ئامینە قوتب

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-04-16-15:27:00 - کۆدی بابەت: 12530
ئامینە قوتب

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئامینە قوتب یان ئەمینە قوتب (بە عەرەبی: أمينة قطب، بە ئینگلیزی: Amineh Qutb) خوشکی بیرمەندی ئیسلامی سەید قوتبە و خانمە هۆزانڤان و نووسەرێکی عەرەبی و ئیسلامی بووە، هاوسەری محەمەد کەمالەدین سەنانیری بووە کە بیرمەند و چالاکوانێکی دیاری سەدەی ڕابردوو بوو لە بەرەی ئیخوان موسلیمین لە میسر.

زانیاری گشتی

ناو  ئەمینە قوتب ئیبراهیم
شوێن و ساڵی لەدایکبوون ساڵی ١٩٢٧،  ئەسیوت، سەعید، میسر
کۆچی دوایی ساڵی ٢٠٠٧
ڕەگەزنامە   میسری
براکانی   سەید قوتب، محەمەد قوتب
خوشک حەمیدە قوتب
هاوسەر  محەمەد کەمالەدین سەنانیری
پیشە نووسەر، هۆزانڤان

ژیاننامە 

ئەمینە قوتب لە پارێزگای ئەسیوت لە سەعید لە میسر لە ساڵی ١٩٢٧ لە خێزانێکی پەیوەست بە ئایین لەدایکبووە، خوشکی سەید قوتب و محەمەد قوتب و حەمیدە قوتبە، لە دوای کۆچی دوایی باوکیان لەگەڵ خوشک و براکانی بۆ شاری قاهیرە کۆچیان کردووە.

لە دوای دروستبوونی ئیخوان و تۆمەتبارکردنیان بە هەوڵدان بۆ پشێوی دروستکردن لە میسر و هەوڵدان بۆ تیرۆرکردردنی جەمال عەبدولناسڕ، لە سەرەتای پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو لەلایەن حکوومەتی میسری ئەو کاتە بڕیارێک دەرکرا زۆرێک لە ئەندامەکان سزا دران و زیندانی کران و لەسێدارەدران و دوورخرانەوە. ئامینە قوتب لەگەڵ سەید قوتبی برای دەستگیر کراوە و بۆ ماوەی چەند مانگێک لە زیندانی (الحربي) دەستبەسەر کراوە.

چیرۆکی هاوسەرگیرییەکەی

ئامینە قوتب هاوسەرگیری لەگەڵ محەمەد کەمالەدین سەنانیری کردووە کە بیرمەند و چالاکوانێکی دیار بوو لە بەرەی ئیخوان موسلیمین لە میسر. کەمال سەنانیری لە ساڵی ١٩٥٤ بەهۆی چالاکییەکانی لە نێو ئیخوان موسلیمین لەلایەن حکوومەتی میسرەوە دەستگیر کرا و ڕاستەوخۆ بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو، بەڵام دواتر بڕیارەکە گۆڕدرا بۆ ٢٥ ساڵ زیندانی لەگەڵ کارکردنی قورس.

دوای تێپەڕبوون و تەواوبوونی پێنج ساڵ لە ماوەی زیندانییەکەی باری تەندروستی تێکچووە و گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی زیندانییەکە، لە نەخۆشخانە چاوی بە سەید قوتب دەکەوێت کە لە هەمان نەخۆشخانە چارەسەری پزیشکی وەردەگرت. لە نەخۆشخانە کەمال داوای خوشکی سەید قوتبی کرد، ئەویش ڕازی بوو و بڕیاریدا کە بە ئامینەی خوشکی بڵێت و ئەویش ڕاستەوخۆ بە بڕیارەکە ڕازی بوو، ئامینە سەرباری ئەوەی کە دەیزانی دەبێت بۆ ماوەی بیست ساڵ چاوڕێی بکات بەڵام ڕازی بوو و هەر لە زیندان پرۆسەی مارەبڕین ئەنجام دراوە.

دوای ئەوەی ماوەی زیندانییەکەی کەمالەدین درێژەی کێشاوە، بە ئامینەی ڕاگەیاندووە کە ئازادە ئەگەر جیاببێتەوە، بەڵام ئامینە ڕازی نەبوو و چاوەڕوانی هەڵبژاردووە. دوای تێپەڕبوونی ١٧ ساڵی کەمالەدین ئازاد کرا و لە ساڵی ١٩٧٣ لەگەڵ ئامینە هاوەسەرگیریان کرد.

بەڵام دووبارە لە ساڵی ١٩٨١ کەمالەدین ڕاپێچی زیندان کرایەوە و لەزیندان مایەوە و هەر لە زیندانیش کۆچی دوایی کرد، مردنەکەی بە جۆرێک بوو کە هەموانی تووشی شۆک کرد و زۆر بە خراپی ئەشکەنجەی قورس درابوو، دەسەڵاتدارانی زیندان و حکوومەتی میسری ئەو کاتە بە ڕاپۆرتی ساختە بڵاویان کردەوە کە کەمالەدین خۆی کوشتووە، بەڵام هەندێک لە سەرچاوە نافەرمییەکان ئاماژەیان بەوە دا کە بەهۆی ئەشکەنجەدانی قورسەوە کەمالەدین کۆچی دوایی کردووە، شایەنی باسە ئیخوان لەو کاتەدا هیچ هەڵوێستێکی فەرمی لەسەر ڕووداوەکە بڵاونەکردەوە، بەهۆی مەبەست و بەدەستهێنانی ئامانج و بەرژەوەندی سیاسی لە حکوومەتی میسر لەو کاتە بێدەنگی هەڵبژارد.

ئامینە لە دوای کۆچی دوایی هاوسەرەکەی شیعرێکی کاریگەری بۆ نووسی کە بە ناوی (ﻫﻞ ﺗﺮﺍﻧﺎ ﻧﻠﺘﻘـﻲ/ ئایا یەکتر دەبینینەوە؟) ناسراوە، بووە شیعرێکی ناوداری دابڕان و چەند جارێک کراوە بە سروود. لەم شیعرەدا هەستی ئازار و دابڕان و ئارامگری خۆی بە شێوەیەکی کاریگەر دەخاتەڕوو. هاوکات ئامینە قوتب دوای کۆچی دوایی هاوسەرەکەی چیتر هاوسەرگیری نەکردەوە.

بەرهەمە شیعرییەکانی 

  • دیوانی (رسائل إلى شهيد)
  • دیوانی (مع القافلة)

کۆچی دوایی

لە ڕۆژی هەشتی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٠٧ لە ماڵەکەی خۆی لە ناوچەی هەڕەم لە میسر کۆچی دوایی کردووە.


سەرچاوەکان



62 بینین