تۆزی خاوێن‌کەرەوە

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2022-06-24-17:41:00 - کۆدی بابەت: 9150
تۆزی خاوێن‌کەرەوە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

تۆزی خاوێنکەرەوە یان تاید یان تۆزی جل شۆردن (بە ئینگلیزیPowder detergent) وەک سابوون کاری خاوێنکردنەوەیە، بەڵام دەکرێت بوترێت سابوونێکی هاڕدراوە و لە شێوەی تۆزدایە، کە بۆ شۆردنی جلوبەرگ و بەتانی و لێفە و بەشێوەیەکی گشتی چەندین شتی تر بەکاردێت. دەتوانرێت بۆ شۆردنی ئامێر و کەلوپەلی ناوماڵیش بەکاربێت. تۆزی خاوێن‌کەرەوە یەکێکە لە کۆنترین کەرەستەکانی خاوێنکردنەوە، کە دوو سوودی گرنگی هەیە: هەرزانی و بەهێزی دژی چەوری و پیسی. ئەم سوودانە لەسەروو هەموویەوە وای لە تۆزی خاوێن‌کەرەوە کردووە کە لە هەموو جیهاندا بەکارهێنانی هەبێت.

مێژوو

لەگەڵ ئەوەی کە سەرەتای دروستکردن و بەکارهێنانی سابوون دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی میسڕییە کۆنەکان، بەڵام گرنگترین هەنگاو لە دروستکردن و فراوانکردنی بواری سابووندا لەلایەن کیمیاگەری فەڕەنسیی (نیکۆڵاس لێبلانک) لە ساڵی ١٧٩١ زایینیدا بوو، نیکۆڵاس پڕۆسەیەکی داهێنا کە تیایدا بە بەکارھێنانی خوێ سۆدەی نانی دروست دەکرد، سۆدە لەگەڵ چەوریدا تێکەڵ دەکرێت بۆ دروستکردنی سابوون. ئەم دۆزینەوەیە وای لە پڕۆسەی دروستکردنی سابوون کرد کە لە ساڵی ١٨٥٠ ببێت بە یەکێک لە خێراترین پیشەسازییە گەشەکردووەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. شێوازی بەرهەمهێنانی سابوون تاکوو ساڵی ١٩١٦ بەم شێوەیە مایەوە، بە درێژایی ماوەی جەنگی جیهانیی یەکەم و دووبارە لە جەنگی جیهانیی دووەم، چەوری ئاژەڵ و ڕۆنی ڕووەک کەمی کردبوو، لەبەر ئەم هۆیەش کیمیاگەران دەبوو بەداوی ماددەی خاوی تردا بگەڕێن وەکوو جێگرەوە. کە توانیان بە هەمان تایبەتمەندیی چەوری سروشتی چەوری دەستکرد دروست بکەن. کە ئەمە ئەو بەرهەمەیە کە ئێستا بە خاوێن‌کەرەوە ناسراوە.

پێکهاتە سەرەکییەکان

تۆزی خاوێن‌کەرەوەی پێشکەوتوو لە چەندین جۆری جیاوازی پێکهاتە پێکدێت، کە هەریەک لە ئەم پێکهاتانە ڕۆڵی تایبەتی خۆی هەیە، لە هەمان کاتدا بەیەکەوە چەندین ڕەوشتی تایبەت دەدەن بە خاوێن‌کەرەوەکە.

بنیاتنەرەکان - Builders

بنیاتنەرەکان پێکهێنەری سەرەکی هەموو جۆرە پاککەرەوەیەکی تۆزن، کاریان چەسپاندنی توانای ماددە ڕووکار چالاکەکانە، هەروەها کاردەکەنە سەر کانزاکانی ناو ئاوی بەلووعە بۆ ڕێگریکردن لە نیشتنیان. جگە لەوەش، بنیاتنەرەکان دەتوانن دەوری ماددە چەورییەکان بدەن و بیکەن بە دڵۆپەی لەشۆردن‌هاتووی تەنک، واتە کاتێک ئاو دەکرێت بە شتێکی چەوردا، دڵۆپەکانی چەوری لەگەڵ ئاودا تێکەڵ نابن و ئاوەکە ناتوانێت بیانتوێنەتەوە، بەڵام کاتێک پاککەرەوە لەگەڵ ئاوەکەدا بەکاردێت، ئەم پاککەرەوەیە وا لە دڵۆپە چەورییەکان دەکات کە بتوێنەوە و لێببنەوە. بنیاتنەرەکانی وەک سلیکاتی سۆدیۆم دەتوانن کاری زیاتریش بکەن، دەتوانن ڕێگری بکەن لە ژەنگهێنانی ناوەوەی ئەو ئامێرانەی کە بۆ شۆردن بەکاردێن، هەروەها ماددەیەکی سەلامەتە بۆ بەکارهێنان.

گرنگە کە بزانرێت ئەم ماددە کیمیاییانە شێوازی پێشکەوتووی ئەو ماددە سەرەتاییانەن کە لە کۆندا بۆ دروستکردنی خاوێن‌کەرەوەکان بەکاردەهاتن.

بنیاتنەرە تفتەکان بەشێوەیەکی سەرەکی خوێی تواوەن کە ترشەکان هاوسەنگ دەکەن. لەگەڵ ڕووکار چالاکەکاندا دەتوانن بنچینەی خاوێنکەرەی جلوبەرگ پێکبهێنن کە بۆ لابردنی پەڵە گونجاوە. بەڵام هەرچۆنێک بێت پێویستیان بە پێکهاتەی تر هەیە بۆ ئەوەی ئەو هێزە بنچینیەییەی هەیانە بیکەن بە هێزێکی نایاب لە لابردنی پەڵە و پیسی، خاوێن‌کەرەوە پێشکەوتووەکان ماددەی نێوەند بەهێزی STPP (sodium tripolyphosphate)یان وەک بنیاتنەرێکی باش هاوسەنگکراوی هەمەکارە تێدایە، بەڵام ماددە بەهێزەکانی وەک هایدرۆکسیدی سۆدیۆم و هایدرۆکسیدی پۆتاسیۆمیش دەکرێت لە پێکهاتەی تۆزی خاوێن‌کەرەوەدا بوونیان هەبێت.

ڕووکار چالاکەکان - Surfuctants

ڕووکار چالاکەکان یان کەفکەرەکانی وەک LABSA (Linear Alkyl Benzene Sulphonic Acid) بەشێوەی دووەم ماددەی بنچینەیی هاندەری توانای شۆردن دەکرێنە ناو تفتەکانەوە، ڕۆڵی سەرەکی ئەم ماددانە چەسپاندنی توانای کەفکردنە، هەرچۆنێک بێت ڕووکار چالاکەکان بۆ تێکشکاندنی چەوری و پیسی کاردەکەن، واتە ئەو پێکهاتانە تێکدەشکێنن کە بە ئاسانی لە ئاودا ناتوێنەوە.

ڕووکار چالاکە ئانایۆنییەکان ناتوانن هەموو کات لە ئاوی بەلووعەدا بەباشی کاربکەن و پێویستیان بە پاڵپشتیی ڕووکار چالاکە نائایۆنییەکانە، بۆ ئەوەی کە کاری خاوێنکردنەوەی خاوێن‌کەرەوە تۆزەکان فراوان بکەن.

نموونەی ماددە ڕووکار چالاکەکان:

  • SLES (Sodium Lauryl Ether Sulfate) کە یەکێکە لە باوترین ماددە ڕووکار چالاکەکان، یەکێکە لە ئەو ڕووکار چالاکە ئانایۆنییە کەمانەی کە بەنزیکەیی هیچ توانایەکیان لە ئاوی بەلووعەدا لە دەست نادەن و پێویستیان بە ماددەی ڕووکار چالاکی نائایۆنی نییە.
  • Alpha olefin sulfonate (AOS) ماددەیەکی ڕووکاری چالاکی نیانە، کە بە تایبەتمەندیی کەفی زۆر و توانای بەهێزی تواندنەوەی چەوری ناسراوە، هەروەها توانایەکی باشی هەیە لە بەرگەگرتنی کانزاکانی ناو ئاوی بەلووعە.
  • Fatty Alcohol Polyoxyethylene Ether (AEO 9) ئەم ماددەیە سەر بە نەوە نوێیەکانی ماددە ڕووکار چالاکە دووانە کارکەرەکانن کە توانایەکی نایابیان هەیە، ئەم پێکهاتەیە بەتایبەت بۆ قوماشە هەستیارەکان گونجاوە.
  • Cocamidopropyl Betaine (CAB) ماددەیەکی شلی ڕووکار چالاکی هاوسەنگە (واتە نە ترشە و نە تفتە)، ماددەیەکی خاڵییە لە گۆگردات و تایبەتمەندی نایابی کەفکردن و خاوێنکردنەوەی هەیە.

ئەنزیمەکان - Enzymes

ئەنزیمە هاندەرەکان گۆڕانکاری هەمیشەییان کرد لە پیشەسازی خاوێنکردنەوەی جلوبەرگدا، ئەم پێکهاتانە هێزی نایاب دەدەن بە تۆزی خاوێن‌کەرەوە، لە کاتێکدا کە ئەنزیمەکانی ناو خاوێن‌کەرەوە هەریەکەیان سوودێک دەدەن بە خاوێن‌کەرەوەکە، بەڵام هەموویان کاتی شۆردن کەم دەکەنەوە و تەنانەت لە پلە گەرمییە نزمەکانیشدا ئەنجامی باشی خاوێنکردنەوەیان دەبێت. نموونەی ئەم ئەنزیمانەش: (پڕۆتیەیز – Proteases، لایپەیز – Lipases)

ڕێنوێنی بەکارهێنان

  • بۆ ئەوەی کە بەو شێوەیە جلەکان یان کەرەستەکانت خاوێن ببنەوە کە خۆت دەتەوێت، گرنگە کە بگەڕێیت بۆ ئەو بەرهەمی تۆزی خاوێن‌کەرەوەیەی کە بۆ مەبەستەکەی تۆ گونجاوە. جۆری جیاوازی تۆزی خاوێن‌کەرەوە بوونی هەیە و هەریەکەیان بۆ مەبەستێکی دیاریکراو بەکاردێن، بۆیە دەتوانیت پێش کڕینی زیانیارییەکانی سەر بوتڵ یان پاکەتی خاوێن‌کەرەوەکە بخوێنیتەوە.
  • یەکێکی تر لە ڕێنوێنییەکان کە باشترە ڕەچاوبکرێت بریتییە لە پلەی گەرمیی ئەو ئاوەی کە گونجاوە بۆ چالاکبوونی خاوێن‌کەرەوەکە، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا تۆزی خاوێن‌کەرەوە ئەگەر پلەی گەرمیی ئەو ئاوەی تێیدەکرێت بەرز بێت (ئاوەکە گەرم بێت) ئەوا باشتر کەف دەکات و چالاکتر دەبێت. لە کاتێکدا کە هەندێک جۆری جلوبەرگ هەن نابێت لە ئاوی گەرمدا بشۆردرێن، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی قوماشی ڕیشاڵیی سپی و نایلۆن لە ئاوی گەرمدا زۆر  بە جوانی خاوێن دەبنەوە، لە هەمان کاتدا قوماشی ڕیشاڵیی ڕەنگدار لە ئاوی گەرمدا ڕەنگ دەدەنەوە یان کۆن دەبن و شی دەبنەوە.
  • بڕی ئەو تۆزی پاککەرەوەشی کە بەکاردێت ڕۆڵێکی گرنگی هەیە، بڕەکەشی پشت دەبەستێت بە ئەو ئاوەی کە بەکاردێت، ئەگەر ئاوی بەلووعە یان پاڵفتەکراو بێت، هەروەها پشت دەبەستێت بە ئاستی پیسیی جلوبەرگەکان، هەرچۆنێک بێت دەبێت ئاگاداربیت ئەوەندە بڕ بەکاربهێنیت کە بەپێی پێویست کەف بکات، نە ئەوەندە زۆر کە دوایی بە ئاسانی لە جلەکە نەبێتەوە و نە ئەوەندەش کەم کە جلەکە بەجوانی خاوێن نەکاتەوە.
  • با هەمیشە تۆزی خاوێن‌کەرەوەکەت لە شوێنێکی وشک و خاوێن و سەرقەپاتدا بێت و دووربێت لە دەستی منداڵ.


سەرچاوەکان



519 بینین