چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ کەسانی دڵناسک

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2024-03-23-00:02:00 - کۆدی بابەت: 12232
چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ کەسانی دڵناسک

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کەسانی دڵناسک (بە عەرەبی: اشخاص حساسين، بە ئینگلیزی: sensitive people)، کەسانی دڵناسک ئەو کەسانەن کە هەستیارن بەرانبەر هەموو شتێک و دەکرێت بە بچووکترین شت بێتاقەت بن. بۆ چارەسەرکردنیشی کەمێک ئارامی و هەندێک ڕێکار و ڕاهێنان پێویستە.

هۆکاری دڵناسکی چییە؟

  • بوونی دایک و باوکێک کە هەموو شتێکیان بە قسەی دایک و باوک کردووە و هەموو شتێکیان بۆ دابین کردووە.
  • یاخود زۆر سنووردارکردن لەلایەن دایک و باوکەوە.
  • فشار و خەمۆکی.
  • ئەزموونی ناخۆش بەبەردەوامی.
  • هەستکردن بە کەمی و نەبوونی متمانە بەخۆبوون.

کەسانی دڵناسک چۆنن؟

  • ئەگەر پێبکەنی وادەزانێت گاڵتە بەو دەکەیت.
  • ئەگەر بێدەنگ بیت، وادەزانێت خۆت بە شت دەزانیت.
  • ئەگەر گاڵتەی لەگەڵ بکەیت، وادەزانێت پێی ڕادەبوێریت.
  • ئەگەر بە قسەی نەکەیت، وادەزانێت حسابی بۆ ناکەیت.
  • ئەگەر شتێکی فێر بکەیت، هەست دەکات سوکایەتی پێدەکەیت.

ئەمانە نیشانەی ئەو کەسانەن کە دەکرێت زۆر دڵناسک و هەستیار بن.

چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم کەسانە بکەین؟

  • کەمتر ڕەخنەی لێ بگرن، کەسانی دڵناسک بەرگەی ڕەخنەی زۆر ناگرن، بۆیە گرنگی بە بابەتە لاوەکییان مەدەن و تەنیا بۆ بابەتی گرنگ ئاگاداری بکەنەوە، با ڕەخنەکەش بەشێوەیەکی ئارام و میهرەبانانە بێت. 
  • هێڵە سوورەکانی بزانن، تا دەتوانن دوور بن لەو شتانەی بێتاقەتی دەکات.
  • خۆشەویستی نیشان بدەن، کەسانی دڵناسک پێویستیان بە خۆشەویستی زیاترە.
  • بە ئارامییەوە گوێ لە قسەکانی بگرن، ئەگەر وانەبێت توڕەبوونی زیاتر دەبێت، هەوڵبدەن هەڵە تێگەیشتن کەم بکەنەوە و ویستە گونجاوەکانی جێبەجێ بکەن، ئەگەر نەکرا ویستەکەی جێبەجێ بکرێت، بە هۆکارەوە قایلی بکەن.

چۆن یارمەتی بدەین چاک ببێت؟

  • دەبێت تێی بگەیەنن نابێت وا بیر بکاتەوە کە کێشەیەکی هەیە، تەنیا ئەو نییە کە دووچاری ئەم بابەتە بووە، بەڵکوو هەمووان دەکرێت ئەزموونی بکەین، بەڵام گرنگ ئەوەیە لەم حاڵەتەدا نەمێنینەوە. 
  • متمانەی پێ بدەن و هانی بدەن متمانەی بە خۆی بێت، چونکە متمانە بەخۆبوون بە بەشێک لە سەرکەوتنی دادەنرێت. بۆ نموونە بارودۆخێک دروست بکەن تاکوو تێیدا باوەڕ بە خۆی بکات، تواناکانی تێیدا دەرکەوێت و بیانناسێت.
  • ڕەنگە هۆکاری دڵناسکییەکەی بەرانبەر کەسەکان ئەوە بێت کە تێڕوانینێکی نەرێنی لەسەریان هەبێت، پێی وابێت کە هەمووان دژی ئەون و خۆشیان ناوێت، هەوڵ بدەن تێڕوانینی لەسەر کەسەکان بگۆڕن، بەجۆرێک کە باوەڕ بکات هەمووان خۆشیان دەوێت.
  • هەوڵ بدەن دووری بخەنەوە لەوەی بڕیار لەسەر کەسانی تر بدات، ڕەفتار و کاری ئەوانی تر لە دژی خۆی لێک نەداتەوە.
  • خۆی لە کەسانی تر جیانەکاتەوە و هەوڵ بدات زیاتر تێکەڵ ببێت.
  • واقع بین بێت، واتا ڕاستی قبوڵ بکات دەربارەی کەسەکان و ڕووداوەکان.
  • دوورکەوتنەوە لە بیرکردنەوەی نەرێنی.
  • دوورکەوتنەوە لە تەنیایی و بێکاری.


سەرچاوەکان



253 بینین