ئۆلیڤەر کرۆموێل

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-04-19-22:18:00 - کۆدی بابەت: 12574
ئۆلیڤەر کرۆموێل

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئۆلیڤەر کرۆموێل (بە عەرەبی: أوليفر كرومويل، بە ئینگلیزی: oliver cromwell) سیاسەتمەدارێکی دیاری مێژووی بەریتانیایە کە لە سەدەی حەڤدەیەم دوای شەڕی ناوخۆ لە سەردەمی پاشا چارلسی یەکەم و شکست هێنان پێی دەبێت بە فەرمانڕەوایی بەریتانیا.

باوەڕی وا بوو دەبێت ئایینی مەسیح و ئینجیل وەک فەلسەفەی ژیان سەیر بکرێت و هەموو کەسێک هەوڵ و کۆشش بکات تا لە دوای مردن بە بەهەشت شادبێت. لەلایەن مێژوونووسان بەهۆی یاسا و سیاسەتە توندەکانی وەک دیکتاتۆر سەیردەکرێت. کەسایەتییەکی زۆر لێهاتوو بوو لە فەرمانڕەواییەتی کردنی وڵات، لە سەردەمی فەرمانڕەواییەتیکەی بەریتانیای گەڕاندەوە لوتکەی هێز و دەسەڵات.

زانیاری گشتی

بەرواری لەدایکبوون ٢٥ـی ٤ـی ١٥٩٩
شوێنی لەدایکبوونی هەنتیگدن لە وڵاتی بەریتانیا 
بەرواری مردنی ٣ـی ٩ـی ١٦٥٨
شوێنی مردنی کۆشکی وایتهاڵ لە لەندەن
ڕەگەزنامە ئینگلیزی 

وەرگرتنی دەسەڵات

دوای ئەوەی شا جەیمسی یەکەم دەمرێت، کوڕەکەی پاشا چارلسی یەکەم لە ٢٧ـی ٣ـی ساڵی ١٦٢٥ شوێنی دەگرێتەوە. پاشا چارلس فەرمانڕەواییەکی تاک ڕەوانەی دەکرد و هەر لەگەڵ دەست بەکاربوونی دەستی کرد بە فەرامۆش کردنی پەرلەمانی ئەو کاتی بەریتانیا، ئەمەش ناڕەزایەتییەکی زۆری لێکەوتەوە. 

دوای ئەوەی دوو جار پەرلەمان هەڵدەوەشێنێتەوە پاشا چارلسی یەکەم پێویستی بە پەرلەمان دەبێتەوە دروستی دەکات تاوەکوو لە ڕێگایەوە پارە کۆبکاتەوە، چونکە بەهۆی جەنگە یەک لە دوای یەکەکانی کورتهێنان لە دۆخی ئابووری وڵات ڕوویدا بوو. پەرلەمانتاران ئامادە دەبن یارمەتی پاشا بدەن بەو مەرجەی پاشا داواکارییەکانیان پەسەند بکات و پاشاش بەڵێن دەدات کە داواکارییەکانیان پەسەند بکات. 

بەڵام پاشا چارلسی یەکەم دووبارە پەرلەمان هەڵدەوەشێتەوە ئەمەش پەرلەمانتارەکان زۆر تووڕە دەکات و شەڕی ناوخۆ لە وڵات هەڵدەگیرسێنێ.،وڵات دابەش دەبێت بەسەر دوو بەرە لایەنگرانی پاشا کە ئەسپسوارەکان ناسرابوون و شەڕیان بۆ پاشا دەکرد، لەگەڵ پەرلەمانتارەکان کە بە کڵاوخڕەکان ناسرابوون کە، ئۆلیڤەر کرۆموێل سەرکردایەتی دەکردن. جەنگی ناوخۆ بە سەرکەوتنی پەرلەمانتارەکان کۆتایی پێدێت و پاشا چارلس لە ٣٠ کانوونی دووەمی ساڵی ١٦٤٩ لەبەردەم خەڵک لە سێدارە دەدرێت. 

هەرچەندە کوڕەکەی دەمێنێت کە پاشا چارلسی دووەمە، خۆی بە پاشای بەریتانیا دەناسێنێت و لە سکۆتلەندا دادەنیشێت، بەڵام پەرلەمانتارەکان لە جەنگێکدا شکستی پێدێنن و ناچاری دەکەن وڵات جێبهێڵێت. بەم شێوەیە ئۆلیڤەر کرۆموێل دەبێتە فەرمانڕەوای وڵات، هەر لەگەڵ دەست بەکاربوونی  و بانگەشەی ئەوە دەکات دەبێت هەموو کەسێک بە پێی ئینجیل مامەڵە بکات و ژیانێکی ئیماندارانە و پاکانە بژین، تێبکۆشن لە ژیان تاوەکو دوای مردنیان بە بەهەشت شادبن. شانۆکان و شوێنە وێژەییەکان دادەخات و جلی نیمچە ڕووت و جوانکاری لە ئافرەتان قەدەغە دەکات، فەرمان دەکات بە کاری پێویست نەبێت وەک چوون بۆ کڵێسا نەبێت نەیەنە دەرەوە لە ماڵ و میوزیک و جەژنی کریسمس قەدەغە دەکات و دەڵێت خەڵک لە جیاتی خۆشی و ئاهەنگ با نزا بکەن بە بۆنەی لەدایک بوونی عیسا. 

تۆپی پێی لە کوڕان قەدەغە کرد، یەکشەممانی کردە ڕۆژێکی زۆر پیرۆز کە خەلک دەبێت سەردانی کڵێسا بکەن بۆ نزاکردن. هەرچەندە ئۆلیڤەر خۆی کەسێکی زۆر ئیماندار و توند نەبوو لە ژیانی، چونکە تەواوی ئەو شتانەی قەدەغەی کردبوو لە ئاهەنگی هاوسەرگیری کردنی کچەکەی ئەنجامی دان. بۆیە مێژووناسان بە ڕیاکار وەسفی دەکەن کە بە خۆی شتەکانی پێ خۆش بووە و بۆ خەڵک قەدەغەی کردووە. 

سەردەمی فەرمانڕەوایەتییەکی سەرباری ئەوەی لە سیاسەت و سەرکووتکردنی ئازادی خەڵک توند بووە، بەڵام بە سەردەمێکی زێرین بۆ هێز و شکۆی بەریتانیا دادەندرێت کە لەوەتەی سەردەمی شاژنە ئیلیزابێسی یەکەمەوە بەریتانیا سەردەمی وا بەهێزی بە خۆیەوە نەبینیبوو، بەریتانیا گەڕایەوە لوتکەی دەسەڵات و هێزی. بە یەکێک لە گرنگترین فەرمانڕەواییەکانی مێژووی ئەورووپای مۆدێرن دادەندرێت. 

کۆچی دوایی

لە ساڵی ١٦٥٣ نازناوی (پاریزگاریکەری گەورە)ی وەرگرت و تاوەکوو مردنی وەک فەرمانڕەوایی وڵات مایەوە کە لە ساڵی ١٦٥٨ مرد. لە گۆڕستانی(وێستمینستەر ئابێ) نێژرا، بەڵام دوای گەڕانەوەی پاشا چارلسی دووەم دەگەڕێتەوە بۆ سەر تەخت لاشەکەی دەردێنێ و کەلەسەری لەبەردەم تاوەری لەندەن هەڵدەواسێت تا ٣٠ ساڵ، دواتر لێدەکرێتەوە لە سیدنی کامبریج دەنێژێنرێت. 

ئۆلیڤەر کرۆموێل لەلایەن مێژوونووسان وەک کاریزمایەکی دیار سەیر دەکرێت کە کەسایەتی خراپەکارانەی ماکیاڤێلیانی هەبووە و لە ڕێی ئەم سیاسەتەوە بوو بە فەرمانڕەوا. هەندێک لە مێژوونووسان وەک (تۆماس کارلایل و جۆن مێلتۆن) بە پاڵەوانی ئازادی سەیری دەکەن کە وڵاتی لە پاشایەتی ڕزگار کرد. لەلایەن هەندێک لە سیاسەتمەداران وەک (وێنستۆن چارچل) وەک دیکتاتۆرێکی سەربازی سەیر دەکرا.


سەرچاوەکان



62 بینین