نیشانەکانی غیرە لە پیاودا چین؟

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-05-22-17:56:00 - کۆدی بابەت: 12953
نیشانەکانی غیرە لە پیاودا چین؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

نیشانەکانی غیرە لە پیاودا چین؟ (بە ئینگلیزی: The symptoms of jealousy in men، بە عەرەبی: أعراض الغيرة عند الرجال) هەر وەک چۆن ئافرەتان غیرە لە هاوسەرانیان دەکەن بە هەمان شێوە دەکرێت پیاوانیش غیرە لە خێزانەکانیان بکەن. غیرەکردنیش وەک هەر سیفەتێکی تری مرۆڤ سنووری خۆی هەیە. هەروەها بە زانینی نیشانەکانی غیرەکردن ئافرەتان دەتوانن باشتر لە هاوسەرەکانیان تێبگەن.

هەستی غیرەکردن لە پیاواندا

غیرەکردن دەتوانین بە تێکەڵەیەک لە هەستی خۆشەویستی و ترس و دڵتەنگی و توڕەیی پێناسە بکرێت، ئیرەیی بە غەریزەیەک دادەنرێت کە لەگەڵ مرۆڤدا لەدایک دەبێت. وەک چۆن لە منداڵییەوە دەست پێدەکات کاتێک منداڵ دایکی بە ناوەندی هەموو ژیانی خۆی دەزانێت و هەست بە غیرە دەکات ئەگەر سەرقاڵ بێت و لێی دووربکەوێتەوە. بۆیە دەتوانرێت بڵێین ئیرەیی لە ئەنجامی نەبوونی هەستکردن بە ئاسایشەوە دێتە ئاراوە، هەستێکی سروشتییە کە هەموو مرۆڤەکان هەستی پێدەکەن، بەڵام دەبێت هەستەکانمان کۆنتڕۆڵ بکەین و ڕێگە نەدەین ئیرەیی ڕەفتارەکانمان کۆنتڕۆڵ بکات.

نیشانەکانی غیرەکردن لە پیاواندا

 زیادەڕۆیی لە گرنگیپێدان

گرنگیدانی زیادەڕۆیی یان زیادەڕەوی لە گرنگیپێدان لەلایەن پیاوێکەوە دەتوانێت بەڵگەی غیرە بێت، بەتایبەتی ئەگەر پێشتر هیچ هەڵسوکەوتێکی لەو جۆرەی نەبووبێت و لەناکاو دەستی کردبێت بە پرسیارکردن و پەیوەندیکردن بەبێ وەستان ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی هەست بە ترسی لەدەستدانی ئەو کەسە دەکات کە خۆشی دەوێت. هەستەکەی لەوانەیە بەهۆی ڕووداوێکی نوێوە بێت لە ژیانی ئەو کەسەی خۆشی دەوێت وەک بەدەستهێنانی کارێکی نوێ، یان ناسینی هاوڕێی نوێ. بەو پێیەی پیاوان بە سروشت پڕنهێنیین و هەستی ترسی خۆیان ئاشکرا ناکەن، ئەم  هەستە دەگۆڕێت بۆ زیادەڕۆیی لە گرنگیپێدان.

خۆشەویستی وەک خاوەندارێتی

ژن پێی باشە کەسایەتی خۆی هەبێت و قەوارەیەکی سەربەخۆی خۆی هەبێت، هەروەها ڕێز لە پیاوێک دەگرێت کە قەدری ئەوە بزانێت. بەڵام کۆمەڵێک پیاو هەن کە غیرەی خۆیان دەردەبڕن بە ڕەفتارکردن لەگەڵ ژنێک وەک ئەوەی یەکێک بێت لە موڵکە تایبەتەکانیان هەروەها دەستوەردان لە ژیانی ئافرەتەکە لە ڕووی تایبەتمەندی و بڕیاری کەسی، تەنانەت لە سادەترین بابەتەکانیشدا، وەک کۆنترۆڵکردنی شێوازی جل و بەرگ و دەرچوون لە ماڵەوە و هەڵبژاردنی هاوڕێکانی. گومانی تێدا نییە کە دەربڕینی غیرەکردنی پیاوان لە هاوژینەکانیان بەم شێوەیە زۆر بێزارکەر دەبێت و ژن دەبێت ئەوە ڕەت بکاتەوە و کەسایەتی و بوونی خۆی بە تەواوی بپارێزێت.

چاودێریکردنی سۆشیال میدیا

ڕەنگە هەندێک لە پیاوان هەستی غیرەی خۆیان دەرببڕن بە چاودێریکردنی سۆشیال میدیای ئەو کەسەی کە خۆشیان دەوێت. داوای وشەی نهێنی بۆ ئەکاونتەکانی سۆشیال میدیا ڕەنگە ئەمە زیادەڕەوی لێ بکرێت، بەڵام ئەمە واقیعێکە کاتێک پیاوان غیرە دەکەن، ناتوانن خۆیان کۆنترۆڵ بکەن و ڕێگەیەک بۆ دەربڕینی غیرەی خۆیان بەجێناهێڵن.

پشتگوێ خستن

پشتگوێخستن بە کاردانەوەیەکی سەیر و چاوەڕواننەکراو دادەنرێت بەرامبەر بە غیرەکردنی پیاوان لە هاوسەرەکانیان، وەک هەندێک پێیان وایە کاتێک پیاو غیرە دەکات قسە دەکات و هەوڵ دەدات سەرنجی ئەو کەسەی خۆشی دەوێت ڕابکێشێت. بەڵام هەندێک پیاو هەن کە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکان مامەڵە دەکەن، و هەستکردنی خۆیان بە غیرە دەردەبڕن لەڕێی پشتگوێخستن و قسەنەکردن لەگەڵ ئەو کەسەی خۆشیان دەوێت. بەڵام پشتگوێخستنەکەش دەتوانێت کاریگەرییەکی گەورەی هەبێت بە ڕاکێشانی ئەو کەسانەی خۆشیان دەوێن و سەرنجیان بۆ ئەو ڕاستییە ڕابکێشن کە لە ڕاستیدا ئەم هەڵسوکەوتە بەهۆی غیرەکردنەوەیە.

زۆر پرسیارکردن

کاتێک پیاو دەست دەکات بە پرسیاری زیادەڕەوی لەو کەسەی خۆشی دەوێت، دیارە کە هەست بە غیرە دەکات، وەک ئەو پرسارانەی بڵێت: ڕۆژەکەت چۆن بوو؟ ئەمڕۆ لە کوێ بوویت؟ لەگەڵ کێ بوویت؟ ئەو هەست بە ترس دەکات لە لەدەستدانی ئەو کەسەی خۆشی دەوێت و پێی وایە ئەم پرسیارانە دەتوانن دڵنیای بکەنەوە و هەستی غیرەکەی کەم بکەنەوە.

پێداگری لەسەر یاوەریکردنی ئەو کەسەی خۆشی دەوێت

پێداگری پیاو لەسەر یاوەریکردنی ئەو کەسەی کە خۆشی دەوێت لە هەموو کاتێکدا و بۆ هەر شوێنێک، ڕەنگە وەک شتێکی دڵخۆشکەر دەرکەوێت. بەڵام ئەگەر پیاوەکە زیادەڕەوی لەم بابەتە بکات، ئەوا بابەتەکە دەگۆڕێت بۆ شتێکی زۆر بێزارکەر، وەک ڕێگەنەدان بەو کەسەی کە خۆشی دەوێت بچێتە دەرەوە بە تەنیا، یان لەگەڵ هاوڕێکانی. هەروەها پێداگری لەسەر یاوەریکردنی بۆ هەر شوێنێک کە دەچێت گومانی تێدا نییە کە ئەم ڕەفتارە لە ترسی لەدەستدانی ئەو کەسەیە کە خۆشی دەوێت و غیرەکردنی بۆی پاڵنەرێکە.

بەردەوام داوای یارمەتی دەکات

ڕەنگە سەیر بێت داواکاری پیاو بۆ یارمەتی لە کەسێک کە خۆشی دەوێت بە بەڵگەی غیرەی هەژمار بکرێت، بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەیە کاتێک پیاو غیرە دەکات، هەوڵدەدات ئەو کەسەی خۆشی دەوێت لە نزیکی خۆیەوە بمێنێتەوە. داواکردنی یارمەتیش هۆکارێک دەبێت بۆ بەدیهێنانی ئەمە.

ئاراستەکردنی ڕەخنە

پیاو کاتێک غیرە دەکات، هەست بە ترس و نائەمنی دەکات و متمانەی بەخۆی لەدەست دەدات. ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی کە هەوڵی لەرزاندنی متمانەی خۆشەویستەکەی بدات. بۆیە ڕەخنە و قسەی ئازاربەخش ئاراستە دەکات کە قبوڵ ناکرێت و ناتوانرێت ڕەوا بێت کە ڕووبدەن. ئامۆژگاری خۆشەویست دەکرێت کە ئەم کارە بە جددی وەرنەگرێت و متمانەی زیاتری بەخۆی هەبێت لە هەر ڕەخنەیەک کە لێی دەکرێت.

هەڵەی هاوڕێیانی پیشان دەدات

پیاوێک کە هەست بە غیرە دەکات، واز لە ئاماژەدان بە هەڵەی هاوڕێکانی خۆشەویستەکەی ناهێنێت بەردەوام پێی دەڵێت کە ئەوان جێی متمانە نین. لە هەر هەڵەیەک کە دەیکەن سوود وەردەگرێت بۆ پشتڕاستکردنەوەی ڕاستی قسەکانی لەسەر کەسانی تر کە خۆشەویستەکەی متمانەیان پێدەکات. ئەمە دەکرێت بەهۆی ئەوەوە بێت کە دەیەوێت تاکە کەس بێت کە خۆشەویستەکەی متمانەی پێی هەبێ و جگە لەوەش زۆر دڵتەنگ دەبێت کاتێک خۆشەویستەکەی ستایشی کەسێکی تر دەکات. تەنانەت ئەگەر ئەندامێکی خێزانەکەی بێت یان هاوڕێیەکی و بەمە یەکسەر دەست دەکات بە قسەکردن لەسەر هەڵەکانی. هەروەها پیاوێک کە غیرە دەکات بە غیرەکردنی خۆشەویستەکەی ئاگادار دەکاتەوە کە بە تەنیا ئەزموونی نوێ ئەنجام نەدات، پێی وایە یارمەتیدەدات و دەیپارێزێت، چونکە لە لەدەستدانی دەترسێت.

چۆن مامەڵە لەگەڵ پیاوێکدا بکەین کە غیرە دەکات؟

غیرەکردن لەگەڵ ئەوەی لە خۆشەویستتیەوە سەرچاوە دەگرێت بەڵام دەکرێت بێزاری و نائاسوودەیی بۆ بەرامبەر دروست بکات، ئەمە لە هەردوو ڕەگەزدا ڕاستە. بۆیە باشترە کۆنتڕۆڵی هەستی غیرەکردن بکرێت و ڕێگەنەدرێت لە سنوور دەربچێت و زیادەڕۆیی تیا بکرێت. زۆر ڕەفتار هەیە کە دەتوانێت هەستی ئاسایشی پیاو بەرز بکاتەوە و غیرەی کەم بکاتەوە، لەوانە بریتین لە:

وەرگرتنی هەستەکانی پیاو بە جددی: دەبێت لە هەستی غیرەی پیاو تێبگەیت، لێی توڕە نەبیت و هەوڵبدەیت هەست بە سەلامەتی بکات.

دوور بکەوەرەوە لەو کارانەی کە غیرەی زیاد دەکات: کارگەلێک هەن کە دەتوانن غیرەی پیاو زیاد بکەن کە دەبێت لێی دوور بکەویتەوە، چونکە ئەم کارانە دەتوانن متمانە بە پەیوەندییەکە تێکبدەن و ببێتە هۆی ئەوەی پیاوەکە هەست بە نائەمنی بکات.

نیشاندانی خۆشەویستی بە بەردەوامی: نیشاندانی خۆشەویستی بە پیاوێک بە بەردەوامی و پێی بڵێن کە بەشێکی گرنگە لە ژیانی ئەو کەسەی خۆشی دەوێت، ڕێگەیەکی کاریگەرە بۆ ڕزگاربوون لە هەستەکانی وەک غیرەکردن.


سەرچاوەکان



5407 بینین