دایکانی شەممە

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-04-27-14:52:00 - کۆدی بابەت: 12698
دایکانی شەممە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

دایکانی شەممە کێن؟ (بە عەرەبی؛ من هم ٲمهات السبت؟، بە  ئینگلیزی؛ Who are mothers of Saturday?) دایکانی شەممە بزووتنەوەیەکە کە لەلایەن کۆمەڵە خێزانێکی جەرگ سووتاو دامەزرێنرا لە وڵاتی تورکیا وەک ناڕەزایەتییەک بۆ ئەو زوڵمەی بەرابەر بە رۆڵەکانیان کرا. کە هەموو نیوەڕۆیەکی شەممان لە گۆڕەپانی گەڵاتەسەرای شاری ئیستەنبوڵی تورکیا گرت دەبنەوە، داوای زانیاری دەکەن لەسەر منداڵ و خزمە ونبووەکان و کوژراوەکانیان کە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە و بێ سەروشوێن کراون یاخود کوژراون.

زۆربەی ئەندامانی بزووتنەوەکە دایک و باوکی ئەو کەسانەن کە بوونەتە قوربانی دەستی دەوڵەتی تورکیا، بەڵام بە زۆری دایکەکانن بۆیە بزووتنەوەکە بە ناوی دایکانی شەممە کراوە و بەپێی زانیارییەکان بێت زۆربەیان کوردن. هەموو نیوەڕۆیانی رۆژی شەممە لە هەمان شوێن کۆدەبنەوە و وەک ناڕەزایەتیەک بە کۆمەڵ بە یەکەوە بەبێ دەنگی و بە وێنە و هەندێک گوڵەوە دادەنیشن و داوای ئەوە دەکەن بەدواداچوون بۆ دۆسیەی کەسە وونبوو و کوژراوەکانیان بکرێ کە کەس هیچیان لە بارەوە نازانێت. زۆربەی ئەو قوربانیانەی کە دایکانی شەممە بۆیان گردەبنەوە بەندکراوی سیاسین کە لە ماوەی ساڵانی ١٩٨٠ بۆ ١٩٩٠ بێ سەروشوێن کراون، کە ئەوکات تورکیا لەلایەن سیستەمێکی سەربازی بەرێوەدەبردرا.

لە ئاکامی ئەو کارەی دەوڵەت دژی ئەم قوربانیانە کەسوکارانی قوربانیەکان هەڵسان بە دروستکردنی بزووتنەوەکە لە ساڵی ١٩٩٥، هەرچەندە دەوڵەتی تورکیا دژایەتی زۆری بزووتنەوەکەیان کردووە لە ڕێی ئازاردانیان لەلایەن پۆلیس، زیندانی کردن و دادگایی کردنیان، بەڵام بزووتنەوەکە لە کار و چالاکیەکانیان نەوەستاون و هەموو شەممەیەک کۆدەبنەوە، چونکە داواکاریەکانیان لەلایەن کاربەدەستانی دەوڵەتی تورکیاوە وەرناگیرێت و کاری بۆ ناکرێت. زۆرێک لە هونەرمەندانی ئەو وڵاتە پاڵپشتی خۆیان بۆ بزووتنەوەکە دەربڕی لەوانە (ئەحمەد کایە).

لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتی باشترین هونەرمەندی ساڵی تورکیا لە گوتارەکەیدڵ ناویان دەهێنێت و دەڵێت ناتوانین ئەمانە پەراوێزبخەین و لە زۆربەی کۆنستێرتەکانی ناویان دەهێنێت و لە چەند گۆرانیەکی خۆی ئاماژەی پێداون. ئەم بزووتنەوەیە خاوەنی ژمارەی پێوانەیە بەوەی زۆرترین ماوەیە لە تورکیا بەردەوامە لە دەربڕینی ناڕەزایەتی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی بە شێوەیەکی مەدەنیانە، تەنانەت لە سەردەمی کۆرۆنا بە ئۆنڵاین بەردەوامیاندا بە گردبوونەوەکانیان بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ قوربانییەکان. بە پێی زانیارییەکان بێت زۆربەی ئەو قوربانیانەی کەوا دایکانی شەمە داوای سۆراغیان دەکەن کوژراون و لاشەکانیان سووتێندراوە لە کاتی حکومی سەربازی لە ماوەی ساڵانی ١٩٨٠ بۆ ١٩٩٥ کە حووکمی سەربازی لە ناوچەکانی باکووری کوردستان پەیڕەو دەکرا. 

مێژووی بزووتنەوەکە

بەپێی رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ بێت لە ماوەی ساڵانی ١٩٩٢ بۆ ١٩٩٦ نزیکەی ٧٩٢ کەس بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەک لەسەریان هەبێت دیار نەماون یاخود کوژراون لە پارێزگا کوردیەکان، هەندێکیان بە جۆرێک وون بوون وەک ئەوەی هەربوونیان نەبووبێت.

ئەمەش وای لە کەسوکاری ئەم وونبووانە کرد کە بزووتنەوەیەک دامەزرێنن بە ناوی دایکانی شەممە کە لە رۆژی ٢٧ی مانگی ٥ی ساڵی ١٩٩٥ یەکەم گردبوونەوەی خۆیان لە گۆڕەپانی گەڵاتەسەرای لە شاری ئیستەنبوڵی وڵاتی تورکیا ئەنجامدا. هەموو شەممەیەک بە بەردەوامی گردبوونەوە و بە مەدەنیانە داوای جێبەجێکردنی داواکاریەکانیان دەکرد، بەڵام بەبەردەوامی لەلایەن پۆلیسەوە دژایەتی دەکران و لێیان دەدرا تا لە ڕۆژی ١٣ی مانگی ٣ی ساڵی ١٩٩٩، پۆلیس هێرشی کردنە سەر و وای کرد تا ماوەیەک کار و چاڵاکیەکانیان ڕابگرن.

دواتر لە ساڵی ٢٠٠٩ دووبارە دەستیان کردەوە بە گردبوونەوەکانیان و داوای زانیارییان دەکرد لەسەر کەسوکارەکانیان. سەرەتا تەنها ٣٠ ئەندامیان هەبوو، بەڵام دواتر ژمارەیان زیادی کرد بۆ هەزارەها ئەندام. لە ٢٥ی مانگی ٨ ساڵی ٢٠١٨ دەسەڵاتدارانی تورکیا ڕایانگەیاند کە ئەم جۆرە گردبوونەوەیە رێگاپێنەدراوە ئەوەی بیکات ڕاپێچی دادگا دەکرێت. هەر لە یەکەم شەممەی دوای ئەم بڕیارە بزووتنەوەکە دەستیان کرد بە گردبوونەوە و لە ئەنجامدا پێکدادانێکی قورس لە نێوان خۆپیشاندەران و پۆلیس ڕوویدا. لە ساڵی ٢٠٢٠ دەسەڵاتدارانی تورکیا بڕیاریاندا هەر کەسێک بەشداربێت لەم جۆرە گردبوونەوانە سزای سێ ساڵ زیندانی بەسەردا دەسەپێنن، بەڵام ئەوەش بزووتنەوەکەی نەوەستاند. 

گرنگترین داواکارییەکانی بزووتنەوەکە 

یەکەم: دەبێت ڕای گشتی لەو  توندوتیژی و سیستەمی سەربازی و حووکمی سەربازی بەرانبەر بەو قوربانییانەی کرد هۆشیار بکرێنەوە و پێی بزانن کە لە بنەڕەتدا دەوڵەتی تورکیا چی بەرانبەر کردوون.

دووەم: ئەم دۆسیە تاوانکاریانەی کە باس لە بێ سەروشوێن کردن و سووتاندن و کوشتنی خەڵکی کردووە لەم ماوەیەدا بکرێنەوە و بخرێنە بەردەم ڕای گشتی. 

سێیەم: داوای گۆڕینی کۆدی پەناڵی تورکیا (ئەم کۆدە هەموو چالاکییەک کە مەبەستی دژایەتی کردنی تورکیا بێت واتا ئەگەر کەسێک داوای مافی خۆی بکات بە نا یاسایی لە قەلەم دەدات) دەکەن تا ئیتر دەسەڵاتدارانی تورکیا نەتوانن چیتر توندوتیژی و چەوسانەوە بەرانبەر خەڵک ئەنجام بدەن.

چوارەم: دەبێت تورکیا ڕێکەوتن نامەیەکی نێودەوڵەتی واژۆ بکات کە تێیدا نووسرا بێت کە لەمەودوا ڕێز لە مافەکانی خەڵک دەگرێت.

ئەو خەڵاتانەی کە بزووتنەوەکە بە دەستی هێناون

  • لە ساڵی ٢٠١٣ خەڵات کران لەلایەن (هرانت دێنل).
  • لە ساڵی ٢٠١٩ خەڵاتی ئاشتی و مافی مرۆڤ و دیموکراسیان پێدرا لە ( ئیستەنبوڵ میدیکەل چێمبەر). 


سەرچاوەکان



58 بینین