فیجی

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2024-04-22-17:03:00 - کۆدی بابەت: 12634
فیجی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

فیجی (بە ئینگلیزی: Fiji، بە عەرەبی: فيجي)، بە فەرمی کۆماری فیجی، وڵاتێکی دوورگەییە لە مێلانیزیا، کە بەشێکە لە ئۆقیانووسیا لە باشووری زەریای هێمن. دەکەوێتە نزیکەی 2000 کیلۆمەتر لە نیوەڕێی نێوان باکوور و باکووری خۆرهەڵاتی نیوزلەندا. فیجی لە گەلەدوورگەیەکی زیاتر لە 330 دوورگەیی پێکدێت، کە نزیکەی 110 دوورگەیان دانیشتووی لێیە، لەگەڵ زیاتر لە 500 دوورگۆکە و ڕووبەرەکەیان نزیکەی 18,300 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە. نزیکەی 87%ـی دانیشتووانی کۆماری فیجی کە 924,610 کەسە لە دوو دوورگە سەرەکییەکەدا دەژین، بە ناوەکانی دوورگەی ڤیتی لێڤو و دوورگەی ڤانوا لێڤو. نزیکەی سێ لەسەر چواری دانیشتووانی کۆمارەکە لە کەناراوەکانی ڤیتی لێڤو دەژین، کە ئەوانیش یان لە شاری سوڤای پایتەخت یان لە ناوەندە شارستانییە بچووکترەکانی وەک نادی- کە گەشتیاری تێیدا پیشەسازی سەرەکی ناوخۆییە یان لە لاوتۆکا، کە تێیدا پیشەسازی قامیشی شەکر پیشەسازی دیارە. بەشی ناوەوەی ڤیتی لێڤو بەهۆی تایبەتمەندی زەویەکەیەوە بە شێوەیەکی پچڕ پچڕ خەڵکی لێ نیشتەجێیە.

خشت

ناو فیجی، بە فەرمی کۆماری فیجی
پایتەخت و گەورەترین شار سوڤا
سەرۆکی وڵات ویلیام کاتۆنیڤێر
سەرۆک وەزیران سیتیڤێنی ڕابوکا
سەربەخۆیی لە شانشینی یەکگرتوو 10ـی تشرینی یەکەمی 1970
زمانی فەرمی ئینگلیزی، فیجی و هیندیی فیجی
ڕووبەری گشتی 18,274 كم2
ژمارەی دانیشتووان لە خەمڵاندنی ساڵی 2018 926,276
چڕیی دانیشتووان 46.4/كم2
ڕێڕەوی لێخوڕین چەپ
ژمارەی تەلەفۆن +679
ئایینی فەرمی مەسیحی
یەکەی دراو دۆلاری فیجی (FJD)
تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) لە ساڵی 2022 12.6 بلیۆن دۆلار

مێژوو و گرنگی وڵاتەکە

مرۆڤەکان لە هەزارەی دووەمی پێش زایینیەوە لە فیجی ژیاون، سەرەتا ئەوسترۆنیزیاییەکان و دواتر مێلانێساییەکانی لێ جێگیر بووە. ئەوروپییەکان بۆ یەکەمجار لە سەدەی 17ـدا سەردانی فیجییان کرد و لە ساڵی 1874 دوای ماوەیەکی کەم، لەو کاتەی کە فیجی شانشینییەکی سەربەخۆ بوو، بەریتانییەکان کۆلۆنی فیجییان دامەزراند. فیجی تا ساڵی 1970 کە سەربەخۆیی بەدەستهێنا و بە ناوچەی دەسەڵاتداری فیجی ناسرا وەک کۆلۆنییەکی شاهانە کاریکرد‌. لە ساڵی 1987ـدا، دوای زنجیرە کودەتایەک، ئەو حکوومەتە سەربازییەی کە دەسەڵاتی گرتبووە دەست، کۆماری فیجی ڕاگەیاند. لە کودەتایەکی ساڵی 2006ـدا، کۆمۆدۆر فرانک باینیماراما بە دەسەڵات گەشت. پاشان و لە ساڵی 2009 دادگای باڵای فیجی به بڕیارێکی فەرمی سەرکردایەتی سەربازی بە نایاسایی دا لە قەڵەم. لەو کاتەدا سەرۆک ڕاتو جۆزێفا ئیلۆیلۆ (Ratu Josefa Iloilo) بە فەرمی دەستووری ساڵی 1997ـی هەڵوەشاندەوە و باینیمارامای وەک سەرۆک وەزیرانی کاتی دەستنیشان کردەوە.

دواتر لە ساڵی 2009، ڕاتو ئێپێلی نەیڵەتیکەو وەک سەرۆک کۆمار شوێنی ئیلۆیلۆی گرتە دەست، لە 17ـی ئەیلوولی 2014، دوای چەند ساڵێک لە دواکەوتن، هەڵبژاردنێکی دیموکراتی ئەنجامدرا. حیزبی فیجیفێرستی باینیماراما 59.2%ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا و چاودێرانی نێودەوڵەتیش هەڵبژاردنەکەیان بە باوەڕپێکراو دانا. بەهۆی زۆری سەرچاوەکانی دارستان و کانزا و ماسییەوە، فیجی یەکێکە لە ئابوورییە گەشەسەندووەکانی زەریای هێمن. لەگەڵ ئەوەشدا، بەهۆی شوێنە گەشتیارییە بەناوبانگەکانییەوە ژمارەیەکی بەرچاو گەشتیاری هەیە و زۆربەی سەردانکەرە نێودەوڵەتییەکانی لە وڵاتانی ئوسترالیا، نیوزلەندا و ئەمریکاوە دێنە دوورگەکە. جگە لەوەش، چەندین فیلمی جیاوازی هۆڵیوود لە فیجی کاری وێنەگرتنیان بۆ کراوە، لەوانە، Cast Away (2000) و Anacondas: The Hunt for the Blood Orchid (2004).

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

لەسەر بنەمای پێشبینییەکانی نوێترین زانیارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ژمارەی دانیشتووانی دوورگەی فیجی لە ئێستا (2023)ـدا 935,180 کەسە، 614,136 کەسیان لەسەرووی 18 ساڵییەوە بوون و لە هەر 80 خولەکێکدا کەسێک زیاد دەکات. ئەمە لە کاتێکدا دێت کە ژمارەی دانیشتووانەکەی لە ساڵی 2007ـدا 837,200 کەس بوو، چڕی دانیشتووانەکەی 46 کەس بوو لە هەر کیلۆمەتر چوارگۆشەیەکدا و 148ـەم چڕترین وڵاتی جیهانە.

تەمەن

تەمەنی 33%ـی دانیشتووانی فیجی لە نێوان سفر بۆ 14 ساڵی و تەمەنی 63%ـی دانیشتووان لە نێوان 15 و 64 ساڵیدایە، لە کاتێکدا تەمەنی 4%ـی دانیشتووان 65 ساڵی و سەروو 65 ساڵن. هەروەها تەمەنی چاوەڕوانکراوی دانیشتووان 67.94 ساڵیە، نێرەکان 65.54 ساڵی و مێیەکان 70.45 ساڵ.

ڕەگەز

پێکهاتە نەتەوەییەکانی دانیشتووانی فیجی لە ساڵی 2016ـدا بریتی بوون لە:

  • فیجییە ڕەسەنەکان: 56.8%
  • هیندۆ-فیجییەکان: 37.5%
  • ڕۆتومانییەکان: 1.2%
  • نەتەوەکانی تر: 4.5%

ئایین لە فیجی

لە ڕووی ئاینییەوە، فیجی کۆمەڵگایەکی تێکەڵە و زۆربەی دانیشتووانەکەی پەیڕەوکەرانی ئایینی مەسیحین. بەپێی سەرژمێری ساڵی 2007، 64.4%ـی دانیشتووان مەسیحین و مەسیحییەکانی تر 10.4%ـی دانیشتووان پێک دەهێنن. بەدوای مەسیحیدا ئایینی هیندۆسی دێت کە لەلایەن 27.9%ـی دانیشتووانەوە پەیڕەو دەکرێت و موسوڵمانەکانیش 6.3%ـی دانیشتووان پێک دەهێنن. هەروەها پەیڕەوکراوەکانی ئایینی سیخی 0.3%ـی دانیشتووان و پەیڕەوکەرانی ئایینەکانی تر 0.3%ـی دانیشتووان، بێ ئایینەکان 0.8%ـی دانیشتووان پێک دەهێنن.

زمان

کۆماری فیجی سێ زمانی ڕەسمی هەیە، ئەوانیش بریتین لە زمانەکانی ئینگلیزی، فیجی و هیندیی فیجی. زۆربەی دانیشتووانی وڵات بە زمانی فیجی قسە دەکەن کە 54%ـی دانیشتووان پێک دەهێنن. هیندۆ-فیجییەکان کە 37%ـی دانیشتووانی دوورگەکە پێک دەهێنن، بە شێوەیەکی سەرەکی بە زمانی هیندیی فیجی دەدوێن. زمانی ئینگلیزیش تا ساڵی 1997 تاکە زمانی فەرمیی دانیشتووان بوو و بە شێوەیەکی بەرفراوان لە حکوومەت و بازرگانی و پەروەردەدا وەک زاراوەی هاوبەشی چەند نەتەوەیەک بەکار دەهێنرێت. ژمارەیەکی کەم لە زمانە ناوچەییەکانی تری ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی فیجی لە دوورگەکاندا قسەیان پێ دەکرێت. هەروەها زمانی عەرەبی و ئوردویش لەلایەن موسوڵمانانەوە قسەیان پێ دەکرێت، دانیشتووانە کۆچبەرەکانیش بە زمانەکانی چینی و ڕۆتومانی دەدوێن.

لەڕووی جوگرافییەوە

زۆربەی دوورگەکانی فیجی بەهۆی چالاکیی گڕکانەکانەوە پێکهاتوون و مێژووی یەکەم چالاکیی گڕکانی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی 150 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر. هەندێک لەو چالاکییانەی گەرمایی‌ زەوی تا ئەمڕۆش لە چەند دوورگەیەکیدا ڕوودەدات. ئەم کۆمارە نزیکەی 5,100 کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژئاوای هاوایی و نزیکەی 3,150 کیلۆمەتر لە شاری سیدنیی ئوسترالیاوە دوورە. ڕووبەری ئەم گەلەدوورگەیە بە نزیکەیی 1,290,000 کیلۆمەتر دووجایە و کەمتر لە لەسەدا دووی وشکانییە. هەروەها ڕووبەری فیجی 75,000 کیلۆمەتر دووجایە و نزیکەی 10%ـی وشکانییه. دوورگەکان شاخاوین، بەرزترین لووتکەی شاخەکانی دەگاتە 1,324 مەتر و بە دارستانە خولگەییە چڕوپڕەکان داپۆشراون. بەرزترین خاڵ چیای تۆمانیڤییە لە دوورگەی ڤیتی لێڤو، کە شاری پایتەختی سوڤای پایتەختیش لەخۆ دەگرێت و نزیکەی سێ لەسەر چواری دانیشتووانەکەی تێدا نیشتەجێیە.

کەشوهەوا

کۆماری فیجی کەشوهەوایەکی دەریایی خولگەیی هەیە، کەشی شارەکە بە درێژایی ساڵ گەرمە و پلەکانی گەرما زۆر بە کەمی دەگەنە نزمترین و بەرزترین پلە. وەرزی گەرما لە مانگی تشرینی دووەمەوە دەست پێ دەکات و تا مانگی نیسان دەخایەنێت، لە کاتێکدا وەرزی فێنکتر لە مانگی ئایار تا مانگی تشرینی یەکەم دەخایەنێت. تێکڕای پلەکانی گەرما لە وەرزی فێنکدا 22 پلەی سەدیە و بڕی بارانبارین لە ناوچەیەکی دوورگەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر دەگۆڕێت، بۆ نموونە، لە وەرزی گەرمادا بارانێکی زۆر لە بەشی ناوەوەی وڵاتدا دەبارێت. سەرەڕای ئەوەش، بڕی بارانبارین لە دوورگە گەورەکاندا و لە بەشەکانی باشووری ڕۆژهەڵات زۆرترە وەک لە بەشەکانی باکووری ڕۆژئاوا، بەمەش بایەخێکی زۆری بۆ کشتوکاڵ لە ناوچەکاندا هەیە. هەڵکردنی با مامناوەندە، بەڵام گێژەلووكە ساڵی جارێک هەڵ دەکات (لە هەر دەیەیەکدا 10 بۆ 12 جار).

گۆڕانی کەشوهەوا لە فیجی کێشەیەکی کتوپڕی نائاساییە بۆ وڵاتەکە، وەک وڵاتێکی دوورگەیی، فیجی لەبەر مەترسی بەرزبوونەوەی ئاستی دەریاکان، داخورانی کەناراوەکان و کەشوهەوادایە‌. ئەم گۆڕانکاریانە لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی، ئاوارەبوونی کۆمەڵگاکانی فیجی و داڕمانی ئابووری نیشتیمانی، گەشتیاری، کشتوکاڵ و ڕاوەماسییان لێ دەکەێتەوە، کە بەشێگی گرنگی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) وڵاتەکە پێک دەهێنن، لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی زیادبوونی هەژاری و نائاسایشی خۆراک.


سەرچاوەکان



26 بینین