هادی عامری

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-04-07-08:25:00 - کۆدی بابەت: 12461
هادی عامری

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

هادی عامری (بە عەرەبی: هادي العامري، بە ئینگلیزی: Hadi al-Amiri) ڕابەرێکی سیاسی شیعەی عێراقییە، وەزیری وەزارەتی گواستنەوەە بوو لە حکوومەتەکەی نووری مالیکی و ئەندام پەرلەمانی عێراقی بووە، سەرۆک و فەرماندەی ڕێکخراوی میلیشیای چەکداری و سەربازی بەدرە و بەرپرسێکی دیاری نێو حەشدی شەعبییە لە عێراق، لە جەنگی دژی داعش بەشدار بووە و ڕۆڵی سەربازی هەبووە.

زانیاری گشتی

ناو هادی فەرحان عەبدوڵڵا عامری
نازناو ئەبووحەسەن، ئەبووحەسەن عامری
بەروار و شوێنی لەدایکبوون یەکی تەممووزی ساڵی ١٩٥٤، پارێزگای دیالە
پیشە   سیاسەتوان، ئەندام پەرلەمان، وەزیر، بەرپرسی سەربازی
ئایین ئیسلامی پەیڕەوی ڕێبازی شیعە 
ڕەگەزنامە عێراقی، ئێرانی
خاوەن حیزبی بەدر، هاوپەیمانی فەتح
خاوەن میلیشیای هێزی سەربازی ڕێکخراوی بەدر

ژیاننامەی

هادی عامری لە یەکی تەممووزی ساڵی ١٩٥٤ لە پارێزگای دیالە لە عێراق لەدایکبووە، لە خێزانێکی پەیوەست بە ئایین و پارێزکاری سەر بە ڕێبازی شیعە پەروەردە کراوە. لە ساڵی ١٩٧٤ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە کۆلێجی کارگێڕی و ئابووری بەشی ئامار لە زانکۆی بەغداد بەدەست هێناوە، دوای تەواوکردنی زانکۆ وەکوو یاریدەدەری توێژەر لە وەزارەتی پەروەردە بۆ ماوەیەکی کەم کاری کردووە. هەر لە تەمەنی لاوی و گەنجییەوە لایەنگر و شوێنکەوتەی مەرجەعی ناوداری شیعەکان بووە بە ناوی محەمەد باقر سەدر.

ژیانی تایبەتی

هادی عامری هاوسەرگیری لەگەڵ ژنێکی ئێرانی کردووە و خاوەن سێ کوڕ و کچێکن. هاوکات جگە لە ڕەگەزنامەی عێراقی خاوەن ڕەگەزنامەی ئێرانیشە.

ئەزموونی سیاسی

هەر لە قۆناغی زانکۆوە لایەنگری محەمەد باقر سەدر بووە، لە سەرەتای ساڵانی هەشتاکان چووەتە بەرەی لایەنە بەرهەڵستکارەکانی شیعە و دژی حیزبی بەعس بووە. لە ساڵی ١٩٨٢ لەگەڵ محەمەد باقر حەکیم هاوکار بووە لە دامەزارندنی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی شیعەکان لە عێراق و هەر بەهۆی ئەو ئەنجوومەنەشەوە فەیلەقی بەدر دامەزرا. دوای لەسێدارەدانی محەمەد باقر سەدر لەلایەن حیزبی بەعسەوە هادی عامری عێراق بەجێ دەهێڵێت و ڕوودەکاتە وڵاتی سووریا و لەوێشەوە چووەتە وڵاتی ئێران. لە ساڵانی ١٩٨٠ بۆ ١٩٨٨ لەگەڵ وڵاتی ئێران بەشداری جەنگی ئێران و عێراقی کردووە و لەگەڵ وڵاتی ئێران دژی وڵاتەکەی خۆی جەنگاوە، تەنانەت بە جەنەڕاڵی ئێران ناسراوە و لەگەڵ ئەبوو مەهدی موهەندیس و قاسم سلێمانی بووە، ئەرکی ئەشکەنجدان و لێپرسینەوە و وەرگرتنی دانپیادانانەکانی دیلە سەربازە عێراقییەکان بووە.

بەشداربووە لە دامەزراندنی ڕێکخراوی سەربازی بەدر، چالاکی سەربازییان لە باشووری عێراق و ناوچەی ئەهوازەکان ئەنجام داوە. لە دوای کۆتایی ڕژێمی بەعس و ڕووخانی دەسەڵاتی سەدام حسێن، هادی عامری گەڕایەوە بۆ عێراق و ناوی فەیلەقی بەدری گۆڕی بۆ ڕێکخراوی بەدر و خۆیشی سەرکردایەتی گرووپە سەربازییە میلیشیاکەی دەکات، چەند جارێک خۆی بۆ ئەندام پەرلەمانی بەربژێر کردووە و سەرکەوتوو بووە و حیزبی بەدری بەڕێوە بردووە، لەگەڵ نووری مالیکی بوونە هاوپەیمان و لە حکوومەتەکەی نووری مالیکی وەکوو وەزیری گواستنەوەی عێراق دیاری کرا، لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٤ هاوپەیمانی بەدر کە عامری سەرۆکایەتی دەکرد ٢٢ کورسی پەرلەمانی بەدەست هێنا و بووە هاوپەیمانی نووری مالیکی، بۆیە هەوڵی زۆری دا کە بکرێت بە وەزیری ناوخۆ، بەڵام لایەنە سوننەکان و ئەمریکا ڕێگربوون لە جێبەجێکردنی بڕیارەکە و نەکرا بە وەزیری ناوخۆ.

لە دوای هێرشی داعش و داگیرکردنی ناوچەکانی عێراق لەلایەن داعشەوە، عامری گرنگیدایە بواری سەربازی و لە کایەی سیاسی خۆی دابڕاند، بووە سەرکردەی چەند فەیلەقێکی سەرەکی لە حەشدی شەعبی، لە ناوچەی جورفو سەخر لە بابل جەنگی دژی داعش کردووە، هاوکات لە ناوچەکانی میقدادییە و سەعدییە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی دیالە و لە ناوچەکانی دۆر و ئامرلی و فەلوجە و سەقڵاوییە لە پارێزگای سەڵاحەدین دژی داعش جەنگاوە.

تۆمەتەکانی دژی عامری

بەپێی سەرچاوەکان لە ماوەی شەڕی تایفی و مەزهەبی شیعە و سووننە لە عێراق هادی عامری ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە لە دروستکردنی توندوتیژی و لە ڕێگەی دروستکردنی گرووپێک کە بە "گرووپی مەرگ" یان "فرق الموت" ناسراو بوو، ئەم گرووپە لەسەر بنەمای ناسنامە و ناو و مەزهەب خەڵکیان دەڕفاند و پاشانیش بێسەرو شوێنیان دەکردن. هەر لەو ماوەیەدا عامری بە بەرپرس و دامەزرێنەری چەند زیندانییەکی سیاسی نهێنی دادەنرێت کە دوای ڕژێمی بەعس دانرابوون نموونەی زیندانی جادرییە لە بەغداد کە بۆ  ئازار و ئەشکەنجەی سوننەکان بەکاریدەهێنا، بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٥ لەلایەن ئەمریکییەکانەوە دۆزرایەوە و ڕووخێنرا. لە ماوەی ڕووبەڕووبوونەوەی جەنگی داعش لە ناوچە سوننەکانی دیالە و سەڵاحەدین هادی عامری و ئەو میلیشیایانەی کە بەرپرسیار بوو ڕووبەڕووی تۆمەت کرانەوە بەوەی کە دژی دانیشتووانی سوننە لە ناوچەکان چەند پێشێلکارییەکان ئەنجام داوە نموونەی کوشتن، سوکایەتی کردن، دەرکردن و چۆڵکردنی زۆرەملێ، زیندانی کردن، زیان گەیاندن بە ماڵ و سامانی دانیشتووان.

لە ساڵی ٢٠١٤ بەهۆی ئەوەی کوڕەکەی لە فرڕۆکەخانەی لوبنان لە کاتی فڕۆکەکەی دواکەوت بوو و فڕۆکەکەی لەدەست دابوو، هادی عامری ڕێگری کرد لە نیشتنەوەی ئەو فڕۆکەیە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد هەرچەندە هەڵە لە کوڕەکەی خۆی بوو کە لە کاتی فڕۆکەکە دواکەوت بوو. هادی عامری بە یار و هاوپەیمانی وڵاتی ئێران ناسراوە، پشتگیری هەر بڕیارێک دەکات کە لە بەرژەوەندی ئێراندا بێت و نەیارانی بەو هۆیەوە زۆر ڕەخنەی لێدەگرن.


سەرچاوەکان



73 بینین