سەلمان عۆدە

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-04-21-23:50:00 - کۆدی بابەت: 12617
سەلمان عۆدە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دکتۆر سەلمان عۆدە (بە عەرەبی: سلمان العودة، بە ئینگلیزی: Salman al-Ouda) بیرمەند و بانگخوازی ئیسلامی و کەسایەتی ئایینی وڵاتی سعوودیەیە، مامۆستای زانکۆ و پێشکەشکاری پرۆگرامی ئایینی و زانستی بووە. بە کەسایەتییەکی ئایینی سعوودی میانڕەو و ئاشتیخواز و بوێر دادەنرێت، چەندان بەهەمی نووسین و پرۆگرامی ئایینی و هەیە و هەوادار و بینەر و خوێنەری تایبەتی خۆی هەیە. بەهۆی بیروبۆچوون و بەرهەڵستییەکانی و پاشان بڵاوکردنەوەی یەک تویتێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر لە ساڵی ٢٠١٧ لەلایەن دەسەڵاتدارانی سعوودیەوە زیندانی کراوە و ڕووبەڕووی ٣٧ تۆمەت کرایەوە و داوای لەسێدارەدانی دەکرا و بە یەکێک لە (زیندانیانی بیروبۆچوونەکان/ معتقلین الرٲﻱ) ناوزەد دەکرێ.

زانیاری گشتی

ناو سەلمان فەهد عەبدوڵڵا عۆدە
ڕێکەوت و شوێنی لەدایکبوون ساڵی ١٩٥٦، گوندی بەسەڕ لە ناوچەی قەسیمی سعوودیە
پیشە بانگخوازی ئیسلامی، نووسەر، زانا و مامۆستای ئایینی، مامۆستای زانکۆ، پێشکەشکاری پرۆگرامی ئایینی
ئایین ئیسلامی سوننە
ڕەگەزنامە سعوودی

ژیاننامەی

سەلمان فەهد عەبدوڵڵا عۆدە لە ساڵی ١٩٥٦ لە گوندی بەسەڕ لە ڕۆژاوای شاری برێدە لە ناوچەی قەسیمی وڵاتی سعوودیە لەدایکبووە، سەرەتای خوێندنی لە ناوچەکەی خۆیان لە قەسیم خوێندووە و لە پەیمانگای زانستی برێدە زانستی شەرعی خوێندووە، لەسەر دەستی شێخ عەبدولعەزیز بن باز و شێخ محمەدی کوڕی ساڵحی عوثەیمین زانستی شەرعی وەرگرتووە، پاشان بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە کۆلێجی شەریعەی ئیسلامی لە قەسیم بەدەستهێناوە، بڕوانامەی ماستەری لە بەشی سوننە و زانستەکانی سوننە لە کۆلێژی بنەماکانی ئایین وەرگرتووە.

هەروەها لە ساڵی ٢٠٠٤ بڕوانامەی دکتۆرای لە شەریعەتی ئیسلامی لە ڕاڤەکردن و شیکردنەوە بەدەستهێناوە و ناونیشانی دکتۆراکەی بریتی بوو لە (گەیشتن بە مەرام/ کتێبی پاکی و تەهارەت). لە ماوەی خوێندنیدا تەواوی قورئانی پیرۆزی لەبەرکردووە، سێ بنەما سەرەکییەکەی  بنچینەی ئایینی ئیسلام و کتێبی تەوحید و یەکتاپەرستی، کتێبی چوار یاساکەی شێخ محمەد عەبدولوەهاب و چەندان کتێبی تری بە تەواوی لەبەرکردووە، گرنگی بە شیعری عەرەبی کلاسیک داوە وشیعری لەبەرکردووە و شیعری تایبەت بەخۆیشی نووسیوە.

سەلمان عۆدە هاوسەرگیری کردووە و خاوەن منداڵە، لە ساڵی ٢٠١٦ هاوسەرەکەی و کوڕێکی بە ڕووداوی هاتوچوو لەدەستدا و دوای لەدەستدانی هاوسەرەکەی چیتر هاوسەرگیری نەکردەوە، کۆچی دوایی هاوسەر و منداڵەکەی کاریگەری زۆری بەسەرەوە بەجێهێشت و هەمیشە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر بابەتی لەدەستدان و ئارامگری وتار و نووسینی بڵاوکردووەتەوە.

بەرهەمەکانی

سەلمان عۆدە نزیکەی ٥٤ کتێبی هەیە و زۆرینەی کتێب و بەرهەمەکانی لەسەر بابەتە ئایینیەکان و فیکری ئیسلامی و باوەڕ و فیقهـ و زانستی ئیسلامی و بنەماکانی ئیسلامن، گرنگترین کتێبەکانی بریتین لە:

  • کتێبی خەمەکانی کچێکی پەیوەست بە ئایین
  • کتێبی سەردەمی منداڵی دڵەکان
  • کتێبی زۆربوون سەرلێشێواوی کردم
  • کتێبی پرشنگداری قورئانی پیرۆز
  • کتێبی پرسەکانی توندوتیژی
  • کتێبی زیندانی
  • کتێبی لەگەڵ زانستدا
  • کتێبی لەگەڵ ڕۆژوودا
  • کتێبی چەند وشەیەک بۆ ئەوان
  • کتێبی بانگەوازی فیترەت

ئەزموونی پیشەیی و کارکردنی 

١- لە سەرەتای نەوەدەکان ئەندامی کۆمەڵەی (سەحوە) بووە، کە گرووپێکی جیهادی ئیسلامی بوو و سەر بە ڕێبازی وەهابی کلاسیکی بوون لە سعوودیە دامەزرا، وتاری ئایینی بەهێزی هەبووە و شەقام و گەلی سعوودی پشتیوانیان دەکرد. لە سەرەتای دامەزراندنییەوە دەسەڵات بیرۆکەکانی لەلاپەسەند بوو بەڵام دوای جەنگی عێراق و پاڵپشتی کردنی سعوودییە لە ئەمریکا، گرووپی سەحوە دژی بڕیاری دەسەڵات وەستانەوە، تا ئەو کاتەی بە زەبری هێز ئەندامەکانی لەلایەن دەسەڵاتدارانی سعوودیەوە لە وتاردان ڕاگیران و زیندانی کران و گرووپەکە کاڵ بووەوە.

٢- لە دوای تەواوکردنی زانکۆ و بەدەستهێنانی پلەی ماستەر، لە چەند پەیمانگا و زانکۆیەکی سعوودی وەکوو مامۆستا وانەی وتووەتەوە بەڵام لە ساڵی ١٩٩٤ بەهۆی هەڵوێستی سیاسییەوە دەستی لە پیشەی مامۆستایی هەڵگرتووە.

٣- لەساڵی ٢٠٠٠ کۆمەڵەی (ئیسلامی ئەمڕۆ/الإسلام اليوم)ـی دامەزراند ۆ بۆ ماوەی دە ساڵ سەرپەرشتی ئەو کۆمەڵەیەی کردووە.

٤- ئەندامی ئەنجوومەنی ئەورووپی بووە بۆ فەتوادان و توێژینەوەی ئایینی.

٥- ئەندامی ئەنجوومەنی سەرپەرشتیاری یەکێتی نێودەوڵەتی زانایانی موسوڵمانان بووە. 

٦- ئەندامی چەندین دامەزراوە و ڕێکخراوە خێرخوازیییە ئیسلامییەکان بووە.

٧- بە یەکێک لە ٢٠٠ کاریگەرترین کەسایەتییەکانی جیهان دانراوە.

گرنگترین پرۆگرامە تەلەڤزیۆنییەکانی

شێخ سەلمان عۆدە چەندین پرۆگرامی تەلەڤزیۆنی پێشکەش کردووە کە لە ڕێگەیەوە زانیاری و زانستی خۆی دەربارەی یاسا و فیقهـ و پرسە ئایینییەکان لەگەڵ هەواداران و بینەرانی بڵاوکردووەتەوە، ناسراوترین پرۆگرامەکانی بریتین لە:

  • پرۆگرامی الحياة كلمة، بە کوردی "ژیان وشەیەکە".
  • پرۆگرامی حجر الزاوية، بە کوردی "گۆشەیەکی بەردین".
  • پرۆگرامی ميلاد، بە کوردی "لەدایکبوون".
  • پرۆگرمی لك حق، بە کوردی "تۆ مافی خۆت هەیە".

پرسی زیندانی کردنی

سەلمان عۆدە بە کەسایەتییەکی بوێر و بەرهەڵستکاری سعوودی دادەنرێت، بە شێوەی ئاشکرا و تەنانەت بە ناڕاستەوخۆش زۆرجار دژایەتی و بەرهەڵستی بڕیارەکانی دەسەڵاتدارانی سعوودیە بووە، بەهۆی هەڵوێستی سیاسی و بیروبۆچوونەکانییەوە چەند جارێک ڕووبەرووی زیندان و لێکۆڵینەوە و ڕاگرتنی لە وتاردان بووەتەوە، لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکان دژی بڕیاری پاڵپشتیکردنی سعوودیە بووە بۆ هاوکاریکردنی ئەمریکا لە جەنگی کەنداو و داوای چاکسازی کردووە، بەو هۆیەوە دەستی لە کاری مامۆستایی کێشاوەتەوە، لە ساڵی ١٩٩٣ مافی وانەوتنەوە و وتاردانی لێ قەدەغە کراوە و پاشان ساڵێک دواتر و لە ساڵی ١٩٩٤ تاکوو ساڵی ١٩٩٩ زیندانی کرا و بۆ ماوەی پێنج ساڵ بەبێ دادگایی کردن زیندانی کراوە.

لە ڕاپەرینەکانی بەهاری عەرەبی لە وتنەوە وتاردانی ئایینی قەدەغەکرا و لەلایەن دەسەڵاتدارانی سعوودیەوە ڕێگری لێکرا لە مزگەوتەکان وتاری ئایینی بڵێتەوە، تەنانەت کە کتێبێکی لەسەر ڕاپەڕێنی گەلان و تێڕوانینەکانی لەسەر بەهاری عەرەبی بە ناوی (پرسیارەکانی شۆڕش) بڵاوکردەوە لە سعوودیە کتێبەکە قەدەغە کرا، بۆیە سەلمان عۆدە لە دژی بڕیاری بڵاوکردنەوەی کتێبەکەی لە ئینتەرنێت بە خۆڕایی کتێبەکەی بڵاوکردەوە. لە نیوەی مانگی ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٧ بە تۆمەتی کارکردن بۆ لایەنەکانی دەرەوەی سعوودییە لەلایەن حکوومەتی سعوودیەوە لەگەڵ بیست بانگخواز و پیاوی ئایینی تری سعوودی دەستگیر کراوە. 

لەو ماویەدا کێشە و ناکۆکی لەنێوا هەردوو وڵاتی قەتەر و سعوودیە و وڵاتانی کەنداو هەبوو، قەیرانەکانی قەتەر لەگەڵ وڵاتانی کەنداو لە سەرەتای دەستپێکیدا بوو، بۆیە سەلمان عۆدە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر تویتێکی دوو دێڕی کرد کە داوا و بانگەشەی ئاشتەوایی و ئاشتی دەکرد بۆ گەلانی هەردوو وڵات، بەڵام دەسەڵاتدارانی سعوودیە بەهۆی ئەم هەڵوێستەوە دوای ڕۆژێک لە بڵاوکردنەوەی تویتەکەی سەلمان عۆدەیان دەستگیر کرد. بە بۆچوونی کەسە نزیکەکانی سەلمان عۆدە لەلایەن دەسەڵاتدارانی سعوودیەوە داوا لە شێخ سەلمان کراوە کە دەقێکی دیاریکراو لەسەر قەیرانی نێوان قەتەر و سعوودیە بنووسێت و لایەنگیری سعوودیە بێت، بەڵام سەلمان عۆدە بە پێچەوانەی داواکەی ئەوان لە تویتەکەیدا بە ناڕاستەوخۆ داوای ئاشتەوایی و ڕاگەیاندنی ئاشتی نێوان هەردوو وڵاتی کرد و هەر بەوهۆیەوە دەستگیر کرا.

کاتێک براکەی پاڵپشتی خۆی بۆ دەربڕی و هەواڵی زیندانی سەلمان عۆدەی بڵاوکردەوە کە "سەلمان عۆدەی برای بەداخەوە زیندانی کراوە" ئەویش زیندانی کرا، تەنانەت کاتێک کوڕە گەورەکەی داکۆکی لە مافی باوکی کرد ڕێگری لە خوێندنەکەی کرا و پاشان ڕێگری لێکرا گەشتی دەرەوە بکات و پاسپۆرتەکەی لێسەنرایەوە. لە ساڵی ٢٠٢٠ کوڕە گەورەکەی سەلمان عۆدە بە ناوی عەبدوڵڵا عۆدە بڵاویکردەوە و وتی: "باوکم نیوەی بینایی و نیوەی هەستی بیستنی لەدەستداوە، تووشی نەخۆشی درێژخایەن بووە و لە زیندان چارەسەری پێویست وەرناگرێت، تەنانەت زۆربەی کات لە زیندانی تاکەکەسیدایە و ڕێگەی پێنادرێت قسە لەگەڵ کەسانی چواردەوری بکات و ئەشکەنجە دراوە دادگاییکردنەکانیشی بە شێوەیەکی نهێنییە". لە ساڵی ٢٠٢٠ دادگاییەک کراوە بەڵام زانیاری و وردەکاری لەسەر نییە، داهاتوو و ئازادی سەلمان عۆدە وەکوو زۆرێک لە زانایانی تری زیندانیکراو لە سعوودیە نادیارە.


سەرچاوەکان



46 بینین