کانساس سیتی

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2024-05-09-13:59:00 - کۆدی بابەت: 12823
کانساس سیتی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کانساس سیتی (KC یان KCMO) (به ئینگلیزی: Kansas City، بە عەرەبی: كانساس سيتي)، گەورەترین شاری ویلایەتی میزۆریە هەم لەڕووی ژمارەی دانیشتووان و هەم لەڕووی ڕووبەریشەوە. ژمارەی دانیشتووانی شارەکە لە سەرژمێری ساڵی 2020ـدا 508,090 کەس بوو، بەمەش بوو بە 36ـەم قەرەباڵغترین شاری ئەمریکا. کانساس سیتی شارە ناوەندییەکەی گەورەناوچەی کانساس سیتییە، کە بە سنووری ویلایەتی میزۆری-کانساسدا درێژ دەبێتەوە و ژمارەی دانیشتووانەکەی 2,392,035 کەسە. بەشی زۆری شارەکە کەوتۆتە جاکسەن کاونی و چەند بەشێکیشی لە کلای، کاس و پلات کاونتیدایە. کانساس سیتی لە ساڵانی 1830ـدا وەک بەندەرێک لەسەر ڕووباری میزۆری لە شوێنی یەکگرتنی لەگەڵ ڕووباری کانساس لە ڕۆژئاوا دامەزرا. لە یەکی حوزەیرانی ساڵی 1850 شارۆچکە و لە 28ـی ئازاری 1853ـدا وەک شارێک یەکخرا.

ڕووبەر و چڕی دانیشتووان

ڕووبەری کانساس سیتی 825.69 کیلۆمەتر دووجایە، لەو ژمارەیەش 815.14 کیلۆمەتری وشکانی و 10.55 کیلۆمەتری ئاوییە. هەروەها چڕی دانیشتووانەکەی لە ساڵی 2020ـدا 1,674,218 کەس بوو لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا.

کەشوهەوا

کانساس سیتی دەکەوێتە ناوەڕاستی ڕۆژئاوای ویلایەتە یەکگرتووەکان، نزیک ناوەندی جوگرافیای وڵاتەکە، لە شوێنی بەیەکگەیشتنی ڕووبارەکانی میزۆری و کانزاس. شارەکە یان دەکەوێتە ناوچەیەکەوە کە کەشوهەواکەی کیشوەری شێدارە و یان لە ناوچەیەکدایە کە کەشوهەوای نیمچە خولگەیی شێدارە. کەشی شارەکە لە مانگەکانی وەرزی هاویندا گەرم و شێدارە، لەگەڵ ئەوەشدا هەوای شێدار‌ لە کەنداوی مەکسیکەوە هەڵ دەکات و لە ساڵێکدا 5.6 ڕۆژ پلەی گەرمی 38 پلەی سەدی و 47 ڕۆژیش 32 پلەی سەدی تێ دەپەڕێنێت. ساردترین مانگی ساڵ مانگی کانوونی دووەمە و تێکڕای پلەی گەرمی 0.6- پلەی سەدیە. لە کاتێکدا، کەشی شارەکە لە مانگەکانی وەرزی زستاندا ساردە و لە ساڵێکدا 22 ڕۆژ پلەی گەرمی بەرز سفر یان خوار سفر پلەی سەدیە و 2.5 شەو پلەی گەرمی بۆ 18- پلەی سەدی دادەبەزێت.

بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراوی فەرمی 45 پلەی سەدیە کە لە 14ـی ئابی 1936 تۆمارکرا و نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراوی فەرمی 31- پلەی سەدیە کە لە 22 و 23ـی کانوونی یەکەمی ساڵی 1989ـدا تۆمارکرا. هەروەها بەفربارینی وەرزی 34 سانتیمەترە. شاری کانساس دەکەوێتە ناوچەیەک کە پێی دەوترێت "ڕێڕەوی گەردەلوول یان کۆڵانی گەردەلوول"، کە تێیدا هەوای ساردی کەنەدا و هەوای گەرمی کەنداوی مەکسیکەوە بەریەک دەکەون، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی گەردەلوولی بەهێز، بەتایبەتی لە وەرزی بەهاردا. گەورەناوچەی کانساس سیتی لە ڕابردوودا ڕووبەڕووی چەند گەردەلوولێک بووەتەوە لەوانە گەردەلوولی ساڵی 1957 و 2003. هەروەها، دەشێت لە وەرزی زستاندا زریانەکان هەڵبکەن، وەک زریانی ساڵی 2002 کە زیانێکی زۆری بە ناوچەکە گەیاند. جگە لەوەش کانساس سیتی و ناوچەکانی دەورووبەری مەترسی لافاویان لەسەرە.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

ژمارەی دانیشتووانی کانساس سیتی لە ئێستادا (2023) 509,319 کەسە و بەمەش دەبێتە گەورەترین شاری ویلایەتی میزۆری و 37ـەم گەورەترین شاری ئەمریکا. دانیشتووانی ئەم شارە لە ئێستادا بە ڕێژەی 0.09%ـی ساڵانە گەشە دەکات و ژمارەی دانیشتووانەکەی لە دواین سەرژمێری ساڵی 2020ـەوە کە 507,932 کەس بوو بە ڕێژەی 0.27% زیادیکردووە. لەگەڵ ئەوەشدا، ژمارەی دانیشتووانی گەورەناوچەی کانساس سیتی 2.34 دانیشتووە. تێکڕای داهاتی خێزانی دانیشتووی کانساس سیتی 75,137 دۆلارە و ڕێژەی هەژاری 18.59%ـەیە. هەروەها، تەمەنی مامناوەندی دانیشتووانی شارەکە 35.4 ساڵییە، نێرەکان 34.4 ساڵ و مێیەکان 36.2 ساڵ. جگە لەوانەش، 379,079 دانیشتووی شارەکە 18 ساڵ و سەروو 18 ساڵن.

هەمەجۆریی کانساس سیتی

کانساس سیتی خاوەنی دووەم گەورەترین دانیشتووانی سۆماڵی و سودانیە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان. دانیشتووانی لاتینی/هیسپانیی شارەکە، کە بە شێوەیەکی سەرەکی هاوڵاتی مەکسیک و ئەمریکای ناوەڕاستن، بە گەورەناوچەکەدا بڵاوبوونەتەوە و هەندێکیشیان لە بەشی باکووری ڕۆژهەڵات شارەکە و باشووری ڕۆژئاوای ناوجەرگەی شاردا چڕبوونەتەوە. دانیشتووە ئاسیاییەکانی کانساس سیتی، کە زۆربەیان ئاسیاییەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتن، لە ناوچەی باکووری ڕۆژهەڵات بۆ گەڕەکی کۆڵۆمبس پارک، ناوچەی UMKC و لە ڕیڤەر مارکێتدا نیشتەجێن. هەروەها کانساس سیتی نیشتیمانی کۆمەڵگەیەکی گەورەی ئێرلەندی-ئەمریکییە کە نزیکەی 250,000 کەسە و لە هەر دوو کەسێکی دانیشتووی کانساس سیتیدا یەکێکیان بە ڕەچەڵەک ئێرلەندییە. بەپێی نوێترین ACS پێکهاتە ڕەگەزییەکانی شارەکە بریتی بوون لە:

  • سپی پێست: 60.31%
  • ڕەش پێست یان ئەمریکی ئەفریقی: 27.66%
  • ڕەگەزەکانی تر: 14.82%
  • ئەوانەی دوو ڕەگەز یان زیاتریان هەیە: 4.78%
  • ڕەگەزەکانی تر: 3.86%
  • ئاسیایی: 2.78%
  • ئەمریکی ڕەسەن: 0.35%
  • هاوایی ڕەسەن یان دوورگەنشینەکانی زەریای هێمن: 0.25%

زمان

87.71%ـی دانیشتووانی کانساس سیتی تەنها بە زمانی ئینگلیزی قسە دەکەن، لە کاتێکدا 12.29%ـی دانیشتووان بە زمانەکانی تر دەدوێن. ئەو زمانە نائینگلیزییەی کە لەلایەن گەورەترین گرووپەوە قسەی پێ دەکرێت ئیسپانییە و لەلایەن 6.88%ـی دانیشتووانەوە قسەی پێ دەکرێت.

شوێنی لەدایکبوون

88.95%ـی دانیشتووانی شاری کانساس سیتی لە ئەمریکا لەدایکبوون، لەو ڕێژەیەش 51.6%ـیان لە ویلایەتی میزۆری لەدایکبوون. هەروەها 4.18%ـی دانیشتووان هاوڵاتی ئەمریکی نین، ڕێژەیەکی بەرزی ئەوانەی لە ئەمریکا لەدایک نەبوون خەڵکی ئەمریکای لاتینن.

ئایین

37.1%ـی دانیشتووانی کانساس سیتی ئایینیان هەیە، ئایینە جۆراوجۆرە پەیڕەوکراوەکانی نێو دانیشتووانی ئەم شار بریتین لە:

  • باپتیست: 16.6%
  • ئەندامی كڵێسای ئێپیسکۆپال: 0.1%
  • کاسۆلیک: 6.5%
  • لۆسەری: 1.3%
  • میتۆدیست: 4.6%
  • پێنتاکۆستال (سەر بە گرووپێکی ئایینی مەسیحی کە باوەڕیان بە هێزی گیانی پیرۆز هەیە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی‌یەکان): 1.3%
  • تایبەت بە کڵێسای پریسبەتێری (لقێکە لە کڵێسای پرۆتستانتی): 0.3%
  • ئەندامانی کڵێسای عیسا مەسیح: 0.4%
  • ئایینێکی تری مەسیحی: 6.1%
  • ئایینی جوولەکه: 0.0%
  • ئایینێکی ڕۆژهەڵاتی: 0.0%
  • ئایینی ئیسلام: 0.0%


سەرچاوەکان



36 بینین