هۆتێل دێل لونا_(٢٠١٩)

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2024-03-22-16:44:00 - کۆدی بابەت: 12222
هۆتێل دێل لونا_(٢٠١٩)

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

هۆتێل دێل لونا (بە ئینگلیزی: Hotel del Luna، بە عەرەبی: فندق ديل لونا، بە کۆری: 호텔 델루나) زنجیرەیەکی کۆریای باشوورە کە لە ١٣ـی مانگی حەوتی ٢٠١٩ لە کەناڵی TvN بڵاوکراوەتەوە، لە چەشنی خەیاڵی، ڕۆمانسی و کۆمیدییە، نمرەی ٨،١/١٠ وەرگرتووە لە ماڵپەڕی IMDb تایبەت بە هەڵسەنگاندنی فیلم و زنجیرەکان. زنجیرەکە لە یەک وەرزی ١٦ ئەڵقەیی پێکهاتوور. زنجیرەکە لە نووسینی (هۆنگ جیۆنگ یون) و (هۆنگ میران)ـە، کە ناسراون بە خوشکانی هۆنگ، لە دەرهێنانی (ئۆ چۆنگ هوان)ـە. 

نواندنکارە سەرەکییەکان

  • لی جی ئون (ئای یو) لە ڕۆڵی جانگ مان وۆل
  • یۆ جینگ گو لە ڕۆڵی کو چان سۆنگ 
  • شین جونگ گیون لە ڕۆڵی کیم سون بی
  • بای هی سون لە ڕۆڵی چۆی سیۆ هی
  • پۆ جی هون لە ڕۆڵی جی هیون جونگ 

کورتەی چیرۆکی زنجیرەکە

هۆتێل دێل لونا کە وەکوو میوانخانەی مانگ ناسراوە تاکە هۆتێلە لە دونیادا کە بەشێوەیەکی تایبەت میوانداری ڕۆحەکان دەکات، هۆتێلەکە لەلایەن جانگ مان وۆلەوە بەڕێوە دەبرێت، کە لەبەر تاوانەکانی لە ڕابردوودا ئەو ئەرکەی پێ سپێردراوە، ڕۆژێک مرۆڤێکی زیندوو بەڕێکەوت دەچێتە ناو هۆتێلەکە و بۆئەوەی لە مردن ڕزگاری بێت ڕێککەوتنێک لەگەڵ مان وۆلدا دەبەستێت، کە دوای ٢٠ ساڵ کوڕەکەی کار بۆ ئەو و هۆتێلەکەی بکات، بەم شێوەیە ڕووداوەکانی زنجیرەکە دەست پێ دەکات.

دەربارەی زنجیرەکە

کەسایەتی جانگ مان وۆل
جلە جوان و جۆراوجۆرەکان و خشڵەکانی مان وۆل، ئەوە نیشان دەدات کە کەسایەتییەکی ماددی هەیە و هەروەها شوێن کەسایەتییە بەناوبانگەکانی ئینستاگرام دەکەوێت، دەڕواتە ئەو شوێنانەی ئەوان ڕۆشتوون یان خواردنیان لێ خواردووە، بەردەوام وێنەی خواردنەکان و شتەکانی دیکە دەگرێت، کە هەموو ئەمانە نیشانەی ئەوەن کە هەوڵ دەدات بە کڕینی شتی گران و شوێنی گرانبەها، خۆشبەختی و دڵخۆشی بەدەست بهێنێت، بەڵام لەگەڵ بوونی هەموو ئەوانە هیچ لە هەستی تۆڵە و ڕقی ناخی کەم نابێتەوە و دڵخۆش نابێت.

کەسایەتی کو چان سۆنگ
بەپێچەوانەی مان وۆلەوە، چان سۆنگ کەسایەتییەکی میهرەبان و دۆستانەی هەیە، هیچ ویستی سەروەت و سامانی نییە، زیاتر پشت بە هەستی مرۆڤایەتی دەبەستێت و لە هەموو بارودۆخێکدا نیگەرانی مان وۆلە و لە مەترسی دەیپارێزێت. ئەم دوو کەسایەتییە بەباشی تەواوکەری یەکترن و هەندێک کاتیش کۆمیدیایەکی جوان دروست دەکەن.

هۆتێل دێل لۆنا
لەگەڵ ئەوەی ئەم هۆتێلە لەناو شاردایە و مرۆڤەکان بەلایدا تێدەپەڕن، بەڵام کەس نایبینێت تەنیا لەو کاتەدا نەبێت کە مانگ پڕ دەبێت، بۆیە دەبینین کە لەو کاتانەدا میوانداری لە مرۆڤە زیندووەکان دەکەن.

کارمەندەکانی هۆتێلەکە
هەموو کارمەندەکانی هۆتێلەکە ڕۆحن، وەکوو هەر ڕۆحێکی تری ناو هۆتێلەکە تۆڵەیەک یان ناڕەزایەتییەکیان هەیە کە ئامادە نین و ناتوانن بڕۆنە جیهانی دوای مردن، مەگەر ئەوەی ڕووبەڕووی ڕابردوویان ببنەوە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە مرۆڤەکان هەتا ڕووبەڕووی ڕابردوویان نەبنەوە، ناتوانن هەنگاو بەرەو داهاتوو بنێن.

ئەم زنجیرەیە پڕ بینەرترین زنجیرەی کەناڵی TvNە لە ساڵی ٢٠١٩.


سەرچاوەکان



70 بینین