شازادە هاری

له‌لایه‌ن: - شنە شەماڵ شنە شەماڵ - به‌روار: 2024-03-28-23:03:00 - کۆدی بابەت: 12366
شازادە هاری

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

شازادە هاری (بە ئینگلیزی: prince harry، بە عەرەبی: الأمير هاري) هێنری چارلس ئەلبێرت دەیڤد لە دایکبووی ١٥ـی ئەیلوولی ساڵی ١٩٨٤ـە و ئەندامی خێزانی شاهانەی بەریتانیایە. بە کووڕە بچووکەکەی پاشا چارلسی سێیەم و دیانای شازادەی وێڵز ناسراوە،  پێنجەمینە لە هێڵی جێگرەوەی تەختی بەریتانیا.

زانیاری گشتی

ساڵ و شوێنی لەدایکبوون  ١٥ـی ئەیلوولی ١٩٨٤، نەخۆشخانەی سەینت ماریس لەندەن ئینگلتەرا
هاوسەر مێگان مارکڵ 
منداڵ
  • شازادە ئەرچی 
  • شازادە لیلیبێتی
ناوی تەواوەتی هێنری چارلس ئەلبێرت دەیڤد
باوک چارلسی سێیەم
دایک دیانا سپێنسەر
خوێندن
  • کۆلێژی ئیتۆن
  • ئەکادیمیای سەربازی شاهانەی ساندهێرست
  • قوتابخانەی فڕینی هێلیکۆپتەر

لە قوتابخانەی وێتەربی و قوتابخانەی لودگرۆڤ و کۆلێژی ئیتۆن خوێندوویەتی، هاری ڕاهێنانی ئەفسەرانی سوپای تەواو کردووە لە ئەکادیمیای سەربازی شاهانەی ساندهێرست. هاوسەرگیری لەگەڵ خانمە ئەکتەری ئەمریکی میگان مارکڵ کردووە. ئەوان دوو منداڵیان هەیە بە ناوەکانی ئەرچی و لیلیبێت. هاری و مێگان لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ لە پۆستی شاهانە دەستیان لەکارکێشایەوە و گواستیانەوە بۆ مێشگان لە باشوری کالیفۆرنیا، هەروەها کۆمپانیای ئەرچیوێڵیان دامەزراند، کە تێکەڵەیەکە لە ڕێکخراوە بازرگانییە قازانج نەویستەکان لە بێڤەرلی هیڵس. 

ژیانی

شازادە هاری لە ١٥ـی ئەیلوولی ١٩٨٤ لە نەخۆشخانەی لیندۆی باڵی سەینت ماریس لە پادینگتۆن لە لەندەن لەدایکبووە وەک منداڵی دووەمی شازادەی وێڵز. کاتێک گەورە بوو لەلایەن خێزان و هاوڕێکانی و خەڵکەوە بە هاری ئاماژەی پێکرا، لەلایەن براکەیەوە نازناوی هارۆڵدی لێنزاوە، هاری و برا گەورەکەی ویلیام، لە کۆشکی کینسینگتۆن لە لەندەن و خانووی هایگرۆڤ لە گلۆستەرشایر گەورە بوون. دیانا دەیویست کوڕەکانی ئەزموونێکی فراوانتریان هەبێت و تێگەیشتنێکی باشتریان هەبێت لە ژیانی ئاسایی  منداڵانی پێشووی شاهانە. هاری لە تەمەنێکی زوودا دەستی کرد بە سەردانی فەرمی لەگەڵ دایک و باوکی، یەکەم گەشتی بۆ دەرەوەی وڵات لەگەڵ دایک و باوکی بوو بۆ ئیتاڵیا لە ساڵی ١٩٨٥ بوو. هەروەها لەگەڵ خێزانەکەی گەشتیان کردووە بۆ کەنەدا لە ١٩٩١ و ١٩٩٨. 

خوێندن

وەک باوکی و براکەی هاری لە قوتابخانە تایبەتەکان خوێندوویەتی. ئەو لە قوتابخانەی ساوایانی جەین ماینۆرس لە لەندەن دەستی پێکرد و قوتابخانەی وێتەربی پێش ئامادەیی و دوای ئەوە لە قوتابخانەی لودگرۆڤ لە بێرکشایەر خوێندوویەتی. دوای تێپەڕاندنی تاقیکردنەوەکان لە زانکۆی ئیتۆن وەرگیرا. لە حوزەیرانی ٢٠٠٣، هاری خوێندنی لە ئیتۆن تەواو کرد بە دوو ئاستی A، بەدەستهێنانی نمرەی B لە هونەر و D لە جوگرافیا،  ئەو وەک وەرزشوانێکی باڵا وەسف کراوە کە یاری پۆلۆ و  ڕاگبی کردووە. 

هاوسەرگیری و باوکایەتی

لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٦ شازادە هاری دەستی کرد بە پەیوەندی لەگەڵ خانمە ئەکتەری ئەمریکی میگان مێرکڵ. بەپێی وتەکانی ئەو دوو هاوسەرە یەکەم جار لە ڕێگەی ئینستاگرامەوە پەیوەندییان لەگەڵ یەکتردا هەبووە،  لە ٨ـی تشرینی دووەم هەشت ڕۆژ دوای بڵاوکردنەوەی پەیوەندییەکە لەلایەن میدیاکانەوە، شازادە فەرمانی بە وەزیری پەیوەندییەکانی کرد کە لەبری ئەو بەیاننامەیەک بڵاوبکاتەوە بۆ دەربڕینی نیگەرانی خۆی سەبارەت بەو لێدوانانەی کە لەلایەن میدیا سەرەکییەکان و ئینتەرنێتەوە دەربارەی کچە خۆشەویستەکەی کراوە. شازادە پێش ئەوەی هاوسەرگیری بکات بوو بە گەورەی شاری ساسێکس. لە ١٩ی ئایاری ٢٠١٨ ڕێوڕەسمی هاوسەرگیری لە قەڵای سەینت جۆرجس لە قەڵای ویندزۆر بەڕێوەچوو.  لە ٦ـی ئایاری ٢٠١٩ ئەرچی کوڕەکەیان لە دایکبوو. نووسینگەکەیان گواستراوەتەوە بۆ کۆشکی باکینگهام و بە فەرمی هاری و مێگان لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٠ دەستیان لە پۆستی شاهانەی کار کێشایەوە. لە ٣١ـی ئازاری ٢٠٢٠ دوای چەند مانگێک لە کەنەدا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەو دوو هاوسەرە لە حوزەیرانی ٢٠٢٠ خانوویەکیان کڕی لە موڵکی پێشووی ڕیڤین ڕۆک لە مۆنتیسیتۆی کالیفۆرنیا. لە ڕێکەوتی ٤ـی حوزەیرانی ٢٠٢١ کچەکەیان بە ناوی لیلیبێت لەدایکبوو. 

پیشەی مەدەنی و وەبەرهێنان

لە هاوینی ٢٠١٩ پێش ڕاگەیاندنی بڕیارەکەیان بۆ کشانەوە لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٠، هاری و هاوسەرەکەی بەشدارییان کرد لە گفتوگۆکردن لەگەڵ جێفری کاتزێنبێرگ، دامەزرێنەری پلاتفۆرمی بڵاوکردنەوەی کویبی سەبارەت بە ئەگەری ڕۆڵێک لە خزمەتگوزارییەکەدا بەبێ بەدەستهێنانی قازانجی تایبەتی، بەڵام لە کۆتاییدا بڕیاریاندا بەشداری لە پڕۆژەکەدا بکەن. لە ئەیلوولی ٢٠١٩ ڕاگەیەندرا کە ئەو دوو هاوسەرە کۆمپانیای پەیوەندییەکانیان بە کرێ گرتووە کە بنکەکەی لە نیویۆرکە. لە حوزەیرانی ٢٠٢٠ ئەوان لەگەڵ ئاژانسی هاری واڵکەر ئیمزایان کرد کە خاوەندارێتی کۆمپانیای ڕاگەیاندنی ئیندێڤەر بوو، بۆ ئەنجامدانی پەیوەندی قسەکردنی گشتی بە پارە.

لە ئەیلوولی ٢٠٢٠ هاری ڕێککەوتنێکی بازرگانی تایبەتی لەگەڵ نێتفلیکس واژۆ کرد. لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ هاری و مێگان ڕێککەوتنێکی چەند ساڵیان لەگەڵ سپۆتیفای مۆر کرد بۆ بەرهەمهێنان و میوانداریکردنی بەرنامەی خۆیان لە ڕێگەی کۆمپانیای بەرهەمهێنانی دەنگییان بە ناوی Archewell Audio. لە نیسانی ٢٠١٩، ڕاگەیەندرا کە هاری وەک هاوبەش دروستکەر و بەرھەمھێنەری جێبەجێکار کار دەکات لەسەر زنجیرەیەکی دۆکیومێنتاری دەربارەی تەندروستی دەروونی لەگەڵ ئۆپرا وینفری، کە لە سەرەتادا بڕیاربوو لە ساڵی ٢٠٢٠ لەسەر Apple TV+ پەخش بکرێت. دواتر ڕاگەیەندرا کە زنجیرەکە بە ناونیشانی The Me You Cant See لە ٢١ـی ئایاری ٢٠٢١ بڵاودەکرێتەوە.


سەرچاوەکان



73 بینین