سەرەتا پێویستە ڕۆژووی قەرز بگیرێتەوە یان شەشەڵان؟

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2024-04-17-13:46:00 - کۆدی بابەت: 12547
سەرەتا پێویستە ڕۆژووی قەرز بگیرێتەوە یان شەشەڵان؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ڕۆژووی قەرز (بە ئینگلیزی: The fast of debt، بە عەرەبی: صيام الديون) ئەو ڕۆژوانەیە کە دوای تەواوبوونی مانگی ڕەمەزان دەگیرێنەوە و لە مانگی ڕەمەزاندا بەهۆکارێک نەگیراون. هەموو موسوڵمانێک ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان فەڕزە لەسەری و پێویستە بیگرێت، ئەگەر بەهەر هۆکارێک لەو هۆکارانەی کە ڕێگەپێدراون نەیتوانی ڕۆژوو بگرێت دوای تەواوبوونی مانگی ڕەمەزان پێویستە بیگرێتەوە ئەگەر لەسەری بێت.

هۆکاری زۆر هەیە بۆ نەگرتنی ڕۆژوو و لەو کەسانەی کە هیچ کێشەیەکی درێژخایەنیان نییە، بۆ نموونە خانمان لەماوەی سوڕی مانگانەدا هەفتەیەک یان زیاتر و کەمتر لە مانگی ڕەمەزاندا بەڕۆژوونابن، یاخود دەکرێت بەهەر هۆکارێکی تری نەخۆشی کتوپڕ چەند ڕۆژێک ڕۆژوو نەگیرێت، لەم حاڵەتەدا پێوستە لەدوای تەواوبوونی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان ڕۆژووەکە بگیرێتەوە.

ڕۆژووی مانگی شەشەڵان

شەش ڕۆژ بەڕۆژوو بوون لە مانگی شەوالدا سوننەتە. ئەمە یاسایەکی پێشنیارکراوە کە نەک تەنها چەندین سوودی تەندروستی دەهێنێت، بەڵکو پاداشتێکی گەورە بۆ ئەو کەسانەش دەهێنێت کە ئەنجامی دەدەن. پاداشتی گەورەی شەشەڵان لە فەرموودەیەکدا ڕوونکراوەتەوە کە لەلایەن ئەبو ئەیوبەوە گێڕدراوەتەوە: (هەرکەسێک مانگی ڕەمەزان بەڕۆژوو بێت و پاشان شەش ڕۆژ بەڕۆژوو بێت لە مانگی شەوالدا، وەک ئەوە وایە یەک ساڵی بەردەوام بەڕۆژوو بووبێت.)

هەربۆیەش زۆرن ئەوانەی دەیانەوێت ئەم شەش ڕۆژە بەڕۆژووبن لەم مانگەدا، بەڵام ئایا ئەگەر کەسێک چەند ڕۆژێک قەرزار بێت دەبێت سەرەتا قەرزەکانی بگرێتەوە و دواتر شەشەڵان یاخود بەپێچەوانەوە.

سەرەتا پێویستە ڕۆژووی قەرز بگیرێتەوە یان شەشەڵان؟

ئەو کەسەی چەند رۆژێکی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان قەرزارە و لە هەمان کاتیشدا دەیەوێت ڕۆژووی شەشەڵان بگرێت، پێویستە ڕەچاوی چەند یاسا و خاڵێکی شەرعی بکات و بزانێت کە دەبێت سەرەتا کامیان بگرێت.

پێغەمبەر  دەفەرمێت: (اقضُوا اللهَ، فاللهُ أحقُّ بالوفاءِ) واتە: قەرزی خوا بدەنەوە، خوا زۆر لەوە لەپێشترە کە وەفاتان هەبێت بۆ قەرزەکەی. (ئیمامی بوخاری ڕیوایەتی کردووە)

لەم فەرموودەوە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە سەرەتا قەرز لەپێشترە و دەبێت قەرزەکە بگیرێتەوە ئینجا شەشەڵانەکە. بەڵام ئەگەر هاتوو مانگی شەوال کەمی مابوو کەسەکە کە قەرزەکانی گرتەوە کات نەمایەوە بۆ گرتنی ڕۆژووی شەشەڵان، لەم کاتەدا دەتوانێت شەشەڵان بگرێت و دواتر قەرزەکە بگرێتەوه، ئەویش بەو بەڵگەیەی کە خاتوو عائیشەی دایکی ئیمانداران دەگێڕێتەوە کە دەڵێت: (من زۆرجار کە لە مانگی ڕەمەزاندا قەرزار دەبووم، نەمدەتوانی بیگرمەوە قەرزەکە و دەمخستە مانگی شەعبانی ساڵی داهاتوو واتە مانگێک پێش دەستپێکردنی مانگی ڕەمەزان).


سەرچاوەکان



589 بینین