چاندنی داری گوێز هیندی

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-11-22-21:51:00 - کۆدی بابەت: 10411
چاندنی داری گوێز هیندی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چاندنی داری گوێز هیندی (بە ئینگلیزی: Planting coconut tree، بە عەرەبی: زراعة شجرة جوز الهند)، ئەم جۆرە دارە بەگشتی لە ناوچەکانی هێڵی کەمەرەییدا دەچێنرێت، دواتر بەرهەمێکی شیاوی خواردن دەگرێت کە گوێز هیندییە، نشینگە بنەڕەتییەکەشی لە ناوچەکانی هیندستان و مالیزیایە، قەدێکی ئەستووری لوولەیی هەیە کە دەکرێت هەتاکوو ٢٥ مەتر درێژببێت، کۆتایی قەدەکەش بریتییە لە گەڵای زۆر گەورە کە شێوەیەکی تایبەتییان هەیە و وەک درێژەوەبوون، شێوەی بەرهەمەکەشی هێلکەییە و بە ڕیشاڵێکی زۆر ئەستوور داپۆشراوە، لەژێر ڕیشاڵەکەشدا بەرگێکی ئەستوور بەشە شل و ڕەقی میوەکەی داپۆشیوە، کە دوای ئەوەی بەتەواوەتی پێدەگات بەهۆی شەپۆلی با و ڕەشەبا یاخود بەهۆی مرۆڤەکانەوە لێدەکرێتەوە و بەکاردێت.  

هەنگاوەکانی چاندن

  • سەرەتا نوقم کردنی گوێزهیندێک کە هێشتا بەرگەکەی پێوەبێت، هەروەها لە کاتی ڕاوەشاندنیدا پێویستە دەنگێکی لێبێت وەک ئەوەی ئاوی تێدابێت.
  • پاشان چاندنی لە گۆزەیەکدا کە خاکەکەی گونجاوبێت و ئاو بەباشی تێپەڕێت و وشکببێتەوە.
  • دەبێت درێژی گۆزەکە بگاتە نزیکەی ٣١ سانتیمەتر، بۆ ئەوەی قووڵییەکەی گونجاوبێت بۆ ڕەگ داکوتین و سەرکەوتنی چاندنەکە.
  • لە کاتی چاندنیدا دەبێت سێ یەکی بەشی سەرەوەی گوێزهیندەکە لە خاکدا نەبێت و لە دەرەوە بمێنێتەوە.
  • دواتر دەبێت گۆزەکە بگوازرێتەوە بۆ جێگەیەکی گەرم، هەرچەندە جێگەکە گەرمتربێت گەشەکردنەکەی باشتر دەبێت، پلەی گەرمی نموونەیش ٢١ پلەی سەدییە.
  • دەبێت ئاوی باشی پێبدرێت بۆ ئەوەی چەکەرەبکات، بەڵام بە بەردەوامی جێگەکەی تەڕ نەبێت، بەڵکوو پێویستە چاوەڕێ بکرێت بۆ وشکبوونەوەی خاکەکە دواتر ئاوی پێبدرێت.
  • هەروەها پێویستە لە ماوەی ٣-٦ مانگدا چەکەرەبکات و سەوزببێت.

شێوازی گرنگیپێدان

لە ماوەی گەشەکردندا دەبێت ئاو و ماددەی خۆراکی زۆر بە ئەم جۆرە دارە بدرێت، بۆ نموونە هەرچەندە خاکەکەی ئاو بخواتەوە و وشکبێتەوە پێویستە ئاوی زیاتری پێبدێت، هەروەها لەکاتی گەشەکرندا داری گوێز هیند خۆراکی زۆری پێویستە و دەبێت خاکەکەی بەپیتبکرێت، جگە لە ئەمانەش بەرگەی کەشوهەوای سارد ناگرێت و ئەگەر لە ناوچەیەکی ئاووهەوا سارددا بچێنرێت، پێویستە بپارێزرێت لە سەرما و ڕووناکی بۆ دابینبکرێت.

ئەو جۆرە داری گوێز هیندییانەی کە لە گۆزەدا دەهێڵرێتەوە تەنها ٥-٦ ساڵ دەژین، واتە تەمەنێکی کورتیان هەیە بەڵام سەرەڕای ئەمەش چاندنی ئەم جۆرە دارە دەکرێت کارێکی چێژ بەخشبێت و خەڵکی ئارەزووی دەکەن.


سەرچاوەکان



261 بینین