کۆچی پێغەمبەر ﷺ بۆ تائیف

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-04-22-23:43:00 - کۆدی بابەت: 12657
کۆچی پێغەمبەر ﷺ بۆ تائیف

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

گەشتی پێغەمبەر بۆ تائیف یان کۆچی پێغەمبەربۆ تائیف (بە عەرەبی: رحلة الرسول الی طائف، بە ئینگلیزی: Muhammad's visit to Ta'if) لە ساڵی دەیەمی پێغەمبەرایەتی و بانگەوازی بە دیاریکراوی دوای کۆچی دوایی ئەبووتالیبی مامی پێغەمبەر لەگەڵ خاتوو خەدیجەی خێزانی، ئازار و ئەشکەنجەی بتپەرستانی مەککە بۆ پێغەمبەر و هاوەڵانی زیاتر بوو. بۆیە لە ساڵی دەیەمی بانگەوازی بەرانبەر ساڵی ٦١٩ـەی زایینی پێغەمبەر لەگەڵ زەیدی کوڕی حاریسە بە هیوای پاڵپشتی کردنی هۆزی ثەقیف کە لە تائیف نیشتەجێ بوون گەشتێکی بۆ شاری تائیف کرد.

هۆکاری کۆچکردنی پێغەمبەر بۆ تائیف

لە ساڵی دەیەمی بانگەوازی و پێغەمبەرایەتی کە بە "ساڵی دڵتەنگی" ناسراوە، دوای ئاشکراکردنی بانگەوازی خاتوو خەدیجەی خێزانی پێغەمبەر کۆچی دوایی کرد، پاشان ئەبووتالیبی کوڕی عەبدولموتەلیبی مامیشی لە هەمان ساڵ کۆچی دوایی کرد، مامی پێغەمبەر پاڵپشتی برازاکەی و دژایەتی قوڕەیشی دەکرد و هەندێک جار قوڕەیشییەکان بەهۆی ئەبووتالیبەوە نەیاندەتوانی زیان بە پێغەمبە بگەیەنن، هەروەها خاتوو خەدیجەی خێزانی پێغەمبەر هاودەم و پاڵپشتی مەعنەوی پێغەمبەر بوو، بە کۆچی دوایی هەردووکیان لە هەمان ساڵدا پێغەمبەر تووشی ناڕەحەتییەکی زۆر بوو، قوڕەیشییە بتپەرستەکانی مەککە بە خراپترین شێوە ئازار و ئەشکەنجەی ئەو کەسانەیان دەدا کە باوەڕیان بە بانگەوازی یەکتاپەرستی هێنابوو، بۆیە پێغەمبەر بە مەبەستی بەدەستهێنانی پاڵپشتی و هاوکاری بڕیاری دا کە گەشتێک بۆ شاری تائیف بکات چونکە ئەو شارە هۆزی ثەقیفی لێ نیشتەجێبوون کە هۆزێکی زۆر ناودار بوونە.

ڕووداوەکانی تائیف

پێغەمبەر لەگەڵ زەیدی کوڕی حاریسە کاتێک گەیشتنە شاری تائیف لەگەڵ سەرکردە و پیاوە گەورەکانی هۆزی ثەقیف کۆبووەوە کە بە کوڕە گەورەکانی عەمری کوڕی عومەیری ثەقەفی ناسراو بوون و پێکهاتبوون لە (مەسعوود و حەبیب و عەبدیالیل)، ئەوان بۆ یەکتاپەرستی بانگهێشت کران و پێغەمبەر گفتوگۆی لەگەڵ کردن و داوای پاڵپشتی لێکردن و بۆ ماوەی دە ڕۆژ لە تائیف مایەوە، بەڵام ئەوان نەوەک هەر باوەڕیان بە پەیامی یەکتاپەرستی نەهێنا بەڵکوو بە خراپترین شێوە بەرهەڵستییان کرد و هەرچی منداڵ و لاوی تائیف هەیە کۆیان کردەوە و داوایان لێکردن کە پێغەمبەر و هاوەڵەکەی بەردباران بکەن.

دانیشتووان و هۆزەکانی شاری تائیف بڕوایان بە پەیام و وتەکانی پێغەمبەر نەهێنا و ئازاریان دا و دەربەدەریان کرد، تەنانەت منداڵەکانیان دژی پێغەمبەر و زەیدی هاوەڵی هاندا و بەردباران کران، بەو هۆیەوە بریندار بوون بڕیاری گەڕانەوەیان دا بۆ شاری مەککە، بۆیە پێغەمبەر لە شارەکە چووە دەرەوە و ڕاستەوخۆ بەرەو مەککە گەڕایەوە.

گەڕانەوەی پێغەمبەر بۆ مەککە

دوای دەرچوونیان لە سنووری شارەکە پێغەمبەر و زەیدی کوڕی حاریسەی هاوەڵی بەهۆی بەردبارانکردنیانەوە هەردووکیان بریندار بوون، بەپێی گێڕانەوەکان پێغەمبەر قاچەکانی بە سەختی خوێنی لێ چۆڕاوە و بریندار بووە، بۆیە کە گەڕانەوە لە سەرەتا قوڕەیشییەکانی مەککە ڕێگریان کرد بچنەوە شاری مەککە، بۆیە کەسایەتییەکی ناوداری قوڕەیش بە ناوی (موتعەمی کوڕی عودەی) پێشوازی لێکردن و برینەکانی بۆ ساڕێژ کردن و میوانداری لێیان کرد.

بەپێی گێڕانەوەکان و فەرموودەکان لەو کاتەدا خوای گەورە فریشتە جوبرائیلی ناردە لای پێغەمبەر و جوبرائیل فەرمووی "ئه‌گه‌ر ده‌یه‌وێت با ئه‌و دوو چیایه‌ی ده‌وری مه‌ككه‌ بەسەر دانیشتووانی تائیف بڕووخێنێت"، به‌ڵام پێغەمبەر فه‌رموی: (بلْ ارجو انْ يُخْرِجَ اللهُ مِن اَصْلابِهم مَنْ يَعبدُ اللهَ عَزَّ وَجَلَّ وَحدَهُ لا يُشرِكُ بِهِ شَيئاً)، واتا: "نا، من ئومێدی ئه‌وه‌م هه‌یه‌ له‌ وه‌چه‌ و ڕه‌چه‌ڵه‌كیان یه‌كێك هه‌ر په‌یدا ببێت خوای گه‌وره‌ بپه‌رستێت و هاوەڵی بۆ پەیدا نه‌کات."

پێغەمبەر تەنیا نزای کرد و نەیویست دانیشتووانی تائیف ئازار بدرێن و لەو کاتەدا نزایەکی کرد و فەرمووی: (اللهمَّ إليك أشكو ضَعْفَ قوَّتي، وقلةَ حيلتي، وهواني على الناسِ، يا أرحَمَ الراحمِينَ، أنت رَبُّ المستضعَفِينَ، وأنت ربِّي، إلى مَن تَكِلُني؟ إلى بعيدٍ يَتجهَّمُني، أو إلى عدوٍّ ملَّكْتَهُ أمري؟! إن لم يكُنْ بك غضَبٌ عليَّ فلا أُبالي، غيرَ أن عافيتَك هي أوسَعُ لي، أعُوذُ بنورِ وجهِك الذي أشرَقتْ له الظُّلماتُ، وصلَح عليه أمرُ الدُّنيا والآخرةِ، أن يَحِلَّ عليَّ غضَبُك، أو أن يَنزِلَ بي سخَطُك، لك العُتْبى حتى ترضى، ولا حولَ ولا قوَّةَ إلا بك). ناوەڕۆکی نزاکە واتای بێدەسەڵاتی و بێهێزی نیشان دەدات و پاڕانەوە و داواکارییە لە خوا کە بە هانایەوە بێت و ببێتە پاڵپشت و سەرخەری، بۆیە ئەم نزایە بە یەکێک لەو ویردانە دادەنرێت کە کەسی موسڵمان دەتوانێت لە کاتی بێدەسەڵاتی و ناڕەحەتی و خەمدا بیخوێنێت.

دوای گەشتی تائیف

دوای ڕووداوی بەردبارانکردن و دەربەدەری دانیشتووانی شاری تائیف بۆ پێغەمبەر و گەڕانەوەی بۆ شاری مەککە، قوڕەیشییەکان زیاتر دژایەتی بانگەوازەکەیان کرد و ئەشکەنجەکانیان بۆ هاوەڵان زیارتر بوو، بۆیە خوای گەورە وەکوو دڵنەوایی و بەرپەرچدانەوەی بێباوەڕان ڕووداوی ئیسرا و میعراجی کردە بەهێزترین پەرچۆ و دەرئاسای پێغەمبەر ، ڕووداوی ئیسرا و میعراج بە ماوەیەکی کەمدوای گەشتی پێغەمبەر بۆ تائیف ڕوویدا، هەروەها گەشت و کۆچی پێغەمبەر بۆ تائیف بناغە و پایەیەک بوو بۆ کۆچکردنی بۆ شاری مەدینەی پیرۆز.


سەرچاوەکان



347 بینین