جۆر و پێکهاتەی سەرچاوەکانی زانیاری

له‌لایه‌ن: - سومەیە بێستون سومەیە بێستون - به‌روار: 2024-03-30-20:09:00 - کۆدی بابەت: 12388
جۆر و پێکهاتەی سەرچاوەکانی زانیاری

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

جۆر و پێکهاتەکانی سەرچاوەکانی زانیاری (بە عەرەبی: أنواع وهياكل مصادر المعلومات، بە ئینگلیزی: Types and structures of information sources)، ئەگەرچی بەشێک لە توێژەکان (سەرچاوەکانی زانیاری) بۆ سەرچاوە خودی و دەرەکییەکان دابەشکردووە، بەڵام بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیاوە جۆری سەرچاوەکان گۆڕاون و زیادیانکردووە و ڕیزبەندی و پۆلێنکردنیشیان گۆڕانی بەسەردا هاتووە.

جۆرەکان

یەکەم: پەیامنێر و نێردراو
پەیامنێر (Correspondent)، ئەو ڕۆژنامەوانەیە ڕەوانەی دەرەوەی سنووری چەق و مەڵبەندی بنەڕەتی ئەو شارە یان ئەو وڵاتە دەکرێت کە دەزگا ڕاگەیاندنەکەی تێدایە یان خۆی دانیشتووی ئەو جوگرافییە دەرەکییەیە، واتە دەبن بە دوو جۆرەوە جۆرێکیان ئەوانەن لە شارەکانی دیکەی هەمان ئەو وڵاتە دەمێننەوە کە دەزگای ڕاگەیاندنەکەی لێیە، و جۆرەکەی دیکەشیان ئەوانەن لە وڵاتانی دەرەوەن و هەواڵ و زانیاریی بۆ دەزگای ڕاگەیاندنەکەیان دەنێرن. نێردراویش (reporter)، ئەو ڕۆژنامەوانەیە کە بە مەبەستی کۆکردنەوەی هەواڵ و زانیاری لەلایەن دەزگا ڕاگەیاندنەکەوە بۆ لای وەزارەت و فەرمانگە و دامەزراوە فەرمی و نافەرمییەکان و کۆبوونەوە و کۆنگرە جیهانییەکان دەنێردرێن.

دووەم: پێگەی ئەلیکترۆنی
لە ئێستادا پێگەی ئەلیکترۆنیی ئینتەرنێت (Website) گرنگترین سەرچاوەی زانیارییە، لەوانەیە ئاسانترین ڕێگاش بێت بۆ گەشتن بەو زانیارییانەی ڕۆژنامەوان بەدوایاندا دەگەڕێت، چونکە زانیارییەکان لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت بەوە دەناسرێت کە بەردەوام دەستدەکەون و ڕۆژنامەوان دەتوانێت بە ئاسانی و هەرکات بیەوێت سوودیان لێ وەربگرێت. جگە لەوەش بەردەوام نوێدەکرێنەوە و نوێترین هەواڵ لەسەر زۆربەی پێگە ئەلیکترۆنیەکاندا دادەنرێن.

سێیەم: ڕاپۆڕت و بەڵگەنامەکان
ڕاپۆڕت و بەڵگەنامەکان گرنگترین سەرچاوەی ڕۆژنامەوانن، جا ئەو بەڵگەنامە ڤیدیۆیی بن یان نوسراوو یان هەرجۆرێکی دیکە، لەوانە: کۆنووسی کۆبوونەوە حوکمییەکان، کۆنووسی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران (پەرلەمان) و ئەنجوومەنی ڕاوێژکاری و ناوخۆییەکان، ڕێوشوێنەکانی تایبەت بە بیرۆکراسیەت، ڕاپۆڕتی دەستە جیاوازەکانی چاودێری لەسەر توانای حوکمی، ڕاپۆرتە داراییەکانی تایبەت بە بودجەی دەوڵەت و داهاتە جۆراوجۆرەکانی، زانیارییەکانی پەیوەست بە کڕین و بەکرێدانی موڵکەکانی دەوڵەت، زانیارییەکان و داتاکانی پەیوەست بە دەرماڵە و هاوکارییەکان، ڕێکەوتن و پەیماننامە نێودەوڵەتیەکان، ئاماری ڕێکخراوە قازانج نەویستەکان، دۆسیەیی دەزگا نێودەوڵەتی و باڵێۆزخانەکان، وەسێتنامەکان، دۆسیەیی بەندکراوانی پۆلیس،......چەندانی تر.

چوارەم: کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکان
کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی (Press Conference)، بەسەرچاوەیەکی گرنگی هەواڵ و زانیاری ڕۆژنامەوانی دادەنرێت کە لە ڕێیەوە ڕاوبۆچونی گەورە بەرپرسانی وەک: (سەرۆک، سەرکردە، کەسێتی بوارە جیاجیاکان، بەرپرسانی وەزارەتەکان و چەندانی تر) دەردەبڕدرێت و تێیدا سیاسەتێکی دیاریکراو یان هەر مەسەلەیەکی جێی بایەخی گشتی لەبەردەم ڕۆژنامەواناندا ڕوون دەکرێتەوە، ئەمەش بۆ ئەوەیە لەیەک کاتدا زۆرترین ڕۆژنامەوان وەڵامی پرسیارەکانی دەستبکەوێت چونکە قورسە بۆ بەرپرسان و کاتی ئەوەیان نییە بتوانن هەر ڕۆژنامەوانێک بە تەنیا چاوپێکەوتنی لەگەڵدا بکات. 

پێنجەم: ئاژانسەکانی هەواڵ
ئاژانسەکانی هەواڵ لەڕێگای تۆڕێکی فراوان لە نێردراوان و پەیامنێرانیانەوە کە لە هەموو ناوچەکانی جیهاندا بڵاوبوونەتەوە، بەگرنگترین سەرچاوەی زانیاری دادەنرێت لەپێشکەشکردنی خزمەتگوزاری ڕاگەیاندن لە هەواڵە دەرەکیەکان بە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن لە (ڕۆژنامە، گۆڤار، تەلەفیزیۆن، پێگە ئەلیکترۆنیەکان) لەئێستاشدا ئەو پڕۆسەیە لە ڕێگای پێگەی تایبەتی ئاژانسەکان لە تۆڕی ئینتەرنێت بەڕێوەدەچێت. بەناوبانگترین ئاژانسەکانی هەواڵی جیهانیش پێکهاتووە لە: ئاسۆشێتد پرێس (AP)ی ئەمەریکی، فرانس پرێس (AFP)ی فەڕەنسی و (ڕۆیتەرز)ی بەریتانی و چەندانی تر. پاش دووەمین جەنگی جیهانیش چەند ئاژانسێکی هەواڵی نیشتیمانی دەرکەوتن بەجۆرێک کە هەر دەوڵەتێک دەتوانێت ئاژانسی تایبەت بەخۆی هەبێت.

شەشەم: مۆبایل
مۆبایل داهێنراوێکی نوێی تەکنەلۆژیای پەیوەندییە و لەبەر ئەوەی بچووکە و بە ئاسانی هەڵدەگیرێت و نرخیشی زۆر گران نییە زۆربەی خەڵک هەیەتی و بەکاریدەهێنێت. لەئێستاشدا بەشێوەیەکی بەرچاو بەکارهێنانی لە وێنەگرتنی ڕووداوەکاندا بڵاوبووەتەوە بەتایبەت کاتێک ڕێگری لە ڕۆژنامەوانان دەکرێت بۆ ڕووماڵکردنی ڕووداوە گرنگەکان، هاوڵاتیان لە ڕێگای مۆبایلەکانیانەوە وێنەی ئەو  ڕوداوانە دەگرن و دەیاننێرێت بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و بەوەش دەبنە سەرچاوەیەکی گرنگی زانیاریی و شایەتحاڵی ڕوداوەکان، واتە بەجۆرێک لە جۆرەکان هەمان ڕۆڵی ڕۆژنامەوان دەبینن.

حەوتەم: بەشداربووان و قوربانیان و شایەتحاڵانی ڕووداو

مەبەست لە بەشداران کاراکتەری سەرەکی ڕوداوەکانن، بۆ نموونە ئەو ئەفسەر و کارمەندانەی ئاسایش کە بەشداری لە دەستگیرکردنی باندێکی ڕفێنەردا دەکەن. قوربانیانیش ئەو کەسانەن لە ڕووداوەکاندا دەبنە قوربانی و زیانیان پێدەگات، بۆ نموونە ئەوانەی لەلایەن باندێکەوە ڕفێنراون و دواتر ئازادکراون، شایەتحاڵیش ئەو کەسانەن کە بینەر و ئاگاداری ڕووداوەکانی وەکو تەقینەوەکان، کوشتن، کارەساتی سروشتی، ڕووداوی هاتووچۆن. هەموو ئەوانەش دەبنە سەرچاوەیەکی بەسوود و لە میانی ڕاپۆڕتە ڕۆژنامەوانییەکاندا یاخود بەرنامە هەواڵییەکاندا و هەندێکجار بەرنامە مێژوویەکاندا چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا دەکرێت.

هەشتەم: ناوەندەکانی توێژینەوە و ڕاپرسی
زۆرجار ئەنجامی ڕاپرسیەک یان توێژینەوەیەکی زانستی کە لەبارەی بابەتێکی دیاریکراوەوە ئەنجامدراوە، وەک نامەی ماستەر و تێزی دکتۆرا کە لە زانکۆکاندا ئەنجامدەدرێت یان لەلایەن ناوەندێکی توێژینەوە و ڕاپرسیەوە ئەنجامدەدرێت دەبێتە سەرچاوەیەکی نوێی و گرنگی زانیاری بۆ ڕۆژنامەوانان و بابەتە ڕۆژنامەوانییەکانیان.

نۆیەم: ئێزگە ناوخۆیی و بیانییەکان
ئێزگە ناوخۆیی و بیانیەکان بە یەکێک لە سەرچاوەکانی هەواڵ و زانیاری دادەنرێت بە تایبەت لەو وڵاتانەی ئەو ئێزگانەی لەژێر سەرپەرشتی حکومەتدان و گوزارشت لە ئاڕاستەی فەرمی دەوڵەت دەکەن و لێدوان و چاوپێکەوتنی بەرپرسە فەرمییەکان و بڕیارەکانی دەوڵەت وبڵاودەکەنەوە، لە ئێستاشدا ئەو ئێزگانە پێگەی ئەلیکترۆنی خۆیان هەیە و بەشێوازەکانی دەنگی و نووسراو ئەو زانیارییانە بڵاودەکەنەوە.

دەیەم: ڕۆژنامە ناوخۆیی و دەرەکییەکان
هەندێکجار ڕۆژنامە و گۆڤارە ناوخۆیی بیانیەکان هەواڵێکی گرنگ یان بەڵگەنامەیەکی مەترسیدار بڵاودەکەنەوە کە پێشدەستی ڕۆژنامەنووسی (سبق صحفی)یان تێدایە و لە هیچ سەرچاوەیەکی دیکە بڵاونەبووەتەوە، بۆیە ڕۆژنامەکانی دیکە دەیگوێزنەوە یان فراوانتری دەکەن و لێدوانی تایبەتی لەسەرچاوەی تایبەتەوە یان لە ڕێگای چاوپێکەوتن و گفتوگۆی ڕۆژنامەوانیەوە لەگەڵ سەرکردە ناوخۆیی و بیانیەکان بۆ زیاد دەکەن و بڵاویدەکەنەوە.

یانزەیەم: بڵاوکردنەوە 
هەندێکجار (وەزارەت، دەستە نێودەوڵەتییەکان، باڵێۆزخانەکان، نووسینگە ڕۆشنبیریەکان، کۆمپانیا حکوومی و ناوچەییەکان و چەندانی تر) بڵاوکراوەی تایبەت بەشێوەی خولی یان بەشێوەی ناڕێکخراو سەبارەت بە کار و چالاکییەکانیان دەردەکەن کە لە هەندێک حاڵەتدا دەبنە سەرچاوەیەکی گرنگی زانیاری و هەواڵی ڕۆژنامەوانی و ڕەنگە زانیارییەکیش بڵاوبکەنەوە کە گرنگ بێت و پێشتر نەزانرابێت.

دوانزەیەم: وەزارەت و دەستە فەڕمی و میلییەکان
زۆرجار دەزگاکانی ڕاگەیاندن هەواڵ و زانیارییان دەستدەکەوێت کە سەرچاوەکانیان بۆ وەزارەتەکان دەگەڕێنەوە، نوسینگە و بەڕێوەبەرایەتیەکانی حکومەت لە شار و هەرێمەکاندا، دەستە فەرمی و میللیەکان، کۆمپانیا و دامەزراوە گشتی و تایبەتیەکان، بنکەکانی پۆلیس و دادگاکان، سەندیکاکان، نەخۆشخانەکان، سینەما و شانۆکان، ئۆتێل و یانەکان، فڕۆکەخانە و هۆکارەکانی گواستنەوە. لەگەڵ ئەوەی زۆربەی وەزارەت و فەرمانگە حوکمییەکان بەش و یەکەی ڕاگەیاندنیان تێدایە کە ڕۆژنامەوان و کەسانی شارەزا لە بواری ڕاگەیاندندا کاریان تێدەکەن و ئەرکیان ڕووماڵکردنی چالاکی فەرمانگە و وەزارەتەکانیانە.

سیانزەیەم: ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکان 
لەم سەردەمەدا ڕێکخراوە ناحکوومیەکان لەسەر ئاستی ناوخۆ و جیهاندا سەرچاوەی گرنگی زانیاری ڕۆژنامەوانن بە تایبەت بڵاوکردنەوەی ئەو ڕاپۆرتانەی باس لە پێشێلکردنی ماف و ئازادییەکانی مرۆڤ دەکەن، وەک ڕاپۆرتی ڕێکخراوە ناحکوومیە نێودەوڵەتیەکانی وەک:(هیومان رایتس وۆچ، کرایسس گروپ، و ئەمنستی ئینتەرناشناڵ) وەک چۆن لە هەرێمی کوردستانی عێراقیشدا ڕێکخراوە ناحکوومیەکانی وەک فیدراسیۆنی ڕێکخراوە ناحکوومیەکان و سەنتەری پەرەپێدانی مافی مرۆڤ و سەنتەری میترۆ، بە بەردەوامی ڕاپۆرت لەسەر پێشێلکارییەکان بڵاودەکەنەوە. 

چواردەیەم: سەرچاوەکانی دیکە
ئەو سەرچاوانەی پێشتر باسکران تەنها سەرچاوەی زانیاری نین، بەڵکو هەندێک سەرچاوەی دیکە هەن کە بەپێی سروشتی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و تایبەتمەندێتیان لە ڕووی سیاسەتی کارکردنیانەوە دەگۆڕدرێت لەوانە: کەسانی پسپۆڕ لە بوارێکی دیاریکراوی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و چەندانی تر.

هەروەها ئەو کەسە فەرمیانەی پۆستێکی حکوومی و سیاسیان لە هەر بوارێکدا هەیە یان دیپلۆماتێکی پێشوو، لێپرسراوێکی پێشوو، یان خانەنیشینکراو، کە زانیاریی شاراوە و نهێنییان لەلایە، هەروەها دامەزراوە داراییەکانی وەک: بۆرسە، بانکەکان و ناوەندە بازرگانیەکان، هاوڕێی و هاوپیشە و هاوکارانی کەسایەتیە دیارەکانی ناو کۆمەڵگە، ئاهەنگ و فێستیڤاڵ و لیژنە فەرمی و میللیەکان، گۆڤارە تایبەتمەندەکان، ئاگاداری و پڕوپاگەندەکان، نامەی خوێنەران واتە هەواڵە ناڕاستەکان ئەو هەواڵ و زانیاریانەی بەبێ ئەوەی ڕۆژنامەوان پلانی بۆ دانابن و بە ڕێکەوت دەستی دەکەوێت.

ئەگەرچی هەندێکجار لەلایەن دەسەڵاتداران و خاوەن بەرژەوەندییەکانی وەک بەرپرسان یان کۆمپانیا و دامەزراوە فەرمی و ئەهلییەکانەوە رێگری لە گەیشتن بە سەرچاوەکانی زانیاریی دەکرێت بەڵام لەمڕۆدا بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و هۆکارە هاوچەرخەکانی پەیوەندییەوە ژمارەیەکی زۆر و جۆراو جۆر لە سەرچاوەی هەواڵ و زانیاری هەن و هەندێک لەو ڕێگرییانەیان تێپەڕاندووە وەک: ئینتەرنێت، مۆبایل و کامێرای ژمارەیی بچووک و چەندانی تر، لە هەرێمی کوردستانیش سەرجەم ئەو هۆکارە تەکنەلۆژییانە بوونیان هەیە و بوونەتە سەرچاوەی گرنگی زانیاری بۆ ڕۆژنامەوان و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن کە لە سەردەی هاوچەرخدا هەر تاکێکی کۆمەڵگە یان هەر هاوڵاتییەک بەهۆی بوونی هەموو ئەو هۆکارە تەکنەلۆژییانە و کۆکردنەوەی زانیاری و بڵاوکردنەوەی زانیارییەوە و پێیاندوەترێت "هاوڵاتیی ڕۆژنامەوان"، هەروەها بە ڕۆژنامەوانی خەڵکیش (Public Journalism) ناودەبرێت، کە ئەوانیش وایان کردووە تاڕادەیەک دەرگا داخراوەکانی زانیاری بکرێنەوە و دەستەواژەیەکی نوێ بێتە ئاراوە کە پێی دەوترێت ڕۆژنامەگەریی سەرچاوەکراوە (Open source journalism).


سەرچاوەکان



68 بینین