ناوهڕۆك
سەرەتا
سەپوکو چییە؟ (بە عەرەبی؛ ما هو انتحار سيبوكو؟، بە ئینگلیزی؛ what is seppuku suicide?) سەپوکو یاخود هاریکیری. ئەم دەستەواژانەن کە بۆ ئەو خۆکوشتنە بە شکۆیەی کە ساموراییەکان ئەنجامی دەدەن دەوترێت. ئەگەر بێت و وەرگێڕانێکی وشەیی بۆ وشەی (هاریکیری) بکەین ئەوە بە واتای (هەڵدرینی گەدە یاخود ورگ) دێت. کە خۆی لە کەتواردا ئەم وشەیە (هاریکیری) تەنیا لەلایەن رۆژاواییەکان بۆ ئەم شێوازە خۆکوژیە بەکارهاتووە، ژاپۆنیەکان بە دەگمەن بەکاریدەهێن و خۆیان وشەی (سەپوکو)یان بەکارهێناوە بۆ ئەم شێوازە خۆکوژییە. ئەم شێوازە خۆکوژییە شێوازی ئەنجامدانەکەی نەریتی تایبەتی هەبووە کە دەبوو بە خەنجەرێک ئەنجام بدرێت. سەرەتا خەنجەرەکە دەچەقێنن لە کەلکەی لای چەپیان و دوای دەیهێنەوە بۆ لای راستە و دوایی بۆ سەرەوەی دەهێنن. کە شێوازێکی خۆکوژی زۆر بە ئازارە، جگە لەوەش زۆر لەسەرخۆ ئەنجام دەدرێت کە ئازارەکە قورستر دەکات لەسەر ئەو کەسەی ئەنجامی دەدات.
ئەم شێوازە خۆکوژییە لە رێبازی سامورای لە ژێر ناوی کۆدی (بوشیدا) هاتووە، کە لە ڕێگایەوە ئازایەتی و خۆ کۆنترۆلکردنی ئەو کەسە نیشان دەدات کە ئەنجامی دەدات. ئەو ئافرەتانەی سەر بە چینی ساموراییەکان بوون لە کۆمەڵگا، ئەوانیش ئەم خۆکوژییەیان ئەنجام داوە واتە بەس تەنها سامورایەکان نەبوونە، بەڵام هی ئەوان نەریت و ناوی تایبەت بە خۆی هەبووە کە پێی دەوترا (جیگای). ئەوان لە جیاتی برینی کەمەریان قوڕگی خۆیان دەبڕی بە خەنجەر.
شێوازەکانی خۆکوژی ساموراییەکان
ئەنجامی ئەم جۆرە خۆکوژیەی ساموراییەکان بە دوو شێوە بووە. بە زۆرەملێ و ئارەزوومەندانە بووە. شێوازی خۆکوژی ئارەزوومەندانە لە سەدەی ١٢یم پەیدابوو. ئەو سامورایانەی لە جەنگدا شکستیان دەهێنا ئەنجامیان دەدا، چونکە نەیان دەویست لە شکۆکانیان دابمالرێن و بکەونە دەستی دوژمن. بۆیە خۆیان دەکوشت وەک وەفادارییەک بۆ سەرۆکەکەیان و کە تەنانەت بۆ مەرگیش لەگەڵی دابوون لە ئەرکی خۆیان کەمتەرخەمیان نەکردووە. جگە لەمە چەندین شێوازی تری خۆکوژی ئارەزوومەندانە هەبووە لە مێژووی یابان. کە دیارترین ئەم خۆکوژییە زۆرەی خەلکی ئاسای و فەرماندەکانی ژاپۆن بوو دوای ئەوەی لە جەنگی دووەمی جیهانیدا دۆڕاند لە ساڵی ١٩٤٥. خۆکوژی ئارەزوومەندانە نەریتێکی دێرینە و لە یابان کە تەنانەت لە سەردەمی مۆدێرنیش دەبیندرێت. لە ساڵی ١٩٧٠ رۆماننووسی یابانی (میشیما یوکویۆ) خۆی کوشت وەک ناڕەزایەتی لە دژی وازهێنان بەها و داب و نەریتە بە نرخەکانی یابان.
شێوازی خۆکوژی زۆرەملێ وەکو سزای لە سێدارەدان وایە لە داب و نەریتی یابانیەکان. سامورایەکان بەم شێوازە خۆیان دەکوشت تاوەکو نەبنە قوربانی دەستی بکوژێکی ئاسای و بە شکۆوە بمرن. ئەم شێوازە بە شێوازێکی بڵاو لە سەدەی ١٥یم بەکاردەهات تاوەکو ساڵی ١٨٧٣ و کۆتای سەردەمی سامورایەکان لە وڵاتی یابان. ئەم شێوازی زۆرەملێیە ڕێوڕەسمی تایبەت بە خۆی هەبوو. کە دەبوو کەسێک وەک نێردراوی دەسەڵاتداران کە فەرمانی خۆکوژیەکەیان دەرکردبوو لەوێ بووایە گەواهیدەری ئەوە بێت کە خۆکوژیەکە ئەنجام دراوە، ئەم کەسە پێی دەگوترا (کێنشی). بەندکراوەکە دەبوو لەسەر دوو پارچە رایەخی دابنیشێت. کەسێک لە پشتی رادەوستێت دواتر سەری دەپەرێنێت کە خۆکوژیەکەی ئەنجامدە کە پێی دەگووترێت (کایشکونین) کە زۆربەی جار خزم یاخود هاوڕێی کەسەکەیە. مێزێکی بچووک لە پێشی دادەندرێ و خەنجەرێکی لەسەرە کە خۆکوژیەکەی پێ ئەنجام دەدات. دوای ئەوەی خەنجەرەکە لە خۆی دەدات ئەو کەسەی لە دواوەیەتی سەری دەپەرێنێت. هەندێک جاریش بەر لەوەی خەنجەرەکە بگاتە کەمەریان سەریان دەرپەڕاندن بۆ ئەوەی ئازار نەبینێت زۆر.
باشترین نموونەی شێوازی خۆکوژی زۆرەملێ لە یابان چیرۆکی ٤٧ رۆنینەکەیە، کە لەسەدەی هەژدەیەم روویداوە. چەندین فیلم و درامای بەناوبانگی لەسەر نووسراوە. کە تێیدا ٤٧ رۆنین تۆڵەی سەرۆکی خۆیان دەکەنەوە و شۆگەنی ئەو کاتەی ژاپۆن بریاریدا تەواوی ئەو کەسانەی دەستیان لە کوشتنی سەرۆکەکەیان هەیە خۆکوژی زۆرەملێ ئەنجام بدەن.