێگەیان نەدا بەهیچ شێوەیەک ڕووسیا ملکەچی فەرەنسا بێت. ئەمەش جەنگی ڕووسیا-فەڕەنسای لێ کەوتەوە لە ساڵی ١٨١٢ ڕوویدا.

جەنگی بۆردینۆ و کەوتنی ڕووسیا

لە هێرشی فەڕەنسا بۆ سەر ڕووسیا کە لە هاوینی ١٨١٢ لە پۆڵەنداوە ٦٦٠ هەزار فەڕەنسی چوونە نێو خاکی ڕووسیا لە سنووری بێڵاڕووسەوە، لەوێ زنجیرەیەک شەڕ و پێکدادان ڕوویدا لە نێوان ڕووسەکان و فەڕەنسییەکان بەڵام هیچییان هێندەی ڕووبەرووبوونەوەی سەربازگەی بۆردینۆ لە نزیک مۆسکۆ ڕووسەکان بەرگرییان نەکرد. ناپلیۆن لە یاداشتەکانی خۆی کە باسی لەم نەبەردییە کردووە و ئایڤگنی چێکتۆرڤێچ تار کە وەریگێڕاوەتە سەر ڕووسی دەڵێت: "ئەم جەنگە داستانێک بوو بۆ ڕووسییەکان نەوەک فەڕەنسییەکان، چونکە هێندە بەرگرییان کرد ئومێدیان بۆمان نەهێشتەوە سەرکەوتن بە دەست بهێنین."

لەم جەنگەدا باگراتیۆن سەرپەرشتی یەکەی دووی هێزی بەرگری ڕووسیای دەکرد لە سەربازگەکەی خۆی. لە پشت هێزەکانی هەریەک لە ئەندریاس بارکڵای دیتۆڵی (١٧٦١-١٨١٨) و میخائیل کۆتۆزۆڤ سەرپەرشتی هێزێکی تریان دەکرد. باگراتیۆن بەتەنها لەگەڵ هەندێک ئەفسەری لاو بەرگرییەکی سەختییان کرد. لەم جەنگەدا باگراتیۆن چونکە دەیویست بەرگری بکات و لە هەمان کاتدا هێرشیش بکات بۆیە پلانێکی دانا کە بە ویستی خۆی کاری نەکرد و بووە هۆی برینداربوونی، کە دواتر بەهۆی برینەکەیەوە کۆچی دوایی کرد. هەر ئەم برینداربوونەی بووە هۆی شکستی هێزەکەی و فەڕەنسییەکان توانیان شاری مۆسکۆ داگیربکەن، بەڵام ئەم شکستەش بەشێک بوو لە پلانە ستراتیجییەکەی ژنڕاڵ و ماڕشاڵەکانی ڕووسیا. 

مردنی باگراتیۆن

کاتێک لە بۆردینۆ بریندار کرا لە میانەی هێرشە پێچەوانەکەی بۆسەر فەڕەنسییەکان لەلایەن سەربازەکانی دوورخرایەوە بۆ گوندی سیمی لە هەرێمی ڤلادیمیر، بەڵام بەهۆی نەبوونی پزیشک و سەختی برینەکەی لە بەرواری ٢٤-٩-١٨١٢ لە تەمەنی ٤٧ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. و لە گۆڕستانی شازادادەکانی مۆسکۆ نێژراوە.

هەندێک وتەی سەرکردە سەربازییەکان لە بارەی باگراتیۆنەوە

  • "ڕووسیا هیچ ژنڕاڵێکی باشی نییە تەنها باگراتیۆنی هەیە" (ناپلیۆن پۆناپارت) 
  • "ژنڕاڵ باگراتیۆن باشترین و گرنگترین ژنڕاڵە بە پلەی باڵا" (ئەلیکساندەر سڤۆرۆڤ) 
  • "باگراتیۆن شێری سوپای ڕووسیا" (ئەلیکساندەر چێرنیشیۆڤ) 

ڕووسییەکان چۆن سوپاس و ستایشی باگراتیۆنیان کرد؟ 

پاش مردنی باگراتیۆن ئیتر دەستکرا بە ناو گۆڕینی بەشێک لە شوێنە بازرگانییەکانی ڕووسیا بۆ ناوی P.Bagration واتا پیۆتر باگراتیۆن، لە میانەی جەنگی دووەمی جیهانیشدا کۆپلانی باگراتیۆن کە لە جەنگەکانی بەکاری هێنابوون لە لایەن جۆزێف ستالین سەرۆکی یەکێتی سۆڤێت بەناوی (ئۆپراسیۆنی باگراتیۆن) دژی نازییەکان بەکارهێنرا. هەروەها لە نێو سوپای ئێستای ڕووسیاشدا چەندین کەرەستەی جەنگی و کەشتی بەناوی باگراتیۆنەوە هەن. تەنانەت لە جەنگی ڕووسیا-ئۆکرانیادا ڕووسەکان لە گرتنی شاری باخمووت لە ڕێگەی هێزەکانی ڤاگنەرەوە ئۆپراسۆنی خنکێنەری باگراتیۆن بەکاردێنن.


سەرچاوەکان



77 بینین