ئەنگلۆ ساکۆنییەکان

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-05-07-14:57:00 - کۆدی بابەت: 12791
ئەنگلۆ ساکۆنییەکان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئەنگلۆ ساکۆنییەکان (بە عەرەبی؛ انجلو سکسونیة، بە ئینگلیزی؛ Anglo Saxon) پێشیان دەوترێت ئەنگلۆ ساخۆنی بریتین لە چەند تیرە و هۆزێکی یەکگرتوو کە بە زمانی ئینگلیزی ڕەسەن قسەیان کردووە و لە سەدەی پێنجەمی زایینیدا ئینگلاندیان دۆزیوەتەوە و تێیدا نیشتەجێ بوون. دەوترێت نیشتمانی ڕەسەنیان ئەڵمانیا بووە پاش ئەوەی بۆ باکووری ئەورووپا کۆچیان کردووە ئینگلاندیان دۆزیوەتەوە کە لەم سەردەمەدا پێی دەوترێت بەریتانیا. دانیشتوانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئینگلاند لەم سەردەمەدا ڕەگەزیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەنگلۆ ساکۆنییەکان چونکە جگە لە ئەنگلۆ ساکۆنییەکان گەلانی تریش بەریتانیایان داگیرکردووە وەکو ڕۆمانییەکان و ڤایکینگەکان

مێژووی ئەنگلۆساکۆنییەکان

لە ڕوانگەی مێژوونووسان سەردەمی ئەنگلۆ ساکۆنییەکان لە نێوان ساڵانی ٤٥٠-١٠٦٦ زایینی بووە. کە بە دۆزینەوەی ئینگلاند (زەوی ئەنگلۆ ساکۆنییەکان) دەست پێ دەکات و بە جەنگی نۆرمان کۆتایی دێت. مێژوونووسان سەردەمی ئەنگلۆ ساکۆنییەکان بە سەردەمی کولتوور ناودەبەن چونکە ئەم هۆزانە پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوانیاندا هەبوو کە بەشێوەی گرووپ و کۆمەڵگە دەژیان. جگە لەوە گرنگیان بە پێکەوە ژیان داوە و لەگەڵ ئایینەکانی تر ژیاون و ڕێزیان لە بیروباوەڕی ئایینەکانی تر گرتووە، هەرگیز لەسەر جیاوازی ئایینی سووکایەتیان بە کەس نەکردووە. 

هەر چەندە بۆ پارێزگاری کردن لە شوناسی خۆیان زۆر جار کەوتوونەتە جەنگی گەورە و درێژخایەن بەتایبەتی لەگەڵ ڤایکینگەکان کە تا داگیرکردنی بەریتانیا و سکۆتلاند و ئێرلەندا لە جەنگدا بوون.

ئەنگلۆ ساکۆنییەکان گرنگیان بە چی داوە؟ 

ئەنگلۆ ساکۆنییەکان گرنگی زۆریان بە نەریت داوە، لەگەڵ ئەوەشدا گرنگیان داوە بە تەلارسازی و ستایلی جلوبەرگ، نووسین، ئاسنگەری، هونەری شێوەکاری بەتایبەتیش نیگار کێشان. لەگەڵ گرنگیدانی زۆر بە سمبوول و ئەو شتانەی پێناسی تاکێکی ئەنگلۆ ساکۆنی دەکات. ئەم شتانەش هێشتا ڕەنگدانەوەیان هەیە لە کولتووری ئینگلاندییەکان. 

فەرهەنگ و زمان 

ئەنگلۆ ساکۆنییەکان یان ئەنگلۆ ساسکۆنییەکان فەرهەنگێکی دەوڵەمەندیان هەبووە لە وشە سازی لەگەڵ ئەوەشدا دیالێکتێکی زۆر ئاڵۆزیان هەبووە لە قسەکردندا کە ئەستەمە بۆ ئینگلیزی زانێکی ئەم سەردەمە بێ ڕاهێنانی زۆر بتوانێت بە دیالێکتی ئینگلیزی ڕەسەن یان کۆن قسە بکات. 

ڕەگ و ڕیشە و واتای ناوی ئەنگلۆ ساکۆنی

ناوی ئەنگلۆ ساکۆنی لە لاتینیدا بە Angli Saxones دەنووسرێت کە وشەی Angli بەواتای ئەو کەسانە دێت بە ئینگلیزی قسە دەکەن کە Angli لەناوی قەشەیەکەوە هاتووە بەناوی Bede کە لەناو خەڵکدا بە Angli ناسراو بووە لە ساڵی ٧٣٠ زایینی ژیاوە. وشەی ساکسۆنیش ناوی قەشەیەک بووە بەناوی Gildas کە ساڵی ٥٣٠ زایینی ژیاوە و لە ناو خەڵکدا بە ساکۆنی یان ساکسۆنی ناسراو بووە. 

ئەم دوو قەشەیە ئینگلیزی ڕەسەن بوون هەر بۆیە لای دانیشتووانی ئەورووپا لە سەدەکانی ناوەڕاست لە ژێر کاریگەری ئەم دوو قەشەیە یاخود ڕێبەرە ناوەکانیان لێکدرا و بە گەلی ئینگلیز وترا ئەنگلۆ ساکۆنی و لەلایەن زمان زانەکانەوە بەم شێوەیە ڕاڤە بۆ ناوەکە کرا (ئەنگلۆ) ئینگلیزە ڕەسەنەکان و (ساکۆنی) هۆز. کە واتای وشەکە لە وشەی دووەم بۆ یەکەم واتا دەکرێت و دەبێتە (هۆزی ئینگلیزە ڕەسەنەکان) کە بۆ یەکەم جار لە سەدەی هەشتەمی زایینی بەکارهێنرا لەلایەن "پاوڵ زە دیکۆن" پاوڵ ڕاڤەیەکی تریشی بۆ وشەی ئەنگلۆ ساکۆنی کردووە (ئەنگلۆ) ئینگلیز (ساکۆنی) کە لە وشەی Ealdseaxe وەریگرتووە بە واتای نیشتمان دێت کە وشەکە بە فەرهەنگی نوێ بە English Saxons ناو دەبرێت واتا نیشتمانی ئینگلیز. 

لەگەڵ ئەوەشدا گریگۆریانەکان بە ئینگلیز هەژماریان ناکەن، کڵێسای گریگۆریانەکان لە زاری پاپاوە دەڵێن (Anglis) بە واتای ئینگلیز نایەت بەڵکو نەتەوەی ئەنگلیس دەگرێتەوە و Saxonیش بە واتای تیرە و هۆزەکانیان دێت. بۆیە کاتێک ڕاڤەی وشەکە دەکرێت هەر دەبێتە هۆزەکانی ئەنگلیس نەوەک هۆزەکانی ئینگلیزە ڕەسەنەکان.

مێژووی ئەنگلۆ ساکۆنییەکان دابەشدەبێت بۆ سێ ماوە ئەوانیش (سەرەتا، ناوەڕاست، کۆتایی):

سەرەتای سەردەمی ئەنگلۆ ساکۆنییەکان ساڵانی ٤١٠-٦٦٠ زایینی

لە ساڵی ٦٦٠ زایینیدا نەخشەی سیاسی زەوییە نزمەکانی بەریتانیا لە چەندین هەرێمی بچووکی گەشەسەندوو پێکهاتبوو، کە پێیان دەوترا شانشین کە دواتر لەم شانشینانە ڕووبەرێکی گەورەتریان لێ پێکهات. هەر یەکێک لەم شانشینانە پاشایەک دەیبرد بە ڕێوە کە ناو و ئاڵا و دروشمی جیاوازیان هەبوو. ئەم شانشینانە ئەنگلۆ ساکۆنییەکان دروستیان کردبوو و حووکمیان دەکرد. کە ستایلی جلوبەرگ جلوبەرگ و تەلارسازی و چەکەکانیان جیاوازبوون لە یەکتر.

ماوەی ناوەڕاست، سەردەمی مێرسی ٦٢٦-٨٢١ زایینی

ناوەڕاستی زەوییە نزمەکان شوێنێکی لێبوو پێی دەوترا Mierce یاخود مێرسی کە بە واتای سنوور دەهات بۆ دانیشتوانە ڕەسەنەکان، لە لاتینیدا مێرسیا بە واتای دابەشبوون و هەمەچەشنی تیرە و هۆزەکان دێت. کە خەڵکی ئەم ناوچەیە دوو شێوەزار قسەیان دەکرد یەکەمیان ئەنگلیس ساکۆنی و دووەمیان ئەنگلیس بریتانیک. ئەم دوو هۆزە حووکمداری مێرسیا بوون واتا دوو شانشین بوون لە ناوچەکەدا، کە بە سەرکردەکانی مێرسیا ناسراون. ئەم سەرکردانە ناویان لە کتێبی "بەیب" تۆمارکراون. ئەم سەرکردانە دەیان توانی ڕاهێنان بە لۆردەکان بکەن وەک مەشقی سەربازی لە ڕووی بەرگی و هێرشبەری. لە ناوچەکانی میدلاند، لە ڕووی سوپا هێزی مێرسیا بەهزترین سوپای ئەنگلس و بریتانیکەکان بوو. جەنگیان دژی ١٠٦ پاشا و شانشین کردووە لە زجیرەیەک جەنگی بەهێزدا. 

مۆناستیسیم ساڵانی ٦٦٠-٧٩٣ زایینی

مایکڵ درۆوت بەم سەردەمە دەڵێت سەردەمی زێڕین، کە بناغەی سەردەمی ڕۆشنگەرییە لە ئەورووپادا، کە بە سەردەمی فێربوون دادەنرێت. گەشەسەندنی مۆناستیسیزم دەگەڕێتەوە کاریگەری ئەنگلۆ ساکۆنییەکان. 

مۆناستیسیزم چییە؟ 

مۆناستیسیزم بریتییە لە نەریتێکی ئایینی کۆن لە یۆنان سەریهەڵداوە کە دەقەکان بە زمانی سیۆدۆری نووسراون و لە چەندین وڵات زمانی ڕێبەرە ئایینیەکان بووە، بۆ نموونە لە تەرسوس لە ئاسیا. ئەم نەریتە لە یۆنانەوە بڵاوبووەوە بە جیهاندا و لە سەدەی هەشتەم گەیشتە ئینگلاند. ئەم قوتابخانە ئایینییە کۆکەرەوەی نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان بوو لە یەک شوێندا. هەر وەک چۆن ڤایکینگەکان ناوچەی ئەپسالایان هەبوو کە شوێنی پەیگنەکان بوو کۆکەرەوەی هەموو پەیگنەکانی ئەورووپا بوو. ئەنگلۆساکۆنیەکانیش شوێنێکی لەم جۆرەیان لە ئینگلاند دروستکرد کە شوێنی کۆکردنەوەی هادریانەکان بوو کە لە باکووری ئەفریقا دەژیان و زمانی قسەکردنیان لاتینی - ئەفریقی بوو. 

کاری ئەم خانەقایە دروستکردنی قوتابخانە بوو بەپێی سەرچاوەی بەید کە ٦٠ ساڵێک دوای دروستکردنی یەکەم قوتابخانە نووسراوە. کە دەڵێت " ئەم قوتابخانانەی ئەنگلۆ ساکۆنییەکان شوێنی پێگەیاندنی ئەوانە بوو کە پرسیاریان دەکرد و هەوڵی فێربوونیان داوە" بەید ئاماژەی بەوەشداوە ئەو کەسانەی لە قوتابخانەکانی ئەنگلۆساکۆنی دەرچوون توانیویانە بە تەواوی بە لاتینی و گریکی قسە بکەن وەک زمانی یەکەم. 

ڕۆژاوای ساکۆنی ٧٩٣-٨٧٨ زایینی

لە ماوەی سەدەی نۆیەمدا (وێسێکسەکان) دەسەڵاتیان گەشەی کرد، کە لەلایەن پاشا ئێبێرت ڕێبەری دەکران. لە چارەکی یەکەمی سەدەی نۆیەمدا نیشتمانی ڕۆژاوای ساکۆنی بووە باسی نێو هاوڵاتیان. لە سەردەمی پاشا ئێبێرتدا لە ساڵی ٨٠٢ زایینی وێسێکسییەکان دەساڵاتیان گەیشتە مێرسیا و هەرێمی هیوایس و کێمپس فۆرد، لەوێشەوە بۆ چیاکانی ویلتشایەر. گەر وێسێکسییەکان لە جەنگی ئێلدۆرمان کە بەرانبەر دانیشتوانی ویلتشایەر جەنگان سەرکەوتووبان ئەوا تەواوی ئینگلاند لە شانشینەکان دادەماڵرا و تاکە هێزێک حووکمی دەکرد ئەوانیش وێسێکسییەکان دەبوون. ساڵی ٨٢٩ پاشا ئێبێرت بڕیاری جەنگیدا کە نیشتمانی مێرسیا بە تەواوی کۆنتڕۆڵ بکات و شانشینی مێرسیا کە لەلایەن  ئەنگلسەکان و بریتانیکەکان حووکم دەکرا. پاشا ئێبێرت پلانی دانابوو تا کەناری باشوور پێش ڕەوی بکات. 

ئێبێرت حەوت لۆردی دیاریکرد و خۆی بووە هەشتەم لۆرد تا هێرش بکەن. ئێبێرت نازناوی برێتواڵدای لە خۆی نا، تا سەرکەوێت بەسەر مێرسیادا. ئەوە بوو توانی شانشینێک لە باشوور دروست بکات و ناوی لێنا "شانشینی بیپارتیت" کە لە ڕۆژگاری نوێدا سنووری جوگرافی ئینگلاندە ئەم شانشینە پێگەیەکی بەهێزی هەبوو هەر چەندە تا کۆتایی تەمەنی ئێبێرت مێرسیا نەکەوت و بە خۆڕاگری مایەوە چونکە ناوچەکەیان شاخاوی بوو ئەستەم بوو هێزێک لە دامێنی چیاکەوە سەرکەوێت و لە جەنگەکەدا براوە بێت. 

ساڵی ٨٦٠ ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای شانشینی باشوور یەک خران لەسەردەستی کوڕەکانی پاشا ئێزێل ولف. ساڵی ٨٧٠ پاشا ئێزەلێرد دەسەڵاتی مێرسیای وەرگرت بەڵام دەسەڵاتی ڕەها لای پاشا ئەلفرێد بوو. پاشا ئێزەلرێد بەوە ناسراوە کە میوانداری هەموو سەرکردەکانی ڤایکینگی کرد بۆ ئێوارە خوانێک بەڵام دواتر هەموویانی کوشت پاشان هێرشی کردە سەر کەمپەکانی ڤایکینگ و ژن و منداڵەکانیانی کوشت ناوچەکەشیانی سووتاند.

سەردەمی کۆتایی ئەنگلۆ ساکۆنی ٨٩٩-١٠٦٦ زایینی

سەدەی نۆیەم و دەیەم و ١١م گۆڕانکارییەکی گەورە بەسەر شانشینەکانی ئینگلاند هات. کە بە سەردەمی ڕیفۆرم ناسراوە، لەو ماوەیەدا بۆ جاری دووەم ڤایکینگەکان بە فەرمانی پاشا کانوتی دانیمارک و یار ئۆڵاف پاشای نەرویج هێرشیان کردە سەر لەندەن و پاشا ئێدمۆند و شاژنە ئێمای زڕدایکیان بە دیل گرت.

سەردەمی ڕیفۆرم و چاکسازی ٨٩٩-٩٧٨ زایینی

لەم سەردەمەدا ئەنگلۆ ساکۆنییەکان دەسەڵاتیان سەپاندەوە بەسەر مێرسیا. دواتر باشووری دێنلاو، پاشان نۆرزومبرا. پاشاکان لەم سەردەمەدا هەوڵی ئەوەیان دەدا حکوومەتێکی بەهێزتر دروست بکەن وەک لە پێشوو بەتایبەتی گرنگی بە کۆمەڵایەتی بوون و شارستانیەت بدەن. پڕۆسەکە لەسەردەمی پاشا ئێدواردی گەورە دەستی پێ کرد هەروها خوشکەکەی پاشا ئێدوارد ئەیزەلفێلد خانمی یەکەمی مێرسیا بوو. لەم سەردەمەدا ئینگلاند بووە یەکێک لە شانشینە بەهێز و کاریگەرەکانی ئەورووپا و لە ڕووی ئایینیشەوە پەرەستگای مەسیحی ئینگلاند کاریگەرتر بوو وەک لە هی شانشینەکانی تر. 

ئەیزەلڕێد و گەڕانەوەی ڤایکینگەکان ٩٧٨-١٠١٦ زایینی

پاشا ئێزەلڕێد ڤایکینگەکانی لە ئینگلاند دوور خستەوە لەگەڵ ئەوەشدا ڕێژەیەکی زۆریانی لە ژێر فشاردا لە ئایینی پەیگن دوور خستەوە و کردنی بە مەسیحی، بەڵام ڤایکینگەکان کاتێک هەستیان بەو ستەمە دەکرد لەلایەن پاشاوە لێیان کراوە بڕیاریاندا دووبارە شکۆ بۆ خۆیان بگێڕنەوە. بۆ ئەمەش پاشا کانوتی دانیمارک و یار ئۆڵاف پاشای نەرویج هێرشیان کردە سەر لەندەن لە چەند ڕێگەیەکەوە، هەرچەندە کاتێک ڤایکینگەکان گەیشتن پاشا ئێزەلڕێد کۆچی دوایی کردبوو و کوڕەکەی شازادە ئێدمۆند ببووە پاشا بەڵام ڤایکینگەکان کە دەیان زانی پاشای نوێ دەیەوێت مێژوو بۆ خۆی تۆمار بکات لە قەڵای لەندەن هێنایانە دەرەوە تا شەڕی ڕووبەڕوو لەگەڵ پاشا کانوت بکات ئەوە بوو ئێدمۆند ئەو هەڵە گەورەی کرد و لەشکری ناو قەڵاکەی هێنایە دەرەوە بەمەش ڤایکینگەکان لە ناوچەیەکی فراواندا ڕووبەڕووی پاشا ئێدمۆند بوونەوە و تێکیان شکاند، پاشا لەگەڵ هێزێکی کەم ویستی بگەڕێتەوه قەڵاکەی لە ڕێگەیدا ڤایکینگەکان پردی گەیشتن بە قەڵاکەیان تێک شکاند. 

ڤایکینگەکان ئێدمۆندیان نەکوشت بەڵکو لەگەڵ زڕدایکیدا کە شاژن ئێما بوو کرانەوە بە دەسەڵاتدار چونکە پێیان وابوو شوێنکەوتووی زۆریان هەبوو. پاشا کانوت چەند ساڵێک لەگەڵ ئێدمۆند بە هاوبەشی حووکمی ئینگلاندیان دەکرد. دواتر باوکی پاشا کانوت کە ناوی پاشا "فۆرک بیرد" بوو بە زەبری هێز پاشا ئێدمۆندی لادا و لە ڕێگەی ڕاوێژکاری پاشا ئێدمۆند کە ناوی "گۆدوین" بوو تەڵەیەکەوە پاشا ئێدمۆند کوژرا و بەمەش ئەنگلۆ ساکۆنییەکان دەسەڵاتیان نەما وەک حووکمڕانی، بەڵام شاژنە ئێما لە ڕێگەی بەکارهێنانی سیاسەتێکی بەهێز توانی خۆی ببێتەوە بە شاژنی ئینگڵاند. 

جەنگی نۆرمان ١٠١٦-١٠٦٦

سەدەی  ١١ یەم سێ جەنگی گەورەی تێدابوو، یەکەم جەنگی پاشا کانونت و گرتنەوەی ئینگلاند لە ساڵی ١٠١٦ زایینی. دووەمیان جەنگی پردەکەی ستامفۆرد لە ساڵی ١٠٦٦. سێیەمیان جەنگی پاشا ویلیامی نۆرماندی لە ساڵی ١٠٦٦ زایینی. ئەم سێ جەنگە کاریگەری تەواویان لەسەر گۆڕانی دیمۆگرافیای ئەنگلۆ ساکۆنی هەبوو بە تایبەتی لایەنی کولتوور و ڕامیاری. لەم سەردەمەدا بریتانیکەکان زیاتر زاڵ بوون وەک لە ئەنگلسەکان. هەر بۆیە شێوەزاری ئینگلیزی گۆڕانی بەسەردا هات و زیاتر مۆرکی ئینگلیزی سەدەکانی ناوەڕاستی وەرگرت لە بری بەید. نووسینەکان هەندێک جار وشەی لاتینی و فەڕەنسی لە خۆدەگرت وەک لەوەی ئینگلیزی ڕەسەن بێت. 
تەنها ڕۆژاوای ساکۆنی نەبێت کە پارێزگارییان لە زمانی خۆیان کردبوو و بە ئینگلیزی کۆن قسەیان دەکرد و دەیان نووسی. ساڵی ١٠٦٦ پاشا ولیامی نۆرماندی هێرشێکی فراوانی کرد و توانی ئەنگلۆ ساکۆنییەکان داگیربکات و تەواوی دیمۆگرافیای ئینگلاندی گۆڕی زۆربەیانی کوشت بەڵام هەندێک ناوچە تا مێژوویان لەناو نەچێت ملکەچ بوون بە تایبەتی باشووری ئینگلاند و ڕۆژاوای ساکۆنی کە وەک خۆیان مانەوە. 


سەرچاوەکان



64 بینین