چۆن خۆمان لە نەخۆشییەکانی دڵ بپارێزین؟

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-05-08-17:33:00 - کۆدی بابەت: 12819
چۆن خۆمان لە نەخۆشییەکانی دڵ بپارێزین؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چۆن خۆمان لە نەخۆشییەکانی دڵ بپارێزین (بە ئینگلیزی; How do we protect ourselves from heart disease، بە عەرەبی; كيف نحمي أنفسنا من أمراض القلببە ژیانێکی تەندروست، دەتوانیت یارمەتی پەستانی خوێن و کۆلیسترۆڵ و ئاستی شەکری خوێنت بدەیت و بەمەش  مەترسی نەخۆشی دڵ و جەڵتەی دڵ کەم بکەیتەوە.

چۆن خۆمان لە نەخۆشییەکانی دڵ بپارێزین؟

هەڵبژاردنی خووی تەندروست

دەتوانیت چەند خوویەکی تەندروست هەڵبژێریت بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشی دڵ.

خواردن و خواردنەوە تەندروستەکان هەڵبژێرە

خواردنی تەندروست و شیرینی هەڵبژێرە بۆ ڕێگریکردن لە نەخۆشییەکانی دڵ و ئاڵۆزییەکانی. خواردنی میوە و سەوزەی تازە و خواردنی کەمتری خواردنە لە قوتونراوەکان. خواردنی بڕێکی زۆر لە چەوری تێر و چەوری ترانس لەوانەیە ببێتە هۆی نەخۆشی دڵ، خواردنی ئەو خۆراکانەی کە ڕێژەیەکی زۆر ڕیشاڵیان تێدایە و چەوری تێریان کەمە، وەک چەوری ترانس و کۆلیسترۆڵ دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە ڕێگریکردن لە بەرزی کۆلیسترۆڵ. کەمکردنەوەی خوێ (سۆدیۆم) لە خۆراکەکەتدا دەتوانێت پەستانی خوێنت دابەزێنێت. سنووردارکردنی شەکر لە خۆراکەکەتدا دەتوانێت ئاستی شەکری خوێن کەم بکاتەوە بۆ ڕێگریکردن یان یارمەتیدان لە کۆنترۆڵکردنی نەخۆشی شەکرە. بە بڕێکی و زۆر و بە شێوەیەکی بەردەوام خواردنەوە کحولییەکان مەخۆرەوە، چونکە دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن. پیاوان نابێت ڕۆژانە لە دوو جار خواردنەوە زیاتر بخۆنەوە و ژنان ڕۆژانە لە یەک جار خواردنەوە زیاتر نەبێت بخۆنەوە.

کێشت بە تەندروستی  بهێڵەوە

ئەو کەسانەی کێشیان زیادە یان قەڵەوییان هەیە مەترسی تووشبوونیان بە نەخۆشی دڵ زیاترە. هەڵگرتنی کێشی زیادە دەتوانێت فشاری زیاتر لەسەر دڵ و بۆرییەکانی خوێن دروست بکات.

چالاکی جەستەیی ئاسایی بەدەست بهێنە

چالاکی جەستەیی دەتوانێت یارمەتیت بدات کێشێکی تەندروست بپارێزیت و پەستانی خوێن و کۆلیسترۆڵی خوێن و ئاستی شەکری خوێنت دابەزێنیت. بۆ گەورەکان، پێشنیاری ئەوە دەکرێت کە هەموو هەفتەیەک ٢ کاتژمێر و ٣٠ خولەک وەرزشێکی چڕی مامناوەند بکەن، وەک پیاسەکردنی خێرا یان پاسکیل سواری. منداڵ و هەرزەکار پێویستە ڕۆژانە یەک کاتژمێر چالاکی جەستەیی ئەنجام بدەن.

جگەرە مەکێشە

جگەرە کێشان مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی دڵ زیاد دەکات ئەگەر جگەرە ناکێشیت، دەست پێ مەکە. ئەگەر جگەرە دەکێشیت، وازهێنانت لێی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی دڵ کەم دەکاتەوە. پزیشکەکەت دەتوانێت چەند ڕێگایەک پێشنیار بکات بۆ ئەوەی یارمەتیت بدات واز لە جگەرە کێشان بهێنیت.

مەرجەکانی تەندروستیت جێبەجێ بکە

ئەگەر کۆلیسترۆڵی بەرز، بەرزە پەستانی خوێن، یان شەکرەت هەیە، هێشتا دەتوانیت هەنگاو بنێیت بۆ کەمکردنەوەی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ لەم ڕێگایانەوە:

  • پشکنینی کۆلسترۆڵەکەت بکە

تیمی چاودێری تەندروستی پێویستە ئاستی کۆلیسترۆڵی خوێنت بپشکنن بەلایەنی کەمەوە هەر ٤ بۆ ٦ ساڵ جارێک. ئەگەر پێشتر دەستنیشانت کردووە کە کۆلیسترۆڵی بەرزت هەیە یان مێژووی خێزانی ئەم نەخۆشییەت هەیە، لەوانەیە پێویست بکات کە پشکنینی زیاتری ئاستی کۆلیسترۆڵ بکەیت. لەگەڵ تیمی چاودێری تەندروستی خۆت قسە بکە دەربارەی ئەم پشکنینە سادەیەی خوێن، ئەگەر ئاستی کۆلیسترۆڵت بەرز بوو، دەرمان و شێوازی ژیانت دەگۆڕیت و دەتوانێت بەمەش مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی دڵ کەم بکەیتەوە.

  • پەستانی خوێنت کۆنتڕۆڵ بکە

بەرزی پەستانی خوێن بە شێوەیەکی گشتی هیچ نیشانەیەکی نییە، بۆیە بە بەردەوامی پشکنینی بۆ دەکرێت. تیمی چاودێری تەندروستی پێویستە هەموو دوو ساڵ جارێک پەستانی خوێنت بپشکنن، ئەگەر هەرگیز بەرزی پەستانی خوێن یان هۆکارەکانی تری مەترسی نەخۆشی دڵت نەبووە. ئەگەر تووشی بەرزی پەستانی خوێن بوویت، تیمی چاودێری تەندروستی پشکنینی زیاتر بۆ پەستانی خوێنت دەکەن بۆ ئەوەی دڵنیا بیت لەوەی کە نەخۆشییەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە. لەگەڵ تیمی چاودێری تەندروستی خۆت قسە بکە دەربارەی ئەوەی چەند جار پێویستە لە ماوەیەکی دیاریکراودا پەستانی خوێنت بپشکنیت، کە دەتوانیت لە نوسینگەی پزیشک یان لە دەرمانخانە یان لە ماڵەوە ئەنجامی بدەیت. ئەگەر بەرزی پەستانی خوێنت هەیە، هەروەها تیمی چاودێری تەندروستی لەوانەیە پێشنیاری هەندێک گۆڕانکاری لە شێوازی ژیانتدا بکەن، وەک کەمکردنەوەی سۆدیۆم لە خۆراکدا و پزیشکەکەت لەوانەیە دەرمان بنووسێت بۆ کەمکردنەوەی پەستانی خوێنت.

  • چارەسەری شەکرەت بکە

ئەگەر نەخۆشی شەکرەت هەیە، بە وردی چاودێری ئاستی شەکری خوێن بکە. لەگەڵ تیمی چاودێری تەندروستی قسە بکە سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی چارەسەر. پزیشکەکەت لەوانەیە پێشنیاری هەندێک گۆڕانکاری لە شێوازی ژیان بکات بۆ ئەوەی یارمەتیت بدات شەکری خوێنت لەژێر کۆنترۆڵدا بهێڵیتەوە. ئەم کردارانه یارمەتی کەمکردنەوەی مەترسی توشبوون به نەخۆشی دڵ دەدەن.

  • بە پێی ڕێنمایی دەرمانەکان بەکاربهێنە

ئەگەر دەرمانت بۆ چارەسەرکردنی بەرزی کۆلیسترۆڵی خوێن، بەرزی پەستانی خوێن، یان شەکرە وەرگرتووە بە وریاییەوە ڕێنماییەکانی پزیشکەکەت جێبەجێ بکە. هەمیشە پرسیار بکە ئەگەر لە شتێک تێنەگەیشتیت. هەرگیز واز لە بەکارهێنانی دەرمانەکەت مەهێنە بەبێ ئەوەی یەکەم جار قسە لەگەڵ پزیشک، پەرستار یان دەرمانسازەکەت بکەیت.

  • هەماهەنگی لەگەڵ تیمی تەندروستی

تۆ و تیمی چاودێری تەندروستیت دەتوانن پێکەوە کاربکەن بۆ ڕێگریکردن یان چارەسەرکردنی ئەو دۆخە تەندروستییانەی کە دەبنە هۆی نەخۆشی دڵ. بە بەردەوامی باسی پلانی چارەسەری خۆت بکە و لیستێک لە پرسیارەکانت بهێنە بۆ کاتی چاوپێکەوتنەکانت لەگەڵ پزیشک. قسە لەگەڵ تیمی چاودێری تەندروستی خۆت بکە دەربارەی ئەوەی چۆن نەخۆشییەکانی دڵ و نەخۆشییە دەروونییەکان پەیوەندییان هەیە. ئەگەر پێشتر تووشی جەڵتەی دڵ بوویت، پێویستە تیمی چاودێری تەندروستیت بەباشی لەگەڵت کار بکەن بۆ ڕێگریکردن لە جەڵتەیەکی تر. پلانی چارەسەرەکەت لەوانەیە دەرمان یان نەشتەرگەری و گۆڕینی شێوازی ژیانت لەخۆ بگرێت بۆ کەمکردنەوەی مەترسیەکان. دڵنیابە لەوەی کە دەرمانەکانت بە پێی ڕێنمایی وەربگریت و ڕێنماییەکانی پزیشکەکەت جێبەجێ بکەیت.


سەرچاوەکان



50 بینین