باجی گومرگ

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2024-04-17-00:00:00 - کۆدی بابەت: 12542
باجی گومرگ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

باجی گومرگی، کرێی گومرگی، باجی هاوردەیی، هاوردانە، تاریفە یان گومرگانە (بە ئینگلیزی: Customs duty یان Tariff، بە عەرەبی: التعريفة الجمركية یان الرسوم الجمركية) بریتییە لە باجێک کە وڵاتێک بەسەر ئەو کاڵا و خزمەتگوزارییانەی کە لە وڵاتێکی ترەوە هاوردە دەکرێن دەسەپێنێت، بۆ ئەوە کاریگەرییان لەسەر بکەن یان بۆ بەرزکردنەوەی داهات یان پاراستنی سوودەکانی کێبەرکێ. زۆرجار لەلایەن حکوومەتەکانەوە وەک بەشێک لە سیاسەتی بازرگانی بەکاردەهێنرێت بۆ پاراستنی پیشەسازی و بازرگانی ناوخۆیی لە کێبەرکێی دەرەکی، یان بۆ کۆکردنەوەی داهات بۆ حکوومەت. باجە گومرگییەکان دەتوانن تایبەت بن لە ڕێگەی وەرگرتنی بڕێکی دیاریکراو بۆ هەر یەکەیەک یان وەرگرتنی رێژەیەک لە بەهای کاڵاکان.

زۆربەی وڵاتان بەهۆی سامانە سروشتییەکانیان و توانای بەرهەمهێنانی هەندێک کاڵا و خزمەتگوزارییەوە سنووردارن. بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی تر دەکەن بۆ ئەوەی ئەو شتانە بەدەست بهێنن کە دانیشتووانەکەیان پێویستیانە و خواستیان لەسەری هەیە. بەڵام هەمیشە بازرگانی بە شێوەیەکی گونجاو لە نێوان هاوبەشە بازرگانییەکاندا ئەنجام نادرێت. سیاسەت، زانستی ڕامیاری سروشتی و کێبەرکێ و چەندین هۆکاری تر دەتوانن هاوبەشە بازرگانیەکان بخەنە ژێر کاریگەرییەوە، یەکێک لەو ڕێگایانەی حکوومەتەکان مامەڵە لەگەڵ هاوبەشە بازرگانییەکان دەکەن کە لەگەڵیاندا ناکۆکن، لە ڕێگەی باجی گومرگییەوەیە.

تێگەیشتن لە باجی گومرگی

باجی گومرگی بۆ سنووردارکردنی هاوردەکردن بەکاردەهێنرێت. بە سادەیی بەرزکردنەوەی نرخی ئەو کاڵا و خزمەتگوزارییانەیە کە لە وڵاتێکی تر دەکڕدرێن، ئەمەش وایان لێدەکات کەمتر بۆ بەکارهێنەرانی ناوخۆ سەرنجڕاکێش بن. خاڵێکی سەرەکی کە دەبێت لێی تێبگەین ئەوەیە کە باجی گومرگی کاریگەری لەسەر وڵاتی هەناردەکار هەیە، چونکە بەکارهێنەرانی ئەو وڵاتەی کە باجەکەی سەپاندووە ڕەنگە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەوە خۆیان لە هاوردەکردن بپارێزن. بەڵام ئەگەر بەکاربەر هێشتا بەرهەمی هاوردەکراو هەڵبژێرێت، ئەوا باجەکە لە بنەڕەتدا تێچووی بۆ بەکاربەر لە وڵاتی هاوردەکاردا بەرزکردووەتەوە.

چەندین جۆری باج هەیە

  • باجێکی دیاریکراو وەکوو کرێیەکی دیاریکراو بە پشتبەستن بە جۆری کاڵاکە وەردەگیرێت، وەک باجی گومرگی ٥٠٠ دۆلار لەسەر ئۆتۆمبێلێک.
  • باجی ئاوێتە کە هەم لەسەر بڕی کاڵاکە و هەم لەسەر بەهاکەی دەسەپێنرێت، کە بڕە پارەیەک لەسەر ژمارەی یەکەی کاڵاکە وەردەگیرێت و پاشان بڕێک لە کۆی بەهای بەرهەمە هاوردەکراوەکە وەردەگیرێت.
  • باجێکی تر بە پشتبەستن بە بەهای کاڵاکە وەردەگیرێت، وەک ٥٪ـی بەهای هاوردەکردنێک.
  • هەروەها وەرگرتنی باجی ڕێژەیی بەپێی کێشی شمەکەکە، بۆ نموونە باجی ٥٪ لەسەر بارێک شەکری قاوەیی کە کەمتر بێت لە ١٠٠٠ کیلۆگرام، باجی ١٠٪ بۆ زیاتر لە ١٠٠٠ کیلۆگرام بۆ ١٠ هەزار کیلۆگرام.

بۆچی حکوومەتەکان باجی گومرگی دەسەپێنن

حکومەتەکان بە چەند هۆکارێک باجی گومرگ دەسەپێنن، دیارترینیان بریتین لە:

١- پاراستنی بەرهەمهێنانی ناوخۆ: حکوومەتەکان بۆ پاراستنی پیشەسازییە ناوخۆییەکان لە کێبەرکێی دەرەکی باجی گومرگی دەسەپێنن، بۆ پاراستن لە ئەگەری ئەوەی بەهۆی کاڵای هاوردەکراوی هەرزانەوە توشی کێشەی نەفرۆشتنی بەرهەم و کاڵای ناوخۆیی بن. هەروەها بەرهەمهێنانی ناوخۆیی ڕێگری لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری دەکات.

٢- بۆ پاراستنی بەکارهێنەرانی ناوخۆیی و ئاسایشی نیشتیمانی: ڕەنگە هەندێک کاڵای هاوردەکراوی هەرزان مەترسیدار بن بۆ بەکاربەران و کوالێتییان نزم بێت. بۆ نموونە لەوانەیە کاڵاکان توخمگەلێکی تێدابێت کە زیان بە بەکارهێنەران بگەیەنن. حکوومەت بە گرانکردنی کاڵاکان، بەکارهێنانیان کەم دەکەنەوە.

٣- بۆ پاراستنی پیشەسازییەکانی تازەپێگەیشتووەکان: باجی گومرگی پیشەسازییە تازەپێگەیشتووەکان و گەشەسەندووەکان دەپارێزێت. بە دانانی باجی گومرگی بەکارهێنەری زیاتر بۆ بەرهەمە ناوخۆییەکان ڕادەکێشن و هانی گەشەی کۆمپانیا پیشەسازییە تازەپێگەیشتوەکان دەدەن.

٤- بۆ کۆکردنەوەی داهات بۆ حکوومەت: حکوومەتەکان باج بۆ بەدەستهێنانی داهات لەسەر کاڵا هاوردەکراوەکان دادەنێن.

٥- باشترکردنی هاوسەنگی بازرگانی: حکوومەتەکان بۆ باشترکردنی هاوسەنگی بازرگانی باجی گومرگی بەکاردەهێنن، لەڕێگەی گرانکردنی کاڵا هاوردەکراوەکان، ئەمەش دەتوانێت هاوردەکردن کەم بکاتەوە و هانی بەکاربەران بدات بۆ کڕینی بەرهەمی ناوخۆیی. ئەمەش دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ زیادکردنی هەناردەکردن، چونکە بەرهەمهێنەرانی ناوخۆ بازاڕێکی گەورەتریان بۆ فرۆشتنی بەرهەمەکانیان هەیە.

٦- بۆ تۆڵەسەندنەوە لە سیاسەتی بازرگانی وڵاتێکی تر: حکوومەتەکان باجی گومرگی بەکاردەهێنن بۆ تۆڵەسەندنەوە لە سیاسەتی بازرگانی وڵاتێکی تر بە سەپاندنی باج بەسەر کاڵاکانیاندا.

کاریگەری لاوەکی نەخوازراوی باجی گومرگی

باجە گومرگییەکان دەتوانن کاریگەری لاوەکی نەخوازراویان هەبێت، لەوانە:

  • دەتوانن پیشەسازییە ناوخۆییەکان کەمتر کارا و داهێنەر بکەن بە کەمکردنەوەی کێبەرکێ.
  • دەتوانن زیان لە بەکارهێنەرانی ناوخۆیی بدەن چونکە نەبوونی کێبەرکێ مەیلی بەرزکردنەوەی نرخەکانی هەیە.
  • دەتوانن گرژی دروست بکەن بە پەسەندکردنی پیشەسازییە تایبەتەکان یان ناوچە جوگرافییەکان بەسەر ئەوانی تردا. بۆ نموونە، ئەو باجانەی کە بۆ یارمەتیدانی بەرهەمهێنەران لە شارەکاندا داڕێژراون، ڕەنگە زیان بە بەکارهێنەرانی ناوچە گوندنشینەکان بگەیەنن کە سوودمەند نین لە سیاسەتەکە و ئەگەری زۆرە پارەی زیاتر بدەن بۆ کاڵای بەرهەم هێنراو.
  • لە کۆتاییدا، هەوڵدان بۆ فشارخستنە سەر وڵاتێکی ڕکابەر بە بەکارهێنانی باجی گومرگی دەتوانێت بۆ جەنگی بازرگانی بگۆڕێت.

نموونەی باجی گومرگی

وڵاتێک لەژێر کاریگەریی جەنگدایە و بەهۆی سیاسەتەکانەوە وڵاتێکی تر هەوڵ دەدات هاوکاری بکات، بۆ نموونە وڵاتێک پێشتر باجی بەسەر پۆڵای ئەو وڵاتەدا سەپاندووە کە جەنگی تێدایە، بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی پۆڵا ڕۆڵێکی سەرەکی لە ئابووری ئەو وڵاتەدا دەگێڕێت، بۆیە وڵاتی سەپێنەری باجەکەش بە لابردنی باج لەسەر پۆڵا هەوڵ بۆ پشتگیریکردنی ئابووری وڵاتی هەناردەکاری پۆڵاکە دەدات.

ئایا باجی گومرگ باشە یان خراپ؟

باجی گومرگی سەرچاوەیەکی ناڕاستەوخۆی داهاتە بۆ حکوومەت. بە بەراورد لەگەڵ سەرچاوە گەورەکانی تر سوودەکانی کەمن. بەڵام کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر بەکارهێنەران هەیە، کاڵا هاوردەکراوەکان زۆر گران دەبن کاتێک حکوومەت پارەی هاوردەکردنی زۆر دەسەپێنێت، ئەمەش دەتوانێت یارمەتی بەرهەمهێنەرانی ناوخۆیی بدات. هەندێک جار، بەرهەمهێنەرانی ناوخۆیی ناتوانن ڕکابەری کاڵا یان خزمەتگوزارییە هاوردەکراوەکان بکەن، بۆیە لەو کاتەدا سەپاندنی باجێکی گومرگی زۆر یارمەتیدەری کاڵا و خزمەتگوزارییە ناوخۆیی دەدات. 


سەرچاوەکان



103 بینین