چۆنێتی ڕزگاربوون لە وزەی نەرێنی

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-05-08-17:47:00 - کۆدی بابەت: 12820
چۆنێتی ڕزگاربوون لە وزەی نەرێنی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چۆنێتی ڕزگاربوون لە وزەی نەرێنی (بە عەرەبی: كيفية تخلص من الطاقة السلبية، بە ئینگلیزی: How to get rid of negative energy) کێشە و فشارەکانی ژیان دەبنە هۆی دروستبوونی وزەی نەرێنی بۆ مرۆڤ و بەوهۆیەوە باری دەروونی نائارام و شپرزە دەبێت، هەر کێشەیەک یان هەر بارودۆخێک کە ڕووبدات و کاریگەری خراپی لەسەر دەروونی مرۆڤ هەبێت ئەوە دەبێتە هۆی دروستبوون و کۆبوونەوەی وزەی نەرێنی لە کەسە، بۆیە پێویستی بە ڕێگایەک هەیە خۆی لەو وزە و هەستە نەرێنییانە خاڵی بکاتەوە.

چەند ڕێگایەک بۆ ڕزگاربوون لە وزەی نەرێنی

ئەنجامدانی پەرستش
زۆرکەس هەن کە بە ئەنجامدانی پەرستش نموونەی نوێژ و پاڕانەوە و خوێندنی ویردەکانیان ناخ و دەروونیان ئارام دەبێتەوە، تەنانەت ئەگەر ڕۆژەکەیان چەندە سەخت بووبێت دەتوانن لە ڕێگەی ئەنجامدانی پەرستشەکانیان ئەو وزە نەرێنییەی کە لە ئەنجامی بارودۆخێکی نەخوازراو وەریانگرتووە خاڵی بکەنەوە و ئارام ببنەوە، بۆیە پەرستشەکان و گرنگیدان بە لایەنی ڕۆحی یارمەتیدەرە لە خاڵیکردنەوەی وزەی نەرێنی.

نووسین
هێزی نووسین یان نوسینەوەی ئەو هەستە نەرێنییانەی کە لە ئەنجامی بارودۆخێکی نەخوزارو و ناخۆش تووشی کەسەکان دەبن زۆر کاریگەر و یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری خراپی کێشەکان و هاوکارە لە خاڵیکردنەوەی هەست و وزە نەرێنییەکانی ناخ، گرنگ نییە بە چی شێوازێک یان بە چی زمانێک دەنووسیت، ئەوەی پێویستە تەنیا پێنووس و پەڕەیەکە و هەوڵبدە ئەو هەستە نەرێنی و ناخۆشانەی کە لە ئەنجامی کێشەیەک یان بارودۆخێک لە ڕۆژەکەتدا هەتبووە بنووسەوە و ئازاد بە لێیان، هەرگیز مەهێڵە هەستە نەرێنییەکانت لە ناختدا بمێنێتەوە، چونکە دەبێتە هۆی دروستبوونی وزەی نەرێنی و بەوهۆیەشەوە دڵخۆشی و خۆشبەختیت ناهێڵن.

ئەنجامدانی خویەکی دڵخواز
هەر خویەک کە تۆ خولیای ئەنجامدانیت هەیە هەرچەندە جیاواز و نامۆ بێت دەتوانێت وزەی نەرێنی و فشارەکانت کەم بکاتەوە و باری دەروونی و میزاجت هێور بکاتەوە و وزەی ئەرێنیت پێ ببەخشن، نموونەی ئەو خوانەی کە یارمەتیدەرن بۆ هێوربوونەوە و خاڵیکردنەوەی وزەی نەرێنی:

  • وێنەکێشان و ڕەنگکردن
  • کتێب خوێندنەوە
  • سێرکردنی فیلم
  • گوێگرتن لە مۆسیقا و گۆرانی
  • چوونەدەرەوە و بازاڕکردن
  • پیادەڕەوی
  • دروستکردنی خواردن و شیرینی
  • پاککردنەوە و ڕێکخستنی ماڵ
  • باخداری و گرنگیدان بە باخچە
  • سەردانیکردن و بینینی هاوڕێ 
  • گەشتکردن و سەیران
  • سەماکردن

دوورکەوتنەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
لە سەردەمی پێشکەوتن و تەکنەلۆجیادا توڕە کۆمەڵایەتییەکان و پلاتفۆڕمە جیاوازەکانی هۆکارێکی سەرەکین بۆ ڕاڕایی و شڵەژان و کێشە دەروونییەکانی مرۆڤ، بۆیە دەبنە هۆی دروستبوونی وزەی نەرێنی بۆ کەسەکان و بەکارهێنانی لەڕادەبەدەر و ئالوودەبوونیان وزەی نەرێنی زیاتر دەکەن، بۆیە سنووردارکردنی بەکارهێنان یان دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانیان بۆ ماوەیەکی کاتی زۆر یارمەتیدەرە لەوەی کە باری دەروونیت ئارام بێت.

وەرزش کردن
وەرزش کردن و ئەنجامدانی ڕاهێنانە وەرزشییەکان زۆر هاوکارە لە کەمکردنەوەی هەستی نەرێنی و فشارە دەروونییەکان، هەروەها وەرزش چەندین سوودی تەندروستی هەیە کە پەیوەندی بە جەستەوە هەیە و کاریگەرییەکی بەهێزی هەیە لەسەر تەندروستی دەروونی و وزەی ئەرێنی بەدەست دەهێنێت و لەڕێگەی ڕاهێنانەکانەوە وزەی نەرێنی خاڵی دەبێتەوە.

ئەنجامدانی تەکنیکەکانی ئارامبوونەوە
تەکنیکەکانی ئارامبوونەوە نموونەی یۆگا و تێڕامانی قووڵ و تەکنیکەکانی هەناسەدانی تەندروست هەموو هاوکارن لە ئارامکردنەوەی دەروون و مێشک و خاڵیکردنەوەی ئەو هەستە نەرێنیانەی کە مرۆڤ هەیەتی، بۆیە لەلایەن پسپۆڕانەوە زۆر  پێشنیار دەکرێت کە ڕاهێنان و تەکنیکەکانی ئارامبوونەوە ئەنجام بدرێت.

دوورکەوتنەوە لە کەسانی نەرێنی و ڕەشبین
ژینگە و کەسانی دەوروبەر کاریگەری زۆریان لەسەر ڕەفتار و دەروونی خودی کەسەکان هەیە، ڕەشبینی و نەرێنی بوون و هەستەکان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگوازرێتەوە بۆیە زۆر گرنگە هاوڕێ و کەسانی دەوروبەرت کەسانی هاوکار و پاڵپشتیکار بن و دووربکەوە لە کەسانی ڕەشبین و نەرێنی.


سەرچاوەکان



36 بینین