جاکلین کەنەدی

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-04-07-07:23:00 - کۆدی بابەت: 12455
جاکلین کەنەدی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

جاکلین کەندەی (بە عەرەبی: جاكلين كينيدي، بە ئینگلیزی: Jacqueline Kennedy)  هاوسەری جۆن کەنەدی  ٣٥ـەمین سەرۆکی ئەمریکا و بۆ ماوەی سێ ساڵ نازناوی ٣٥ـەمین خانمی یەکەمی ئەمریکای هەبووە. بە ناودارترین خانمی سەدەی بیستەم دانراوە لە ئەمریکا و لەو سەردەمەدا زۆرێک لە ژنانی ئەمریکا دەیانویست هاوشێوەی جاکلین کەنەدی بن و لە شێوازی پۆشینی جلوبەرگ و ڕەفتارکردن دەیانویست وەکوو جاکلین مامەڵە بکەن.

زانیاری گشتی

ناو جاکلین کەنەدەی
بەروار و شوێنی لەدایکبوون ٢٨ـی تەممووزی ساڵی ١٩٢٩، نیویۆرک، ئەمریکا
ناوی هاوسەری جۆن کەنەدی
ڕەگەزنامە ئەمریکی
پیشە ڕۆژنامەنووس، نووسەر، وێنەگر، سیاسەتمەدار
بەرواری کۆچی دوایی ١٩ـی ئایاری ساڵی ١٩٩٤

ژیاننامەی

جاکلین لە ٢٨ـی تەممووزی ساڵی ١٩٢٩ لە ویلایەتی نیویۆرکی ئەمریکا لەدایکبووە و جاکلین سێ ناو و نازناوی فەرمی هەیە، (جاکلین لی بووڤێر) کە ناوی سەرەتای ژیانێتی و بە نازناوی دووەمی باوکێتی ناسراوە، (جاکلین کەنەدی) کە نازناوی هاوسەری یەکەمێتی و  سەرۆکی ئەمریکا جۆن کەنەدی بوو، (جاکلین ئۆناسیس) کە نازناوی هاوسەری دووەمێتی کە ناوی ئەرستۆ ئۆناسیس بوو. جاکلین کچە گەورەی جۆن فێرنۆ بووڤێری باوکی و جانێت نۆرتن لی دایکی بوو، ڕەچەڵەکی خێزانەکەی فەڕەنسی و سکۆتلەندییە و تەنیا یەک برای هەبووە و لە ساڵی ١٩٤٠ دایک و باوکی لەیەک جیادەبنەوە. جاکلین سەرەتای منداڵی لە ناوچەێ هامبتۆن لە نیویۆرک بەسەربردووە و دوای جیابوونەوەی دایک و باوکیشی هەر ماوەی لەلای یەکێکیان ماوەتەوە.

قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی هەر لە نیویۆرک تەواوکردووە و باپیری تێچووی خوێندنەکەی لەئەستۆ گرتووە. خوێندنی ئامادەیی لە دوو خوێندنگەی جیاواز تەواو کردووە و لە تەمەنی لاوی خوولیای سەمای بالێی کردووە و یستویەتی ببێت بە سەماکەری بالێ، لە ساڵی ١٩٤٧ کاتێک لە خوێندنگەی دواناوەندی بوو لە خوێندنگەکەی بە کچی ساڵ دەستنیشان کرا چونکە لێهاتوو و زیرەک بووە. دواتر لە کۆلێجی ئاداب لە زانکۆی ڤاسار لە نیویۆرک دوو ساڵی خوێندووە، پاشان چووەتە زانکۆی گرنۆبڵ و دواتریش سۆربۆن لە فەڕەنسا بۆ ماوەیەک لەو دوو زانکۆیە خوێندوویەتی، پاشان گەڕاوەتەوە زانکۆی جۆرج واشنتۆن و لە ساڵی ١٩٥١ لە ئەدەبی فەڕەنسی بڕوانامەی بەدەست هێناوە. دوای تەواوکردنی زانکۆ لە ساڵی ١٩٥١ وەکوو وێنەگر و پاشان نووسەر لە ڕۆژنامەی واشنتۆن تایمر هێڕاڵد کاری کردووە و لەڕێگەی ئەو پیشەیەوە چووە ناوخەڵکەوە و ناسرا، لە ماوەی کارکردنی ئاشنای جۆن کەنەدی بووە کە ئەو سەردەمە ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکی بووە.

ژیانی تایبەتی

جاکلین لە ئەیلوولی ساڵی ١٩٥٣ لەگەڵ جۆن کەنەدی هاوسەرگیری کردووە، یەکەم منداڵیان مردووە، دواتر لە ساڵی ١٩٥٧ بوونەتە خاوەن کچێک بە ناوی کاڕۆلین و پاشان لە ساڵی ١٩٦٠ کوڕێکیان بووە هەر بە ناوی جۆن کەنەدی ناونراوە جۆنی بچووک، لە ساڵی ١٩٦٣ کوڕێکی تریان بووە بە ناوی پاتریک بەڵام هەر کە لەدایکبووە کۆچی دوایی کردووە. دوای تیرۆرکردنی جۆن کەنەدی جاکلین جارێکی تر هاوسەرگیری کردووەتەوە و لە ساڵی ١٩٦٨ دوای پێنج ساڵ لە مردنی جۆن کەنەدی جاکلین دووبارە هاوسەرگیری لەگەڵ ئەرستۆ ئۆناسیس کردەوە کە بە دەوڵەمنترین پیاوەکانی جیهان دادەنرا و ڕەچەڵەکی یۆنانی بووه، لە ساڵی ١٩٧٥ هاوسەری دووەمی کۆچی دوایی کردووە و جاکلین چیتر هاوسەرگیری نەکردووەتەوە، جاکلین دوای مردنی هاوسەرەکەی لە کاری ڕۆژنامەوانی و نووسەری بەردەوام بووە.

ئەزموونی وەکوو خانمی یەکەمی ئەمریکا 

لە سێی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٦٠ جۆن کەنەدی خۆی وکوو بەربژێری سەرەکی بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا ڕاگەیاند و بانگەشەی هەڵبژاردنی دەستی پێکرد، لەو کاتەدا جاکلین بە منداڵی دووەمی دووگیان بوو و بەهۆی باری تەندروستییەوە لە بەشێکی دیاریکراو لە چالاکییەکانی هاوسەرەکەی بەشدار بوو، جاکلین لە جۆرج تاون بەرپرسی وەڵامدانەوەی نامە و تۆمارکردنی چاوپێکەوتنی تەلەڤزیۆنی و بڵاوکەرەوەکانی بانگەشەکانی ڕۆژنامە و گۆڤارەکان بووە، بەڵام لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا بەهۆی دۆخی تەندروستییەوە زۆر بە کەمی لەگەڵ جۆن کەنەدی هاوسەری دەردەکەوتووە.

لە ساڵی ١٩٦٠ جۆن کەنەدی بووە ٣٥ـەمین سەرۆکی ئەمریکا، دوای دوو هەفتە لە بوونی هاوسەرەکەی وەکوو سەرۆک جاکلین بووە خاون منداڵی دووەمی، لە کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٦١ جۆن کەنەدی سوێندی دەستووری جێبەجێ کرد و جاکلینیش لە تەمەنی ٣١ ساڵی نازناوی خانمی یەکەمی ئەمریکای پێ بەخشرا و بووە سێیەم خانمی یەکەمی ئەمریکا کە لەو تەمەنەدا و ئەو نازناوەی وەرگرت بە سێیەم گەنجترین خانمی یەکەمی ئەمریکا دەستنیشن کرا، جاکلین کەنەدی خاوەن ستایل و شێوازی تایبەتی خۆی بووە، لە پۆشینی جلوبەرگ و تەنانەت دیزاینی کۆشکی سپیش جیاواز و بێ وێنەبووە، هەمیشە ویستی ئەوەی هەبووە که کۆشکی سپی بکات بە ماڵێکی گونجاو بۆ خێزانەکەی و پارێزگاری لە شوێنەکە بکات، بۆیە یەکەم کاریشی وەکوو خانمی یەکەمی ئەمریکا بریتی بوو لە نۆژەنکردنەوەی چەند بەشێکی کوشکەکە، دواتر لێژنەیەکی تایبەتی بە هونەرە جوانەکان لە کۆشکەکە پێکهێنا و پۆستی وەزیری تایبەتی بە کۆشکی سپی دامەزراند.

لە پرۆسەی نۆژەنکردنەوەکەدا هەموو ژوورە گشتییەکانی کۆشکەکە بە بڕیاری ئەو نۆژەن کرانەوە و چەندان پەیکەر و تابلۆی هونەری بۆ کۆشکەکە لەسەر داوای ئەو زیاد کران، دوای پرۆسەی نۆژەنکردنەوەکە دەزگای تەلەڤزیۆنی CBC ڕاپۆرتێکی تەلەڤزیۆنی لەسەری پەخش کرد و ئەو پڕۆگرامە دەنگدانەوەیەکی زۆر هەبوو و ژمارە و ڕێژەی تەماشاکەرانی بە هەشتا ملیۆن کەس خەمڵێندرا. جاکلین بەوە ناسرا بوو کە گرنگی بە کولتوورە جیاوازەکانی تر دەدا و چەند زمانێکی دەزانی و بە کەسێکی ڕێکپۆش و گرنگیپێدەر ناوی دەرکردبوو، هەروەها دەیویست ژیانی تایبەتی منداڵەکانی دووربێت لە چاوی کامێرا و دەزگاکانی ڕاگەیاندن، زۆرێک لە ژنانی ئەمریکی پەو سەردەمە خۆیان لە ستایل و شێوازی پۆشینی جلوبەرگ دەیانویست وەکوو جاکلین دەرکەون.

تیرۆرکردنی جۆن کەنەدی هاوسەری و کاریگەرییەکانی لەسەر جاکلین

لە ڕۆژی ٢٢ تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٦٣ لە داڵاسی ویلایەتی تێکساس لە کاتژمێر ١٢:٣٠ـی نیوەڕۆ جۆن کەنەدی ٣٥ـەمین سەرۆکی ئەمریکا تیرۆر کرا، جۆن کەنەدی و جاکلین کەنەدی هاوسەری لەگەڵ پارێزگاری تێکساس جۆن کۆنالی و نیللی هاوسەری لە ئۆتۆمبێلێکدا بوون، لە ناوەندی داڵاس لەلایەن سەربازێکی ئەمریکییەوە لە سەر بینایەکی بەرزی نزیک شوێنەکە بە چەند گوللـەیەک جۆن کەنەدی و پارێزگاری تێکساسی کرانە ئامانج، لە ڕووداوەکە جاکلین لە تەنیشت هاوسەرەکەیەوە بوو کە گوللـەکانی بەرکەوت، ڕووداوەکە ڕاستەوخۆ لەپێش سەدان کەسی بینەر ڕوویدا کە بۆ پێشوازی سەرۆک لەسەر شەقامەکە کۆببوونەوە، هەروەها ڕۆژنامەنووسان بە کامێرا ڕووداوی تیرۆرکردنەکەیان بۆ مێژوو تۆمارکرد، دوای ڕووداوەکە ڕاستەوخۆ سەرۆک گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە و لەوێ بەهۆی سەختی برینەکەی کۆچی دوایی کرد.

دوای کۆچی دوایی جۆن کەنەدی جاکلین کەنەدی تووشی خەمۆکی بوو، چونکە هەر لەو ماوەیەدا پێش تیرۆرکردنی جۆن کەنەدی بە چەند مانگێک کۆڕەکەی بەهۆی نەخۆشی سییەوە لەدەست دابوو، بۆیە تووشی خەمۆکییەکی سەخت بوو. جاکلین لە ڕۆژی تیرۆرکردنەکە جلێکی پەمەیی پۆشی بوو، کاتێک جلەکەی بە خوێنی هاوسەرەکەی داپۆشرا بۆ ماوەیەکی زۆر جلەکانی لەبەری هێشتەووە و لە سەرەتای ڕووداوەکەدا هیچ کات نەگریا، پاشان لەکاتی ناشتنی جۆن کەنەدی ئەڵقەی هاوسەرگیرییەکەی خۆی کردە پەنجەی جۆن و لە گۆڕەکەی نێژرا، لەدوای ڕووداوەکە جاکلین جلەکانی وەکوو یادگاری هەڵگرت، پاشان بەخشییە مۆزەخانەی پارێزگاریکردن لە یادەوەرییەکانی کەنەدی لە نیویۆرک، لەو ماوەیەدا جاکلین بە یەکیک لە ژنە بەهێزەکانی ئەمریکا دانرا و توانی لەو خەمۆکییە خۆی دەرباز بکات. دوای کۆچی دوایی هاوسەرەکەی چووە نیویۆرک و لە شوقەیەکی بچووک نیشتەجێ بوو و هەر ئەو مۆزەخانەی جۆن کەنەدی دامەزراند بۆمپارێزگاری کردن لە یادگارییەکانی.

کۆچی دوایی

جاکلین کەنەدی جگەرەکێشێکی سەرسەخت بوو، لە ساڵی ١٩٩٤ جاکیلین کەنەدی بە نەخۆشی شێرپەنجەی لیمفە گرێکان دەستنیشان کرا، پاشان لە ڕۆژی ١٩ـی ئایاری ساڵی ١٩٩٤ کۆچی دوایی کردووە و لە تەنیشت جۆن کەنەدی هاوسەری و هەردوو منداڵەکەی کە پێش خۆی مردبوون لە گۆڕستانی ئارلینگتۆنی نیشتمانی لە دەرەوەی واشنتۆن نێژراوە.


سەرچاوەکان



78 بینین